خوێنەری هێژا:
بابەتی بەردەستت، یەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ و ١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز “محەممەد حاجی”، کارناسی باڵای یاسای نێودەوڵەتی و بە پێشکەشکاری بەڕێز عەتا سەقزی چالاکی سیاسی لەسەر مژاری (کارەساتی هەڵەبجە لە ڕوانگەی یاسای نێونەتەوەیی)یەوە ئەنجام دراوە.
ڕاوێژ: سەرەتا با باس لە هەڵەبجە بکەین، ئایا هەڵەبجە تراژدی و ژینۆسایدە؟ کە ناوی هەڵەبجە دێتەئاراوە بۆ بەڕیزتان چ واتایەک دەگەیێنێت.
حاجی: کارەساتی هەڵەبجە بە دڵنیاییەوە دێتە خانەی ژینۆسید و بە وەبیرهاتنەوەشی دوو شت ئازارمان دەدات. یەکیان بێ هەڵوێستی ئەوکاتی کۆمەڵگای نێ نەتەوەیی و بێ هەڵوێستی ئەو کات و ئێستای سەرکردایەتی سیاسی کوررد.
ڕاوێژ: ژینۆساید چییە و سەلمێندرانی هەڵەبجە بە ژینۆساید چ کاریگەری و ئاسەوارێکی هەیە؟
حاجی: درووستەکەی جینۆساید یان ژینۆسیدە. ئەو دەستەواژەیە بۆ یەکەم جارلە لایەن ڕافایێل لمکین کە یاسازانێکی جوولەکە بوو هاتە نێو ئەدەبیاتی یاسایی. لە دوو وسەی لاتینی geno واتا ڕەگەز و cide واتا کوشتن پیکهاتووە بۆ یەکەمجار وەک تاوانێکی نێ نەتەوەیی ساڵی 6491 ل لایەن ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک تاوانێکی قێزون پێناسە کرا و وەک هەڵوێست گرتنێک سەبارەت بە کۆمەڵکوژی جوولەکەکان و گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوانانە ساڵی 6491 بە واژۆ کرانی پەیماننانمەی ڕێگری کردن و سزادانی، ژینۆسید بوو بە یەکەم تاوانی نێونەتەوەیی کە پەیماننامەی لەسەر دەرکرا. ژێنۆسید وەک باوکی تاوانەکان دەناسرێت چوونکە کیانی پێکهاتە کۆمەلییەکان دەکاتە ئامانج و سەرەتا بە هێواشی و بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت ئامادەکاری دەروونی بۆ ئەنجام دانی دەکرێت و لە کۆتایشدا بە شێوەیەکی ئاشکرا جێ بە جێ دەکرێت. هەندێ جار لە ڕێگای سەرکووت کردنی کولتوری ئەو تاوانە ڕوودەدات، بێ ئەوەیکە هەستی پێ بکرێت یان لە ڕووی یاساییەوە ڕێگری لێ بکرێت، ئیتر دوای ڕوودانی ژینۆسید ناکرێت هیچ ئاشتییەک لە نێوان قوربانیان و بکەرانی ساز بێت چوونکە لە هیچ کردوەیەکی ژینۆسیدیدا تەواوی تاوانەکە و قۆناغەکانی ئاشکرا ناکرێن و وەک داخێک بۆ هەمێشە قوربانیان ئازار
دەدات.
ڕاوێژ: گرنگی ناساندی هەڵەبجە وەک ژینوسید دەگەرێتەوە بۆ چی؟
حاجی: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دوای ڕووداوەکانی باڵکان لە دەیەی نەوەدی زاینیدا سەرەڕای سازدانی دادگایەکی نێونەتەوەی بۆ ئەو تاوانانەی لەو ناوچەیە ڕوویداوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو تیورییەی لە دوای ساڵی 0262 لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کۆزۆڤۆ خستە بەرباس کە وەک قەرەبوویەک دەبێت ئەو مافە بە قوربانیان بدرێت کە لەو وڵاتە جیا ببنەوە کە تاوانی ژینۆسیدی ئەنجام داوە. واتا جیابوونەوەیەکی قەەبوو کەرەوە. دیسانیس سەپاندنی بەرپرسیارییەتی نێونەتەوەیی بە سەر دەوڵەتەکاندا سەبارەت بە ژینۆسید ئەوەندە قورسە کە تاک تاکی ئەندامانی کۆمەڵگا بە نەوەکانی ئێستا و داهاتووشەوە تێوەردەدات. بڕیارە پەیتاپەیتاکانی ئاڵمان دوای ٢٠ ساڵ تێپەڕ بوون لە هۆلۆکاست بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ژینۆسیدی جوولەکەکان وێنەیەکە لەو قورساییەیە. سەلماندنی هەڵەبجە وەکو ژێنۆساید هەڵگری ئەومانایە کە هەروەک ژینۆساید وەکو “تاوان” “الجرایم “نێوی دەرکردووە لە دڕندانەترین تاوانەکان دێنە ئەژمار کە کومەڵگایەک دەکاتە ئامانج نە کتاکێک، چونکو لە ژینۆسایدا لەناوبردنی گروپگەلێک کە کنوانسیۆنی ژینوسید باسی لێ کردونە باسی لیوە دەکرێ و لە ئارادایە.
ڕاوێژ: هۆکار چیە کە ڕوانگەی یاسایی نێو نەتەوەیی کیمی بارانی هەڵەبچە مەحکووم دەکات؟ ئایا ئەوە دەگەرێتەوە سەر قەوارەی کیمیابارانەکە و ڕێژەی گیان بەخت کردووانی یان تەنیا بە هۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوەیە؟
حاجی: بە چەند هۆ. یەکیان بە هۆی ئەو چەکەی کە بە کار هاتووە. بە هۆی جۆری قوربانییەکانی و بە هۆی بەکارهێنەرەکەی. چەکە کیماییەکان لە تەنیشت چەکە ناوەکی و میکرۆبییەکان دێنە خانەی چەکە کۆمەڵکوژەکان. لە سەدەی 61 ی زاینییەوە بە پێی ڕێککەوتنیێکیدوو لایەنە یان چەند لایەنە، بەکارهێنانیچەکی کیمیایی . بە پێچەوانەی هەموو چەکەکانی دیکە قەدەغە کراوە چوونکە ئازار و ئێشێکی ناپێویست بەردەداتە گیانی قوربانیانی. لە ڕووی جۆری قوربانانیش دەبێت بکوترێت قوربانییەکان کەسانی مەدەنی بوون و لە شوێنێکی مەدەنیش دەژیان. سەرەڕای دژە یاسا بوونی شەڕ هەر لە قەدیمەوە شەڕەکان هەم لە ڕووی جۆری چەک و هەم لە ڕووی شێوازی شە، یاسامەند کراون، بەو پێیە کەسەکان و شوێنە مەدەنییەکان نابێت هیچ کات بکرێنە ئامانج مەگەر ئەوەیکە پێویستییەکی چەکداریی ئاشکرا و گرینگی هەبێت کە ئەویش لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا هەر بوونی نەبوو. لە ڕووی بەکارهێنەرەکەش ئەوە سەددام بوو کە ئەو چەکەی دژ بە هاووڵاتییانی خۆی بەکارهێنا، شتیک کە پێشتر لە مێژوودا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژەکاندا بوونی نەبووە و سەددام لە جیاتی پاراستنی هاووڵاتییانی هەمووی قڕ کردن.
ڕاوێژ: بە کار هێنانی چەکی کیمیایی لە هەر حاڵەتێکدا لە ڕوانگەی یاسای نێونەتەوەییەوە چ حوکمێکی هەیە؟
حاجی: تا پێش ساڵی ١٤٤٦ تەنیا بە کارهێنانی قەدەغە کرابوو بەڵام لەو ساڵەوە بەکارهێنان، بەرهەمهێنان/ هەناردە کردن/ پاشکۆ کردن/ هاوەردە کردن وتاد، ….. هەموویان قەدەغە کران، واتا مافی بەکارهێنانی بەرانبەریشی قەدەغە کراوە لە بەرانبەر ئەو زەوت کردنی مافی بەرگرییە بە چەکی کیمیایی ئەو ئەرکە خراوەتە سەر شانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کە بە شێوازی جۆراوجۆر یارمەتی ئەو وڵاتە بدات کە بۆتە قوربانی ئەو چەکە. شتێک کە دەبێت ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە هەر کۆمەڵکوژییەک ژینۆسید نییە و هەر بەکارهێنانی چەکی کۆمەلکەژییەکیش بە مانای ژینۆسیدی بوونی کردەوەکە نییە.
