تارق ئەلهاشمی: قاسم سلێمانی گوتی پەیوەندیمان لەگەڵ ئەلقاعیدە هەیە

0
827

ڕۆژی کورد: تارق ئەلهاشمی، سکرتێری گشتیی حیزبی ئیسلامیی عێراق و جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لە وتووێژێک لەگەڵ ئەلعەرەبیە باسی لە وردەکارییەکانی سەردەانی چەند ساڵ پێشی خۆی لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودس کردووە.

ئەو چاوپێکەوتنە لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد و لە سەردانی هاشمی بۆ ئێران، ئەنجام دراوە.

هاشمی لەمبارەوە دەڵێ: “قاسم سلێمانی هاتە نووسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری ئێران و لەمەڕ هەبوونی بەڵگەی بێ ئەملاویەولا لەمەڕ دەست تێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، قسەم لەگەڵ کرد”.

ئەلهاشمی دەڵێ: “بە سلێمانی ـم گوت کە ئێران ئاژاوە دەنێتەوە، لە عێراق ئاژاوە زیاد دەکا و پشتیوانی لە ئەلقاعیدە دەکات”.

تارق ئەلهاشمی لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێ: “سەرەتا، سلێمانی نکوڵی لەو شتانە دەکرد، هەربۆیەش پێم گوت: ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردانەکەم دێنم و دەچمەوە عێراق. داوای لە فەرمانبەرەکانم کرد تا هەواڵ بدەن بە فڕۆکەوانەکەم کە من دەگەڕێمەوە، هەستام و بەرەو لای دەرگای ژوورەکەم چووم، سلێمانی بەدوامدا هات و داوای کرد بگەڕێمەوە”.

سەرۆکی حیزبی ئیسلامیی عێراق بەردەوام دەبێ و دەڵێ: “گوتم دانانیشم تا وڵامی ڕاستەقینەی پرسیارەکانم نەدەیەوە، ئەویش گوتی: بپرسە”.

هاشمی لە سلێمانی دەپرسێ: “ئایا پەیوەندیتان بە ئەلقاعیدەوە هەیە؟ ئایا پشتگیری لە “مقاومەت” بە دژی ئەمریکاییەکان دەکەن؟ ئایا گرووپگەلی چەکداری شیعەی عێراقی وەک سپای پاسداران و سپای قودس پێکدێنن؟”

سلێمانی، لە وڵامی هەموو ئەو پرسیارانەدا بە ئەلهاشمی دەڵێ: “بەڵێ”.

سلێمانی دەڵێ: “ئێمە لە بوونی ئەمریکاییەکان نیگەرانین”.

هاشمی دەڵێ: “بە سلێمانیم گوت ئایا ئەوە واتان لێدەکا تا شیعە و سونەکان بکوژن؟”

سلێمانی وڵام دەداتەوە: “دۆخەکە ئاوایە”.

ئەلهاشمی دەڵی منیش بە قاسم سلێمانی ـم گوت: “من ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی لە شیعە و سوننەکانەوە قسە دەکەم، داواتان لێدەکەم چاوێک بە هەڵوێستەکانتاندا بخشێننەوە ئەگینا ئێمەش هەڵوێستێکی دژبەرانە لە هەمبەر ئێوە دەگرینە بەر”.

هاشمی دەڵێ: “کە من وامگوت، سلێمانی ئامادەبوونی تارانی بۆ باس کردن لەسەر هەموو بابەتەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، راگەیاند”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت