چالاکێکی سیاسی-مەدەنی کوردستانی خۆرهەڵات لەبەر گوشاری ئیتلاعات وڵاتی بەجێهێشت

0
638

لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردن، گوشاری ئیدارەکانی ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستانی خۆرهەڵات، بەرەو زێدەبوون چووە و تا ئێستا چەند کەسێک دەست بەسەر کراون و چەند کەسیش بە تەلەفوون بانگهێشتی دادگا و ئیدارەی ئیتلاعات کراون، بۆ نموونە پێنج شەممە ١٣ی ڕەشەممە، مامۆستایەکی کوردی شاری سەقز بەناوی  تاهیر قادر زادە بانگهێشتی داگا کراوە.

شوعەیب دانش پەژوو، چالاکی سیاسی – فەرهەنگی شاری مەریوان لە ژێر گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بە ناچاری  وڵاتی بەرەو هەندەران بەجێهێشت.

شوعەیب دانش پەژوو کە ماوەی نزیک بە ٣ ساڵ بوو لە ناوەندی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی ڤەژین لە شاری مەریوان خەریکی چالاکی بوو، لە چەند ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان بۆ جار سێیەم لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕێگای تەلەفوون بانگ دەکرێت و هەڕەشەی لێدەکرێت.

شایانی باسە کە پێشتریش ٢ جار، دانش پەژوو بانگهێشتی ئیتلاعات کراوە بەڵام ئەو جارە بە هۆی چالاکییەکانی بە دژی هەڵبژاردن و چالاکی بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی لێدەکرێ و بانگهێشتی ئیتلاعات دەکرێ. لە وڵامدا شوعەیب دانش پەژوو داوای نامەی دادگا دەکات کە ئەوە دەبێتە هۆکاری بێ ڕێزی کردن لە لایەن مەئمووری ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و هەڕەشەی لێدەکرێ.

شوعەیب دانش پەژوو لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ناچار دەبێ ئێران بەرەو وڵاتێکی نادیار بەجێ بهێڵێت.

شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ شوعەیب دانش پەژوو، چەند کەسی تریش لە شاری مەریوان، وڵاتیان بەجێهێشتووە کە تا ئێستا ناسنامەیان نەزاندراوە.

شایانی باسە کە شوعەیب دانش پەژوو یەکێک لە ڕەخنەگرانی جیددی بەرەی یەکگرتوو و ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆ بوو و لایەنگری لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکرد.

یەکێکی تر لە چاکاییەکانی شوعەیب دانش پەژوو، چالاکی لە بواری ژینگەپارێزی و چالاکی فەرهەنگی و ژینگەیی و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرامدا بوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.