ڕووناک فەتحی: ژنانی کورد لە سەرجەم دەستدریژی و قوربانی ىوونێکدا، پشکی سەرەکییان بەرکەوتووە

0
1013

  بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  خاتوو ڕووناک فەتحی چالاکی سیاسی و بواری مافی ئافرەتان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

 فەتحی: فەلسەفەی دیاریکردنی رۆژی ٨ی مارس وەک رۆژی نێونەتەوەیی ژن دەگەرێتەوە بۆ پیشینەی مێژووی خۆپیشاندانی ژنانی کرێکاری کارخانەی رستن وچنینی شاری نیۆرکی ئامریکا  لە ساڵی ١٨٥٧ی زایینی کە وەک بزاڤێکی مافخوازی بۆ باشترکردنی دۆخی پیشەیی و ئابووری ژنان بەتایبەت  مافی حەقدەستی یەکسان وکەمکردنەوەی کاتژمێری کاری هاتە مەیدانی تێکۆشان.

داخوازەکانی ئەم بزاڤە و نارەزایەتی دەربرین لە بەرانبەر پێشێلکاری مافەکانی ژنان  لەگەڵ ئەوەی ڕووبەرووی سەرکوت ودانی قوربانی بویەوە لەهەمانکاتدا بوو بە هەوێنی گوتاری مافخوازی ژنانی ئەمریکاو بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ داکۆکی کردن لە هەموو مافەکانی ژنان لە بوارەکانی دیکەی ژیانی کۆمەلایەتی. لەسەر پێشنیاری کلارازتکین لە ساڵی ١٩١٠ ئەم رۆژە وەک رۆژی جیهانی ژنان دیاریکرا.لە کۆتایدا لە ساڵی ١٩٧٨ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی جهیانی ژنانی بە فەرمی ناساند. دیاریکردنی رۆژێک لە ساڵدا بۆ ریزگرتن لە بزوتنەوەی بەرەنبەرخوازی ژنانی جیهان، لە ناوەرۆکی خۆیدا دانپێدانانە بە بوونی هەلاواردنی رەگەزی وپێشێلکاری بەرانبەربە مافە ئینسانیەکانی ژنان لە ژێر سێبەری بیری پیاوسالاری و دەسەڵاتە ئیدۆلۆژیک ونادێموکراتیکەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. ڕەنگە تێروانینی ژنی کورد بۆ ئەم رۆژە بە هۆی چەوساندنەوەی چەند قات زیاتر لە ژنانی جیهان تێڕوانینێکی بە تەواوی ئەرێنی نەبێ. هاوکات نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە خەباتی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی کوردستان دابراو نیە لە خەباتی ژنانی جیهان بۆ دەستەبەرکردنی ماف وئازادیە بەرحقەکانی. هاوخەباتی ژنی کورد لەگەڵ بزووتنەوە مەدەنیەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان ورێزگرتن لە بۆنەو یادەکانی تایبەت بە ژنان نیشانەی هۆشیاری و پێگەیشتووی ژنانی کوردە بۆ دۆزی رەوای خۆیان.

ڕۆژی کورد: بوونی پارتێک بە ناوی پارتی فێمینیستی کورد، لە هەندەران و بێ هەبوونی هێزی چەکدار و توانایی هەڵسووڕانی فەرمی لە ناوخۆی وڵاتدا چۆن دەبینن؟