ڕاوێژ: جیا لە بەکارهێنەرانی چەکە کیمیاییەکان، فرۆشەر و بازرگانەکانیشی تاوانبارن، بۆ نموونە لە دادگای لاهەی هولەند فان ئارانت بازرگانی هولەندی لە تۆمەتی ژینۆسید بەری کرا مەگەر ئەو بازرگان و دەست و پیوەندی فرۆشتن نەبوو؟
حاجی: بەڵێ وایە، نەک ئەو بەڵکوو لە دەیان وڵاتدا کۆمپانیاکان دەستیان لە هەناردەکردنی پێکهاتەی کیمیایی و ئامرازاەکانی سا کردنی گازەکاندا هەبووە. هەر ئەو کابرایە نزیک ٣١٠٠ تۆنی ماددەی کیمیایی دوو کاربەرە و ئامێرەکانی لە ماوەی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ داوە بە عیراق. بەڵام سەرەتا ئەو دوو تاوانی ئاراستە کرا. هاودەستی لە ئەنجامی ژینۆسیدی هەڵەبجە و هاوکاری و هاودەسی لە ئەنجامی تاوانە جەنگییەکان. بەڵام بەو هۆیە کە دادوەری گشتی نەیتوانی دادگای ناوخۆیی لاهە بەو قەناعەتە بگەیەنیت کە ئارانت ئاگاداری ئەوە بووە کە مەبەست لە کڕین و هاوەردە کردنی ئەو ماددانە و بەکار بردنیان وەک چەک بە مەبەستی ئەوە بووە کە کوردی پێ لەناو ببات لەو تاوانە بەری کرا. دۆستان! لە دادگای نۆریمبیرگی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، زۆربەی ئەو کردەوانەی ئێمە ئەوڕۆ پێیان دەڵەین ژینۆسید وەک تاوانی دژە مرۆڤی چاویان لێ دەکرا. بەربڵاوی و ڕێژەی تیژ و تووندی ئەو کردەوانە بوو بە هۆی ئەوەیکە لە کۆمەڵەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی جیا بێتەوە وکیانێکی سەربەخۆی هەبێت. لە زۆر ڕووەوە ئەو دوو تاوانە وەکوو یەک دەچن، لەو ڕووە کە لە پشت هەردووکیان سیستەمێک بوونی هەیە کە ئەو کردەوانە ئەنجام دەدات و ئەوەش کە هیچ جیاوازییەکیان لەوەدا نییە کە لە ئەو دوو تاوانە لە کاتی شەڕی چەکداریدا ڕوویان دابێت یان لە سەردەمی ئاشتیدا. لە شەڕی ناخۆیی بێت یان نێونەتەوەیی و نێوان دەوڵەتەکان. بەڵام ئەوەی ژینۆسید دەکاتە تاوانێکی جیا لە تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەکانی تر ئەوەیە کە قوربانیانی ئەو تاوانە ئەندامانی چوار گرووپن ( گڕووپە نەتەوەییەکان/ قەومییەکان/ نیژادییەکان و ئایننیەکان). بۆسەلمێندرانیشی دەبێت ئاشکرا بکرێت کە مەبەست لە ئەنجامی ئەو کردەوەیە، کوشتن پڕ ئێش وئازارانەو لەناو بردنی بەشێک یان تەواوی ئەندامانی ئەو چوار گڕووپەیە. کاتێک ئەو مەبەستە نەسەلمیندرێت ئەو کات ئەو کردەوەیەش نایەتە خانەی ژینۆسیدەوە.
ڕاوێژ: ئایا تا ئێستا هیچ ناوەند و کەس و تاقمێک ناچار بوون بە قەرەبوو کردنەوەی هەڵەبجە و بنەماڵەی شەهیدەکانی؟ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕای ئێوە هەڵەبجە تواندراوە وەک خۆی بناسرێت و بۆ کورد دەسکەوتی بێت؟.
حاجی:لە ژینۆسیددا وەک هەموو تاوانە نێونەتەوەییەکان دوو لایەن تاوانبارن . تاکەکان و دەوڵەتەکان. بۆ تاکەکان کە دادگا ناوخۆییەکان یان نێونەتەوەییەکان کە کەیفەرین، تاکەکان دادگایی دەکەن. سەبارەت بە دەوڵەتەکانیش یان دادگای نێونەتەوەیی لاهە یانیش دیوانە دادوەرییەکان بە بەرپرسیارییەتی دەوڵەتەکان پێیڕادەگەن. سەرەتا ئەوەیکە هێج شتیک ن توانێت قەرەبووی لەدەست چوونی ژیانی مرۆڤ بکاتەوە و ژینۆسیدیش بە هۆی ژمارەی زۆری قوربانیانی لە ڕووی قەرەبووی مادییەوە تا ئێستا لە هیچ ناوەندێکی نێو نەتەوەیی بڕیاری لە سەر نەدراوە. لە دادگای ناوخۆیی لاهە لە دۆسییەی ئارانت، دادگا بۆ ئەوانەی سکاڵایان دەر کردبوو تەنیا ٦٨٠ دولاری وەک قەرەبوو پەسەند کرا.
ڕاوێژ: کورد چەندە توانێویەتی هەڵەبجە وەک هێمای لێقەوماوی و زۆرداری لەسەر خۆی پێناسە بکات و کەڵکی لێوەربگیردرێت؟ ئایا هەوڵەکان تەواون یان نا؟
حاجی: نەخێر کورد هیچ هەوڵێکی بۆی نەداوە، درۆش نابیت ئەگەر بڵێین هەندێک لایەن پێشیان خۆش بوو کە هەڵەبجە کیمیاباران کرا، هەڵبەت بۆ مەڕامی سیاسی خۆیان. دۆستان پێتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم تا ئێستا حوکمێکی ٩٠٠ لاپەڕەیی دۆسیەی ئەنفال نەکراوەتە کوردی و تەنانەت عەرەبی و ئینگلیسسیەکەشی لە هیچ وەزارەت و فەرمانگەو تەنانەت پارلمانی کوردستانیش بوونی نییە. دۆسیەی هەڵەبجە دەبا وەک کەیسێکی سەربەخۆ لە دادگای باڵای عێراق باسی لێوە کرابا نەک لە چوارچێوەی ئەنفالدا ئەوەیش بە پەلەپەل و هەڵات هەڵات. دەی کاتێک لە ناوخۆی کوردستان هیچ کارێک نەکراوە خۆ ناکریت چاوەروانی ئەوە بین لە دەرەوەڕا بەڵگەمان بۆ کۆبکەنەوە و بیانکەنە دۆسییە و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێ قانع بکەن. دیسانیش کێ تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دراوەتە دادگاکانی هەرێم؟ بۆ مەگەر بۆ شەنگال چیان کردووە؟ کام ناوەندی لیکۆڵینەوە لە هەرێم بوونی هەیە کە ئەرکەکەی ناساندنی و بە دۆسییەی یاسایی کردنی تاوانەکانی رژیمی بەعس بووبێت؟ کاپپمەرتووک لە سەر ژینۆسید لە هەرێم دەدۆزییەوە ئەوانی هەشن فارسین.
ڕاوێژ: لە درێژەی باسەکەدا دەپرسین ئایا حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە هەڵەبجە و ناساندنی وەک ژینوسید هیچ هەنگاوێکی ناوە؟
حاجی: بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە هیچ، خرابکاریشی زۆر کردوە، وەک دەرکردنی فەرمانی لێبووردنی گشتی و هەروەها بەهەڵاتن دانی تارق ڕەمەزان ئەو فرۆکەوانەی کە دەستی لە بۆمبارانی هەڵەبجەدا هەبووە. ئەوە شتێکی جێ کەوتووی ناو نەریت و ڕێساکانی نێونەتەوەییە کە فەرمانی لێبوردن نابێت ئەو کەسانە کە دەستیان لە ئەنجامی تاوانە نێونەتەوەییەکان و ئەو تاوانانە کە پەیوەندیان بە کوشتنی مرۆڤەوە هەیە، بگرێتەوە، بەڵام لە هەرێم، لێبووردنەکە ئەوانیشی گرتەوە و ئەوە پێشێلکاری و هەڵە بوو.
