نەورۆزجەژنی نەتەوەیی کوردە، جەژنێک کە تێدا ئاهەنگ و بۆنەی کوردەواری و شایی و هەڵپەرگێ دەگیرێ و خەڵک لەگەڵ نوێ بوونەوەی ساڵ، خۆیان نوێ دەکەنەوە بەڵام ڕێگری کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەندێ جەژن و ئاهەنگ و لە هەمان کاتدا هاوکاری نەکردن بۆ بەڕێوەچوونی ئەو بۆنەیە وادەکات گەنجان و لاوان و منداڵان بۆ دەربڕینی خۆشی خۆیان، هەندێک تەقەمەنی بەکار بێنن کە لە ئەنجامدا و بە هۆی ستاندارد نەبوونیان و هەروەها بوونی کەسانی بەرژەوەندیخواز و هەلپەرەست، زۆر خەساری گیانی لێدەکەوێتەوە و زۆر جار بە مەرگی زۆر کەس کۆتایی پێدێت.
بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، ئەمساڵ زیان و خەسارە گیانییەکانی تۆق تۆقە و بۆمبە دەستییەکان بەتایبەتی لە کوردستانی خۆرهەڵات، یەکجار بەرچاو بوو و لە شارەکانی شنۆ و سەحنە، مەرگی دوو کەسی لێکەوتەوە. هەر بەو هۆکارەوە لە شاری شنۆ کەمپەینێک وەڕێخراوە بەناوی “نا بۆ تۆق تۆقە” کە بە مەبەستی وشیار کردنەوەی خەڵک و بۆ پێشگرتن لە کارەساتە پەیوەندیدارەکان لەمبارەوە پێکهاتووە.
ئەو کەمپەینە بۆ هۆی دۆخی نالەبار و کارەساتباری چوارشەممەسووری ئەمساڵ کە تێیدا ۷کەس لە شاری شنۆ بە هۆی تۆق تۆقە، بریندار ببون دوو کەس چاویان لە دەست داو و هەروەها ساڵی پاریش لە سۆفیانی سەر بە شاری شنۆ و لە گوندی ، پێکهاتووە و بە نیازە بە دانی زانیاری و پەروەردە و بەڕێوەبردنی ئاهەنگی نەورۆز بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی و ڕێک و پێک، کۆتایی بەو خەسارانە بهێنێت.
شایانی باسە کە لەو۷ کەسەی کە ئەمساڵ لە شاری شنۆ بەو هۆیەوە تووشی خەسار بوون، کەسێک گیانی لەدەست دا و کەسێک چاوەکانی لە دەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری شنۆوە بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند کە لە ئێستادا گرووپێک بە ناوی “ڕاوێژکارە لاوەکانی شنۆ” بەدوای کارە یاساییەکانی ئەو کەمپەینەوەن و لە ئەگەری دەست تێنەخستنی بەرپرسانی دەوڵەتی و ساز نەکردنی کۆسپ، بە نیازن هەندێ کاری پەروەردەیی لەم بارەوە بکەن.