هونەر، بەشێکی گەورە لە فەرهەنگ و هەروەها ناسنامە و ناسێنەری هەر نەتەوەیەکە، کوردیش وەک نەتەوەیەک کە تا ئێستا شەڕی ناسنامەی کردووە، گرنگییەکی زۆری بە هونەر داوە و لەگەڵ ئەوەشدا کە کورد خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی و لە ئەنجامدا پشتگیرییەک لە هونەر نەبووە، بەڵام نەک لەسەر هونەر بەردەوام بووە بەڵکو لە سەرجەم هونەر و لقە هونەرییە کلاسیک و نوێیەکاندا، خۆی جەرباندووە و دەستێکی بەهێزی هەیە. ڕۆژی کورد کە گەرەکیەتی ئاوێنەی باڵانوێنی کورد بێت، لەو ڕوویەوە لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد.
وتووێژی بەردەست، وتووێژە لەگەڵ هونەرمەند و خەباتکاری کورد “فاروق قوبادی”.
ڕۆژی کورد ئەگەر بکرێ بە کورتی خۆتان بە خوێنەرانی “ڕۆژی کورد” بناسێنن
قوبادی: سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ سەرجەم خوێنەرانی (ڕۆژی کورد). سپاس بۆ ئەو دیمانەیە و ئاوڕلێدانەوە لە هونەردۆستان و هونەرمەندان.
من فاروق ڕەحمانی ناسراو بە فاروق قوبادیم. لە دایکبووی باشووری کوردستانم لە ساڵی (١٩٨٦) و بنەماڵەکەمان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بەڵام ئێستا ١٧ ساڵ دەبێت نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژم.
ڕۆژی کورد: دوو: لەمەڕ هونەرەکەتان بە گشتی و چۆنیەتی دەست پێکردن و هەروەها ستایل و شێوازی کارەکەتانەوە بۆمان باس بکەن، لە کەنگێوە دەستتان پێکردووە و کارەکانتان زۆرتر چ بابەت و ئامانجێک لە خۆ دەگرن؟
قوبادی: سەرەتای کارکردنم لەم بوارەدا بۆ ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێتەوە. ئەوکات ماڵپەڕێکم درووست کرد بە ناوی (قوبادی دۆت کۆم). ئەو ماڵپەڕە زیاتر لە ١٢ ساڵ خزمەتی بە هونەری کوردیی کردووە. لەو ماڵپەڕەدا توانیومانە بەرهەمە هونەرییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بێ جیاوازیی، بڵاوبکەینەوە.
دواتر لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستم کردووە بە کاری گرافیک، دیزاین، و زیاتر کارم لەسەر دروستکردنی ماڵپەڕ و کاری وێنە کردووە. کاری زۆرم لەسەر وێنەی هونەرمەندان و ناودارانی کورد کردووە. دەتوانم بڵێم ئێستا خاوەنی زیاتر لە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ وێنەی جۆراوجۆرم کە بۆخۆم کارم لەسەر کردوون.
ئەوەی کارەکانی منی دیبێت بۆی دەردەکەوێت کە زیاتر کارم لەسەر ئەو هونەرمەندانە کردووە کە لە مێدیا کوردییەکاندا پشتگوێ خراون یا کەمدەنگ و کەمڕەنگن. دەبێ ئەوەش بڵێم کە من هەوڵم داوە زیاتر کار لەسەر بابەتە ڕەسەن و نەتەوەییەکان بکەم.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم شتێکی دیکەش بڵێم، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کارانەی من کردوومن و ئێستاش دەیانکەم ئاوا نەبووە کە لە ڕێگەی خوێندن و بە شێوەیەکی ئاکادیمییانە فێریان بووبم، بەڵکو بە حەز و خولیا و هەوڵ و تێکۆشانی خۆم فێربووم، بە واتایەکی دیکە خۆم خۆم فێرکردووە و مامۆستا و خوێندنگەی ئەو بوارەم نەبووە. لەو ماوەشدا خۆبەخشانە و بێ بەرانبەر ئەو کارانەم کردوون و هیچ کەس و لایەنێك یارمەتیان نەداوم.
