دیمانەیەک لەگەڵ دیاکۆ هاشمی

0
2472

دیمانەیەک لەگەڵ دیاکۆ هاشمی لەسەر زمانی کوردی، ڕێنوێنکاری زمان لە سوید و دانەری کتێبی پوختەی ڕێنووس

ڕۆژی کورد: زمان و کولتوور دوو کەرەستەن کە پێکەوە گرێدراون. زمان هەڵگری کولتوورە و کولتوور هەڵگری زمانە، بۆیە زمان و کولتوور بۆ هەر نەتەوەیەک دەتوانێت گرنگی تایبەتی هەبێت. زمان و کولتوور یارمەتی دەدەن کە نەتەوەیەک بمێنێتەوە و یا بسڕدرێتەوە‌. بەم بۆنەیەوە داگیرکەرانی کوردستان هەوڵی سڕینەوەی زمان و کولتووری کوردی دەدەن . پرسیار لێرەدایە داگیرکەرانی کوردستان تا چەندە توانیویانە سەرکەوتوو بن؟ ئایا ئێوە مەترسیەک جدی بۆ سەر زمانی کوردی دەبینن؟

وەڵام: بێگومان ئەگەر چاو لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی کورد بکەین، دەبینین کە نەیارانی کورد هەمیشە هەوڵیان داوە بە شێوەی جۆربەجۆر پێش بە کورد، کوردایەتی و زمانی کوردی بگرن، بۆ نموونە لە کتێبی (محاضرات الادباء)، (مروج الذهب)، (الکافی)، (التهذیب الحکام)، (النهایة)، (الجامع للشرائع)، (الریاض المسائل)، (کتاب تفسیر نورالثقلین)، (من لایحضره الفقیه)، (شرح المختصر النافع)، (تفسیر القرآن العظیم، تفسیر ابن کثیر) بەڕوونی ئاماژە بەوە کراوە کە کورد لە نەوەی جنۆکەیە و تەنانەت وتراوە کە هاوسەرگیری لەگەڵیان ڕێپێنەدراوە و فەرمان بە کوشتن و تاڵانیان دراوە و هتد. لە تورکیا لەبەر بەکارهێنانی پیتی w لەناو وشەی (Newroz)دا سزای بەندیخانە بەسەر کورد سەپێنراوە. لە ڕۆژهەڵاتدا لەبەر وانەوتنەوەی کوردی سزای بەندیخانە بەسەر مامۆستای کوردیدا سەپێنراوە. لەو وڵاتانە تەنانەت بە شێوەی فەرمی بڕیار دەرکراوە کە قوتابیی کورد بۆی نییە لە کاتی پشوودان و لە حەوشەی خوێندنگەکاندا بە کوردی بدوێن. ناوی کوردی ڕێگەپێنەدراو بووە. بەکارهێنانی ناوی کوردی بۆ ناونانی دووکان و فرۆشگە و کاسبییەکان ڕێگەپێنەدراو بووە. تەنانەت لەم دوایییانەدا بڕیار دەرکراوە کە با بە کوردی بخوێنرێت بەڵام بە ڕێنووسی فارسی. ئەوە خۆی گەورەترین کۆسپ و تەگەرەیە کە بیریان لێ کردووەتەوە بیخەنە سەر ڕێی گەشەسەندنی زمانی کوردی. خوێندن هەر بە زمانی دەسەڵات بووە، سەپاندنی خوێندن بە زمانی فەرمیی وڵات وا لە منداڵی کورد دەکات کە بێئاگا بێت لە فەرهەنگ و دابونەریت و پەیڤی خۆی. کاتێک بیەوێت بابەتێکی زانستی بگێڕێتەوە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بە کوردی ئەو کارە جێبەجێ بکات، هەر ئەوە دەبێتە هۆی لەبیرکردنی زمانی دایکی و دابونەریتی کوردی. بەڵام بە هەموو ئەو هەوڵانەوە، زمانی کوردی هەر نەتواوەتەوە و کورد هەمیشە هەوڵی داوە لە بچووکترین دەرفەت کەڵک وەربگرێت کە زمانەکەی خۆی بەکار بهێنێت. لە هەڵە و کێشەی زمانەکانی تر ئەزموونی وەرگرتووە تا زمانەکەی خۆی باشتر بکات. بۆ نموونە کورد توانیویەتی بە لابردنی نیشانەکانی (اعراب) و جێگیرکردنیان بە پیت، زۆر کێشەی سەرەکی لە ئەلفبێدا چارەسەر بکات. کورد خاوەنی ڕێنووسی تایبەت بە خۆیەتی کە لەگەڵ زمانەکانی تر جیاوازە، ئەو یاسا و ڕێسایانە وایان کردووە کە وشەی کوردی بە هەمان شێوە بنووسرێت کە گۆ دەکرێت. دەیان ساڵە کە خوێندنگەی کوردی لە باشوور بە هەوڵ و کۆششی کورد لە ئارادایە. ڕێزمانی کوردی و پەیڤی ڕەسەنی کوردی بەڕوونی دیاری کراوە و دەستنیشان کراوە. ئێستە سەردەمی تەکنیک و تەکنۆلۆجیا و ئینتەرنێت و ئایتی و ئەپلیکەیشن و نووسینی دیجیتاڵییە، زمانی کوردی وەک هەموو زمانەکانی تر لەم دنیایەدا بواری پێ دراوە و هەلی بۆ ڕەخساوە. دۆکتۆرانامە بە کوردی دەنووسرێتەوە. لەبەر ئەو شتانە و زۆر خاڵی تر، زمانی کوردی ئیتر لەبەر مەترسیی فەوتاندا نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بەهێزتر و بەهێزتر دەبێت. لەبەر ڕۆشناییی ئینتەرنێت و کاناڵە کوردییەکان و دۆبلاژی کوردی و دەزگا ڕاگەیاندنەکان و هەل و دەرفەتی زیاتر بۆ پەرەسەندنی فەرهەنگ و زمانی کوردی، نە فەرهەنگی کوردی و نە زمانی کوردی، هیچ کامیان لە مەترسیی فەوتان و توانەوەدا نین. زمانی کوردی بەهێزتر لە جاران خەریکە گەشە دەستێنێت.

