پەیامی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

0
451

ڕۆژی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی(( ڕۆژی شەهیدانی کوردستان))  دەکەینە ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ ڕێگە و ڕێباز و ئامانجی شەهیدان و گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.

ڕۆژی ٢ ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٦٤٦ی کوردی واتە ٧٦ ساڵ لە مەوبەر لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مهاباد یەکەم کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا.
دەوڵەت و دەسەڵاتی سەربەخۆی کوردستان کە لە چوارچێوەی کۆماری کوردستان دا دامەزرا، سەرەڕای کەمبوونی تەمەنی، دەستکەوت و کردەوەکانی تا ئەمڕۆش لە سەر خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد دا کاریگەری و کارتێکەری ماوە و ڕەوتی سەربەخۆییخوازی هەر وا لە گەشە و پەرە سەندن دایە.

کۆماری کوردستان وەک یەکەم کۆماری مودێرن و سەربەخۆی کورد لە ماوەی یازدە مانگی تەمەنی دا جیا لە گەلێک شانازی و دەستکەوت بۆ گەلی کورد، وانەیەکی زۆر گرینگ و مێژوویی لە پاش خۆی جێهێشت کە لە بەشێک لە وەسیەتنامەکەی پێشەوا دا هاتووە:
جەنابی پێشەوا ڕوو بە گەلی کورد فەرموویەتی:

له‌ دوژمنایه‌تی یەکتر ده‌ستهه‌ڵگرن، یار و یاوه‌ری یەکتر بن، پشت به‌ یەکتر ببه‌ستن و له‌ به‌رابه‌ر دوژمنی زۆرداردا ئازایانه‌ رابووه‌ستن.
خۆتان بێهوده‌ به‌ دوژمن مه‌فرۆشن. دووژمن هەر ئه‌وه‌نده‌ ئێوه‌ی ده‌وێ که‌ کاری پێتانه‌، ده‌نا هیچ روحمتان پێناکات، له‌ هیچ ده‌رفه‌تێک ناگوزه‌رێ بۆ زه‌ربه‌ لێدانتان.
دووژمنه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆرن و زۆردارن، توانایان هه‌یه ‌و بێڕه‌حمن.
ڕه‌مزی سه‌رکه‌وتنی ئێوه‌ له‌ یه‌کگرتندایه‌، ته‌نیا یه‌کگرتنه‌ له‌ به‌رابه‌ر ئه‌و هێزه‌ زۆردارانه‌دا،
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی نه‌بێ هه‌میشه‌ له‌ ژێرده‌ستیدایه‌.
ئێوه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد شتێکتان له‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ که‌متر نییه‌ به‌ڵکوو له‌ ئازایه‌تی و پیاوه‌تیدا زۆر له‌وانەی به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژین زیاترن.
ئه‌و گه‌لانه‌ی سه‌رکه‌وتنیان به‌ ده‌ستهێناوه‌ هه‌ر وه‌ک ئێوه‌ بوون.

٧٥ ساڵ لە مەوبەر و لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٦٤٧ی کوردی لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مهاباد و لەو شوێنەی کە کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیەندرابوو، سەرکۆماری کوردستان پێشەوا ”قازی محەممەد ” و هاوڕێیانی ”سەیفی قازی و سەدری قازی”، لە لایەن ڕژیمی پەهلەوی و ئێرانیەکان لە سێدارە دران.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان و بەڵێنی لە سەر درێژە دان بە ڕێگە و ڕێبازی پێشەوای نەمر، تا گەیشتن بە ئامانجی دواڕۆژ و زیندوو کردنەوە و بنیات نانەوەی کۆماری سەربەخۆی کوردستان درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدا و هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک ناتوانێ لە خەبات و تێکۆشان بمانوەستێنێ.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی تێکۆشەری هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی دەکا کە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناودێر بکرێ و یادی بکرێتەوە.

ئێمە وەک ڕێبوارانی ڕێگە و ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد و درێژەدەرانی دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کۆماری کوردستان داوا دەکەین کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی کە بەرانبەرە لە گەڵ ٣٠ی مارسی ٢٠٢٢ ی زایینی بە هەڵکردنی مۆمێک و بەرزکردنەوەی پەنجەکانی هەڵۆ و ڕاگرتنی خولەکێک بێدنگی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەرز و بەڕێز ڕابگرین.

دروشمی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: نەسرەوتن تا سەرکەوتن و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان، تا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان .
بەرز و بەڕێز بێ یادی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدان و گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادیی کوردستان

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
٢٩ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی

 

بەشێک لە وەسیەتنامەی پێشەوا قازی محەممەد

بەشێکی گرینگی وەسیەتنامەکەی پێشەوا قازی محەممەد

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووپیلان گێڕانی پانفارسیسم و ئێران لە دژی کورد
بابەتی دواتربەشێکی گرینگی وەسیەتنامەکەی پێشەوا قازی محەممەد

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.