نووسەر: هادی سۆفیزادە
قسەیەکی شەهید دوکتور قاسملو سەبارەت بە موازکرە لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی ئێران هەیە یانیش قسەکە دەگێڕنەوە سەر ئەو، کە کاتی خۆی وتویە گەر بە موزاکرە لە گەڵ ڕژیم بە مافی نەتەوەییمان نەگەین بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ دەست خستنی مافی نەتەوەییمان دوائەکەوێت. لەو سەردەمەدا کە ڕوانینی زاڵ بە سەر فەزای سیاسی ئێراندا ئەوە بو کە دەسەڵاتی دینی بە کاتی ئەبیندرا ئەو قسەیەی ئەوکاتی دوکتور قاسملو زۆر دورئەندیشانەوە بو. کەس چاوەڕوانی نەدەکرد کۆماری ئیسلامی ڕژیمی ئێران ٢٥ ساڵ تێپەڕێنێت، ٣٧ ساڵەی خۆی جێژن بگرێت و پێدەچێت یوبیلی خۆیشی بێ گرفت جێژن بگرێت. لەم ناوەدا ئاسۆی ئێمەی کورد کە هەمیشە لە سەر هیوایەکی ئەم ساڵ نا ساڵێکی دیکە ڕاوەستاوە چی بە سەر دێت؟
ئاوڕێک لە کۆمەڵگای ئێران:
لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانێکی قوڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا هاتووە. ئەگەر شۆڕش بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی واتە گٶڕانی بنەڕەتی سەیر بکەین، ئەوە شۆڕشێکی قوڵ و بنەڕەتی بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا هاتوە. گۆڕان بە ئاڕاستەی نیگەتیڤدا. فکرو فەلسەفەی ڕژیم لە گەل خواستی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئێران بە تایبەت نەتەوەی فارس زمان یەک دێتەوەو دەکرێ بڵێێن ڕژیم لە خراپترین حاڵەتدا ١٠ ملوێن دەنگی سابتی لە ناو فارس زمانەکاندا هەیە. جیالەوە بەرژەوەندی بەشێکی دیکەی کۆمەڵگا بە نەتەوەکانی دیکەیشەوە لە گەڵ بەرژەوەندی ڕژیم یەک دەگرێتەوە. بۆ گەیاندنی مەبەستی خۆم هەوڵ ئەدەم بە پێێ توانا مەوزوعەکە شی بکەمەوە.
پێگەی سەرەکی ڕژیمی شا خەڵکی شار بو. کاتێک سەیری فیلمەکانی سەردەمی ڕژیمی شا دەکەین، دەبینین بەشێکی ئەو فیلمانە گاڵتە پیکردن و سوکایەتی بە خەڵکی دێهات بو. گەشەی ئابوری و پیشەیی لە ئێران لە کۆتاییەکانی تەمەنی ڕژیمی شا شەپۆلی کۆچی خەڵکی دێهاتی بۆ شارەکان بە دواوە بوو. ئەو خەڵکە بە زۆری لە قەراغ شارەکان دەژیان و بە تەنەکە و قوڕو بەرد سەرپەنایان بۆ خۆیان دروست کردبو کە بە ” حلبی آباد و زاغە نشینان ” ناویان دەرکردبو، ڕۆژانە لە ژیانی خۆیاندا هەستیان بە نادادپەرەوری و بێ حورمەتی پێ کردن لە لایەن خەڵکی شارو حاکمییەتەوە دەکرد. ژیانی گرێدراوی دین لە گەڵ کولتووری شارنشینی یەکی نەدەگرتەوە، تەنیا مزگەوت و بۆنە ئائینییەکان بو کە لە گەڵ ڕۆحی ئەواندا یەک ئەهاتەوە. بۆیە بەم باوەڕەوە دینییەوە بونە هێزێکی کاریگەر بە دژی ڕژیمی شاو ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕشی ١٩٧٩دا بینی و لە سایەی شۆڕشی ١٩٧٩ ژیانی پەراوێزنشینان کۆتایی پێ هات و بۆون بە ناوەند نشین. توێژێک کە ئیستا بەشێکی گرنگی بەدەنەی ڕژیم پێک دێنن. ڕاست یا ناڕاست لایەنگرانی ڕژیمی شا سەبارەت بە لە دەست دانی تاج و تەختیان لە سەر باوەڕەن کە خەڵکی ئێران لیاقەتی ئەو پێشکەوتنانەیان نەبو کە ڕژیمەکەیان لە بواری کۆمەڵایەتی دا بە دەستی هێنابو.
هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، بە پێچەوانەی ڕژیمی شآ کە پێگەی سەرەکی خەڵکی شار بو، پێگەی ڕژیمی دوای ئەو خەڵکی دێهات بوو. تایبەتمەندی کۆمەڵگای ئێران وەک زۆر کۆمەڵگای دیکە ئەوەیە کە ڕێژەی زاوزێ لە ناو خەڵکی دێهات لە شار زیاترە، لە هەمان کاتدا گەشەی کۆمەڵگا وهەوڵ بۆ ڕاحەتی ژیان شەپۆلی کۆچکردنی خەڵکی دێهاتی بۆ ناو شارەکان بە دوای خۆیدا هێناوە و کەمتر ڕێکەوتوە خەڵکی شار بۆ لادێ کۆچ بکەن. بە پێێ ئامار ڕێژەی شارنشینی لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٦ ٣٥% تا ٤٠% لە سەد و ڕێژەی گوندنشینی ٦٠% بۆ ٦٥% بوە. لە حاڵی حازردا ڕێژەی شارنشینی ٦٥% بۆ ٧٢% و گوندنشینی ٣٥% بۆ ٤٠% لە سەدە. بەم پێیە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ٣٠ % بۆ ٣٥ % لە سەدی خەڵکی لادێ کۆچیان کردوەو ژیانی شارنشینیان هەڵبژاردوە. ئیستا لە ئێران ٥٣ ملوێن شارنشین و ٢١ ملوێن نەفەر گوند نشینن. هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد خەڵکی دێهات بە هۆی باوەڕمەندیی دینی لە گەڵ ئیدئۆلۆژیی ڕژیمی ئیسلامی یەک ئەگرنەوەو دەنگی ئەم ڕێژەیە ئەچێتە حسابی کۆماری ئیسلامییەوە. ئەم خەڵکە بەشداری نوێژی هەینی و هەڵبژاردن بە واجبی شەرعی دەزانن و پابەندی عاشورا و تاسوعا و زۆر پێوەندی دیکەی نێوان حاکمییەت و کۆمەڵگان.
توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا کە ڕۆڵی گرنگی لە تەحکیمی پێگەی ڕژیمی ئیسلامی هەبوەوهەیە، بازاڕە. لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بازاڕی ئێران باندۆری لە سەر دەسەڵات هەبوە. بازاڕیان بۆ پاراستنی سەروەت و سامانیان هەروەها ڕاگرتنی پرستیژی کۆمەڵایەتی پشت ئەستور بە بنەماکانی دین بون، بە واتایەکی دیکە توێژی بازاڕ خەڵکانی سوننەتی و دینی بون.لە هەمان کاتدا بە پێچەوانەی ئیستا کە بازاڕی ئێران لە دەستی گەنجان دایە، ئەوکات بازار لە دەست خەڵکانی تەمەن مام ناوەندی و بە ساڵاچودا بو. بە گشتی بازاڕ دژی ڕژیمی شا بو. کەسانی وەک ” اسداللە بادامچیان”، ” حبیب اللە عسکر اولادی”، و ” اسداللە لاجوردی ” لەو بازاڕیانە بون کە دوژمنی داخ لە دڵی ڕژیمی شا بون و دوای شۆڕش بونە کەسانی خاوەن پلە لە ڕژیمی ئیسلامیدا. لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا بازاڕیان ( زیاتر مەبەست بازاڕی تاران و ئیسفەهان و شارە گەورەکان ) پشت وپەنای ڕژیمی ئیسلامی بوون. بازاڕیانی ئێران ڕۆڵی گرنگیان لە ساپۆرتی ماڵی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا گێڕا. لە مێژووی ٣٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا بازاڕیان قەت بە دژی دەوڵەت ڕانەوەستاون، تەنانەت لە جەرەیانی بزوتنەوەی سەوزدا بازار وەفاداری خۆیان بۆ ڕژیم نیشان دا.