ڕۆژی کورد: بە سەیر کردنی زمانی کوردی کە لە بەشە جیاوازەکاندا دەتوانین بیبینین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە زمانی کوردی پەرتەوازەییەکی گەورەی تێدایە. بە بڕوای ئێوە هۆکار و لەمپەرەکانی بەردەم درووست بوونی زمانی ستانداردی کوردی چیە؟ ئێوە ڕێگاچارە بۆ دەرباز بوون لەو پەرتەوازەییە لە چیدا دەبینن؟

وەڵام: ئەگەر مەبەستتان زارە کوردییەکانە، ئەوە ئەوانیش بەپێی توانا دەرفەتی باشیان بۆ گەشەسەندن بۆ هاتووەتە پێشەوە. سەبارەت بە زمانی ستانداردی کوردی: هیچ نەتەوەیەکی ئەم دنیایە کە خاوەنی چەند زار بن، هەرگیز نەیانتوانیوە زمانێکی ستانداردی نوێ بۆ بەکارهێنانی هاوبەش دروست بکەن، یا سنووریان جیا کردووەتەوە، یان یەک زار یان چەند زارێکیان وەک زاری پێوانە و ستاندارد بەکار هێناوە. ئەو زارەی کە ئاسانترینە و خەڵک زیاتر پێی ڕاهاتوون و بۆ فێربوون ساناترە کراوەتە زمانی ستاندارد و پێوانەی هەموویان. باشترە بیر لە دروستکردنی زمانێکی ستانداردی نوێ نەکرێتەوە، چونکە شتی وا نە بە پەرجوو ڕوو دەدات و نەش لە کارگەیەک ساز دەکرێت، تەنها چارەسەر ئەوەیە کە یەک زار بکرێتە زمانی ستاندارد یان چەند زارێک بەپێی گەورەیی و بەربڵاوی ڕێپێدراو بکرێت. لە زۆر وڵاتدا چەندان نەتەوە بە زمانی جۆربەجۆر دەتوانن پێکەوە بژین، چۆن چەند زار کە پێکەوە سەر بە یەک زمانن و خاوەنی یەک فەرهەنگی هاوبەشن ناتوانن پێکەوە بەتەبایی بژین؟ بێگومان کورد لەو بارەشەوە گرفتێکی چارەسەرنەکراوی نییە، بە ڕێزگرتن لە یەکتر و خۆدانەسەپاندن بەسەر یەکتردا، زۆر بەباشی پێکەوە ژیاون و دەژین، بەمەرجێک نەهێڵن دوژمن کەڵکی نالەباری لێ وەربگرێت. کورد وەک دڵێکە کە لە چوار بەش پێک هاتووە. پێکەوە لە لێداندان و بەبێ یەکتر لە لێدان دەکەون.

