دەست تێوەردانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و دەست ڕۆیشتوویی ئەو دەسەڵاتە دژە کوردە لە کوردستانی باشوور، باسێکی ئەمڕۆیی و هەنووکەیی نییە و ساڵانێکی زۆرە و تەنانەت لە مێژووی پەنجا ساڵەی دوایی کورددا، شیاوی سەرنج و خەسارناسییە.
ئەوەی زیاتر لە مێژووی ڕابردوو جێگای سەرنجە دەست تێوەردانی ئێران لە ئێستادا و وانە وەرنەگرتنی دەسەڵات و حیزبەکانی باشوورە لە مێژوو، مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێ: نازانم مێژوو مامۆستایەکی باش نیە یان کورستانیانی باشوور قوتابیەکی باش نین.
کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری بە ناوی خومەینی لە کەرکووک و بوونی حوسێنیەکانی ئێران لە سلێمانی و لە هەمان کاتدا بەڕێوەبردنی بۆنە لە هۆڵی پێشەوا و نەبردنی ناوی هۆڵەکە، تا ئێستا جێگای ناڕەزایەتی زۆرێک لە نووسەران و چالاکانی کوردستانی باشوور و خۆرهەڵات بوون.
جیا لە کردنەوەی سەنتەری بەناو ڕۆشنبیری بەناوی خومەینی، سەردانی بەردەوامی تیرۆریستانی ڕێبەرانی شەهیدی خەباتی کوردستانی خۆرهەڵات و ڕێبەرانی پێشووی حیزبی دێموکرات (دوکتور قاسملو و دوکتور شەرەفکەندی) بۆ کوردستانی باشوور و وەرگرتنی خەڵات و دیاری لە دەستیان و دانی خەڵات پێیان و ڕاخستنی فەڕشی سوور بۆیان و هەروەها لێخوڕینی ترۆمبیلی بۆیان لە لایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێم و …تاد، چەندی تر لەو دیمەنانەن کە هەم لە ڕوحیەی نیشتمانپەروەری سەرچاوە ناگرن و هەمێش دەروونی کوردان بە گشتی و کوردانی خۆرهەڵاتی کوردستانی بەتایبەتی بریندار کردووە.
لە دۆینێ چوارشەممە ١ی مارسی ٢٠١٦ تا ٨ی مارس بۆ ماوەی یەک حەوتوو لە هۆڵی پیشەوا لەناو وەزارەتی رۆشنبیری لە شاری هەولێر، پیشانگەیەکی کتێب و بەرهەمەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامی پاش سلێمانی و کەرکووک چالاکییەکانی لە هەولێریش چڕتر کردۆەتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستی داوەتە بانگەشە بۆ کردنەوەی خولی زمانی فارسی لەناو کونسوولخانەی ئێران و بە بەلاش کە پێدەچێ ئامانجی تەنیا فارساندنی کۆمەلگەی کوردییە.
شەریف فەلاح، ڕۆژنامەوان و شعیر و نووسەر لەمبارەوە دەڵێ: هاتنی شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری سێدارە بۆ هەرێم و واژۆکردنی چەند پرٶژەیەکی بەناو زانستی, سەرەتای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە دەیهەوێ لە زانکۆکانی هەرێم (هەولێر، کۆیە، کەرککووک، کۆیە و سلێمانی) بە سەرپەرستیی خۆی بەشی زمانی فارسی بکاتەوە، بەخوا جوانە، ئەمە سەرەتای دروستکردنی کەرتی غەزەیە لە هەرێمی کوردستان، تکایە چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوا دەنگ و هەڵویستتان هەر بۆ حیزب و پەرتەکانی باشوور و حکوومەتی هەرێم زیرەکن، دەی وەخۆ کەون مارە مەترسیدارەکە لەناو ماڵی کورد پەپڵەی داوە. گەر وریا نەبن و هەڵویست نەگرن، پەیشیمانی بێسوودە.