خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات زیاتر لە ٢ دەیەیە کە دڵی لە لێدان کەوتووە و زیاتر خەباتی مەدەنی ئەویش بە نێوەچڵ و ناوەناوە کراوە، خەڵک لەمێژە پێشمەرگەی نەدیتووە و نەوەیەک لە دایک بووە کە لەوانەیە
لەگەڵ زۆرێک لە ئارمانجەکانی حیزبەکان و تەنانەت هەستی نەتەوەییش نامۆ بێ (هەڵبەت ئەوە قسەی چینێک لە ڕووناکبیرانە)، لە هەمان کاتیشدا کورد پێدەچێ لە کۆن و لە ئێستاشدا هێزی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕووی سەربازییەوە نەبێ، بەڵام لەو سەردەمەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چیاکانی کوردستان جەژنی ساڵی نوێی ٢٧١٦ی کوردی و ١٣٩٥ی هەتاوی گرت و ڕایگەیاند خەباتی چەکداری دەست پێدەکەنەەوە، ئەو ڕاگەیاندنەش هەندێ پارچەکرداری لێکەوتەوە و لە زۆر شوێن خەڵک نەترسانە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن و جەژنیان بە سروودی شۆڕشگێڕییەوە گرت، کەسانێکیش لە بەرانبەردا ئەوە تەنیا بە پڕۆپاگەندە دەزانن و کەسانێکیش لە حیزبەکانی کوردی، لایان وایە هێشتا بەستێنی خەبات ئامادە نەبووە. بەو بۆنەوە ڕۆژی کورد چەند پریسارێکی ئاڕاستەی، ڕەزا ئەمینی، چالاک و چاوەدێری سیاسی، کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.
ڕۆژی کورد: ڕاگەیاندنەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی
خۆرهەڵات بە گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئەمینی: گەیشتین بە وەڵامی لۆژیکیی ئەو پرسیارە پێویستی بە ڕاوەستانێکی مەودادار هەیە ڕاستیەکەی ئەوەیە “خەباتی چەکداری” چەمکێکە کە پتر لە خەونە ڕەنگاڵەکانی بەرگری نیشتمانیی تاک و کۆمەڵگای کوردی هاڵاوە، بە پارادۆکسی سیاسییەوە ئەو چەمکە هاتووە یانی کاراکتێری تیۆریسیەنی سیاسیی کورد لە هەڵبژاردنیدا ئازاد نەبووە بە دەربڕینێکی تر، ئۆتۆریتەی بە سەریدا زاڵ نەکراوە.
هێژمۆنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە پاڵپشتی سێ چەمکی سیاسی نەتەوەیی لەو گۆڕەپانەدا، دیسکۆرسی مافی نەتەوایەتی، دێمۆکراسی و سوسیالیزمی دێمۆکراتیک ـی گەڵالە کردووە، ئەو چەمکە گشتییانە لە چوارچێوەی واتادارتری وەک ئۆمانیسم و ئازادی لە جیهاندا پێناسە کراوە، پێکناکۆکیەکە لەوەدایە کە داگیرکەرانی کیانی کورد لە هەڵس و کەوت لەگەڵ بیری ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد شەڕی چەکدارییان وەک مێتۆدێکی لۆژیکی خۆیان و تێڕوانینی سیاسیان، داسەپاندووە بۆیە کورد تەنیا توانیوێتی بەر بە قەڵاچۆ و ژێنۆساییدی خۆی بگرێ، ئەو دەرئەنجامە بە هۆی ئەو دوو بابەتە پێکناتەبایەی باسی کرا واتایەکی بەربەرینتری بە خەباتی چەکداریی کورد داوە بۆیە بەر لەوەی ئەو شێوازە لە بەربەرکانیەی کورد لە دەستەواژەی خەباتی چەکداریدا شرۆڤە بکرێ، خۆی بۆ دەستەواژەی بەرگری چەکداری دەگوازێتەوە و بەو شوناسە سیاسیە پێناسە هەڵدەگرێ.
ڕاگەیاندنەوەی ئەو بەرگرییە چەکدارییە پێویستیەکی سیاسیە، پەیامی نەورۆزی ساڵی ٢٧١٦ی کوردی کە سکرتێری حیزبێکی خۆرهەڵاتی کوردستان پێشکەشی کرد، ناکرێ لە چوارچێوەی تەنگەبەری سیگنالێکی سۆزدارانە یا دەستکرد شرۆڤە بکرێ، وا هەست پێدەکرێ بەستێنەکانی بانگەوازیی بەرگری چەکداری هەنووکەیی لە سەر بناخەی رێککردنەوەی خەباتی ئاکتیڤتر ینا گرێچن کردنەوەی توندو تۆڵتری خەباتی خۆرهەڵاتی کوردستان گەڵاڵە کرابێ بە جۆرێک کە پلانێکی متمانە پێکراو خەریکە دەبێتە بنەمای هیوای ڕزگاری بۆ خەڵکی کوردستان، بڕگەی خەباتی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بەسەر قەیرانە ڕەنگاڵەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەیهەوێ دەرباز بێ و بەو هەلە ڕەخساوە گەیشتووە کە جارێکی دیکە ڕێبەری بزوتنەوەی کورد لە دیاری کردنی چارەنووسی سیاسی خەڵک لە کوردستانی بن دەستی ئێران دێتەوە گۆڕەپان و ڕووداوەکان بە بارستایی پوتانسێلی بزوتنەوەی ڕەوای کورد رێکدەخاتەوە.
ڕۆژی کورد: ئایا بەستێنەکانی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات ئامادەن؟
ئەمینی: لە بیست ساڵی ڕابردوودا بەدوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر گرینگی بە خەباتی سیاسی و مەدەنی دراوەو دەسکەوتی باشی هەبووە، کۆماری ئیسلامی لە هەڵس و کەوت کردن بەو شێوازەی خەبات دەستەوەستانتر بوو و هەرگیز نەگەیشتە مەنتقی پەرچەکردارێکی شیاو و دێمۆکراتیک، بەندیخانەکانی بوونە گۆڕەپانی تێکۆشانی نیشتمانیی لاوانی کوردستان پێشمەرگەی سەرشەقام لە هەلی گونجاودا داخوازی و خەونەکانی کوردی بە نرخی قورس پاڵپشتی کردووە، حیزبە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەردەوام خەڵکیان بۆ خەباتێکی مەندی مەدەنی بانگهێشتن کردووە، لە گەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندییە دێمۆکراتیکە ئەرێنیانەدا کۆماری ئیسلامی چۆنی هەڵس و کەوت کردووە؟!
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هاوێنی ساڵی ڕابردوودا بە دروشمی زەماوەندی خەباتی شاخ و شەقام هاتە گۆڕەپان و بەڵێنی دا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە خەباتی مەدەنیاندا پاڵپشتی زیاتر دەکا.
کاتێک کۆماری ئیسلامی تەنیا لە مەنتقی چەواشەی خۆی کەڵک وەردەگرێ کورد ناچارە جارێکی دیکە بەرگری چەکداری لە دەسکەوتەکانی بکا بۆیە ئەوەی ئاماژەی پێکرا بەستێنی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکدارییە.
ڕۆژی کورد: بەکارهێنانی خەباتی مەدەنی و خەبات لە چوارچیوەی کۆماری ئیسلامی و بە شێوەی نەرم و لە چوارچێوەی پارلمان و هەندێک هێز وەک بەرەی یەکگرتوو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئەمینی: خەباتی مەدەنی مانای بەرینتری هەیە، لانی کەم ماناکەی گەلێک بەربڵاوترە لە دروشم و کردەوەکانی بەرەی یەکگرتووی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان، ئەوەی ئەوان کردیان سووک و چرووککردنی خەباتی مەدەنی بوو، ئەوان خۆیان بە ئاڵترناتیڤی حیزبە ڕادیکاڵەکانی سیاسی خۆرهەڵاتی کوردستان پێناسە کرد… نەک نەیانتوانی ڕێبەری بزوتنەوەی مەدەنی بکەن بەڵکوو وەک ڕەوتێکی خۆبەدەستەوەدەر و دوورەپەرێز لە بەرژەوەندی نیشتمانی، خۆیان دەرخست و نەیانتوانی بزوتنەوەیەکی لانیکەم رێفۆرم خوازانەش بن، وا هەڵدەسنگێندرێ بەرەی یەکگرتووی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان هەنووکە ڕەوتێکی نەک جەماوەری نیە بەڵکوو لە هەناوی خۆشیدا نەیتوانیوە بەرژەوەندی وردە بورژوازی بەرەکەی بپارێزی، کۆماری ئیسلامیش بە هێزێکی ئەوتۆی نەزانیوە تا تەنانەت ئیمتیازی “توێژ”یشی بداتێ.
