شه‌ڕ و ئاڵۆزیی له باكووری كوردستان، به‌رده‌وامه‌و به‌هۆی چوونه ناوه‌وه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كانی توركیا بۆ ناو كۆڵان و گهڕهكاكانی شارۆچكه كوردییه‌كان پێكدادانه‌كان و ئاڵۆزییه‌كان زیاتر په‌ره ده‌سێنن.
هاوكات ئه‌مڕۆ له شاری ئامه‌د، به به‌شداریی ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڵاتییان و په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په، خۆپیشاندانێكی به‌رفراوان ئه‌نجامدرا له‌دژی به‌رده‌وامی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له ناوچه‌ی سورو شاره كوردییه‌كانی تر، وته‌بێژی هه‌ده‌په‌ش ده‌ڵێت: چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه به چۆڵكردنی شاره‌كان نابێت.
شه‌ڕ و ئاڵۆزیی له باكووری كوردستان، به‌رده‌وامه‌و سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا له شارۆچكه‌ی سلۆپی و شرنا‌خ، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ماڵی هاوڵاتییان و ئابلوقه‌ی ئه‌و دوو شارۆچكه‌یه ده‌ده‌ن.
به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كانی توركیاوه له شارۆچكه‌ی سلۆپی سه‌ر به پاریزگای شرنا‌خ هاوڵاتیه‌كی ته‌مه‌ن ٧٠ ساڵ كوژرا.
له لایه‌كی دیكه‌وه، له ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له شاری به‌دلیسی باكووری كوردستان ئۆتۆمبێلیكی سه‌ربازیی سوپای توركیای كرایه ئامانج و به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه دوو سه‌ربازی توركیا كوژران و 6 سه‌ربازی دیكه‌ش بریندار بوون.
ماڵپه‌ڕی هاوار نیوزی نزیك له په‌كه‌كه بڵاوی كردوه‌ته‌وه، حكومه‌تی توركیا به سه‌دان سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی شارۆچكه‌ی گه‌ڤه‌ری پارێزگای جوله‌مێرگ كردوه‌و به ده‌یان زرێپۆش و تانك پشتیوانیی ده‌كرێن, له ئۆپهراسێۆنێكی هێزه ئه‌منییه‌كانیشدا 13 كه‌س له‌و شارۆچكه‌یه ده‌ستگیران.
لای خۆشیه‌وه ئایهان بیلگه‌ن وته‌بێژی هه‌ده‌په، له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: پێویسته بۆ ئاساییكردنهوی دۆخه‌كه، ده‌ستبه‌جێ ژیان له شاره‌كان ئاسایی بكرێته‌وه.
وتیشی: چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه، به چۆڵكردنی شاره‌كان نابێت و پێویسته بۆ چاره‌سه‌ری ڕه‌وشی ئاڵۆزی ناوچه‌كان، ده‌ستبه‌جێ پێداویستییه‌كانی ئاساییبوونه‌وه‌ی ژیان له شاره‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێن.
له ناوچه‌ی سوری ئامه‌دیش بۆ ٢١ مین رۆژ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وامه‌و به‌هۆی پێكدادانه‌كانی نێوان هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا‌و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه سه‌ربازێكی تورك كوژرا.
ئاژانسی هه‌واڵی CNN تورك له هه‌واڵێكیدا ئاماژه‌ی بهوهكردوه، له ئێستادا به هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزیه‌كانه‌وه دانیشتوانی ناوچه‌ی سور بوه‌ته چه‌ند هه‌زار كه‌سێك ، به‌و پێیه‌ش ژماره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه به رێژه‌ی %٩٠ كه‌مبوه‌ته‌وه.
هاوكات له شاری ئامه‌د، هاوڵاتییان به به‌شداریی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په، خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا له دژی مامه‌ڵه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كانی توركیا له ناوچه كوردییه‌كان، خۆپیشانده‌ران داوایانده‌كرد قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ناوچه كوردییه‌كان كۆتایی پێبهێنرێت.
ناوچه نائارامه‌كانی باكووری كوردستان
پارێزگای ئامه‌د؛ ناوچه‌ی سوور به چه‌قی پێكدادانه‌كانی پارێزگاكه داده‌نرێت و هاتوچۆی تێدا قه‌ده‌غه كراوه، ئه‌ویش دوای تیرۆركردنی تاهیر ئه‌لچی سه‌رۆكی ژووری پارێزه‌رانی ئامه‌د.
پارێزگای شرنا‌خ؛ هه‌ردوو شارۆچكه‌ی سلۆپی و جزیره، هاتوچۆیان تێدا قه‌ده‌غه كراوه و له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه گهمارۆدراونو به‌وهۆیه‌وه پێكدادانه‌كان ئاڵۆزتر بوون.
پارێزگای ماردین؛ له ناوچه‌ی نسێبین و كه‌ربۆران قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وامه‌و شه‌ڕو پێكدادان به‌رده‌وامه‌و هێزه ئه‌منییه‌كانیش به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ته‌قه له هاوڵاتییان ده‌كه‌ن.
له‌و باره‌وه
ڕێکخراوی داکۆکی مافی مرۆڤی کوردستان لە دوو توێی بەیاننامەیەکدا داوای لە خەڵکی جیهان کردووە کە چاوی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر هەڵسوکەوت و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرکوتکەرانە، تیرۆریست پەروەرانە و شەڕ هەڵخڕانەی تورکیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت لەگەڵ خەڵکی کورد نەنووقێنن.
دەقی بەیاننامەیەكه به‌م چه‌شنه‌یه
لە”باکوور” کوردستانی تورکیە و لانیکەم لە ٢٤ پارێزگادا، شوێنێک کە هێشتا ٢٢ میلیۆن کوردی نیشتەجێی ئەوێ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە حاشایان لێ دەکرێت، بەداخەوە لەئێستادا شەڕێکی نا دادپەروەرانە و نایەکسان لەئارادایە. بە هەڵوەشانەوەی ئاشتی ڕاگەیەندراو لەلایەن بەڕێز عەبدوڵلا عوجالان، حیزبی کرێکارانی کوردستان و کوردەکان، حکوومەتی تورکیا شەڕێکی قورسی دژی خەڵکی کورد دەست پێکردووە و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە بەستنی شمشێر لە ڕووە بە خەڵکی کوردی وتووە :” هەتا وەدەرنانی هەموو هێزەکانی بەرەنگار و تێکۆشەری کورد لە شارەکانی کوردستان و هەتا لەنێو بردنی یەکجاری ئەوان شەڕ دریژەی دەبێت.”
حکوومەتی تورکیا بە هێنانی هێز و ڕەوانە کردنی ١٠ هەزار هێزی پڕچەک بە چەکی پێشکەوتوو و تانک و کۆپتەر بۆ کوردستان، لە جەرگەی ئاژاواەنانەوەکانی شەڕکەرانی داعش و ئەلنەسرە و هاوپەیمانەکانی ئەوان لەوڵاتی عیراق و سوریا وڕاست لەکاتێکدا خەلکی جیهان چاویان بڕیوەتە کوشت و بڕ و هەڵس و کەوتە هۆڤانەکانی داعش، هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی کورد و لە “باکوور” شەڕی هەڵگیرساندووە. حکوومەتی تورکیا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەرکردنی ئەندامانی “پە کە کە” لە شارەکان و ناوندە خۆسەرەکانی هاووڵاتیانی خۆجێی و شاری دیاربەکر، ماردین، شێرناخ، بۆتان، سیوور، جەزیرە و نسیبەین هێرشی نیزامی خۆی دەست پێکردووە.
لەو هێرشانەدا هەتا ئێستا دەیان کەس لە هاووڵاتیانی مەدەنی کوژراون و ڕێژەیەکی زۆریش بریندار بوون و یان دەستبەسەر کراون. هاوکات لەگەڵ هێرشی هێزە نیزامییەکان بۆ کوردستان و ڕاگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی و حکوومەت نیزامی لەهێندیک لە ناوچەکان توندوتیژی، تیرۆر، قەتڵی سیاسی و هەڕەشە لە ڕێبەرانی حیزب و دامەزراوە مەدەنییە و ناوچەییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەستپێکردنی سەر لەنوێی شەڕ لە “باکوور” و سەرکوت و کوشت و بڕی خەڵکی کورد لەلایەن حکوومەتی تورکیا و هاوکاتبوونی لەگەڵ هێرشی داعش و هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر هەریمی کوردستان لەعێراق و”رۆژئاوا” لە سوریا بە درێژە و جێبەجێکردنی سیاسەتی کۆن و ڕەگەزپەرەستانەی حکوومەتەکانی پێشووی تورکیا لەراستای ئاسمیلەکردنی ڕەگەزی و کوشت و بڕی خەڵکی کورد و دەستدرێژی بە بنەما سەرەکییاکانی مافی مرۆڤ لەقەڵەم دەدات ئەوە ڕەد و شەرمەزار دەکات.
ئەم ڕێکخراوە داوا لە خەڵکی جیهان دەکات کە چاوی خۆیان لەڕووی هەڵس و کەوت و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرکوتکەرانە، تیرۆریست پەروەرانە و شەڕ هەڵخڕانەی حکوومەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت لەسەر خەڵکی کورد نەنووقێنن و بیبینن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لەخەڵکی ئازادیخوازی جیهان و هەموو کوردانی جیهان دەکات کە بە نیسبەت سەرکوتی ڕەگەزپەرستانەی حکوومەتی تورکیا بێ دەنگ نەبن و بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ناڕەزایەتی مەدەنی بەکۆمەڵ لە سەر شەقام و هەوڵی دیکەی لەم چەشنە و لەرێگای ئاشتیخوازانەوە سیاسەت و هەڵس و کەوتە سەرکوت کەرانە و شەر هەڵخڕانەکانی حکوومەتی تورکیا لەقاو و شەرمەزاری بکەن و داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ لە “باکوور” تیرۆریست پەروەری ئەو حکوومەتە لە ناوچەکە بکەن.
رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
تاران: ١ی بەفرانباری ١٣٩٤/ ٢١ی دێسامبری ٢٠١٥
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه دا كۆمەڵە سەبارەت توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی باكوری كوردستان ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه به‌م چه‌شنه‌یه :
ماوەی نزیكەی سێ هەفتەیە هێزە ئەمنییەكانی توركیە بە هەزاران سەربازەوە، چەندین ناوچەی باكوری كوردستان وەك ناوچەی سوری ئامەد، ماردین، جەزیرەو سلۆپییان گەمارۆداوەو تا ئێستا دەیان هاوڵاتی كورد لە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی بەم سیاسەتەی حكومەتی ئانكارا، بە گوللەی هێزە ئەمنییەكانی توركیە گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەكی ترەوە بەپێی راپۆرتی رێكخراوە مەدەنییەكانی شاری ئامەد لەماوەی چوار مانگی رابردوودا 24 منداڵی كورد لە باكوری كوردستان بە دەستی هێزە ئەمنییەكانی توركیە گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی پرنسیپە نێودەوڵەتییەكان كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بە هەموو شێوەیەك تاوانەو ئێمە كوشتنی خۆپیشاندەران‌و هاوڵاتیانو منداڵانی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیەوە بە ناڕەوا دەزانینو مەحكومی دەكەین. جەخت لەسەر ئەوەش دەكەینەوە كە گرتنەبەری سیاسەتی سەركوتو توندوتیژیی لەلایەن حكومەتی توركیە زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت‌و درێژەدان بەم سیاسەتش چەند بو كوردی باكور بە زیانە، هەر ئەوەندەش زیان بە گەلی تورك لەو وڵاتە دەگەیەنێت.