 هەڵگرتنی هەر هەنگاوێک لە سەر بنەمای باوەر بە مافی بەرانبەر لە چوارچێوەی پارت یان رێکخراوێکی یەکسانیخواز بە لەبەرچاوگرتن وتێگەیشتن لە واقیعی پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستان دەتوانێ هەنگاوێکی ئەرێنی بێت. ئەگەر ئەمرۆ چەمکی فێمینیزم بە هەموو باڵ وروانگە فرە رەهەندەکانیەوە کە خۆی لە بزاڤێکی کۆمەڵایەتیدا پێناسە دەکات، بە درێژای مێژووی سەرهەڵدانی لە سەدەی ١٧ی زایینی وەکووبزاڤێکی فیکری پانتایی جهانی گرتوەتەوە؛ بەڵام وەکوو زۆر لە چەمکەکانی دیکە نەیتوانیوە لە سەر بنەمایەکی زانستی وتیئۆری کاریگەری لەسەر بیروهزری تاکی کۆمەڵگای کوردستان دابنێ. نەک لەبەر ئەوەی کە ئەم چەمکە بەرهەمی فیکری تاکی کورد نەبووە، بەڵکوودامەزرانی هەر پارت ورێکخراوێکی تایبەت بە توێژی ژنان بە هەر تێروانینێکی فیکری، بە بێ لەبەرچاونەگرتن وخوێندەنەوەیەکی راست ودروست بۆواقیعی کۆمەڵگای کوردستان لە گشت بوارەکانی سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی وکلتووری وەک خالێکی گرینگ وجەوهەری ناتوانێ بە ئامانجی دڵخوازی خۆی بگات. ئەگەر ئەمرۆ بەشێکی زۆر لە ژنانی جیهان بە تایبەتی ژنانی وڵاتانی رۆژئاوای وئامریکا بە خەباتێکی دوورودێژ بە زۆبەی زۆری مافە مرۆڤیەکانیان گەیشتوون و لە هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی،ئابووری وسیاسیی نەخش ورۆڵی گەورەو بەرچاویان لە گەشەسەندن وپێشکەوتنی وەڵاتەکانیاندا هەیە، ئەوە تەنیا بەرهەمی تێکۆشانی بزووتنەوەی فێمینیستی وەک مەکتەبێکی فیکری لەسەر بنەمای نەمانی هەڵاواردنی جنسی نەبووە، بەڵکو دەستەبەربوونی مافە ویستەکانی ژنانی رۆژئاوا چەندە بەرهەمی خەباتی مەدەنی وسیاسیی خودی ژنان بووە ئەوەندەش پێوەندی بە گۆرانی قوڵی کۆمەڵایەتی، ئابووری وکلتووری گەشەسەندووبە بیری تاکەکانی کۆمەڵگا بەرانبەر بە دۆزی رەوای ژنان بە ئەژماردێت. بە باوەری من مەودای جیاوازی روانگەی فێمینیستی لە نێوان کۆمەڵگا کوردستان و رۆژئاوا کە بەلانکی ئەم مەکتەبە فیکریە دادەنرێ  مەودایەکی زۆر دوورە. ژنانی کوردستان تا بە ئەمرۆش رووبەرووی پێشێلکاری سەرەتایترین ماف وئازادیەکانی دەبێتەوە، لە لایەک بە هۆی دەسەڵاتی ئیستبدادی داگیرکەرانی کوردستان، لە لایەکی دیکەشەوە کلتوورو ئایینی چەقبەستوو کە بە بیرێکی تەسکی تەواو پیاوسالارانە ژنانی خستوەتە پەاوێزی کۆمەڵگا، مافی ژنان بە ئاشکرا پێشێل دەکری. لە کۆمەڵگایەکدا کە رۆژانە تراژیدیا دەخولقی وژن لە ژێر نێوی “شەڕەف”  گیانی لێ ئەستێندری، لە وەها دۆخێکدا بەو مەودا زۆرە لە جیاوازی، هەنگاوی کردەیی بۆ پرسی یەکسانی ونەمانی هەلاواردنی رەگەزی لە پێشدا پێویستی بەستێن سازیە بۆ گۆران لە کلتووروساختاری کۆمەڵگا بە خەباتێکی لێبراوانە وبەردەوامی ژنانی  کوردستان سەرەرای هەموو جیاوازیە فیکریەکانیان لەسەر پرسی ژنان، دەبێ لە خاڵێکی هاوبەشدا ژنان لە چوارچیوەی پارت ورێکخراو مەدەنییەکاندا کار بۆ گۆران لە م بوارانەدا بکەن. چون لە ئێستادا نە زەمینەی پیادەکردنی بیری فێمنیستی ئامادەیە ونە بەبێ بەستێن سازی بۆ گۆرانێکی فیکری، لە بواری کلتووری، ئایینی ولە کۆتایدا گۆران لە ساختاری سیاسیی کە پانتایی تێفکرینی کۆمەڵگای بەانبەر بە مافی ژنان تەنیوەتەوە، جێگیری بوونی چەمکی فێمنیستی تەنیا لە چواچێوەی رەواڵەتی بیرۆکەدا دەمێنێتەوە.

دۆخی ژنانی کوردستان لە ئێستاد کەوتوەتە ژیر کاریگەری راستەوخۆی کەشی سیاسیی وکۆمەڵایەتی ناسەقامگیرکە لە ناوچەدا هاتوەتە ئاراوە. ئەمە سەرەRای بوونی قەیرانی ئابووری کە دۆخێکی نالەباری لەسەر ژیانی کۆمەڵگا بە گشتی وژنان بەتایبەتی داناوە. بەداخەوە لە لایەک بە هۆی دەسەڵاتەکانی زاڵ بەسەر گەلی کورد لە سێ بەشی کوردستاندا ژنانی کورد بەرەورووی دۆخێکی نەخوازراو بووەتەوە. بەجۆرێک کە ژنان  لە دەسترێژی وقربانیداندا پشکی سەرەکیان پێ براوە. لە لایەکی دیکەشەوە کلتووری پیاوسالاری وەک میراتێکی دواکەوتوولە هەمووبەشەکانی کوردستان بەردەوام لە شکڵ و شیوازی جۆاوجۆردا لە دژی ماف و ئازادیەکانی ژنان دووپات دەبێتەوە. بەگشتی دۆخی ئێستا بۆ ژنانی کورد لە هیچ بواێکدا دۆخێکی دڵخواز نیە.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

 سەرەڕای هەموو کۆسپ و لەمپەرەکانی سەر رێگای بزووتنەوەی ژنی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، دەبێ بە ئیرادەیەکی پتەوتربە باوەرێکی قوڵتر بە پرسی یەکسانیخوازی درێژە بە خەباتی لێبراوانە بدەین دژی زوڵم وچەوساندنەوەی بیری پیاوسالاری کۆمەڵگا ودەسەڵاتی دژە ژن ودواکەوتووی داسەپاو بەسەر کوردستاندا. ژنی کورد بە ئەزموونی نزیک بە یەک سەدە تێکۆشان وقوربانیدان لە پێناوماف وئازادی نەتەوایەتی ودەستەبەرکردنی مافە مرۆڤیەکانی خۆی، لە ژیر سیستمێکی ئازاد ودێموکراتیک لەسەر بنەمای رێزگتن لە مافی بەرانبەر ئاسۆیەکی روونی لە پێشە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.