کورد و ڕاگەیاندنی کوردى

0
864

نوسینى ئەلبورز ڕۆئین تەن

بێ گومان  یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازى ئاراستە کردنى کۆمەڵگا لە دونیایی ئەمڕۆ ڕاگەیاندنە. لەوانەیە تا چەند ساڵ پێش ئێستا لە سیستەمە دێمۆکراتیکەکان ڕاگەیاندنى ئازاد و ڕۆژنامەوانى وەکۆ دەسهەڵاتى چوارەم هەژمار دەکرا. بەڵام دواى دەرکەوتنى پەیوەندی نیوان ڕاگەیاندن و سەرمایە و سیاسەت ، بێ لایەن بون و پایەی دێموکراسی بوونى ڕاگەیاندنى خستە ژیر پرسیارەوە. لەوانەیە زۆر جار هەبن ڕۆژنامەواڤانانى کە لە پڕەنسیپە ئەساسیەکانى ئەم کارەیان لا نەدا بێ بەڵام ئەگەر سەیرى وێنە گەورەکە بکرێت میدیا وەکو ئامرازى گەیاندنى زانیارى بۆ هاولاتیان کەم ڕەنگ دەبیتەوە بەڵکو بووە بە ئامرازى هەندێ لایەن بۆگەیشتن بە ئامانجیان هەندێ جار ئەو لایەنە دوژمنە. بەردەوام ڕاگەیاندن جیا لە بابەتى هونەرى دەبێ وەڵام دەرەوەى پرسیارەکانى چی ، کەى ، چۆن ، بۆ ، لەکوێ، کێ لە کاتى گەیاندى زانیارى و هەواڵ بێ .

لێرەدایە ڕاگەیاندن بۆ کورد گرنگیەکى تایبەتى دەبێ چونکو وەکو کورد پێویستیمان بە هەر کەلێنێک هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان لە قوناغى یەکەم و دواتر لە ئاوا کردنى کۆمەلگایەکى دادپەروەر و مودێرن . ڕاگەیاندن دەتوانێ رۆڵیکى کاریگەر لەو بابەتە ببینی. ئەگەر بگەرینەوە بۆ مێژوو لەوانەیە ئەزمونێکى زۆرمان لە و بابەتە نەبێ بەلام لە ڕاگەیاندنی نوسراوە دەستمان پێکردوە وەکو ئامرازیک بۆ پاراستنی زمان و کەلتور و ناسنامەى کورد دواتر وەکو ئامرازیک بۆ پەرە پێدانى شۆڕش.

 کاتێک بمانهەوێ تیشک بخەینە سەر ئەم باباتە دەبێ لە ڕاگەیاندنی  باشورى کوردستان ورد ببینەوە چونکو لەوێ دەرفەت هەبووە لە هەمان کاتیش دا میدیا کاریگەریەکى تەواوى بەسەر کۆمەڵگاى داناوە هەرچەند لەبەشەکانى تر جیاوازیەکى زۆرى هەیە بەلام بە حوکمى ئەو ئازادییەیەو دەرفەتەى لە باشور ڕەخساوە سەرچاوەى زۆربەى زانیاریەکانى سیاسی و ئابورى و کەلتورى کۆمەڵگاى کوردى لە هەموو دونیایە .هەر بۆیەش خەسارناسی و چارەسەرى ڕاگەیاندنی باشور دەتوانی کاریگەرى بەسەر کورد بە گشتی دابنیت. ڕاگەیاندکاران بەردەوام ئەم پرسیارە لە سیاسیەکانى باشورى کوردستان دەکەن لە ماوەی بیست و چەند ساڵى حوکمرانى چتان کردوە منیش بە هەمان پرسیارەوە دەست پێدەکەم کە وەک ڕاگەیاندن سەڕەراى هەبونى ئەو هەموو دەرفەت و ئازادییە لەم ماوەیە چەند توانیو لە قەدەر چاوەڕوانیەکان بێ ؟ گەڕان بەدواى ئەم وەڵامە دا دەتوانێ زۆر بە جوانى  ڕوون بکاتەوە سەرەتا وەکو کوردێک چاوەڕوانیەکانى خۆم دەخەمە ڕوو. هەرچەند بۆ وەڵام دانەوە دەبێ دابەشکارى نێوان دەزگاکانى ڕاگەیاندن بە سەر حیزبی و بێلایەن دا بکەین بەڵام چاوەروانیەکانى من وەکو کورد ئەم دابەش کاریە قەبوڵ ناکەت و هەریەکەیان  بە حۆرێک لە جۆرەکان دەبێ وەڵام بدەنەوە . بێگومان ڕاگەیاندنى بێلایەن کە دەستی کراوەتریان هەبووە بەشی زۆرى بەرپرسیارەتیەکان بەر دەکەوێ.