جگە لەو دو توێژە، تۆێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە موچەخۆر، کارمەند و بەشێکی خەڵکی ئاسایی بە حوکمی تێکەڵاوی بە یەک لە دامەزاوەکانی دەوڵەت لە ناو سیستمی بەرێوەبەری ڕژیم تواونەتەوە. بەشێکی دیکەی کۆمەڵگا کە پێوەندی ئورگانیک یا گرێدراوای بە حاکمییەتەوە نیە پاسیڤە. ئەم بەشەی کۆمەڵگا ـ جگە لەوانەی گرفتاری ماددەی هۆشبەرن کە بە ٥ ملوێن مەزەندە دەکرێت ـ لە ژیانی زڕق و برق ( تجملاتی ) و چاولێکەریدا تواونەتەوە. ئەمڕۆ ئێران یەک لە وڵاتانی بەکارهێنەری کەرەسەتەی ئاڕایشی ( ژنان ) و ئەلکولە ( پیاوان ). ئەم بەشەی کۆمەڵگا کەمتر لە گەڵ فەرهەنگی نیزام یەک ئەگرێتەوە بەڵام کەمترین دەرکیان لە سیاسەت هەیە. ویستی ئەم خەڵکە بە دەست هێنانی ئازادی فەردی یە. ڕژیم ئەم توێژەی کۆمەڵگای بە شێوەیەک سەرگەرم کردوە کە داخوازەکانیان ئاڕاستەی سیاسی بە خۆیەوە نەگرێت و لە ئوپوزسیون نزیک نەبێتەوە .
شۆڕشی جەماوەری:
سەرەڕای هەبوونی پێگە جەماوەییەکەی، ڕژیم تا ئێستاش مەترسی شۆڕشی جەماوەری لە سەر لانەچووەو بۆ مانەوەی خۆی پشت ئەستوربە هێزی ئەمنییەتی بەهێز بۆوە. لە هەلومەرجی ئیستادا توانایی ڕژیم بۆ بەرپەرچدانەوەی شۆڕشی جەماوەری بە هێزترە لە ئەگەری هەر شۆڕشێک. بە پێی هەندێ خوێندنەوە کە لە میدیاکاندا بەرچاو ئەکەون، ڕژیم لە تاران ٦٠ هەزار موتور سواری بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵک لە حاڵەتی شۆڕشدا هەیە. هێزی موتوڕ سوار ڕۆڵی گرنگی لە پرش و بڵاوە پێکردنی لایەنگرانی بزوتنەوەی سەوز لە سەرهەڵدانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ هەبو. لە لایەکی دیکەوە لە ٥ ساڵی ڕابردوودا کە ڕژیمی ئێران بەشێک لە شەڕی شاری، جەبهەیی و شەڕی چریکی سوریە مودیرییەت دەکا، ئەزمونی ئەو شەڕو بەربەرەکانێ یان بۆ وڵاتی خۆیان گواستوەتەوەو وەک دەرس ئەیڵێنەوە. ڕژیم ئەو بەرچاوڕونییەی هەیە کە لە ئەگەری ڕوودانی قەیرانێکی وەک سوریە لە وڵاتەکەی بۆ ماڵ ٢٠ ساڵ خۆی ڕابگرێت بە تایبەت کاتێک دەبینن ڕژیمێکی لاوازی وەک سوریە بۆ ماوەی ٥ ساڵە بەرگری دەکات.
