رۆژی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣ “پەیماننامەی ئاسایشی سنووری نێوان #عێراق و #ئێران کە لە ٢٠ی مارسی ٢٠٢٣دا واژووکرابوو” کەوتە بواری جێبەجێ کردن و بنکە و کەمپەکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێی باشووری کوردستان کۆکرانەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمە بە “چەک کردنی هێزە چەکدارەکان” ناودەبات و دەسەڵاتدارانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئەوەی کە وڵاتی عێراق بووتە “حەیات خەڵەوتی ئێران” ناچاربوون ملکەچی ویستەکانی حکوومەتی ئێران بن.
دوای دەسپێکی شۆرشی ژینا بە پێشەنگی ژنان لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان و ئێران، حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ڕۆلێکی کاریگەریان هەبووە لە رێکخستن و بەرەوپێشبردنی جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی. حیزبەکان بە شێوەی هاوئاهەنگ لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی ناوخۆی ڕؤژهەڵاتی کوردستان توانیان چەندین خۆپێشاندانی سەرانسەری، مانگرتن و بۆنەی جۆراوجۆری بەکۆمەل سازبکەن و بەوە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە لێکگرێدانی خەباتی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان یان خەباتی شاخ و شار نیشان بدەن. یەکگرتوویی و رێکخراوەیی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشەکانی دیکەی ئێرانیش وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو ئەزموونی کاری سیستماتیکی رێکخراوەیی دەبینرا سەرەرای هەموو سەرکوتەکانی رژێمی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ دا بە فەرمانی جەهادی خومەینی شەڕێکی هەمەلایانەی سەربازی، ئابووری، کولتووری، ژینگەیی، تیرۆری فیزیکی و سایکۆلۆژیکی دژی نەتەوەی کوردی دەست پێکردووە، ئەمجارەش بۆ پاشەکشە بە جۆڵانەوەی نەتەوەکانی ئێران و خەباتی خەلکی #کوردستان پەنای بردە بەر هێرشی تیرۆریستی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان و بەوە وێڕای بنپێ کردنی سەروەری سیاسی و خاکی عێراق و باشووری کوردستان هەوڵیدا کوردستان بەرەو ئاژاوە و قۆناغێکی دیکەی شەڕی چەکداری ببات. لە ئاکامی ئەو بە کەڵک وەرگرتن لە دۆخی ناوخۆیی عێراق و باشووری کوردستان توانی ویستە زێدەڕەوی و داگیرکەرەکانی خۆی بەسەر باشووری کوردستان و عێراقدا بسەپێنێت و بارەگا و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوێ کۆبکاتەوە. عێراق یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و واژۆکارانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە ١٩٤٨ و کۆنوانسیۆنەکانی چوارەمی ژێنیورا (ژێنێو) لە ساڵی ١٩٤٩ کە مافی پەنابەران و چالاکی سیاسی پەنابەران مسۆگەر دەکات. سەرەڕای ئەمانە بەهۆی لاوازی و سەربەخۆنەبوونی حکوومەت و لێکترازانی سیاسی لە باشووری کوردستان، عێراق توانای بەرگری لە سەروەری سیاسی خۆی نیە و ناچارە لە هەمبەر هێرشەکانی ئاسمانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی خۆی بێدەنگ بێت.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەلومەرجێکی تایبەتی و هەستیاردا تێپەردەکات. چۆلکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی قۆناغێکی سەخت و مێژوویەکی خۆسازان لە گەڵ هەلومەرجی سەقامگیری و کێشەکانی باشووری کوردستان بوو. قۆناغی نوێ قۆناغی بەرفراوانتر بوونی جۆڵانەوەی نەتەوەییە لە هەموو ئاستەکانی خۆی. ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز، هۆشیاری نەتەوەیی بەرز و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی دینامیکە. دروشمەکانی ناوشەقامەکانی کوردستان سەلمێنەری ئاستی بەرزی پێگەیشتوویی و ماف ویستی خەڵکی کوردستانن. ئەوان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە کە مەیدانی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو پانتایی ڕۆژهەڵاتە نەک پشت سنوورەکان. خاوەنی دیاسپۆرایەکی بەهێز و خاوەن سامانی هزری، مرۆڤی، سیاسی و ماددییە. دیاسپۆرای ڕۆژهەڵات سەرەرای هەموو لێکدابڕانەکانی کۆمەڵایەتی کوردستان پۆتانسیەلێکی گەورەیە بۆ داهاتووی گەلی کورد. سەردەم، سەردەمی تۆرە پێوەندییەکان و رێکخراوەکانی هێشوویی و ڕایەڵەی رێکخراوەییە.
ئەگەر تا دوێنێ کۆمەڵگای کوردستان بەهۆی هەلومەرجی تایبەت نەیدەتوانی خۆی لە چوارچێوەی سیاسی هاوبەشدا کۆبکاتەوە، ئەمرۆ کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیمانێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر و یەکگرتووخوازانە ببەستێت بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری سیاسی نەتەوەکەمان لەو بەشەی نیشتیمان.
کاتی ئەوە هاتووە حیزبە سیاسیەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و ئێلیتی سیاسی و چالاکی کورد لە چوارچێوەی دیالۆگێکی نیشتیمانی هەوڵبدەن بۆ داڕشتنی پرۆژەیەکی نیشتیمانی کۆکەرەوە و رێکخستنی تواناکانی نەتەوەییمان بۆ رێبەری کردنی قۆناغی نوێی خەباتی خەڵکی کورد لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان. ناوەندی نەتەوەیی ڕؤژهەڵاتی کوردستان لە دەسپێکی شۆرشی ژینادا بە هەست کردن بە پێویستی سیاسی و نەتەوەیی و بە هەستکردن بە گرینگی فاکتۆرە ناونەتەوەییەکان گفتگۆی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە بە مەبەستی پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش کە خاوەنی ستراتێژی، بەرنامە و قەوارەی پەسەندکراوی گشتی بێت. قۆناغێک کە ڕؤژهەڵاتی کوردستان تێپەر دەکات زۆر هەستیارە، قۆناغێکە کە لەوانەیە لێکدابڕان و دژبەری بەهۆی ئاڵۆزی دۆخەکە بەسەر خەباتی سیاسی نەتەوەکەمان و حیزبەکانی ئەو بەشەی نیشتیماندا بسەپێت، بۆیە ئەرکی هەموو رێکخراوە سیاسی، مەدەنی و تاکەکانە هەوڵبدەن بۆ وەدیهێنانی ئاشتی نەتەوەیی و لێکگرێدانی هەموو ڕەهەندەکانی خەبات لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەییمان گرێدراوە بە یەکیەتی نەتەوەییمان و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی هەڵقوڵاوی ویستی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بتوانێت لە ئاستی ناوخۆییدا رێبەرایەتی شۆرشی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بکات و لە ئاستی دەرەوەدا ببێتە دەنگی خەباتی ناوخۆی کوردستان. ناوەندی نەتەوەیی ڕؤژهەڵاتی کوردستان بە هەموو تواناییەکانی خۆیەوە لەو پێناوەدا خەبات دەکات و داوای هەنگاونانی خێرا دەکات بە ئاراستەی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی – نیشتمانی بۆ ئەم قۆناغە لە خەبات.
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
جڤاتی گشتی
١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ کوردی بەرامبەر بە٢٣ی سێپتەمبری ٢٠٢٣