لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵوەگەری دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا لە ناو خەباتکارانی کورد بە کۆماری سێدارە پێناسە دەکرێ، پارێزگاری کەرکوك سەنتەرەی ڕووناک بیری خومەینی وەك ‘دیاری’ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵی کەرکوك ناساند؛ بەڵام هەندێ بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بەشداری بۆنەکە نەبوون و دەڵێن ‘ئامانجی تر’ لە پشت کردنەوەی ئەم سەنتەرە هەیە.
لە ڕێ و ڕەسمی کردنەوەی ئەو سەنتەرە کە زۆرێک لە کەسایەتییەکانی کوردستان وەک حەمەی حاجی مەحموود و باڵی هێرۆخانی یەکێتی نیشتمانی تێیدا بەشدار بوون، مورتەزا عیبادی، سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، “ئیمام خومهینی دهڵێت ههڵگیرسانی شۆرشی ئیسلامی ڕوناكییهكه بۆ ههموو جیهانو ئهمڕۆ پاش تێپهڕبونی 38 ساڵ بهسهر ئهو شۆڕشهداو لهم ڕێوڕهسمهدا ئهم سهنتهری ڕۆشنبیریو وهرزشییه دهكهینه دیاری بۆ هاوڵاتییانی شاری كهركوك.”
لە هەمبەر کرانەوەی سەنتەرێک بەو ناوە چالاکوانانی کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی لە لێدوان لەگەڵ ماڵپەڕی ڕۆژی کورددا، هەڵوێستی تووندیان لە هەمبەر ئەو کردەوەیە کە بە ناکوردانە وەسف دەکرێ، گرت.
لەلایەکی ترەوە ئەو کردەوەیەی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، دژکردەوەی هەندێ کاربەدەست و ڕووناکبیری هەرێم و کەرکووکی لێکەوتەوە.
کامەران کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوك، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا بە نیگەرانیەوە باسی لە مەبەستی سەرەکی سەنتەرەکە کردو ڕایگەیاند کە ئەو تەنانەت لە ڕێوڕەسمی کردنەوەشی ئاگادار نەکراوەتەوە.
کەرکووکی هەروەها دەڵێ: “پێشتر چەندین هەوڵی لەم شێوەیە هەبوونە بە بیانوی کردنەوەی سەنتەری پزیشکی و ڕۆشنبیری بەڵام هیچیان سەریان نەگرت جگە لەم سەنتەرەی ئێستا.”
کامەران کەرکوکی بە گومانەوە لە ‘ئامانجە شاراوەکانی’ کردنەوەی سەنتەرەکەی ڕوانی و ڕایگەیاند، “شتێك هەیە لە پشت کردنەوەی ئەم سەنتەرە وە دوای نزیکی سێ مانگ هەموو ئامانجە شاراوەکانی دەردەکەون.”
کامەران کەرکوکی سەبارەت بە ڕۆڵی حەشدی شەعبی بۆ دەنگی ئەمریکا دوا و ڕایگەیاند کە لەم ماوەیە دا چالاکی و کاریگەری گرووپە شیعەکان لە کەرکوك زیادی کردووە.
بە بۆچونی کامەران کەرکوکی “هەندێ ئەندامی حەشدی شەعبی ڕۆڵی چالاکیان لەسەنتەرەکە دەبێت.
قسەکانی کەرکووکی لە حاڵێکدان کە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا هەروەک لە هەواڵەکانی ڕۆژی کوردیشدا هاتووە، دەرکەوت کە بەرپرسانی حەشدی شەعبی بە دانی پارە، لە ناو گەنجانی سلێمانی ئەندام گیری دەکەن و هێزیشیان پێکهێناوە.