سیاسەتی دەرەکی ڕژیم:
لە خوێندنەوی چەندین ساڵەی ئێمەدا ئێران وەک وڵاتێکی دابڕاوو بێ کاریگەر لە دنیادا بیندراوە. زۆربەی هەرەزۆر وانیشان دراوە کە سەرکێشییەکانی ئێران ئەبێتە هۆی هێرشی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئێمەش ڕزگارمان دەبێت. بە تایبەت لە دەورانی حوکمڕانی ئەحمەدی نژاد لامان وابو هەلی هێرشی دەرەکی ڕەخساوە. ئەحمەدی نژاد بە دیپلۆماسی تەهاجومی بارگرژی و مەترسی زۆری بۆ وڵاتانی دیکە دروست کرد. ئەحمەدی نژاد لە سەر ئەو باوەڕە بو کە دیپلۆماسی ” تنش زدایی ” کە سیاسەتی دەرەکی دەوڵەتی پێشوو ( دەوڵەتی محەممەد خاتەمی ) بوو وڵامدەر نەبوو سەرەڕای پەێرەو کردنی سیاسەتی نەرم دیسان ئێران بە وڵاتی ” محور شرارت ” ناسرا. دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد لای وابو کە دیپلۆماسی تەهاجومی ئەو توانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەو قەناعەتە بگەیەنێت تا وەک وڵاتێکی خاوەن هێز حسابی بۆ بکەن. دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد بە هەر هەڕەشەیەک کە لە سەر داخستنی گەروی هورمز لە کەنداو ئەیکرد نرخی نەوتی تا ڕاددەیەک ئەبردە سەرەوە بە چەشنێک بە هۆی ئەو سیاسەتەوە نرخی نەوتی تا ١٢٠ دۆلار بردە سەرەوە. هێزی دەریایی ئێران ئاوەکانی کەنداوی مین ڕێژ کردبوو.
ڕێکەوتنی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ژێر ناوی ” برجام ” سەرکەوتنێک بۆ ڕژیمی ئێران بە حساب دێت. ڕەنگە لێرەدا ناڕوونیێک لە هەڵسەنگاندی دیپلۆماسی تەهاجومی دەوڵەتی پێشوو دیپلۆماسی تەدافوعی دوڵەتی ئیستا دروست ببێت بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە هەر وەک سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا لە نێوان دو باڵی دیموکڕات و کۆماری خواز فەرقی هەیە، سیاسەتی دەرەکی ئێرانیش جیاوازی هەیە، بەڵام هەر دولا پرۆژەکانیان لە شوێنێکەوە دادەڕێژرێت. بەو تێبینییەوە کە لە قۆناغی ئیستادا قەیرانی ناوچەکە کۆمەڵیک گۆڕانی جیددی بە سەر سیاسەتی دەرەکی ئێران هێناوە. لە دوای بەرجام ئێران توانی مەترسی هێرشی نیزامی بۆ سەر خۆی کەم ڕەنگ بکاتەوەو بژاردەی هێرشی نیزامی ئەمریکا کە وێردی زمانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بوو چوەوە ژێر مێز. ئیستا پڕۆسەی جێ بەجێ کردنی بەرجام لە سەرەتادایە و گەر ئێران بە تەواوی مل بە ناوەرۆکی ئەو تەوافوقە بدات ئەوە ئێران بۆ ماوەیەکی دورودرێژ خۆی بیمە دەکاتەوە، تەنیا لە ئەگەری پابەند نەبوون بەو تەوافوقانەوە ئەکەوێتەوە ژێر فشاری وڵاتانی ڕۆژئاوایی.
پرسی نەتەوەیی لە ئێران:
پرسی نەتەوەیی لە ئێران پێچاوپێچترین پرسی سیاسی ئێرانە. ئەگەر جوڵەیەکی سیاسی و جەماوەری لە ئێراندا هەبێت و ڕژیم لێی بترسێت، پرسی نەتەوەکانی ئێرانە. بەڵام ئەوەش ڕوونە کە ڕژیم پلانی ڕوبەڕوبوەنەوەی هەیە. پێش ئەوەی بێمە سەر شێوازی بەربەرەکانێی ڕژیم لە گەڵ ئەم مژارەدا هەوڵ ئەدەم لاوازییەکانی نەتەوەکان لە ئێران دەست نیشان بکەم.
پێوەندی ئەحزابی ئێرانی لە گەڵ نەتەوەکانی ئێران:
ئەحزابی سیاسی ئێرانی لە تاراوگە بە نیسبەت نەتەوەکانی دیکەوە هاوشێوەی دەوڵەتی ئێران بیردەکەنەوەو دابەش بوونی ئێران دەغدەغەی ئەوانیشە. بۆ نمونە هەرکات مەسەلەی هێرشی دەرەکی بۆ ئێران جیددی بوە ئەوان لە گەڵ ڕژیمی ئێران یەک دەگرن. بزوتنەوەی سەوز لە ئێران شتێکی بە ناوی ئوپوزسیونی ئێرانی نەهێشتەوەو باندۆری خراپی لە سەریان هەبو. بە باوەڕی من پاشەکشەی سەوزەکان لە هەمبەر دەسەڵات تەنیا لە ترسی قۆستنەوەی بارودۆخەکە لە لایەن نەتەوەکانی دیکەی ئێران بو. لە قۆناغی ئیستادا پێوەندی نێوان ئەحزابی ئێرانی و کورد گرنگی جارانی نەماوە. حیزبی ئێرانی چەسپاوە بە نەتەوەگەرایی فارسەوەو، ئەحزابی نەتەوەکانی دیکەش زیاتر لە هاوکارای لە گەڵ یەکتردان. بۆیە ئەمڕۆ کەلێنێکی قوڵ لە نێوان نەتەوەی باڵادەست و نەتەوەکانی دیکە دروست بوە.
تورکانی ئازەربایجان: دوای نەتەوەی باڵادەست، تورکەکان نەتەوەی دووهەمی پێکهاتەی ئێرانن. ئازەرییەکان لە بەر ئەوەی بنگەی نەتەوەیی خۆیان بە تورکەکانەوە ببەستنەوە خۆیان وەک تورک پێناسە دەکەن. هەستی نەتەوەیی ئازەرییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵکشاوە بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە تورکەکانیش وەک باقی نەتەوەکانی ئێران یەک دەست نین. مەسەلەن هەستی نەتەوەیی خەڵکی پارێزگاکانی قەزوێن، زەنجان وهەمەدان وەک پارێزگاکانی ئەردەبیل، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەهێز نیە. بازاری تاران کە پێشتر باسم کرد بەشێکی زۆریان تورکن لە خزمەت سیاسەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدان. ڕژیم بۆ سەرکوتی گەلی کورد لە تورکەکان کەڵک وەردەگرێت و لە هەمان کاتدا بۆ ڕازی کردنیان پلەو مەنسەبی دەوڵەتی پێ داون. لەم دواییانەدا دەوڵەت سیاسەتی کورد هەراسی لە ناو تورکەکاندا بەهێز کردوە تا لەو ڕێگایەوە زیاتر گرێداوی خۆیانی بکات. پێویستە بە بیر بێنمەو بە دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ڕووحانی ڕژیم تورکەکانی بەوە ترساند کە پۆستی پارێزگای کوردستان دەداتە کوردێک! ئەو مەوزوعە تەنیا بۆ ترساندنی ئەوان بو. لە چەند ساڵی رابردوودا ئازەرییەکان کەوتنە ژێر باندۆری گەشەی سیاسی و فەرهەنگی ئازەربایجانی باکوور و ئێران لەوە دەترسا و زیاتر هەوڵی دا لە ڕێگای کوردەکانەوە بیانترسێنێ بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەمو وزەی تورک بو دوژمنایەتی کورد تەیار کردوە.