ڕۆژی کورد: ئێوە لە مانگی ڕابردوودا بەرهەمێکتان بڵاو کردەوە لەسەر ستانداردی نووسینی زمانی کوردی . ئەکرێت زۆرتر لەسەر ئەو بەرهەمە قسەمان بۆ بکەن؟

وەڵام: کتێبێک لەسەر پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی بوو. بەرهەمی چەندان ساڵ لێوردبوونەوە و تاووتوێکردنە. لەو کتێبەدا هەموو یاسا و ڕێساکانی ڕێنووسی زمانی کوردی بەوردی و بە نموونە، بە زمانێکی سادە ڕوون کراوەتەوە. ئەو کتێبە بۆ هەر نووسەر، شاعیر، ڕۆژنامەوان، مامۆستا و قوتابی و پێنووسبەدەستێک تەوزیم و پێویستە. کتێبێکە کە لەسەر بنەمای بڕیارەکان ئەکادیمیای کوردی و گرووپە ئایتییە کوردییەکان ئامادە کراوە.

 

ڕۆژی کورد: مانەوەی زمان و بە دوای ئەوەدا نەتەوەیەک، بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە سیستەمێکی پەروەردەی سەربەخۆ کە بتوانێت بە شێوازێکی سەربەخۆ کار بکات. بە بڕوای ئێوە ئایا ئەکرێت سیستەمێکی پەروەردە کە مانەوەی زمان و نەتەوەی کورد گەرەنتی بکات لە دەرەوەی دەوڵەتی کوردی دابڕێژرێت؟

وەڵام: کورد پێش ئەوەی سیستەمی پەروەردەی هەبێت، وەک نەتەوە بوونی هەبووە، زمانەکەشی بەهێز بووە و بەردەوام لە گەشەدا بووە، من پێم وا بێت نەتەوەکانی دنیا بەبێ بوونی سیستەمی پەروەردە دروست بوون. کورد بەبێ ئەوەی دەوڵەتی کوردیی هەبێت توانیویەتی بەپێی سیستەمێکی پەروەردە بچێتە پێشەوە. بەڵگەشی ئەزموونی باشوورە. واتە بەبێ دەوڵەتیش دەکرێت سیستەمی پەروەردە دابنرێت، بەڵام بێگومان ئەگەر دەوڵەتێکت هەبێت دەکرێت ئەو سیستەمە لەسەر بنەمای فەرهەنگی ئەو دەوڵەتە باشتر دابڕێژرێت و خۆماڵیتر بێت.