ڕۆژی کورد: پێناسەی هونەر لە ڕوانگەی ئێوەوە چیە؟
قوبادی: من وەک خۆم ناتوانم بە وشە پێناسەی هونەر بکەم و، هەوڵمداوە لە ڕێگای کارەکانمەوە ئەوە نیشانی هاوڵاتانی کورد بدەم. بە بڕوای من هونەر یەکێک لەو شتانەیە کە ئینسان ناتوانێ بە تەواویی بە وشە یا بە نووسین دەری بڕێ، بەڵکو لە ڕێی بەرهەمەکانییەوە نیشانی دەدا و پێشکەشی دەکا.
هونەر کار و کاردانەوەیە، وەرگرتنی هەستی هونەرمەندە بە هەموو واتەکانیەوە و بەخشینی بە دەوروبەرە، ڕەنگدانەوەی هەست و سۆز و ناخی مرۆڤە بە خۆشیی و ناخۆشیەکانیەوە، ئەو کاتەی هونەرمەند عاشق بە هونەرەکەی دەبێت و هەموو هەستەکانی ناخی خۆی پێ ئەبەخشێت.
وەکو پێشتر گوتم ڕەنگە نەتوانم بە وشە پێناسەی هونەر بکەم، چونکە هەم کارێکی ئاسان نیە هەمیش هونەر پێناسەی جۆراوجۆری لە روانگەی جۆراوجۆرەوە هەیە، بەڵام دەکرێ بە کورتیی بڵێم: بە تێگەیشتنی من ئامانجی سەرەکیی هونەر دیارە، ئەویش گەیاندنی جوانییە وەک فاکتەرێکی مەعنەویی ناو دەروونی مرۆڤ، واتە سودەکانی هونەر گەیاندنی جوانییە و جوانییش چێژبەخشە، چێژیش سوودێکی مەعنەوییە.
ڕۆژی کورد: بەڕای ئێوە هونەر تەنیا بۆ چێژ دان و چێژ وەرگرتنە یان ئەوەتا وا نیە و پێویستە ئامانجی هەبێ؟
قوبادی: ئەگەر من لێرەدا بمەوێت باسی هونەر بە گشتی بکەم ئەوە کاتیکی زۆری دەوێت. ڕاستە هونەر چێژوەرگرتنە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو هونەرە هەڵگری پەیامێکیشە لە هونەرمەندەوە بۆ خەڵك، بۆ ئەوانی دی. پەیامێکە لە ڕێگای هونەرەکەتەوە دەیگەیەنی، جا گەیاندنی ئەو پەیامە بە وێنە، بە گۆرانیی، بە شێعر، بە شانۆ یا هەر شێوە و ڕێگەیەکی دیکە بێت.
ئامانجی سەرەکیی من لەم کارانەم خزمەتکردنە بە هونەر و کەلتووریی کوردیی. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەوەی لە هونەری کوردییدا کەم بەدی دەکرێت یا کەمڕەنگە و بەپێی پێویست کاری لەسەر ناکرێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان فەرامۆش کراوە، هەوڵم داوە لە ڕێگەی کارەکانم و هونەرەکەمەوە جارێکی دیکە زیندوویان بکەمەوە، جا چ لە ڕێگای ماڵپەڕەکەمانەوە بێت یا لە ڕێگەی وێنەکانەوە بێ.
