هێرۆ برایم ئەحمەد نامەی سەرەخۆشی بۆ بەشار ئەسەد نارد

0
974

دوا بەدوای کرانەوەی بنکەی ڕۆشنبیری بەناوی خومەینی لە کەرکووک لە لایەن باڵی هیرۆ برایم ئەحمەد و بە دەستی نەجمەددین کەریم پارێزگاری کەرکووک، هێرۆ برایم ئەحمەد نامەیەکی بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەنیسە مەخلوف، دایكی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا، نامەیەکی سەرەخۆشی بۆ ئەسەد نارد.

شایانی ئاماژەیە کە کرانەوەی مەڵبەندی ڕەوشەنبیری بە ناوی خومەینی کە فتوای جیهادی بە دژی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەکردووە، هەڵوێستی تووندی خۆرهەڵاتییەکانی لێکەوتەوە.

لەو نامەیەدا کە هیرۆ برایم ئەحمەد تێیدا خۆی بە خوشکی بەشار ئەسەد ناو دەبات و بە سەردێڕی (برای بەڕێز دکتۆر بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری عەرەبیی سووریا) ناردوویەتی، باس لە ساڵانێک  برایەتی و ھاوڕێیەتیی نێوان خۆیان و ئەسەد دەکات و دەڵێ بەردەوام بە خێر و ئاشتی و کاری ھاوبەش کۆیکردینەوە، بەو جۆرەی بەرژەوەندی ھەردوو گەلەکەمان و سەقامگیری و پێشکەوتنی ناوچەکەی تێدایە.

هێرۆ خانی خێزانی مام جەلال و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، کە ئەم ڕۆژانە بە هۆی نزیک بوونەوەی یەکجار زۆری لە میحوەری شیعە و ئێران و دەست تێدابوون لە ساز دانی حەشدی شەعبی و ڕاوەستان بە دژی سەربەخۆیی هەرێمی باشووری کوردستان، ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازندە بۆتەوە، ئەسەد بە سەرۆک ناو دەبات و داوا دەکات گەلی سووریا بە ئاشتی و ئازادی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بگات.

دەقی نامەی هێرۆخان بۆ ئەسەد بەو شێوەی خوارەوەیە: 

برای بەڕێز دکتۆر بەشار ئەسەد
سەرۆککۆماری عەرەبیی سووریا

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (ئەنیسە مەخلوف)ی دایکی بەڕێزتانمان بیست، کە ئەوپەڕی ھەستی رێز و سوپاسگوزاری و خۆشەویستی و یادکردنەوەمان بۆ خۆی و گیانی سەرۆکی کۆچکردوو حافز ئەسەد ھەیە.

ئەو ھەستە مەزنەی کە لە کانگای ویژدانەوە ھەڵقوڵاوە، بەرھەمی ساڵانێک لە برایەتی و ھاوڕێیەتییە، کە بەردەوام بە خێر و ئاشتی و کاری ھاوبەش کۆیکردینەوە، بەو جۆرەی بەرژەوەندی ھەردوو گەلەکەمان و سەقامگیری و پێشکەوتنی ناوچەکەی تێدایە.

جەنابی سەرۆک، لەم بۆنە ناخۆشەدا جەخت لەسەر بەھێزیی ھەستی برایەتی و ھاوڕێیەتی دەکەینەوە، لە ناخیشەوە سەرەخۆشی ئاراستەی خۆتان و خانەوادە بەڕێزەکەتان دەکەین، داواش لە خوای گەورە دەکەین سەبر و ئارامیتان پێ ببەخشێت و کۆچکردووی پایەبەرزیش بەر رەحمەتی خۆی بخات و شوێنیشی بەھەشتی بەرین بێت، گەلی سووریاش بە ئاشتی و ئازادی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بگات، ئێمە زۆر باش دەزانین گەلی سووریای مەزن کە ھەودای ئاشتی و سەقامگیرین دوچاری گەورەترین نەھامەتی بووەتەوە کە زۆر بۆی بە ئازارین، داوا لە خوای گەورە و میھرەبان دەکەین ئەم گەلە ئەو قۆناخە سەختە تێپەڕێنێت و بگاتە کەناری ئارام و ژیانێکی خۆش کە شایستەیەتی.

خوشکتان
ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد
10-2-2016

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.