بەیاننامەی ناوەندی پێنی كورد “PENa KURD” بۆ ئیدانەی شەڕی ناوخۆ

0
2695

پێن كوردKurdish Pen :
خەباتی گەلی کورد لە سەدساڵی رابردوودا ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەك دەرخستووە کە بەبێ ئاشتیی ناوخۆیی و یەکریزیی کورد، گەلی کوردستان بە ئامانجەکانی ناگات. هاوكات ناشتوانێت سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاتوونەتە ئاراوە. نەتەنیا ئەمانە، نەبوونی ئاشتیی نێوخۆیی دەتوانێت دەستکەوتەکانی گەلی کوردیش بخاتە ژێر مەترسی لەناوچوون.

سەرەڕای ئەوەى کە بۆ پێشیگرتن لە دووبارەبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی، بەسەدان و هەزاران لێدوان و داواکاری لەلایەن کەسایەتیی دڵسۆز، ڕێکخراو و ناوەندەکانەوە دەرچووە، ترسی ئێمە ئەوەیە کە جارێکیتر بە ھانداني دوژمنان، کورد جاریکیتر پەڵکێشی شەڕێکی ناوخۆیی و خۆکوژی ببێتەوە.

‎گەلی کورد بۆ مانەوە و بەدەستهێنانی ئازادی لەهەموو بوارێکدا قوربانی زۆڕی داوە، ناکرێت ئەوندە بێڕێزی و کەمتەرخەمی لە بەرامبەر نەتەوەکەماندا بکرێت.

‎لەلایەکی ترەوە دەبینین کە بەشێک لە میدیای کوردی کەوتوونەتە خزمەتی بەگوڕکردنی ئاگری ئەم شەڕە و ئەزموونیان لە شەڕی ناوخۆیی جاران وەرنەگرتووە، شەرێک کە جیا لە ماڵوێرانی و دواخستنی دۆزی نەتەویی گەلی کورد هیچ سوودێکی نەبووە و نییە. بۆیە پێویستە میدیای کوردی هەستیارتر و بەرپرسیارانەتر لەگەڵ دۆخی ئێستای کوردستان مامەڵە بکات و بە هیچ شێوەیەک نەبێتە هۆکاری گەورەکردنی پشێوی و ئاڵۆزی نێوان پارت و پێکهاتە سیاسی کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان.

‎ئەرکی قورسی بڵاوکردنەوەی بیروهزری ئاشتیخوازانە و کولتوری یەکتر قەبوڵکردن لە نێو کۆمەڵگادا دەکەوێتە سەرشانی ڕوناکبیر، چاپەمەنی، بەرپرسیار و بەڕێوەبەرەکانيان. بەهەر شێوازێک بێت دەبێت بە بەرپرسیاری و هەستاریی نیشتیمانپەروەرانەوە ڕێکارەکانی دیالۆگ بدۆزرێنەوە و پێش بە براکوژی و خۆکوژی بگیرێت.

‎هەر کەسێک خۆی بە وڵاتپارێز دەزانێت پێویستە لەم دۆخە هەستیارەدا دەنگی هەڵبڕێت و ڕیگا بەم ماڵوێرانییە نەدات و لە هەموو هەلومەرجێکدا مافەکانی گەلەکەی بپارێزێت.

‎ئێمە وەکوو ناوەندی پێنی کورد، داوا لە هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستان دەکەین کە نەکەونە تەڵە و پیلانی دوژمنانی گەلی کورد و لەڕێی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیيان هەنگاو بنێن. پێویستە بزانرێت لە ئەگەری هاتنەئارای شەڕێکی ناوخۆیی هیچ لایەنێک مافدار و براوە نییە و ڕای گشتی هەموو لایەنەکان بە بەرپرسیار و تاوانباری ئەم شەڕە دەزانێت. 

‎کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی

‎ناوەندی پێنی کورد PENa KURD

٠٦/١١/٢٠٢٠

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.