هەڵهاتنی ٨٠٠ ئەندام و لایەنگری داعیش لە ئۆردووگاکانی ژێر چاوه‌دێری هێزه‌ کوردییەکانی ڕۆژئاوای كوردستان

0
653

ڕۆژی كورد :
زیاتر لە ٨٠٠ ئەندامی هێزەکانی داعیش لە ئۆردووگای “عەین عیسا” کە لە ژێر چاوه‌دێری هێزە هاوشێوە سەربازییەکانی کوردی سووریە دان، ڕایان کردووە. ترامپ ڕایگەیاندووە کە بەرپرسیارەتیی پارێزگاری لە بەندکراوانی داعیش وەئەستۆی تورکیایە.

ناوەندی هەواڵنێری فەرانسە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ئۆکتۆبر بە پێی وتەی هێزە خۆجییەکانی کوردی سووریە لە ڕاپۆرتێکی دا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی داعیش دوابەدوای هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە، هاوڕێ لە گەڵ ژن و منداڵ و ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە ئۆردووگای “عەین عیسا” کە لە لایەن هێزەکانی کورد لە باکووری سووریە پارێزگاری لێدەکرا، هەڵهاتوون. لە ئۆردووگاکانی ژێر چاوەدێری هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێژەیەک زیاتر لە ١٢ هەزار کەسی بیانی لایەنگری داعیش و بنەماڵەکانیان پارێزگاری دەکرێن. نزیکەی ٨٠٠٠ کەس لەو ڕێژە منداڵن و ٤٠٠٠ کەسی دیکەش لەوانە ژنانی داعیشن. بێجگە لەم ڕێژەیە زیاتر لە ١٢٠٠٠ کەس شەڕکەری داعیش لە بەندیخانەکانی هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ژیان دەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس لەوانە بیانیین و لە ٥٤ وڵاتی جۆراوجۆری هاتوونەتە ناو هێزەکانی داعیشەوە.
زۆربەی وڵاتە ئەوروپاییەکان تا ئێستاش ڕێگایان بە گەڕانەوەی شارۆمەندانی خۆیان کە چوبوونە ناو ڕیزەکانی داعیشەوە، نەداوە. هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوا کە چاودێری بەندیخانە و ئۆردووگاکانی ئەندامانی داعیشیان وەئەستۆیە دەیان جار هۆشدارییان بە یەکیەتی ئەوروپا داوە کە لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری وڵاتی سووریە ئەگەری هەڵهاتنی بەندکراوەکانی داعیش بوونی هەیە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئامریکاش چەندین جار داوای لە وڵاتە ئەوروپاییەکان کردبوو کە شارۆمەندانی خۆیان لە باکووری سووریە وەربگرنەوە.
دوای دەسپێکی چالاکییەکانی سۆپای سووریە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دۆناڵد ترامپ چەندین جار جەختی لە سەر ئەوە کردبوو کە تورکیە بەرپرسیارە و ئەرکی ئاگاداری و چاوەدێری هێزەکانی داعیشی وەئەستۆ گرتووە. ترامپ سەر لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ئۆکتۆبر لە بەرانبەر لایەنگرانی لە واشینگتۆن جارێکی دیکە هۆشداری بە تورکیە دا سەبارەت بە هەڵهاتنی ئەندامانی داعیش لە ناوچەی چالاکییە سەربازییەکانی سۆپای تورکیە و ئاماژەی پێدا ئەگەر تورکیە پابەند نەبێت بە ئەرک و ڕاسپێردراوەکانی خۆی لەم بارەوە، ئەوا تووشی زۆرترین بایکۆت و خراپترین بارودۆخ ئەبێت دژی وڵاتەکەی لە لایەن ئێمەوە. دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە ئەرک و بەرپرسیارەتیی تورکیە بەرگری لە کەمیینە ئایینیەکان و ئاگاداری و پارێزگاری بەندکراوەکانی هێزەکان و ئەندامانی داعیشە. دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی خۆیدا ئامۆژگاری هێزە هاوشێوە سەربازییە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد کە لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیە لە گەڵ سووریە پاشەکشێ بکەن. ترامپ بە ئاشکرا ڕوو لە هێزەکانی کورد وتی : ئێوە کە فڕۆکەی شەڕکەرتان پێ نیە توانای بەرگری لە بەرانبەر هێزێک دا، کە خاوەنی فڕۆکەی شەڕکەرە نیە و ناتوانن بەرەنگاری ئەو هێزانە بن. هەروەها ترامپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان وتی : کوردەکان گەیشتوونەتە سەر ئەو بڕوایە کە تا قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتری سووریە لە گە سنوورەکانی تورکیە پاشەکشێ بکەن و ئەمەش بیرۆکەیەکی باشە.
حامی ئاکسۆی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیە، سەبارەت بە چارەنووسی بەندکراوانی داعیش و بنەماڵەکانیان لە سووریە ڕایگەیاند ئەوان هەوڵ ئەدەن داعیش و ئەندامەکانیان دوورتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و دزەکردنی تێروریستەکان لە ناو سووریە دا ڕابگرن. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیە جەختی لە سەر ئەوە کرد کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە لە دوایین پەیوەندی تەلەفوونی خۆی لە گەڵ دۆناڵد ترامپ باسی ئەوەی کردبوو کە لە دەرئەنجامی زنجیرە چالاکی نوێ ناسراو بە “سەرچاوەی ئاشتی” تورکیە چاوەدێری بۆ سەر ئەندامانی داعیش و هەروەها بنەماڵەکانیان کە لە ئۆردووگاکانی ئەم ناوچەیەدان، وەئەستۆی خۆی دەگرێت. ئاکسۆی پشتڕاستی کردەوە کە دەوڵەتی تورکیە ئامادەیە بۆ هاوکاری کردن لە گەڵ ئەو وڵاتە ڕۆژئاواییانە کە شارۆمەندانیان لە بەندیخانەکانی داعیش لە سووریە گیرۆدەی دەستی داعیشن.
هەروەها وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیە ئەوەی زیاد کرد کە باشترین و گونجاوترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەوبەندکراوانەی داعیش و تێرۆریستە بیانییەکان و بنەماڵەکانیان کە لە سووریە چاوەدێری دەکرێن ئەوەیە کە ئەوانە بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لەوێوە هاتوون و بخرێنە ژێر چاودێری یاسایی و یارمەتی ناوەندەکانی تواناپێدان و وزەبەخشین و یارمەتییە مرۆڤایەتییەکانەوە.


سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.