ڕاوێژ: حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە ناو خۆ چ کارێک بکات؟ هەروەها لە ڕووی نێونەتەوەییەوە چ دەتوانێت چ بکات؟
حاجی: سەرەتا دەتواندرا فەرمانێکی لێبوردنی گشتی بەپەلە نەدرابا. دیسان ئەوەیکە هەوڵ درابا تا پێش سازبوونی دادگای باڵای عێراق هەموو تاوانبارە سەرەکییەکان دۆزرابانەوە یان ناسرابان. پێکهێنانی دادگای باڵای عێراق یان هەر دادگایەکی دیکە لە دوای ڕووخانی حکوومەتی بەعس چاوەروان کراو بوو. ئەوە کە نەکرا هیچ، لە کاتی پێشکەش کردنی دۆسییەکانی کورد لەو دادگایەشدا پەلە یان تەنبەڵییەکی ئاشکرا هەبوو کە هیچ پاساوێکی بۆ قەبووڵ نەدەکرا. کۆی دۆسییەکانی کورد لە دادگای باڵای عیراق 8 تا ١٠ پارێزەریان هەبوو کە زۆربەیان ئەزموونێکی ئەوتۆیان لەو بارەوە نەبوو لە حاڵیکدا سەددام خۆی بە تەنیا نزیک 200 پارێزەری خۆبەخشی هەبووو. دیسانیش خۆیان دەیانتوانی سەبارەت بە تاوانبارە کوردەکان یان ئەوە بەعسییانە کە لەژێر دەستیان دابوو و دۆسییەیان لە دادگای باڵای عێراقدا پێشکەش نەکرابوو بە فەرمانی سەرۆکایەتی یان پارلمان، دادگایەکی تایبەتییان بۆ پێک هێنابان و بۆ ئەوانەش کە لە عێراقدا نەمابوون لە ڕێگای ئینتێرپۆل (پۆلیسی نێونەتەوەیی)یەوە داوا لەو دەوڵەتەکان بکەن بیانگەڕێننەوە هەرێم.
لە رڕووی نێونەتەوەییشەوە هیچ کارێکی ئەوتۆ و بەرچاو نەکراوە نە لە ڕووی دیپلۆماسی و نە لە ڕووی ئاکادمیک، وەک سازدانی کۆنفرانس و کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوە. ئەو هەوڵانەش کە دراون زۆربەیان شکستیان خواردووە. بۆ وێنە نوێنەرانی کورد لە پارلمانی کانادا نەیانتوانی قەناعەت بە نوێنەرانی ئەو وڵاتە بێنن کە ئەنفال و هەڵەبجە ژینۆسیدە و تەنیا بە پێناسەکردنی ئەو کارەساتە وەک تاوانیکی دژە مرۆڤی قەناعەتیان هێنا هەرچەند کە ئەوە تەنیا گرینگییەکەی لە ئاستی کاردانەوە لە ناو بیر و ڕای گشتی جیهاندایە.
لە دۆسیەی ئەنفال کە بەناحەق دۆسییەی هەڵەبجەشی تێکەڵ کراوە وەک دۆسییەکەی سەربەخۆ لە دادگای باڵا نەهاتە ئاراوە و پێتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم لە رائیەکی 966 لاپەڕەیی کە هەڵبەت لە وەرگێڕاوە لاتینییەکەی تەنیا 11 جار ناوی هەڵەبجە هاتووە کە ئەویش لە پاڵ شارەکانی دیکە بوو و ناو هێنانەکەی تەنیا یەک جار هاتنی پەیوەندی بە کیمیابارانەوە بووە. جێی ئاماژەیە کە دۆسییەی ئەنفال دور و درێژترین ڕای سەبارەت بە تاوانێکی نێونەتەوەیی لە میژوودابووە.
