گه‌مارۆ نوێكانی ئامریكا دژی ئێران هاوكات له‌ گه‌ڵ داخوازی ئازادكردنی به‌ندكراوانی ئامریكایی له‌ به‌ندیخانه‌كانی ئێران

0
1065

ڕۆژی كورد :
به‌ پێی نوێترین بڕیار ده‌وڵه‌تی ئامریكا كۆمه‌ڵێك گه‌مارۆی نوێی دژی ئێران دابینكردووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه كه‌  واشنتۆن پێشنیاری ناردنی یارمه‌تیی بۆ ئێرانی سه‌باره‌ت به‌ به‌رگری له‌ په‌تای گشتگیری كۆڕۆنا هێناوه‌ته به‌رباس و هاوكات داوای له‌ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی كردووه‌ بۆ ئازادكردنی به‌ندكراوه‌ ئامریكاییه‌كان له‌ به‌ندیخانه‌كانی وڵاته‌كه‌یان.

مایك پۆمپێئۆ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئامریكا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ١٧ی ئادار له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانییدا باسی له‌ دابینكردنی كۆمه‌ڵێك گه‌مارۆی نوێ دژی ڕژیمی ئێران كرد. ناوبراو جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ واشنتۆن به‌ردوامه‌ له‌ سه‌ر كه‌مپه‌ینی زۆرترین گوشاره‌كان بۆ سه‌ر ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی فرۆشتنی نه‌وت و سووته‌مه‌نی ئه‌و وڵاته‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕابگیردرێت. ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٨ی زایینی به‌ دواوه‌ و له‌ گه‌ڵ هاتنه‌ سه‌ركاری دۆناڵد تڕامپ وه‌كوو سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ و كشانه‌وه‌ی یه‌ك لایه‌نه‌ی ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی ناوه‌كی به‌رجام له‌ گه‌ڵ ئێران ده‌ستی پێكردووه‌ و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ ناوه‌كی و مووشه‌كییه‌كانی ڕژیمی ئێران و هاوكات ڕاگرتنی چالاكییه‌ تێرۆریستیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌كه‌یه‌.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا له‌ وته‌كانی خۆیدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ لیسته‌ی گه‌مارۆ نوێكانی ئامریكا دژی رژیمی ئێران له‌ خۆگری ٩ ڕێكخراوی فه‌رمیی له‌ وڵاتانی ئافریقای باشوور، هۆنگ كۆنگ و چین و هه‌روه‌ها ٣ كه‌سایه‌تیی ئێرانی‌ كه‌ ساتووسه‌ودایه‌كی به‌رچاویان له‌ به‌شی پێترۆشیمی له‌ گه‌ڵ ئێران ئه‌نجامداوه‌ ده‌بێت. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پۆمپێئۆ ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تیی و ڕێكخراوانه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م لیسته‌ ڕه‌شه‌ هاوكات كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنانی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی پێوه‌ندیدار به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ڕژیم له‌ خۆ بگرێت.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی حه‌وتووی ڕابردوو سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ڵامی ئه‌رێنی به‌ داخوازی چین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران به‌ هۆی به‌ربڵاوی په‌تای كۆڕۆنا بداته‌وه‌ زۆر دووره‌ و هاوكات باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ڕژیمی ئێران چه‌ندین نووسراوه‌ی بۆ ڕێبه‌رانی چه‌ندین وڵاتی جیهان به‌ڕێ كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی به‌رگری كردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا و باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ گه‌مارۆكانی ئامریكا به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌ بلاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی و داوای نێوانجییگه‌ری له‌و وڵاتانه‌ كردووه‌ بۆ داخوازه‌كانی خۆی. پۆمپێئۆ هاوكات له‌ كۆنفرانسی ڕۆژنامه‌وانی خۆی دا داوای له‌ به‌رپرسانی ڕژیمی ئێران كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له‌ ئێران هاووڵاتیانی ئامریكایی به‌ندكراو له‌ وڵاتی ئیران ئازاد بكرێن و هاوكات پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ ئاگاداره‌ كه‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی بابه‌تی ئازادكردنی به‌ندكراوه‌ ئامریكاییه‌كانن له‌ به‌ندیخانه‌كانی وڵاته‌كه‌یان.
به‌ پێی دوایین ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی ناوه‌نده‌ هه‌واڵنێرییه‌كانی ئێران تا ئێستا زیاتر له‌ ١٦٠٠٠ كه‌س تووشبوو به‌ په‌تای كۆڕۆنا له‌ ئێران ناسراون و نزیكه‌ی ١٥٠٠ كه‌سی دیكه‌ش گیانی خۆیان له‌ ده‌ستداوه‌.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوودوای تێپه‌ڕبوونی ۳۲ ساڵ به‌ سه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ناوی عۆمه‌ری خاوه‌ر هێشتا زیندووه‌
بابەتی دواترنه‌ورۆزی ژیان و ژیانه‌وه‌ به‌ دروشمی پاراستنی خۆمان، پاراستنی ژیانه‌ له‌ كوردستان

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.