پێشوازی و به‌ڕێكردنی ته‌رمی پیرۆزی شه‌هیدانی ژینگه‌پارێز له‌ لایه‌ن دانیشتووانی شاری پاوه‌ی سه‌ر به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

0
2604

ڕۆژی كورد :
ڕۆژی ڕابردوو سێ چالاكی ژینگه‌پارێز له‌ پارێزگای كرماشان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی دارستانه‌كانی ناوچه‌ی پاوه‌ گیانیان ئازیز پێشكه‌ش به‌ نیشتمان كرد و شه‌هید بوون. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گریمانه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی مین له‌و ناوچه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام هاوكات به‌رپرسانی حكوومه‌تی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هۆكاری سه‌ره‌كییان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی دارستانه‌كانی ناوچه‌ی پاوه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌مڕۆ دانیشتووانی شاری پاوه‌ له‌ هه‌ڵویستێكی نیشتمانی دا ده‌ستیان داوه‌ته‌ مانگرتن و خۆپیشاندان.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی حۆزه‌یران هاوكات له‌ گه‌ڵ ٨ی پووشپه‌ڕ سێ ئه‌ندامی چالاكی ڕێكخراوه‌ ژینگه‌پارێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ ناوه‌كانی “مۆختار خه‌ندانی”، “بیلال ئه‌مینی” و “یاسین كه‌ریمی” له‌ ڕووداوێكی گۆماناوی له‌ ده‌رئه‌نجامی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی ڕؤژهه‌ڵاتی كوردستان و ناوچه‌ی پاوه‌ و جوانڕۆ سه‌ر به‌ پارێزگای كرماشان گیانی پاكی خۆیان به‌ نیشتمان به‌خشی و شه‌هیدی ڕێگای پاراستنی خاك و نیشتمان بوون. سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌نجانی شاری پاوه‌ به‌ هه‌ڵگرتنی پلاكاردی نه‌خشراو به‌ ناوی هه‌ر سێ ژینگه‌پارێزی شه‌هید و به‌ دروشمی نیشتمانی چوون به‌ره‌و پێشوازی ته‌رمی ئه‌و ئازیزانه‌ و به‌ڕێز و حۆرمه‌تێكی بێ وێنه پێشوازییان له‌ ته‌رمی شه‌هیدانی ژینگه‌پارێزی ئه‌م دواییانه‌ی شاره‌كه‌یان و نیشتمان كرد.
سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی گیان له‌ ده‌ستدان و شه‌هید بوونی ئه‌م ژینگه‌پارێزانه كۆمه‌ڵێك ڕا و بۆچوونی جیاواز له‌ ئارادا هه‌یه‌ و هه‌واڵی دژ و پێچه‌وانه‌ی زۆر بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك له‌ ناوه‌نده‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی كوردستان هۆكاری سه‌ره‌كی شه‌هیدبوونی ئه‌و ژینگه‌پارێزانه‌یان ته‌قینه‌وه‌ی مین له‌ ناو دارستانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌ ڕاگه‌یاندووه‌، به‌رپرسانی حكوومه‌تی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مه‌رگی ئه‌و ژینكه‌پارێزانه‌ ته‌نیا به‌ هۆی ته‌شه‌نه‌ كردنی ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌ و هه‌وڵ و تێكۆشانی ناوبراوان بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ و گه‌مارۆ كه‌وتنیان له‌ ناو كڵپه‌ی ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌دا بووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی گیان له‌ ده‌ستدان و شه‌هیدبوونی ناوبراوان.
دوابه‌دوای گه‌یشتنی ئۆتۆمبیله‌كانی فریاكه‌وتنی هه‌ڵگری په‌یكه‌ری پیرۆزی شه‌هیدانی ژینگه‌پارێز بۆ شاری پاوه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌نجان و دانیشتووانی ئه‌و شاره‌ له‌ ڕێوڕه‌سمێكی به‌ شكۆدا پیشوازییان له‌ شه‌هیدانی نوێی شاره‌كه‌یان كرد و به‌ وتنه‌وه‌ی سروود و دروشمی نیشتمانی چوون به‌ره‌وپیری ته‌رمی پیرۆزی ئه‌و شه‌هیدانه‌ و به‌ره‌و دوامه‌نزڵی خۆیان به‌ڕێكران. هاوكات باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ژینگه‌پارێزێكی دیكه‌ی دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش برینداره‌ كه‌ تا ئێستا زانیاری له‌ سه‌ر ناو و ناوناوی ناوبراو بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌.
ناوه‌ندی ڕۆژنامه‌وانی “ڕۆژی كورد” جارێكی دیكه‌ هاوخه‌می خۆی له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و دانیشتوانی شاری پاوه‌ و هه‌موو كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دووپات ده‌كاته‌وه‌ و هیوادارین ڕۆحی ئازیزیان شاد بێت و خۆمان به‌ به‌شداری كۆسپی له‌ ده‌ستدانی ئه‌و ئازیزانه‌ ئه‌زانین و هیوای سڵامه‌تی بۆ بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌خوازین و جارێكی دیكه‌ په‌یمان له‌ گه‌ڵ شه‌هیدانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواكارین له‌ ناوه‌نده‌ مافی مرۆڤییه‌كانی هه‌موو جیهان بێده‌نگ نه‌بن له‌ به‌رانبه‌ر شه‌هید كرانی ڕۆڵه‌كانی نیشتمان و ئیزن نه‌ده‌ن خوێنی شه‌هیدانی نیشتمانه‌كه‌مان به‌ فیڕۆ بڕوات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووله‌ ماوه‌ی ٣ مانگی ڕابردوودا زیاتر له‌ ١٠٠٠ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی پارێزگاكانی ئێران و كوردستان ڕوویداوه‌
بابەتی دواترئێران باس له‌ ڕه‌وتی ڕووداوێكی نه‌خوازراو له‌ دامه‌زراوه‌كانی پیتاندنی ئۆرانیۆم له‌ بنكه‌ی نه‌ته‌نز ئه‌كات

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.