ڕاوێژ: ئایا تێپەڕبوونی 28 ساڵ لە تاوانە لە ڕووی یاساییەوە ئێستاش شانسی کێشانە دادگای بکەرەکان و هاوکار و ئاسانکارەکانیان هەیە؟
حاجی: بەڵی. هەروەک کوتم تێپەڕبوونی زەمان بە پێچەوانەی هەندێک تاوانی نێوخۆیی، لە ئاستی تاوانە نێونەتەوەییەکان چ سەبارەت بە دادگایی کردنی تاکەکان بێت یان خود بەرپرسیارییەتی دەوڵەتەکان ڕێسای تێپەڕ پەربوونی کات، ناگرێتەوە و بەردەوامە. هەر دوو سێ مانگ لەوە پێش بوو کە لە ئاڵمان کابرایەیکی 94 ساڵەی ئاڵمانی بە تۆمەتی ئاگادار بوون، بەس ئاگاداربوون لە خەفەکردن و سووتاندنی جولەکەکان و نەک بەشداربوون بانگهێستی دادگا کراوە، لەوانەشە بە هۆی زیادی تەمەنی زیندانیش نەکریت بەڵام دادگایی هەر دەکرێت. لە تاونی ژینۆسیددا هەندێک کەس بە هۆی فەرماندان، هەندێک کەس بە هۆی جێ بە جێ کردنی فەرمان، هەندێک کەس بە هۆی هاندان / ئاگادار بوون/ بەرگری و پێش نەگرتن لە ئەنجامی تاوان/ ئاسانکاری کردنی و…تاد، بەپێی پلە و پایە و….تاد، دەتوانرێت دادگایی بکرێن بەڵام بەو مەرجە کە هەموویان دەبێت لەومەبەستە ئاگادار بووبن کە مەبەست لەو کردەوەیە لە ناوبردنی بەشێک یان تەواوی ئەندامانی گرووپە نەتەوەیی/ نیژادی/ قەومی و ئایینی بووە.
ڕاوێژ: بۆچی هەموو قوربانی و دەوڵەتێک پێی خۆشە تاوانەکانی دەرهەق بەو کراون و ئەنجام دراوە وەک ژینۆسید بە دوونیا بناسرێت؟
حاجی: یەکەم ئەوەیە کە قێزەون ترین تاوانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و سەلماندرانی کۆدەنگییەک بە قازانجی قوربانییان سازدەکات. تەنیا تاوانی نێونەتەوەییە کە لە ناو بەڵگەیەکی نێونەتەوەیدا هاتووە کە لەودا هەم باسی تاوانی بکەرەکان دەکات هەمیش بەرپرسیاریەتی دەوڵەتەکان. هەروەها قەدەغەبوونی ژینۆسید ڕێسایەکی ئامرەیە .peremptory Rule. واتا ئەو ڕێسایانەی کە دەگەنە ئەو ئاستە لە تەنیشت بکەرەکان، بەرپرسیارییەتیەکیش بۆ کۆی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سازدەکات کە بە هەموو ئامرازێکەوە دەبێت هەوڵ بدەن پێش لەو تاوانە بگرن و دۆخی دوای پێشێل کرانی ئەوە قاعیدەیە مەحکووم بکەن. هەروەها سەلماندرانی ئەنجامی ژینۆسید بۆ ئەگرووپانە ئەوەی لی بکەویتەوە کە ئەندامانی گرووپ سەرەکی ترینی مافەکانیان پیشیل کراوە و دەبیت قەرەبوو بکرێنەوە چ باستر کە قەرەبوو کرانەوەکەیان بە بریاری جیا بوونەوە بێت. هەروەها سەلمێندرانی ئەنجامی ژینۆسید بۆ ئەو گرووپانە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە ئەندامانی گرووپ سەرەکیترینی مافەکانیان پێشێل کراوە و دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، چ باستر کە قەرەبوو کرانەوەکەیان بە بڕیاری جیابوونەوە بێت. هەمدیسانیش ئەنگی ژینۆسید کردن بۆ دەوڵەتێک ئەوەندە قورسە کە نەوەکانی داهاتووشی تێوە دەگلێنێ. دۆسییەی هۆلۆکاست لە سەر ئاڵمان دەرخەری ئەوە قورساییەن. ئیتر پێموابێت بۆ باسێکی تیلێگرامی، وڵامەکە ئەوەندە بەس بێت.
