کۆماری ئیسلامی بۆ ڕادەست کردنەوەی تەرمی کاسبکاری کوژراوی کورد داوای پارە دەکات

0
688
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵدەری ڕۆژی کورد، کاسبکارێکی کوردی خەڵکی بۆکان  بە ناوی جەعفەر کە بۆ کاسبی چووبووە شاری سنوری سەردەشت، لە گوندی بەیتوش لە لایەن هێزەکانی ئینتزامی رژیمیەوە کوژرا.
شایانی باسە کە بەپێی زانیارییەکان ڕژیم لە دانەوەی تەرمی جەعفەر بە بنەماڵەکەی خۆی بواردووە .تەرمی کاسبکاری کوژراو، هەنووکە لە شاری سەردەشت لە دەست رژیم دایە و داوایان لە بنەماڵەکەی کردوە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ناوبراو 600 هەزار تمەن پارە دەبێ بدەن.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە كاتێك بنەماڵەی كاسبكارە كوژراوەكە لە شاری بۆكان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی “جەعفەر” پەیوەندی بە ناوەندە قەزاییەكانەوە دەگرن، لە لایەن دادگای شاری سەردەشتەوە پێیان دەوترێ كە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ناوبراو دەبێ بڕی ٦٠٠ هەزار تمەن پارە بدەن و تا گەیشتنی پارەكە ناتوانن تەرمەكەیان رادەست بكەنەوە.
شایانی ئاماژەیە کە نەبوونی کار و پیشە و پیشەسازی و بێ دەرامەتی لە کوردستانی خۆرهەڵات وایکردووە کە خەڵکی شارە سنوورییەکان ناچارن بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان ڕوو بکەنە پیشەی کۆڵبەری و قاچاغ و ساڵانە چەندین کەس بە دەستی هێزەکانی ڕژیم دەکوژرێن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزەکانی ئینتزامی و سپای ڕژیم لە شاری ڕەبەت ترۆمبیلی کاسبکارێکی کوردیان دایە بەر دەست ڕێژ و لە ئەنجامدا یەکێک لە دانیشتووانی ناو ترۆمبیلەکە بریندار بوو کە بە پێی هەواڵەکان لە لای سینگییەوە لە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆز دایە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی، له بازاڕچەی سنووری باشماخی شاری مەریوان، کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم کوژرا. ئەو کاسبکارە کوردە ناوی مادیح پەرتەوەی کوڕی عەبدووڵا و خەڵکی ئاوایی کانی میرانی سەر بە شاری مەریوان ـە کە ٢٦ ساڵ تەمەنی بووە و بە گوێرەی زانیارییەکان، ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خێزاندارە.
لەلایەکی ترەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی سەربە پارێزگای ئورمیە تەقەیان لە سێ کۆڵبەر و کاسبکار کردووە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەریان دەستبەسەر کردووە و یەکیان بە توندی بریندار بووە.
هەمدیسان رۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژی هاوینی ڕابردوو، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت دەکرێنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ هێزە نیزامییەکان کە لە ئاکامدا یەکێک لەو کۆڵبەرانە گیانی لە دەست دەدا و کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی بریندار دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.