ڕۆژی کورد: زۆربەی یان باشترە بلێم هەر هەمووی ئەو کارە هونەرییانەی کە من لە بەڕێزتانم بینیوە، ڕەنگی کوردییان پێوەیە، ئایا کورد بوون و زامەکانی وایان کردووە کە هونەری ئێوە ئامانجێکی هەبێ؟ ئەگەر کورد نەبان چی ئەو کات بڕواتان وابوو هونەر تەنیا بۆ چێژ وەرگرتن نیە؟
قوبادی: من کوردم و وەک زۆربەی کوردان بنەماڵەکەمان ئاوارە و دەربەدەر بوون و، کەم و زۆر لەگەڵ ئازار و ئاوارەیی و مەینەتییەکانی گەلەکەمدا ژیاوم و کارەکانیشم ڕەنگدانەوەی ئەو ژیانەیان پێوە دیارە. ئەوەش شتێکی سروشتییە.
ڕۆژی کورد: چۆنە کورد تا ئەو ڕادە لە کارەکانی ئێوەدا بۆتە جەمسەر؟ دەتانهەوێ بە هونەرەکەتان چی بە بینەرتان بڵێن؟
قوبادی: وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشتردا گوتم من کوردم. کوردبوون بە هەموو خۆشیی و ناخۆشییەکانییەوە، بە هەموو سەرکەوتن و شکستەکانیەوە، بە تاڵیی و شیرینییەکانیەوە بەشێك لە ژیانی من و بنەماڵەکەمان بووە. کارەکانم ڕەنگدانەوەی هەست و ناخی خۆمن. خۆشم کوردم، بۆیە کارەکانم ڕەنگدانەوەی ژیان و هەستی کوردە وەک نموونەی گەلێکی مافخوراو و خەباتگێڕ لەپێناو مافەکانیدا.
ڕۆژی کورد: دەوری هونەری کورد لە پێناسە و ناساندنی کورد لە کاری هونەرمەندانی ئێستای کورددا چۆن دەبینن؟
قوبادی: لە ناو کورددا کۆمەڵێک هونەرمەند هەبوون کە بە هونەرەکەیان کاریان بۆ ناساندنی فەرهەنگ و کەلتوری کوردیی بە دەرەوە و گەلانی دیکە کردووە، بەڵام بە بڕوای من لە ئاست ئێش و ئازار و پێوستییەکانی نەتەوەکەمان نەبوون. بە واتایەکی دیکە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کورد بە دونیای دەرەوە بناسێندرێ، ئەویش هۆی خۆی هەیە کە من لێرەدا ناتوانم هەمووی باس بکەم. بەڵام وەک ئاماژەیەك دەکرێ بڵێم کە: ئەو کارانەی هونەرمەند پێشکەشی کردووە زیاتر لەسەر ئەستۆی خۆی بووە و کەمتر دەستی گیراوە و پشتیوانیی کراوە و هاوکاریی کراوە.
دەتوانم بڵێم هونەری کوردیی لە ناوخۆی کوردستاندا تا ڕادەیەکی باش دەوری لە زیندووڕاگرتنی هونەر و فەرهەنگی نەتەوەکەماندا هەیە و، کاری جوان و بەرهەمی بەنرخ پێشکەش دەکەن و بەردەوامیشن، بەڵام وەک وتم لە سەر ئاستی دەرەوە وا نیە، چونکە ئەوە کارێکی گەورە و پرۆسەیەکی درێژخایەنە و کاری یەک و دووان نییە و پێویستی بە وزە و هێز و هاوکاریی و کاری زیاتر هەیە.
ڕۆژی کورد: هونەرمەندان و مەزنە پیاوانی کورد و هەروەها ئاڵای کوردستان، هێندەی من بزانم زیاترین دەوریان لە کارەکانی ئێورەدا پێ دراوە، هۆکاری ئەوە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
قوبادی: وەک لە کارەکانم دیارە و دەبینرێت زیاتر گرنگیی بەو هونەرمەند و ناودارانەی کورد دەدەم کە بە بڕوای من و بە داخەوە بایەخی شایان و پێویستیان پێ نەدراوە، جا چ لە ڕووی ناساندن و زیندووڕاگرتنی هونەر و بەرهەمەکەیان بێ چ لە ڕێگەی یادکردنەوە و ناساندنی خەبات و تێکۆشانیان بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێ.