 یەکەم: لە ڕووى نەتەوەىەوە بێگومان بە درێژاى مێژووى هاوچەرخ جارى یەکەمە کە کوردستان خاوەن سەدان دەزگاى ڕاگەیاندنە چەند ئەو دەزگایانە توانیویانە لە پڕۆسەى بە هێز کردنى هەستی نیشتمان پەروەرى لە نێو کۆمەڵگا دا سەرکەوتوو بن پرسیارى زۆر هەڵدەگرێ چونکو ئەوەى ئێستا ئێمە لە باشور دەبینین بۆ ئینتماى تاک بۆ نرخە نەتەوەییەکان لە ڕێزى هەرە خوارەوەى ئەو خاڵانەیە کە لە ژیانى ڕۆژانە دا گرنگی پێدەدات ئەوەیان مەترسیەکى زۆرى هەیە وا دەکات کە تاکى کورد لە مەسەلە نەتەوەیەکان دوور و سەرى بە گرفتی ڕۆژانەوە سەرقال بکرێت لەوانەیە بڵێن ئەمە زیاتر کارى حکومەت و پەروەردەیە بەڵام ڕاگەیاندنیش کە ئازاد و خاوەن دەرفەتێکى زۆر ترە ئەگەر بێت و لەو  بوارە دا کار بکات شوێندانەرى زۆری دەبێت. ئەگەر بێت و هەر بابەتێک زیاتر گرنگی پێ بدات ئەوا ئەو بابەتە دەتوانێ ببی بە بابەتى ڕۆژ چونکو وروژاندنى بابەتەکان لە ڕاگەیاندن ڕەنگدانەوەى دەبێ لە سەر کۆمەڵگا دا ئەگەر ئێستا بابەتى ڕۆژ باباتە نەتەوەییەکان نین ئەوا ڕاگەیاندن لیی بەرپرسە ئەگەر بێت و ڕۆژانە یەک کاتژمێر گرنگی بدات بە بابەتێک ئەوا دەبیتە پرسی ئەو کۆمەڵگایە لیرە دا ڕاگەیاندن ڕەنگدانەوەى کۆمەڵگایە یا بە پێچەوانەکەى بە بۆچونى من پێچەوانەکەى دەبێ ڕاست بێ چونکە ڕاگەیاندن بەشی ڕۆشنبیر و هزرمەندی کۆمەڵگایە بۆیە دەبێ خویندنەوەى قوڵترى  بۆ پرسەکان هەبێ کەواتە لەو بابەتەیەوە نەیتوانیوە چاوەروانى منی کورد بە جیبگەینێ بگرە کاریگەرى خرابیشی هەبووە.

 دووەم: ڕاگەیاندنى کوردى بە ناوى بێلایەنیەوە ئەوپەڕى لایەنگێرى دەکات و لە جیاتى ئەوەى زانیارى تەواو و ڕاست بدات بە کۆمەڵگا زانیارى هەڵەو و دڵخواز دەدا بە کۆمەلگا بە تایبەتى ئەگەر خاوەن ئینتمایەکى سیاسیش بێ ئەوا هەر بەتەواوى لە مانای ڕاگەیاندن دەردەچێ و دەبیتە چەکی هێرش کردنە سەر بە هەموو شێوەیەکی دور لە ئەخلاقی مرۆڤى و کارکردنی پیشەییانە. ئەوەى لە هەمووى نەشیاوترە ئەم کارە لە ژێر چەترى بی لایەنى ڕاگەیاندن دا دەکرێت ئەمەش وای کردوە کە ڕاگەیاندنى ئازاد و پێشکەوتوو نەبێتە هۆى پێشکەوتن فکرى و زانیارى هەواڵ بە ڵکو بە پێچەوانەوە ببێ بە هکارى سەرەکى سەرلێشواندن و بە هەڵە بردنى کۆمەڵگا.