ڕاوێژ: سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایش وتبووی بە هۆی ئێرانەوە هەڵەبجە کۆمەلکوژی کرا ئایا ڕۆلی ئێران لە ڕووی یاساییەوە لێرەدا چی بووە؟
حاجی: منیش شتیکی ئەوتۆم خوێندۆتەوە، لە خودی دادگای عێراق تەنانەت کوترا کە ئێمە گێچمان بەسەر خەڵکدا ڕشتووە بەڵام ئەوە ئێران بووە کە بۆمبەکانی خستۆتە خوارەوە. هەروە کوترا کە دەستبەسەر داگرتنی هەڵەبجە بە هاوکاری ئێران بۆ عێراق زۆر قورس بوو. ماوەیەک پێش ئەو ڕووداوە، یەکێتی نیشتیمانی سیاسەتەکەی لە خۆبەرێوەبەرییەوە گۆڕیبوو بۆ سەربەخۆیی و هەروەها پێشنیاری وتووێژ لەگەڵ عێراقی ڕەد کردبۆوە. ئێران بە هاندانی کوردەوە هاتە باشوور هەڵبەت بۆ کەم کردنەوەی گووشاری شەڕ لە باشووری ئێران و هەندێک مەبەستی نادیاری دیکە. گوایە عێراق داوای لە خەڵکی ناوچەکە کردبوو کە شار و ناوچەکانی دەووروبەری چۆڵ بکەن بەڵام وەک دۆسییەی هێرۆشیما پێشیان پێ گرتبوون.
ڕۆڵی ئێران هەرچییەک بوبێت بەرپرسیارەتییەکە دەکەوێتە سەرشانی سەرکردایەتی کورد وبکەرەکانی. عێراق ویستی ئەو پەیامە بدات کە من ئەو چەکە بۆ قڕکردنی دانیشتوانی عێراق بەکار دێنم و ئەگەر ئێران دەستبەرداری شەڕ نەبێت ئەوا شارەکانی ئێرانیش ئاوا لێدەکەم و ئاماژەیەکیش بوو بۆ شۆرشی کورد.
ڕاوێژ: بۆچی هەر کوشت و بڕێ بە مەبەستی لە ناوبردنی چوار گرووپی (نەتەوەیی/ نێژادی/ قەومی/ و ئایینی) وەک ژینۆسید دەناسرێت و بۆچی گرووپە سیاسییەکان لەو دەستەیەدا نییە؟
حاجی: ئەو کات شۆڕەوی لە وڵاتی خۆی خەریکی تەسفییە بوو و بە ملیۆن دژبەری سیاسی خۆی لە ئۆردووگاکانی گولاک دەستبەسەر و قڕ کردبوو بۆیەش نەیدەویست دەنگ بە تاوانێک بدات کە لە دوا ڕۆژدا داوێنی خۆشی بگرێتەوە. هەندێک دەوڵەتی دیکەشی لەگەڵ هاوڕا بوون. بەڵام بە سازان لەسەر ئەوەی کە دادگای نێونەتەوەیی لاهە ببێتە ناوەندێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەوڵەتەکان سەبارەت بە بانگەشە و داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە ژینۆسید و هەروەها پێ ئەسپاردنی ئەرکی سەلماندنی بەرپرسیارییەتی دەوڵەتەکەن بەو ناوەندە وا پێکهاتن کە لە هەمبەر دەرهاویشتنی گرووپە سیاسییەکان لە ژێر چەتری ئەو پەیماننامەیە کەیسەکانی داهاتوو بدرێن بەو دادگایە. ئەگینا لە ڕەش نووسی پەیماننامەی ژینۆسیددا، گرووپە سیاسی و تەنانەت زمانییەکانیش هاتبوون. هەڵبەت هەندێک لایەنش بڕاوەیان وابوو کە بە هۆی ئەوەی کە سەقامگیری لە ئەندامبوونی گرووپە سیاسییەکاندا نییە بۆیە نابێت هاوشێوەی ئەو چوار گرووپە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت. هەڵبەت ئەوخوێندنەوەیە لە ساڵی 1993 بەولاوە هاتە گۆڕێ ئەویش وەک پاساوێک بۆ داپۆشین و شاردنەوەی هەڵەی ڕابردوو
ڕاوێژ: ئیوەی ئاکادمیک چ بەرپرسیارەتییەکتان لە ئەستۆیە سەبارەت بەو کارەساتانە؟ و هەروەها ئایا کوردەکان بە بەرپرسیارەتی کۆمەلکووژی ئەرمەنەکان دەزانن؟
حاجی: ئێمەی ئاکادمیک و زانکۆیی دەبێت ئەو ئەرکانەش کە دەبا نەوەکانی ڕابردوو و هەروەها نەبوونی دەوڵەتی کوردیش بۆتە هۆکاری بهێنینە سەرشانمان و بە لێکۆلینەوەی ئاکادمیک و زانستییانە کارێک بکەین کە بێ دەنگیی ناوەندە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەرەبوو بکەینەوە. ئەرمەنیەکان سەرەرای نەسەلمێندرانی کۆمەلکووژییەکانیان وەک ژینۆساید، تا ئاخر ئاست هەوڵیانداوە کە خۆیان بکەنە قوربانی ژینۆسیدی حکومەتی عوسمانی و سەرکەوتووش بوون. ساڵێک لەوە پیش لابییەکانی ئەرمەن توانییان بە هاوکاری چەند یاسازانی نێونەتەوەیی دۆسییەی ئەرمەنەکان ببەنە دادگای مافی مرۆڤی ئورووپا هەڵبەت نەک وەک دەوڵەت بەڵکوو وەک کۆمەڵگای مەدەنی.
