کۆتاییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی ئەو دەرفەتەی بۆ زۆربەی گەلانی ستەم لێکراوی سەر گۆی زەوی ڕەخساند هەتا بڕیاری سەربەستی و ڕزگاریی نەتەوەی خۆیان بدەن و دەوڵەتی گەلی دابمەزرێنن و گەشە بەژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان لە سەربنەمای یەکسانی بدەن و دەسەڵاتە ستەمکاریەکانی وڵاتەکانیان بروخێنن.
ئەو هەلومەرجە سیاسی و مێژوویە بێگوومان ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر هزری سیاسی و نەتەوەی ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکراتدا هەبووە و بە ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستان لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلی کورد بوو و شوێنەواری گەڵێک قوڵی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکدانا و ببوو بەمایەی خێر و ئاسوودەسی بە هەموو لایەك. بە شێوەیەکی بەرچاو ئازادیە سیاسی و دێمۆکراتیکەکان گەشەیانکردبوو و ئابووری و بازرگانیش بەباشی پەڕەیان پێدرابوو. ئاسایش و ئەمنیەت بەمانای وشە بۆ دانیشتووان دابین کرابوو و کەس لەسەر دەڕبڕینی بیر و ڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن لە حکوومەت و ئیدارەدانی وڵات نەخرایە بەندیخانە و تاك بەتەواوی دەرفەتی بیرکردنەوە وگەشەکردنی لە هەمووبوارەکانی ژیاندا بۆ ڕەخسابوو و مافی تاك بەتەواوی پارێزرابوو.
ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان کە لەسەر ئاستی گێتی و ناوچە و ئێراندا تابوونە ئاراوە، بێگوومان کاریگەری لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە کوردستاندا دانابوو و، لە ژێر تیشکی ئەو ڕووناکیەدا گەلی کورد بە ڕێبەری حیزب توانی بەوەخت حکوومەتی کوردستان وەك تەنیا بژاردەیەك بۆ ڕزگاری نەتەوەی ڕابگەیەنێت لە مەهاباد.
بەداخەوە بارودۆخی سیاسی و پەیوەندیە دیپڵۆماسیەکان و چاوچنۆکی و سازانی ژێربە ژێری شای ئێران لە گەڵ حکوومەتی رووسیە و تێکچوونی هەلومەرجی نێو نەتەوەیی و نێوخۆی، نزیك ساڵێك زیاتر دەرەتان بۆ حوکمڕانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەڕەخسا. ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کوردستان لەو بەشەدا، بەدڵنیایەوە پەیوەندی بە هەستی نەتەویی و وشیاری سیاسی و بەرپرسیارەتی نیشتیمانی پێشەوا و هاوڕیانی لە نێو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستاندا هەبووە. راستە ئەزموونێکی نوێی حکوومەتی کوردستان لە سەر شێواز و فۆرمی دەوڵەتداری کوردستان پێشکەشکراوە.
بەڵام کۆمەڵێك هەنگاوی گەورەی و مێژووی ئەتۆی هاویشتووە کە بەڕاستی بوێری و شانازیەکەی بۆ ڕێبەرانی ئەوسای حیزب دەگەرێتەوە. بۆ نموونە گەندەڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هیچ بەڵگەنامەیەکی ئەو سەردەمەدا تۆمار نەکراوە و هەربۆیەش ئەو شار و ناوچانەی کەوتبوونە ژێر حوکمڕانی حکوومەتی کوردستان، لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و بازرگانیەوە گەشەکردنێکی بێهاوتایان بەخۆوە بینیوە و خەڵکی کوردستان هەستیان بە ئارامی و بوونی خۆیانکردوە و بەکورتی تامی ئازادیان چێشتووە. دامەزراندنی حیزبی دێمۆکرات دەرئەنجامی وشیاری سیاسی و نەتەوەی ئەو بەشەی کوردستان دەردەخات و هەرلەو پەیوەندیەشدا دەبێت بڵیین کەوا ئەو زەمینە لەبار و گونجاوەی بە هۆی شەری دووهەمەوە لە سەر ئاستی ئێراندا دروستببوو، ئەو هەلومەرجە زێڕینەی بۆ پێشەوا و هاوڕێیانی ڕەسخاند بۆ ئەوەی خێراتر لە وادەیخۆی ئەزموونە بەنرخ و مێژوویەکە بە بەشداری نوێنەری هەرچوار بەشی کوردستان ڕابگەیەندرێت.
بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلێک لەبار و گونجاو بوو هەتا کورد لەوێدا کەڵك لە بۆشای دەسەڵاتی ناوەند وەربگرێ و خۆی حوکمڕانی بەسەر ئەو ناوچە جوگرافیادا بکات کە بە قەڵەمڕەوی حکوومەتی کوردستان دەست نیشانکرا لە لایەن کورد خۆیەوە. دامەزراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کە دوای ماوەیەكی زۆر کورت توانی لە چوار چرای شاری مەهاباد حکوومەتی کوردستان ڕابگەیەنێت بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەممەد و، هەر ئەوکاتش کابینە و بەرنامەی دەوڵاتی کوردستان لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستاندا ڕاگەیاندرا. ئاڵای کوردستان شەکایەوە و سوپای میللی دامەزرا وەك دامەزراوەیەکی بەرگری نیشتیمانی. قوتابخانە و پورتووخانەکان بۆ خزمەتی گەڵ ئاواکران و زمانی کوردی کرا بەزامنی ڕەسمی و لە تەنیشت ڕۆژنامەی کوردستان ئۆگانی کومیتەی ناوەندی حیزبدا ژمارەیەك تر گۆڤار هەلی دەرچوونیان بۆ ڕەخسا.
دامەزراندنی حیزبی دێمۆکرات لە لایەن کۆمەڵێك لە سیاسیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرەتا سەرفەسڵێکی نوێ و مێژووی و وەرچەرخانێکی گرینگی سیاسی و ڕیکخراوەی دەژمێردرێت لە رووی پێك هاتە و چۆنیەتی ئیدارەدانی حیزب و ئۆرگانەکانی. ئیدی ئەوە بۆ یەکەم جار بوو کەسایەتیەکی گەورە، کەخاوەنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی تاك بوو و بەدوور لە دەست تێوەردان و ژینگەی هۆزێک لە هۆزەکاندا، ببێتە کەسی یەکەمی حیزب، پێشەوا لە رەوتی درێژەکێشانی خەباتیدا، وەك سەرۆکی حکوومەتی کوردستان دەربکەوێت. پێشەوا قازی محەممەد پێگەیەکی بەهێز و تایبەتی خۆی هەبوو، لە نێو خەڵك و دەسەڵاتدا وەك بژاردەیەکی دەگمەنی سەردەمی خۆی سەیر دەکرا و هەرلەوکاتەشدا مرۆڤێکی سیاسی و نەتەوەی گەورەی کوردبوو. زۆر جار لە مێژووی کوردستاندا رووداوەکان و دروستبوونی حیزب و سەرهەڵدانی جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیی لە سەر دەستی سەرۆك هۆزەکاندا دەستی پێکردوە و پاشان پەرەیگرتووە.
ئەو ڕاستیە دەرکەوتووە کە بەهۆی ژینگەی سیاسی و سروشتی کۆمەڵایەتی جووڵانەوەکانی ڕابردوو، هێج کامیان خاوەنی بەرنامە و ستڕاتیژی بەرگری سیاسی و نەتەوەیان وەك پێویست بۆخۆیان و خەڵکەکەیان نەبووە و بەرگەی قۆناخە سەخت و ئاستەمەکانیاننەگرتووە. وەختێك شۆڕشێك گەشەدەکا و زۆر بەخێرای پەرەدەستێنێت کە یەکەم خاوەنی بەرنامە و ئامانجی دیاریکراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەی بێ و هەرلەو کاتەشدا پایە و بنەماکانی لەسەر ڕاستگۆی سیاسی و بەرژەوەندی نیشتیمانی دامەزرابێت و دوور بێت لە نەریتی باوی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان.