ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی جۆزەردان، پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، لە ناڕەزایەتی بە پشتگوێ خستن و بێ ماف کردنیان لە لایەن ڕێکخراوی پەنابەریی UN، لە بەردەم بنکەی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیە لە شاری سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان وەڕێخست.
ئەو ناڕەزایەتییە ماوەی دوو ڕۆژە دەستی پێکردووە و هەروا بەردەوامە.
ناڕازیان هۆکاری ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ڕێکخراوی UN تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بە داخوازیی پەنابەرانی ناڕازی نەداوەتەوە و ئەوانیش دەڵێن تا بە ئاکام گەیشتنی ئەم داخوازییانە لە کۆبوونەوە و ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەردەوام دەبین.
جێگای ئاماژەیە، ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی کارکردن ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە UN و ڕێکخراوە پەنابەرییەکانی دیکەش، بۆ وەرگرتنی موڵەتی دانیشتن و کارئاسانی کردن بۆ ئەو پەنابەرانە کەمتەرخەم بوون و ئەمەش ناڕەزایەتی ئەو پەنابەرانەی لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوە: ئاسۆی ڕۆژهەڵات