ڕۆژی کورد: زمان چییە و کێ خاوەنی زمانە؟
وەڵام: لای هەندی کەس زمان هەندێک یاسا و ڕێسای ڕێزمانی و ڕێنووسییە کە باس لەوە دەکەن کە چۆن وشەکان بەدوای یەکتردا ڕیز دەکرێن و چۆن ڕستە پێک دەهێنرێت، لای هەندێ کەسیش زمان شەپۆلەدەنگێکە کە دەکرێت ڕاڤە و پێناسە بکرێت. زمان دەتوانێت پێوەندی و تێگەیشتن لەنێوان دوو کەس یان چەند کەسدا ڕێک بخات. زمان هەروەها بیرکردنەوە و بیرەوەری و تێگەیشتن دەلوێنێت. زمان دیاردەیەکە کە دەبێتە ڕێگەیەک بۆ فێربوون و گۆڕینی هزری تاکێک.
دەکرێت دەیان پرسیاری جۆربەجۆر لەسەر زمان دەوروبەرمان بتەنێت؛ ئاخۆ هزر بەبێ زمان بوونی هەیە؟ زمان لە پێشدا هاتووە یان هزر؟ ئایا بیرکردنەوە هەمان قسەکردنە بەبێدەنگی؟ دەتوانین وشە بۆ هەموو بیرەکانمان بەکار بهێنین؟ ئایا مرۆڤەکانی وڵاتە جیاوازەکان جیاواز بیر دەکەنەوە؟ ئایا جیاوازیی بیرکردنەوەیان لەبەر جیاوازیی زمانەکانیانە؟
دکارت دەڵێت: من بیر دەکەمەوە، کەوا بێت من بوونم هەیە. ئایا مرۆڤ دەتوانێت بەبێ زمان بیر بکاتەوە؟ ئاخۆ پێوەندیی مرۆڤەکان بە یەکتر کار دەکاتە سەر زمانەکانیان؟ ئایا زمانەکانیان کار دەکەنە سەر پێوەندییەکانیان؟ ئایا زمان هۆکارێکە بۆ داڕشتنی کەسایەتیی مرۆڤێک؟ بەبێ زمان کەسایەتی بوونی هەیە؟ بەڵام ئایا زمان بەبێ یاسا و ڕێسا دەگونجێت؟ ئاخۆ چۆن بکەین هەر چی زیاتر قسەکانمان و بڕیارەکانمان ڕێک بخەین بۆ ئەوەی زمانێکی یەکدەستتر و بێکێشەترمان هەبێت؟ ئایا کام زمان بکەینە نموونە بۆ ئەوەی زمانەکەمانی پێ دابڕێژین؟ ئایا ئەو زمانەی کە هەمانە سەرهەڵقوڵاوی خۆیەتی یان بەپێی زمانەکانی سەردەست داڕژاوە و بنی داکوتاوە؟ زمانی ئێمە لە کام زمان نزیکترە؟ ئەگەر کوردستان دراوسێی ئەو نەتەوانەی دەوربەری نەبوایە ئێستە وشەکانمان وا بوون کە ئێستە هەن یان ڕەنگە جۆرێکی تر بوایەن؟ ئایا زمانی کوردانی تاراوگە جیاوازە لەگەڵ زمانی کوردانی ناوخۆ؟ ئایا سەربەخۆیی یان ژێردەستەیی کاریگەریی هەیە لەسەر زمان؟ ئایا خوێندەواربوون یا نەخوێندەواربوونی ئاخێوەرانی زمانێک کار دەکەنە سەر چۆنێتیی ئەو زمانە؟ هەموو ئەمانە بۆمان دەردەخەن کە زمان دیاردەیەکی زۆر ئاڵۆزە کە پێوەندیی زۆر چڕوپڕی هەیە لەگەڵ کۆمەڵێ بواری جیاوازدا، کەوا بێت زمان مڵکی هەموو کەسێکە کە لە بواری جیاواز و بە شێوەی جیاوازیش بیر دەکەنەوە. کەوا بێت زمان بە هەموومان دەپارێزرێت و گەشە دەستێنێت. چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو پاراستن و گەشەسەندنە یەکدەست و لێکنزیک بێت؟
—–
ئەم دیمانەیە تایبەت بە “ڕۆژی کورد ( rojikurd )” لە لایەن مەسعوود پەژوهیەوە ئامادە کراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.