بۆ ئاڵای کوردستانیش، دەتوانم بڵێم یەکێک بووم لە کەسانەی لە کارە هونەریەکانمدا ڕەنگی ئاڵای کوردستانم زۆر بەکار هێناوە، ئەوەش لە بەر ئەوەیە کە بە بڕوای من ئاڵای کوردستان یەکێك لەو ڕەمز و هێمایانەیە کە دەتوانێ و، تا رادەیەکی باشیش توانیویەتی، هەموومان لەژێر چەتری ڕەنگاوڕەنگی خۆیدا کۆ بکاتەوە. دیارە بەشێک لە دیزاینەر و دەزگا و مێدیا کوردییەکانیش ئێستا ئەو کارە دەکەن، بەڵام ئاڵای کوردستان، وەک ئاڵای گەلێکی ستەملێکراو و بێ دەوڵەت، دەبێ وەک ئاڵای وڵاتانی دیکە کاری زیاتری بۆ بکرێ و لە هونەر و کارەکانمان و ڕاگەیاندنەکانماندا زۆرتر ڕەنگ بداتەوە، چونکە ئەو ئاڵایە پێناسەی هەموومانە.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم باسی ئاڵای کۆماری کوردستانیش بکەم. من یەکێک بووم لەوانەی کە بۆ جاری دووم ئاڵای کۆماری کوردستانم لە چەند ستایل و دیزاینێکی نوێدا چاک کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بە تایبەتیی فەیسبووک، بڵاومان کردەوە.
ڕۆژی کورد: بە گشتی جێگە و پێگەی هونەر لە ناو کوردا چۆن دەبینن؟ هەڵسوکەوتی کورد لەگەڵ هونەرمەندان و لەگەڵ خۆتان چۆنە؟
قوبادی: ئەوەی ڕاستی بێت بە حوکمی ئەوەی من لە دەرەوەی وڵاتم و بۆ ماوەیەکی زۆریشە لێرە دەژیم، پێوەندیی زۆر نزیکم لەگەڵ هەنەرمەندانی دیکە، بە تایبەتیی لە کوردستان، کەمە. ئەو پێوەندییەی هەشمانە لە ڕێگەی تەلەفون و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە. دیارە حەزم دەکرد پێوەندیی زیاتر و تۆندوتۆڵم لەگەڵ هونەرمدانی دیکە هەبایە، بەڵام بە داخەوە بارودۆخەکە بواری ئەوەی نەداوە.
ڕۆژی کورد: ئاواتی بەریزت وەک هونەرمەندێک چیە؟ داواکاریتان لە کورد چیە وەک هونەرمەندێک؟
قوبادی: داوا و ئاواتم ئەوەیە ئێمەش وەک زۆرێك لە گەلانی تری دونیا بتوانین لە ڕێگای کار و بەرهەمەکانمانەوە خۆمان و هونەر و کەلتورمان بە گەلانی دوور و نزیک بناسێنین، بە شێوەیەك کە کارە هونەریەکانمان بە گشتی شان بە شانی وڵاتانی دیکە ببینیرێن و بناسرێن و کوردیش وەک نەتەوەیەك و کوردستانیش وەک وڵاتێك لە ناو نەتەوە و وڵاتانی دنیادا ناو و دەنگ و ڕەنگی دیار بێ و سەری بەرز بێ.
دوا قسەم ئەوەیە: هیواخوازم بتوانم پێشەنگایەکی بچووك بۆ کارە هونەرییەکانم بکەمەوە تا بتوانم لەو ڕێگەیەوە بەشێک لە بەرهەم و وێنەکان نیشانی هونەردۆستان و هاونیشتمانانم بکەم.