ئێران هەمیشە لە باندۆری وڵاتی کۆماری ئازەربایجان لە سەر ئازەرییەکانی ئێران نیگەران بوەو هەیە، بۆیە بەردەوام هەوڵی نائارام هێشتنەوەی ئەو وڵاتەی داوە. پێویستە بڵێم داڕێژەرەی سیاسەتی ئەمنییەتی ئێران لە ئازەربایجان حاجی ئاغا محەممەدییە کە لە باشووری کوردستان بە حاجی مەتەڕی ناسراوە. قەیرانی ناوچەکە و پێوەندی ستراتژی نێوان ڕوسیە و ئێران پێویستی گۆڕانی لە سەر سیاسەتی ئێران بە نیسبەت ئازەربایجانەوە دروست کردوە. نزیک مانگێک پێش ئیستا کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی نێوان ئێران، ئازەربایجان و ڕوسیە ئەنجام دراو پلانی درێژخایەن بۆ پێوەندی ئابوری و ستراتژیک دارێژرا. بە پێێ ئەو پلانە ئازەربایجان وەک کریدۆرێکی ترانزیتی کەڵکی لێ وەردەگیرێت و لە ڕێگای ئازەربایجانەوە ڕوسیە دەستی بە کەنداو ڕادەگات و و ئێران بە ئوروپای شەرقی. ئەم سیاسەتەی ئێران چ باندۆرێکی لە سەر ئازەرییەکانی ئێران هەبێت هێشتا دیار نیە، بەڵام لەوانەیە پشت جەبهە لە ئازەرییەکانی ئێران بگرێت. ئەگەر تورکیە لە سوریە شکست بخوات وڵاتی ئازەربایجان لەوانەیە مل بەم پڕۆژە بدات و کەمتر لە سەر تورکیە حساب بکات. بە تایبەت ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان دو وڵاتی ئێران و ڕوسیە بۆ ئازەربایجان گرنگە. بەم جۆرە بە نزیکایەتی لە گەڵ ئازەربایجان ئێران دەروازەیەکی گەورەی بە ڕوودا دەکرێتەوە.
کورد وەک نەتەوەی سێهەم لە ئێڕان بە هۆی گۆڕانکاری ناوچەکەو بە ڕۆژەڤ بونی مەسەلەی کورد لە ئاستی گشتیدا بوەتە مژارێکی جیددی وهەست پێدەکرێت ڕژیم بە شێوەی نەرم مامەڵە لە گەڵ ئەم مەسەلەیەدا دەکات. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کورد لە ئێران بە پێچەوانەی عەرەب و تورک مەترسی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ویەک پارچەیی خاکی ئێران نیە، بەڵام ڕژیمی ئێران لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی کوردی پارچەکانی دیکە دەترسێت. ڕاستە کە مەسەلەی کورد لە ئێران وەک پێویست کارا نیە بەڵام ئەگەر واقعبینانە بۆ پرسی کورد بڕوانین، دەستکەوتی کورد لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەمی دەخاڵەتی دەرەکی یە نەک وزەی کورد. لە مێژوویشدا دروست بونی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٥ بەرهەمی داگیرکرانی ئێران لە لایەن سەرکەوتوانی شەڕی جیهانی دووهەمەوە بو. کورد لە ئێران بە نیسبەت کوردی باشوورەوە هەلی زۆر کەم بۆ ڕەخساوە. کۆماری کوردستان تا شۆڕشی ١٩٧٩ ٣٧ ساڵی خایاند. لە دوای شۆڕشی ٧٩ تا ئیستا ٣٧ ساڵ تێدپەڕێت. لە تورکیە کە هەلی لەو چەشنە بە دوای هەڵوەشانی ئیمپراتۆری عوسمانی هاتە ئاراوە کەڵکی لێ وەرنەگیرا و بگرە بە ئاڕاستەی نیگەتیڤیش هەنگاو هەڵهێندرایەوە. مەوزوعێکی دیکە کە پێوەندی بە ناوخۆی کوردستانەوە هەیە ئەوەیە کە کوردیش وەک تورکەکان یەکدەست نین و ویستی نەتەوەیی لە هەمو خەڵکی کوردستان وەک یەک نیە.
عەرەبەکان: عەرەبەکان وەک نەتەوەی چوارەم لە ئێران تەنیا نەتەوەیەکن کە یەکدەستن. چونکە لە باری زمانیی و نژادییەوە هیچ ئیشتراکێکیان لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە نیە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئەگەرچی عەرەبەکانی ئێران شیعە و سونین بەڵام مەزهەب کاریگەری زۆری لە سەر هەستی نەتەوەیی ئەوان نیە. هەڵکەوتەی جوغڕافییای وسەروەت و سامانی ناوچەی عەرەبەکان لایەنێکی دیکەی گرنگی ناوچەی عەرەبەکانە. ڕژیم کە ناتوانی بەرگی ئاریایی بوون و هاونەتەوەیی بە بەر عەرەبەکاندا بکات لە چەندین ساڵی ڕابردوودا بە تەفریس کردن و بە تایبەت نیشتەجێ کردنی بەختیارییەکان لە ناوچە عەرەبییەکان دموگرافی ئەو ناوچانەی گۆڕیوە.
