هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی دیسامبر، بەرانبەر لەگەڵ 4ی بەفرانبار بڵاو بۆتەوە، باس لەوە دەکات کە گرووپێکی لوبنانی کە سوێندی خواردووە ئیسراییل لە ناو دەبا، یەکێک لەو گرووپانەیە کە بە توندی لە بەشی “بەیت جین” لەگەڵ گرووپە سوونەکان، هاوکاری دەکات و دەیانهەوێ ئەو شوێنە بەدەستەوە بگرن.
ڕۆژی کورد: سوهەیب ئەلڕەحیل کە یەکێک لە بەرپرسانی گرووپی شۆڕشیی “لیوا ئەلفورقان”ـە بە ڕۆیتێرزی گوتووە: “میلیشیاکانی ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ئێران، بە چڕی هەوڵ دەدەن تا بازنەی دەسەڵاتی خۆیان لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە تا سنوورەکانی ئیسراییل، پەرە پێبدەن”.
لە هەمان کاتدا، ئەرتەشی سووریە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کەرتی “موغەیر ئەلمیر”یان لە ژێر داوێنی چیای هورمون، گرتۆتە دەست کە شوێنێکی بەرزە و بەسەر شوێنە بەرزەکانی گوڵان (جەولان) دا دەڕوانی و زاڵە.
هاوکات، یەحیا سینوار، سەرۆکی حەماس ـیش رایگەیاندووە کە قاسم سلێمانی، سەرکردەی سپای تیرۆریستیی قودس، لە پەیوەندیەکی تەلەفوونیدا پێی گوتووە کە سپای تیرۆریستیی پاسداران، لە شەڕ بە دژی ئیسراییل بەشداری دەکات و هاوکاریان دەکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆیتێرز، ئێستا هەندێک شوێن لە ناوەند و باشووری قەنیترە و بەرزاییەکانی گوڵان لە دەست دژبەرانی ئەسەد دایە بەڵام پێشڕەویەکانی ئێران و ئەسەد بەردەوامە.
چاوەدیری مافی مرۆڤی سووریەش کە ناوەندەکەی لە بریتانیایە، گوتوویەتی کە لە دوای ١٠ ڕۆژ پێکدادانی چڕ، شەڕوانەکان لە کەرتی بەیت جین و دەورووبەرەکانی، لە گەمارۆ دان و ناچار بوون باکووری ڕۆژئاوای ئیدلیب بۆ ئەسەد و میلیشیاکانی ژێر فەرمانی ئێران بەجێ بهێڵن.
بە سرنجدان بەوەی کە هەزاران میلیشیای شیعە لە ئیراق و سووریە، بە دژی داعش، چەکی پێشکەوتوویان لە ئەمریکا وەرگرتووە، ئەمریکا تەنگەتاو بووە تا بەو چەکانە هێرشی بکرێتە سەر و ئەوە بە زیانی خۆی دەبینێ.
ئەگەر ئەو باسانە، لەگەڵ پێشرەویی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی ئێراق بۆ سووریە لێک گرێ بدەینەوە، دەکرێ بڵێین ئێران بە نیازە، هەموو هێزەکانی خۆی بەرەو سنوورەکانی ئیسراییل ببات و لە نیازی شەڕێکی قورس بە دژی ئیسراییلە و لە هەمان کاتیشدا، دەیهەوێ لە ڕێگای حوسیەکانەوە، شەڕ لەگەڵ سعوودیە بکات کە حوسیەکان تا ئێستا خۆیان راگرتووە بەڵام بەرەبەرەش لە ناو خودی یەمەن، هەم خاک لەدەست دەدەن و هەم خەڵک و گرووپیان بە دژی دەوەستنەوە.
کارناسی پرسە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ناوەندی ڕۆژی کورد، لای وایە لە ئەگەری سەرکەوتنی زیاتری ئێران لە سووریە، دەبێ چاوەڕوانی شەڕێکی توند لە ناوچەکدا بین کە پێدەچێ وڵاتانی عەڕەبی و ئیسراییل لەلایەک بن و ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەکی تر.
بەپێیە ئەگەر ئێران درێژە بە سەرەڕۆییەکانی خۆی بدات، ئەوا پێدەچێ شەڕ لەگەڵ ئێران،، جێگای بەرنامەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ کوریای باکوور دەگرێتەوە.4