مەولوود ئافەند لایەنە شاراوەکانی دیار نەمانی لە سلێمانی باس دەکا +ده‌نگ

0
2480

+تایبەت بە رۆژی کورد*؛

مەولوود ئافەند، سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل- کورد لە 8ی ژۆئەنی 2012 لە هەولێرەوە بەرەو شاری سلێمانی دەڕوا و ئیتر بێسەروشوێن دەبێ و هیچ کەس و لایەنێک خۆی لێ بەرپرس ناکا. دوای ماوەیەک كەمپینی بەهاناچوونی مەولود ئافەند ڕادەگەیەندرێ و بە ئیمزای سەدان چالاکی سیاسی و رۆژنامەنووس داوا لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان دەکەن بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە بکا و لە بەشێکی ئەو داواکارییەدا هاتبوو؛ “ئێمە وەك كەمپینی بەهاناچوونی ئەو رۆژنامەنووسە كە لەماوەی ئەو 9 مانگەدا لە هەوڵەكانمان بۆ دۆزینەی چارەنووسی درێخیمان نەكردووە، ئێستەش لێرەدا لەڕووی ناچاری پەنا بۆ ئێوە دێنین تا دەسەڵاتی بەڕێزتان وەك سەرۆكی كوردستان بگاتە هانای ئەو رۆژنامەنووسە كوردەی رۆژهەڵاتی و رێگە نەدرێ كورد لە كوردستانی ئازاد وەك دیارییەك پێشكێش بە نەیارەكەی بكرێتەوە و ئەگەریش كراوەتەوە لە چارەنووسەكەی دڵنیا بینەوە.”

سێ ساڵ تێدەپەڕێ بێ ئەوەی هەواڵێک لە مان یان نەمانی ئەو رۆژنامەنووسە بڵاو بکرێتەوە. بەر لە دوومانگ واتە لە مانگی سیپتامبری 2015 مەولوود ئافەند لە ناو بنەماڵەکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەردەکەوێ و پەیوەندی بە هەندێ دۆست و رۆژنامەنووسە دەکا کە ئەو ماوەی سێ ساڵە لە بەندیخانەیەکی شاری تاران دەستبەسەر بووە بێ ئەوەی هیچ کەسێک ئاگادار بێ.

12200600_10205074537529566_2072418307_n

لە دیمانەیەکی تەلەفوونیدا، مەولوود ئافەند سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل- کورد باس لە چۆنیەتی ڕفاندنی لە شاری سلێمانی دەکا و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە تۆمەتبار دەزانێ کە بە پیلان، ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەتەوە و بە ناحەق ماوەی سێ ساڵان لە بەندیخانەیەک لە تاران ماوەتەوە .

سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل- کورد دەڵێت: سێ سال لەمەوبەر گوشاری زۆر لەسەر دەزگای ئیسرائیل- کورد هەبوو لە هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی هەوڵی زۆریان دا پێش بە چالاکییەکانمان بگرن و بەردەوام هەڕەشەی گرتن و کوشتن و ڕفاندنیان لێدەکردین، بۆیە من بە هیچ شێوەیەک نەمدەتوانی لە سلێمانی نزیک ببمەوە، بەڵام ئەو کاتە بەهۆی کارێک کە پەیوەندی بە دەزگای ئیسرائیل-کوردەوە هەبوو و ناچار بووم سەردانی سلێمانی بکەم، بەرنامەمان وابوو ئۆفیسێکی دەزگاکە لە سلێمانی بکەینەوە، ئەو رۆژەی من گەیشتمە سلێمانی قەرار بوو بنەماڵەی تاڵەبانی ببینم، بۆیە پیشبینی ئەوەم نەدەکرد کە ڕووبەڕووی مەترسی ببمەوە.
مەولوود ئافەند ڕایدەگەیەنێت: بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو پیلانەی بەرپرسانی یەکێتی نەبووم، لە ماڵی کەسێک بە ناوی ئازاد لە سەرچنار منیان ڕادەستی هێزەکانی ئیتلاعات و کۆنسوڵگەری ئێران لە سلێمانی کرد. ئیتر نەمتوانی دۆستانم لە ڕووداوەکە ئاگادار بکەمەوە، چونکە لە سلێمانی بەخێرایی منیان گواستەوە بۆ تاران.

ala talebani

بەڵام ڕای ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی پارلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، جیاوازە و لە پاش دیارکەوتنی مەولوود ئافەند، ئەو وەک تاکە بەرپرسی یەکێتی لەسەر کەیسی ئەو رۆژنامەنووسە وەدەنگ هاتووە و لەمبارەوە رووونکردنەوەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە کە مەولوود ئافەند بە هەوڵی هێرۆ خان و نوێنەرايەتى يەكێتى نيشتمانى كوردستان لەئێران لە  زيندانى تاران ئازادكراوە و ئاماژە بەوەش دەکا کە مەولوود ئافەند سەرنوسەرى گؤفارى كورد_ ئيسرائل بوو لەچەند سالى رابردوو لەشارى سلێمانى ديار نەما دواتر زانرا كە ناوبراو لە تارانى بايتەختى ئيران زيندانى كرابوو، ئەمەش وەلامێكە بؤ ئەوانەى كە كويرانە يەكێتي و دەسەلاتى سليمانيان بەوە تؤمەتبار دەكرد كەوا يەكێتى ئەم رؤژنامەنوسەى تيرۆر كردووە، سەرەنجام ئيستا بؤ هەموو لايەك روونبوەوە كەوا يەكێتى وەك هەميشە پاريزەرى رؤژنامەنوس و دەنگى ئازادە.

لە روونکردنەوەکەی ئاڵا تاڵەبانی باس لەوە نەکراوە کە مەولوود ئافەند چۆن لە سلێمانی بزر بووە و چۆن سەری لە زیندانێکی تاران دەرهێناوە؟ ئێمە لە رۆژی کوردەوە هەوڵماندا زانیاریی زیاتر لە ئاڵا تاڵەبانی وەربگرین، بەڵام هەوڵەکەمان بێ وەڵام مایەوە.

لە بەرانبەر ئەو قسانەدا، مەولوود ئافەند لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی بڵاو کردۆتەوە و بابەتەکەی ئاڵا تاڵەبانی بە درۆ و چەواشەکاری و پاکانە بۆ حیزبەکەی ناو بردووە و رایگەیاندووە: ” کە من لە ئێران لە سەر دەستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئازاد نەکراوم،لە دوای لێکۆلێنەوە، دادگای بالای ئینقلاب بە تاوانی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات و پرۆپاگەندە دژی بەرژەوندییەکانی کۆماری ئیسڵامی بە سێ ساڵ حەبس مەحکووم کرام و دوای تەواو بوونی ماوەی زیندانیەکەم کە لەو سێ ساڵەدا ماڤی چاوپێکەوتنیشم نەبوو لە گەڵ ماڵباتی خۆمدا ئازاد کراوم، ئەو لێدوانی یەکێتی دوورە لە راستیەوە.”

لە درێژەی دیمانە تەلەفوونییەکەدا مەولوود ئافەند دەڵێت: پاش ئەوەی منیان ڕفاند هەندێ پروپاگەندە کرا کە من سەردانی کەمپی ئەشرەفی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقم کردووە بۆ ئەوەی مەلەسەی دیار نەمانم بە لاڕێدا بەرن، بۆیە ڕایدەگەیەنم کە کۆماری ئیسلامی لە 2009 ەوە هەوڵی کوشتن و لەناوبردنی ئێمەیان دابوو، هەر بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی تیرۆر ساڵی 2010 لە لایەن هێزەکانی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان دەستگیر کران کە لە بەرنامەیاندا بوو من و سەرۆکی دەزگای ئیسرائیل-کورد تیرۆر بکەن، ئەمانە بە بەڵگە و دیکۆمێنت ماون.

سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل- کورد سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە کەمپەینێکیان بۆ پشتیوانیی لە ئەو وەرێخستبوو و دەڵێت: بێگومان ئەو کەمپەینە دەورێکی گرنگی هەبوو بەتایبەتی کە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرابوو، بەدواداچوون بۆ چارەنووسی دیار نەمانی من بکا. من دوای ساڵێک و نیو لە تاران ئاگادار کرامەوە کە شەخسی سەرۆکی هەرێم و دەفتەری پەیوەندییەکانی پارتی لە تاران هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی لە چارەنووسی من بکۆڵنەوە و رایانگەیاندووە کە من ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بووم و دوور بووم لە مەسەلەی ئەمنی و نیزامی و سەربازییەکان و شەخسی جەنابی کاک مەسعود بارزانیش هەوڵ و کۆششی داوە و سپاسیان دەکەم کە ماوەی بەندکرانم لە دە ساڵەوە بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.

لەمبارەوە هەوڵمان دا لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا زانیاریی لە چەند سەرچاوەیەک وەربگرین و بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان بە چەند کەس لەسەرکردایەتی پارتییەوە کرد و ئەوان وتیان ئاگایان لەو مەسەلەیە نییە.

مەولوود ئافەند  سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل- کورد لە دیمانەکەدا وەڵامی چەندین پرسیاری دیکەش دەداتەوە و باس لە بەرنامەکانی داهاتووی خۆی دەکات و دەڵێت: بە نیازم لە داهاتوودا سەردانی باشووری کوردستان بکەمەوە و ئەو کەسانەی دەستیان بووە لە ڕفاندن و تەحویلدانەوەم بە ئێران، رووبەڕووی دادگا و یاسا بکەمەوە.

دەتوانن تەواوی دیمانەکە لەو فایلە دەنگییە گوێ بگرن کە رۆژنامەنووس جەماڵ نەجاری دەگەڵی پێکهێناوە.

بۆ گوێگرتن له‌ لێدوانه‌ ده‌نگیه‌كه‌ی مه‌ولوود ئافه‌ند له‌ سه‌ر لینكی ژێره‌وه‌ كرته‌ بكه‌ن

https://soundcloud.com/rojikurd/vbet28dnpxma

*تێبینی؛ رۆژی کورد لە ناوەڕۆکی قسەکانی مەولوود ئافەند بەرپرسیار نییە و لە پێناو ئازادیی ڕادەربڕین، ناوەڕۆکی تەواوی قسەکانی بڵاو کردۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.