بەلووچ و تورکمانەکانیش وەک دو نەتەوەی کەم حەشیمەت یەکدەست نین و بە سەر دو مەزهەبی شیعە و سوننی دابەش دەبن و ئاستی نەتەوەچییەتییان وەک یەک نیە.
دواڕۆژی کورد لە ئێران:
دەبێ قەبوڵ بکەین، پرسی کورد لە ئێران لە ئاستی جیهانیدا مەوزوعییەتی نیە. خەباتێکی بەهێز نیە کە پرسی کورد لە ئێران بخاتە ڕۆژەڤی کۆمەڵگای جیهانییەوە. لە قۆناغی ئیستادا شانسی کورد لە ئێران لە دەستکەوتی کوردی پارچەکانی دیکەیە. هەمو نیشانەکان ئەوە دەگەیەنن کە عێراق و سوریە دابەش ئەبن. دواڕۆژی سوریە سیاسەتی ڕژیمی ئێران لە هەمبەر کورد دادەڕێژێت. بە واتایەکی دیکە سوریە خاڵی وەرچەرخانی سیاسەتی دەرەکی ئێرانە. بژاردەی یەکەمی ئێران لە سوریە مانەوەی ڕژیمی بەشار ئەسەد یا دەسەڵاتێکی هاوشێوەی ئەوە. جگە لەوەو لە ئەگەری ڕووخانی ڕژیمی بەشارئەسەد، تەرجیحی ئێران دابەش بوونی ئەو وڵاتەیە. لە ئەگەر دابەش بوونی سوریە، تاکە ڕێگای ئێران بۆ ڕاگرتنی هێژمونی خۆی لە ناوچەکە تەعامول لە گەڵ هەرێمی باشورو ڕۆژئاوای کوردستانە. ئەوەش پێویستی بە کرانەوە فەزای سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. لە ئەگەری خۆگونجاندنی ئێران لە گەڵ کوردەکان، ئێران دەتوانێت یەکەم لە ڕێگای کوردستانەوە دەستی بگاتە لێوارەکانی دەریای ناوەڕاست و دووهەم جێی تورکیە لە هەمبەر کوردەکان بگرێتەوە. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا دیپلۆماسی ئێران لە پێوەند لە گەڵ وڵاتی ئازەربایجان بەم شێوە بەرچاو ئەکەوێت و لە ئەگەری پەیڕەو کردنی ئەو دو سیاسەتە ئێران دو دەروازەی گەورە بە ڕووی خۆیدا دەکاتەوە.
وزەی کورد لە هەمبەر ئێڕان:
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە هەندێ چالاکی ناوخۆو وەک بەرەی یەکگرتووی کوردو ڕەوتی چاکسازی خوازان، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە لە قاڵبی چەند خەت و ڕێبازی جیاوازدا وجوودیان هەیە. ١. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، ٢. کۆمەڵە باڵی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران ٣. ئەحزابی فیدڕاڵی خواز وەک حدکا، حدک، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان. ٤ ئەحزابی بچووکی ئیسلامی و سەربەخۆیی خواز.
جگە لە کۆمەڵەی باڵی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران و پەژاک تێکڕای ئەوانی دیکە، لە چەندین ساڵی ڕابردوودا چاوەڕوانی هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێران بوون. بە ئاکام گەیشتنی موزاکرەی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ٥ کۆ یەک ئەم خەونەی لایەنگرانی هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێرانی کەم ڕەنگ کردوە.
بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی زاڵ لە ناو بەشێکی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لایان وایە سەربەخۆیی باشووری کوردستان ئەبێتە پشتیوان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ ئەگەرچی سەربەخۆیی باشوور یا هەر بەشێکی دیکەی کوردستان لە سەر ئیرادەی گەلی کورد لە ڕۆژهەلات کاریگەری دەبێت ـ بەڵام سەربەخۆیی باشووری کوردستان پانتای مانەوەی ئەحزابی کوردی ڕۆژهەلآت بەرتەسک ئەکاتەوە. چونکە مانەوەی پارتەکانی ڕۆژهەڵات تا ئیستا لە چوارچێوەی ناسەقامگیری و بۆشایی دەسەڵات تەعریف دەکرێت و گەر باشور بەرەو سەربەخۆیی بروات دەبێ پابەندی پێوانە نێونەتەوەییەکان لە هەمبەر مافی وڵاتانی دراوسێ بێت. بە تایبەت پێوەندی ئابوری پیویستی بە ئەمنییەتی دولایەنە هەیە. هەمومان لە بیرمانە کە ساڵی ١٩٩٩ تورکیە بە بیانووی هەبونی پ.ک.ک لە سوریە لەشکرکێشی بۆ سەر سوریە کرد و ئەو وڵاتەی ملکەچ کرد تا پ.ک.ک لە وڵاتەکەی دەربکت. ئەم مەترسییەش مومکینە لە دواڕۆژدا لە سەر باشووری کوردستان ببێت، بۆیە زەحمەتە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور لە دواڕۆژدا لەوەی کە ئیستا هەن زیاتر قودرەت مانۆڕیان هەبێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە چارەسەری مەسەلەی کورد لە تورکیە لە ئارادا بو چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە هێزی پ.ک.ک بە دژی ئێران بجوڵێت، بە تایبەت کاتێک ئۆجەلان لە زیندانەوە پێشنیاری دروست کردنی هێزێکی گەریلایی٥٠ هەزار کەسی بۆ پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابو. بەڵام سەرنەکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی نێوان پ.ک.ک و تورکیە و هەروەها ڕۆژئاوای کوردستان ئەو چاوەڕوانییەی بەتاڵ کردەوە. شەڕ کردن لە دوبەرەداو تەوافوقی پشتی پەردەی نێوان ئێران و پ.ک.ک بە پێی تایبەتمەندی قەیرانی سوریە و بلۆکبەندییەکان ڕۆڵی پەژاکی بەرتەسک کردەوە و تەنیا لە ئەگەر چارسەری سیاسی مەسەلەی کورد لە باکور پەژاک بە دەستی ئاواڵاوە خەباتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرفراوان بکاتەوە.
بە گشتی جگە لە پەژاک کە بە پێی بڕیاراتی حیزبی دایک و سەرئەنجامی داهاتووی کورد لە ڕۆژئاواو باکور هەنگاو دەنێت، ئەوانی دیکە چەند ڕێگەیان لە پێشە. یەکەم ئەوەی کە پشت ئەستور بە وزەی خۆیان، خۆیان بۆ خەباتێکی توندوتوڵ ئامادە بکەن، چاوەڕوانی تەسبیتی باشوری کوردستان نەبن، شەڕ بکەن بۆ ئەوەی ئاکامێکی هەرچەند لاوازی وەک ئەوەی لە تورکیە لە نێوان پ.ک.ک و دەوڵەتی تورکیە هەیە بە دەست بخەن. دووهەم ئەوەی کە قەوارەی ڕێکخراوەیی خۆیان هەڵوەشێننەوە و لە چوارچێوەی سیاسیدا کاری خۆیان درێژە پی بدەن و چیدی ستراتژی چاوەڕوانی پەیڕەو نەکەن. کورت و جەوهەری داهاتووی ڕژیم بەم زوانە گۆڕانی بە سەردا نایەت و هەمو نیشانەکان ئەوە دەگەیەنن کە ڕژیم توانایی جێژن گرتنی یوبیل هەیە. گەر بێت و گٶڕانێکی کتوپڕی بێتە ئاراوە بێ گومان دروست کردنەوەی هێزی چەکدار بۆ حیزبەکان کارێکی قورس نیە.