سەبارەت بەو بانگەشانەش کە کوردیش دەستی لە کۆمەلکووژی 1916 تا 1921 هەبووە، تا ڕادەیەک ڕاستە بەڵام ئەوان وەک کورد بەشدار نەبوونە بەڵکوو وەک سوپای ئیسلام بەشدارییان کردوە، وەک بکەر یا ن فەرماندەری کۆمەڵکوژییەکە بەشدار نەبوونە تاکوو بەرپرسیارەتی نەتەوەیی بۆ کورد ساز بکات. دیسانیش ئەو کۆمەڵکووژییە هەر جۆرێک بووبێت ناچتە خانەی ژینۆسیدەوە چوونکە لە ساڵی ـە1946وە ئێمە تاوانێکی بە نێو ژینۆسیدمان هەیە و ناشکریت تاوانەکان بگەڕێننەوە بۆ ڕابردوو ئەگینا ئەوڕۆ هەموو دەوڵەتەکان دەبوونە تاوانباری کۆمەلکوژییەکانی سەردەمانی باستانیش.
ڕاوێژ: بۆ بە پێچەوانەی دۆخەکەی ڕواندا و یۆگۆسلاوی، دادگای تاوانەکانی سەدام ناوخۆیی بووو؟
حاجی: ئەوە زۆرتر سازانی نیشتیمانی لەسەر بوو و هەروەهاش نەیاندەویست بە ڕادەست کردنی تاوانبارەکان بە دادگایەیکی نێونەتەوەیی تایبەت ئەوان لە ژێر پەتی سێدارە دەربهاوێن چوونکە یەکێک لە یاساکانی دادگا نێونەتەوەییەکان ئەوە بووە کە تاوانی سیدارە نابیت بسەپیندرێت.
ڕاوێژ: بەڕای ئێوە وەک مافناسێک، تا چەند پێویست و درووستە باس لە درانە دادگای تاوانەکانی شەڕ یان دادگای تایبەتیی هەندێ حیزبی کوردی باشوور کە هۆکارێک لە هۆکارەکانی ئەو قڕان و کیمابارانە بوون بکەینەوە؟ مەبەست یەکێتی نیشتمانی ئەو کات و گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی ئێستایە؟
حاجی: وەک تاوانبار ناتواندرێت حیزب دادگایی بکرێت چۆن دەکوترێت تاوانەکان تاکەکان دەیکەن نەک پێکهاتە مەجازییەکان، هەرچەند تاوانە نێونەتەوەییەکان سیستماتیک بوون لە زاتیان دایە.
دەکرێت بە سازدانی کۆمیسیوونگەلێکی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان، زۆربەی ئەو تاریکاییانە ئاشکرا بکرێت کە ئەوڕۆ بۆ ئێمە ناڕوونن، وەک بەشداری زۆربەی حیزبەکان لە سەری برا کوژی/هەڵەبجە/ ئەنفال. ئەو تاوانانە تاوانێک نین کە بەعس بە تەنیایی یان بە بێ یارمەتی تاک و لایەنی کوردی کردبێتی. دوای دەرکرنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانە کە زۆربەی ئەو تێوەگلانانە ئاشکرا دەبن کە ئەویش بە هۆی باڵادەست نەبوونی یاسا لە هەرێم و حیزبایەتی، .. ئاستەمە.