سێیەم: ڕاگەیاندن کاریگەرى لە سەر سیاسیەکانى داناوە زۆر جار کە نەتوانن بڕیارى دروست بدەن تەنانەت سیاسیەکان زۆر جار بڕیاڕێک دەدەن کە ڕوبەڕوى هێرشی ڕاگەیاندنى لایەنێک نەبنەوە کە کاریگەری ببێ لە سەر دەنگی داهاتویان ئەمەش وایکردوە کە لێک تێگەیشتن و نزیک بونەوە لە نێو چەند هێز ئاسان نەبێ و تەنانەت کۆمەلگا لە یەکگرتووى دورو بە سەر جەمسەرەکانى سیاسی دا دابەش بکات کە ئەمە مەترسی لە سەر پرۆژە نەتەوەییەکان دروست دەکات. تەنانەت ئەمە واتێکەڵ بووە کە بەشیکى بەرچاوى سیاسەتوانانى بوارى جیاى جیای لایەنەکان لە کادرانى ڕاگەیاندن پێک هاتوە کە حکومەت و پەڕڵەمان زیاتر لە بەرنانەمەکانى تیڤى دەچێ تا دەزگاى شەرعى و یاسایی وڵات.

 چوارەم: زۆر جار راگەیاندکارەکان بە ئەنقەست یا بێ ئەتقەست خاوەن زانیارى هەڵەو دورن لە ڕاستی کە لە ڕاگەیاندنەکان باسی لێوە دەکەن لە لایەن کۆمەڵگاوە بە ڕاستی وەردەگیرێت ئەم لایەنەى ڕاگەیاندنەکان سەرلێشواندنى یەکجار زۆر کردوەو واى لێهاتووە تاکیکى نەخوێندەوار لە ماڵی خۆى ژمێریارى بۆ دەرامەتەکانى حکومەت دەکات کاتیک نرخى نەوت یەک دۆلار بەرز یا نزم دەبیتەوە وەک ئەوەى کە کارێکى وا ئاسان بیت و چاوەڕێی رەنگدانەوەى ئەو بەرزو نزمیەى ڕۆژانە لەسەر ئابوورى خۆى دەکات ئەگەر بەدڵى نەبوو ئەوا لایەنێک تۆمەتبار دەکات. تەنانەت ئەگەر ڕاگەیاندن یا ڕۆژنامەنوس زانیاریەکانى هەڵە یا نادروست بێ هەروەک ئەوەى زۆر بارێکى زۆر ئاسایی بێ لە کارى خۆى دا بەردەوام دەبێ هەر بۆیەش ڕاستگۆیی کە یەکێک لە گرنگترین بنەماى کارى ڕاگەیاندنە زۆر بە ئاسانی پشتگوێ دەخرێ.

پێنجەم: لە بوارى تەکنیک و ئامێرەکان زۆر پێشکەتووین بەڵام لە شوێنى خۆى و دا کەڵک لەو پێشکەوتنە وەردەگرین ئەوەش بابەتێکى ترە ئەمە زیاتر وەک ئەوەى دەچێ کە ئامێرێکى پێشکەوتوە بە دەست کەسێک بێ کەڵکى باشی لیوە نەگرێ بۆ نمونە زۆربەى موبایلە پێشکەوتوەکان بە کارى دێنین  تەنیا بۆ یارى کردن. لەوانەیە ئەم خەسارەى ڕاگەیاندن بە ئەندازەى لایەنەکانى تر نەبێ بەڵام دەتوانین بە پێشکەوتنە گەوەرەى ئامێرەکان کارى گەورەتر بکەین .

شەشەم: بە هۆى ئەوەى کە ساڵانى دورو درێژ ڕاگەیاندنەکانى دوژمن خەریکى سڕینەوە یا شێواندنى کەلتورى کوردى بووە دەبێ ڕاگەیاندنەکانى کوردى گرنگى تایبەت بەو بوارانە بدەن کا باس لە کەلتورى کوردی دەکرێ لەوانەیە لە بوارى موزیک و گۆرانى هەندێ شت کرابێ بەلام لە بوارەکانى ترى هەنەرى وەک سینەما وەک ڕۆمان و ئەدەب و وەک شانۆ و هونەرەکانى تر کاریگەر ڕێنیشاندەر یا پاڵنەر نەبوە ئەمەش بە کەمو کورتیەکى بوارى راگەیاندن دەزانم کە دەبێ لە ڕاگەیاندنەکان گرنگى پی بدرێ .

لە گەڵ ئەوەى هەندێ کارى باشیش لەوانەیە کرابێ بەلأم ئەوانەو زۆر لایەنى تر لەوانەیە هەبێ کە ڕاگەیاندنى کوردى دەبێ چاو خشاندنیک بە کارەکانى بکاتەوە لەو دەرفەتە بۆ لایەنە پوزتیڤەکان کەڵک وەربگرێ نەک ببێ بە فاکتەرێکى دیکەى پاشکەوتنى کۆمەڵگای ئێمە .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.