نووسەرێکی ئیسرائیلی: ئەمریکا لە 1948 وەک ئێستای کوردستان دژایەتیی ئێمەی دەکرد

0
1322

نووسەرێکی ئیسرائیلی باسی هەلومەرجەکانی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات و بەراوردی دەکات بە هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان.

زەلمان شۆڤاڵ، نووسەری ئیسرائیلی لە وتارێکدا لە رۆژنامەی (ئیسرائیل تودێی)ی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، لە ساڵی 1948 و لەو کاتەی سەرکردایەتیی جوو بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلی دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دژایەتیی کرد و هەڕەشەی لەو سەرکردە ئیسرائیلییانە کرد.

زەلمان شۆڤاڵ بە ئاماژەکردن بەوەی، جۆرج مارشاڵی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا و بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا دژایەتیی خۆیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل نیشان دا، رایگەیاندووە، پاساوەکانی ئەو دژایەتییە هەمان ئەو پاساوانەن کە ئێستا ئەمریکا بەهۆیانەوە دژایەتیی هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.

ئەو نووسەرە ئیسرائیلییە پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوکاتی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل، پرسی نەوت بوو، ”ئەمریکا ترسی لە لەدەستدانی نەوتی وڵاتانی عەرەبی هەبوو و ئێستاش لەبارەی کوردستانەوە هەمان ترسی هەیە“.

زەلمان شۆڤاڵ هەروەها رایگەیاندووە، کە پێش ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئەمریکا داوای دواخستنی پرۆسەکەی دەکرد و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەمان داوای کرد بەرامبەر ”گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا“، بە هەمان شێوە لە دژایەتیی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی دەکرد و داوای ”چاودێریی نودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکرد بۆ سەر فەلەستین“.

ئەو نووسەرە باسی ئەوەشی کردووە، پێشمەرگە، کە بە ”سوپای کوردستان“ ناوی بردووە، بەردەوامە لە شەڕی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و لە داهاتوو و لە کاتی سەربەخۆییشدا لە شەڕی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بەردەوام دەبێت، بەمەش پاساوی بێهێزبوونی هاوپەیمانیی دژی داعش لە ئەنجامی سەربەخۆیی کوردستان، کە ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات، رەت دەکاتەوە.

زەلمان شۆڤاڵ سەرسوڕمانیی خۆی لەوە نیشان دەدات، کە ئەمریکا پاساو بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق دەهێنیتەوە بۆ گەرەنتیکردنی هەژموونی خۆی لە عێراق، ”لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنهەژموونی گەورە و کاریگەرە لە عێراق“.

شۆڤان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە 70 ساڵ پێش ئێستا، دێیڤید بن گۆریۆن، یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردەی ئەوکاتی جوولەکەکان و هاری ترومان، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا توانییان قۆناغەکە تێپەڕێنن و دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بکەن و دەپرسێت، ”ئایا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەتوانن شوێن پێی ترومان و بن گۆریۆن هەڵبگرن؟“.

دەوڵەتی ئیسرائیل، دوای چوونی جووەکانی زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ فەلەستین و خاکە پیرۆزەکانی ئایینی جوو، لە 14ـی ئایاری 1948 دروست بوو.

رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کرد.

سەرچاوە: باس نیوز

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.