کۆماری ئیسلامی بۆ دەورێکی زۆر ئەگەر نەگووترێ غایب بوونی خەباتی چەکداری و بڵێین کەمڕەنگ بوونی ئەو شێوازە هەوڵیدا بتوانێ بەرەی یەکگرتوو و ئەقماری بکاتە ئاڵترناتیڤی هێزە ڕادیکاڵ و نیشتمانیەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان تا هەم بە کەمترین ئیمتیاز کورد ڕازی بکا و هەم کێشەی حیزبە بەرپرسیارەکان لە کۆڵ خۆی کاتەوە کە تێدا سەرکەوتوو نەبوو.
لە یەک ڕستەدا بەرەی یەکگرتووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی خوردەبورژاوازی ئۆپۆرتونیست (هەلپەرەست) بوو کە لە هاوکێشە سیاسیەکانی کوردو کۆماری ئیسلامیدا کارتی هیچ یارییەک بۆ هەنووکەو داهاتوو نیە.
لە بنەڕەتدا یاسا و پارلمانێک لە چوارجێوەی سیستەمی ولایەتی فەقیهدا نیە تا شرۆڤە هەڵگرێ و شیکاری چڕوپڕی ئەو بابەتە لێرەدا تاقەت پروکێنە.
ڕۆژی کورد: تا چەند ئەگەری ئەو ەهەیە خەباتی چەکداری جارێکی تر تووشی شکست ببێتەوە؟
ئەمینی: ئەگەرەکانی سەرکەوتنی خەباتی چەکداری بە هێزترن لە شکستهێنانی زەرفیەتە کردەیی و تکنیکیەکانی هەنووکە توانای نیزامی سەرکەوتن دەسەلمێنن.
ڕۆژی کورد: دۆخی جیهان و ئەگەری پشتیوانیی جیهانی لەو خەباتە چەکدارییە نوێیە چۆن پێش بینی دکەن؟
ئەمینی: فاکتەرێکی گرینگ لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە هێزە سیاسیە کوردییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا پێوەندی دیپلۆماسی خۆیان لە سەر بنەمای کۆمەڵێک پرەنسیب و گرێبەستی دێمۆکراتیک لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و رێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان ڕێک خستووە بە چەشنێک کە ئامانجەکانیان بە ئەرێنی دەنرخێنن، هاوکات کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتێکی نادێمۆکراتیک دەناسن بۆیە بە مەرجێک هێزە سیاسیەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان یەکگرتوو بن، بانگەوازیی خەباتی چەکداری دەبێتە سەرەتای وەرزێکی هیوا بەخش بۆ بزوتنەوەی ڕەوای کوردو کۆتایی بێ هیواییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ڕۆژی کورد: پێتان وایە ناوخۆ چۆن وڵامی ئەو سەرهەڵدانەوەیە دەداتەوە؟ پێش بینیتان چیە؟
ئەمینی: خەڵکی کوردستان لە هەموو دۆخێکدا سەلماندوویانە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەن لاوانی کوردستان و پێشمەرگە ئازاکانی سەر شەقام بە دڵەوە بەشداری بزوتنەوەی چەکداری دەکەنەوە، هەست پێدەکرێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وەرگرتنی شەپۆلی کچان و کوڕانی پێشمەرگە و رێکخستنیان پرۆژەیان هەبێ و ئەوەش لە هیندێک ئاماژەدا ئاشکرایە.
ڕۆژی کورد: لە ئێستادا تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردنەوەی خەباتیان ڕاگەیاندووە و لێرەدا بە ڕای ئێوە ئەرکی حیزبەکانی تر چیە؟
ئەمینی: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران خاوەن بە هێزترین پوتانسیەل و هێزی جەماورییە بەڵام هەم بە پێی ئەرکە سیاسییەکانی خۆی کە بڕوایی بە پلۆرالیزمی سیاسیە و هەم بە هۆی پێویست بوونی هەموو هێزە نیشتمانیەکان لە خەباتێکی بە تینتردا پێویستە ئەو حیزبە وەک نیشانی داوە هێزەکانی دیکەش لە بەشداریکردنی خەباتی چەکداری هان بدا و درووشمی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بێنێتە دی.
بەرەیەکی نیشتمانی بۆ ڕێکخستنەوەی خەباتی چەکداری گەلێک بە هێزترە تەنانەت لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش.