هێرشی هاوكاتی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی توركیه‌ و سۆپای ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌ باكوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

0
1383

ڕۆژی كورد :
ڕاپۆرته‌كان له ناوه‌نده‌ هه‌واڵنێرییه‌كانی كوردستان باس له‌ هێرشی هاوكاتی فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی توركیه‌ و هێزی تۆپخانه‌ی سۆپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی “چۆمان” و به‌رزاییه‌كانی “حاجی ئۆمه‌ران” هه‌ڵكه‌وتوو له‌ باكووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. هاوكات فڕۆكه‌ پشكێنه‌ره‌كانی سیخۆڕی سه‌رقاڵی فڕین له‌و ناچه‌دان.

هێزه‌كانی توركیه‌ و ئێران ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی حۆزه‌یران به‌ شێوازێكی هاوكات و له‌ پێشدا دیاریكراو هه‌ڵیانكۆتایه‌ سه‌ر ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی كوردستانی باشوور و هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی چۆمان و به‌رزاییه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی باشوور. فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی سۆپای توركیه‌ هیرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران له‌ نزیكه‌ی ١٦٠ كیلۆمه‌تری شاری “هه‌ولێر” پێته‌ختی هه‌ریمی كوردستانی باشوور و هاوكات و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هیزه‌ پێوه‌ندیداره‌ زه‌وینییه‌كانی سه‌ر به‌ سۆپای پاسدرانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی چۆمان كه‌ له‌ نزیك سنووره‌كانی ئێران و هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه‌ و نزیك به‌ شاری “سۆلێمانییه”‌ له‌ باشووری كوردستانه. تا ئێستاش دیار نییه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هیرشانه‌ چه‌ند كه‌س كوژراو یان بریندار هه‌یه‌.
فرۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی سۆپای توركیه‌ شه‌وی دوشه‌ممه‌ هێرشه‌كانی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌ك له‌ ژێر ناوی چرنۆكی هه‌ڵۆ به‌ بۆردوومانی به‌ربڵاوی شوێنه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌م  ناوچه‌ ده‌سپێكرد. له‌م هێرشانه‌دا گوندێكی ئیزه‌دییان ناوچه‌ی سه‌نجار و شوێنی مانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌ نزیك شاری مه‌خموور كه‌وته‌ به‌ر ئامانجی هیرشه‌كان و دوابه‌دوای ئه‌و هیرشانه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌بووغه‌یز، سكرێتێری گشتیی یه‌كیه‌تی عه‌ره‌ب چالاكی سه‌ربازی سۆپای توركیای له‌و ناوچانه‌ به‌ توندی ئیدانه و مه‌حكووم‌ كرد.
به‌ڵام هاوكات و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هێرشه‌كانی سۆپای پاسدارانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌ی چۆمان به‌ره‌و ڕووی ڕه‌خنه‌ی كه‌متر بووه‌ته‌وه‌ و به‌ پێی وته‌ی ماڵپه‌ڕی بۆڵته‌ن نیووز سه‌ر به‌ ئه‌نجۆمه‌نه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی و ڕه‌وشی بنه‌ماخوازانی تۆندئاژۆ سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی ڕژیمی ئێران بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ نووسیویه‌تی : سۆپای پاسداران چه‌ندین جار به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فێدراڵی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و هۆشداری پێداون كه‌ به‌رگری بكه‌ن له‌ چالاكییه‌كانی گرووپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی نزیك سنووره‌كانی ئێران به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كرده‌وه‌ دا هیچ كات به‌رگری له‌ چالاكییه‌كانی ئه‌م هێزه‌ و پارته‌ چه‌كدارییانه‌ نه‌كردووه‌ و ڕێگری لێ نه‌كردوون. هاوكات به‌رپرسانی حكوومه‌تی عیراقی فێدراڵ به‌ ده‌یان جار تاوانبار كرون به‌ هاوكاری له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و له‌ لایه‌كی دیكه‌ش هێرش بۆ سه‌ر باره‌گا و ناوه‌ند و ده‌فته‌ر سیاسی پارت و حیزبه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستانی باشوور كه‌ كۆماری ئیسلامیی به‌ فه‌رمیی به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و هیرشانه‌ی وه‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ و هاوكات تێرۆری چه‌ندین كه‌سایه‌تیی له‌ كادر و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و حیزب و ڕێكخراوانه‌ به‌ ده‌ستی تێرۆریسته‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران.
له‌ هه‌مان كاتدا پاڕله‌مانی گشتیی عێراقی فێدراڵ هێرشی هیزه‌ ئاسمانییه‌كانی توركیای بۆ سه‌ر ناوچه‌ باكورییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ توندی مه‌حكووم كردووه‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیای به‌ له‌ ژێر پێنانی ئاشكرای مافی ده‌سه‌ڵاتداری و سه‌روه‌ری عێراقی فێدراڵ ناو بردووه‌ و له‌ درێژه‌ی بڵاوكراوه‌كه‌ی پاڕله‌مانی عێراقی فێدراڵ دا هاتووه‌ كه‌ هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سۆپای توركیه‌ بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی باشووری كوردستان و خاكی وڵاتی عێراقی فێدراڵ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاشكرا و دووباره‌یه‌ دژی ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی ئه‌و وڵاته‌ و داوایان له‌ حكوومه‌تی عیراقی فێدراڵ كردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ بۆ به‌رگری له‌و هێرشانه‌ و به‌رگری له‌ دووپات بونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستدریژی و هیرشانه‌ بۆ سه‌ر خاكی ولاتی عیراقی فێدراڵ. به‌ڵام له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هیرشه‌كانی سۆپای پاسدارانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هیچ كاردانه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌رچاوی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاشكرا هه‌م لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی باشووری كوردستان و هه‌میش‌ لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراقی فێدراڵ چاوی خۆیان له‌ ئاست ئه‌و ده‌ستدرێژی و هیرشانه‌ داخستووه‌ و گوێی خۆیان لێ كه‌ڕ كردووه‌ و هیچ هه‌ڵویستێكی تایبه‌تیان به‌رانبه‌ر به‌و هێرشه‌ ناڕه‌وا و ناشایسته‌ نه‌گرتووه‌.
 هاوكات بوونی هێرشه‌كانی سۆپای پاسدارنی ڕژیمی ئێران و هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی سۆپای توركیه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی باشووری كوردستان به‌ پێی بیر و ڕای چاوه‌دێرانی سیاسی ناوچه‌كه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتنێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان “محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف”، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران و و “مه‌ولوود چاوش ئۆغڵوو”، هاوتای توركی ناوبراو وه‌كوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی توركیه‌ كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕیكه‌وتی ١٥ی حۆزه‌یران له‌ دیدار و چاوپێكه‌وتنی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ له‌ شاری ئانكارا پێته‌ختی وڵاتی توركیه‌ له‌ سه‌ر هاوكارییه‌كی هاوبه‌شی ئه‌و دوو ڵاته‌ “دژی تێرۆریسم” به‌ ئه‌نجام گه‌یشتبوو، که‌ جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌ سه‌ر هاوكاری هاوبه‌ش و كۆمه‌ڵه‌ هێرشێكی هاوبه‌ش بۆ سه‌ر لایه‌نه‌ دژبه‌ره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاته‌كانیان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی باشوور.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوویه‌كیه‌تی ئه‌وروپا داوای له‌ ئێران كرد كه‌ پابه‌ندی بڕیاره‌كانی به‌رجام بێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی خۆی له‌و ڕیكه‌وتننامه‌دا
بابەتی دواترهێرش بۆ سه‌ر ئه‌ندامی پیشووی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له‌ وڵاتی هۆڵه‌ند

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.