ئێمە پشتیوانی لە داخوازیی خۆپیشاندەران دەكەین‌و داواكارین گەمارۆی ناوچەی سوری ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیەوە كۆتایی پێبێت. هەروەها خوازیاری كۆتایی هێنان بە توندوتیژییەكانی باكوری كوردستانینو داوا لە حكومەتی توركیە دەكەین هەوڵ بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بدات، چونكە تەنیا رێگەی چارەسەری پرسی كورد لە باكوری كوردستان گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتوگۆكان‌و درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی.
هەروەها داوا لە پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) دەكەین هەموو رێگاكان تاقیبكاتەوە بۆ كۆتایی هێنان بەم توندوتیژییانەو بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان لە رێگەی گفتوگۆ‌و دیالۆگەوە ئەنجام بدرێت.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
28ی سەرماوەزی 1394ی هەتاویی
19ی دێسامبری 2015ی زایینی
هاوكات
حیزبی دێموكراتی كوردستان له ڕاگه‌یه‌ندراوێك دا به‌م شێوه‌یه له پێوه‌ندی به كوشت و كوشتار له كوردستانی باكوور ده‌نگی هه‌ڵبڕی :
بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەچێ زنجیرەیەک ڕاپەڕینی خەڵک‌و بەرەنگاربوونەوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیە، چەند شارێکی باکووری کوردستانیان گرتووەتەوە.
ڕووداوە خویناوێیەکانی ئەم دواییەی باکووری کوردستان، دوای ئەو ڕەوشە نوێیە ڕوو دەدەن کە لە نێوەڕاستەکانی هاوێنی رابردووەوە، بە سەر پێوەندیی نێوان دەولەتی تورکیەو کوردەکان لەو ولاتەدا، زاڵ بۆتەوە. وەک دەزانین لە هاوینی ڕابردووەوە، ڕەوتی ئاشتی‌و دیالۆگ کە ماوەی دوو ساڵ‌و نیو بوو لە نێوان نوێنەرانی پرسی کورد‌و دەوڵەتی تورک دەستی پی کردبوو، جێگای خۆی دایەوە بە شەڕو تێکهەڵچوون.
لە ڕەوتی نوێی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزە حکوومەتییەکانو گریلاکانو لایەنگرانی “پ ک ک” دا، ئەوە هەر هێزی چەکدارو بنکەو بارەگای نیزامی‌و سەربازی نین کە دەبن بە ئامانجی ئاگرو ئاسن؛ خەڵکی زۆر لە شارەکانی باکووری کوردستان، لە گەڵ لەشکرکێشیی سوپای تورک‌و گەمارۆدران بە هۆی تانکەکانی ئەرتەشی ئەو ولاتە بەرەوڕوو بوون. بە ناوی پەلاماربردن بۆ سەر کۆسپ‌و سەنگەرەکانی بەرگریی بەرهەڵستکاران لە نێو شارەکانی کوردستان، خەلکی سڤیل، دەستیان لێ نەپارێزراوە. دەگوترێ لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و تێکهەڵچوون، زیاتر لە ٥٥٠ کەس گیانیان لە دەست داوە کە پتر لە ١٥٠ کەس لەوان خەڵکی ئاسایی و سڤیلن.
گەمارۆدانی شارەکانی باکووری کوردستان بە تانک‌و تۆپ‌و، زاڵکردنی بارودۆخی شەڕو حکوومەتی نیزامی بە سەریاندا، بە کارهێنانی ئەوپەڕی توند‌و تیژی لە رووبەرووبوونەوەی بەرهەلستکارانو خەڵکی توورەو ناڕازی‌و، پەکخستنی ژیانی ئاسایی خەڵک، هەر ئەو سیاسەتەیە کە ساڵانی پێشتریش تاقی کراوەتەوەو نەیتوانیوە ڕێگر بێ لە گەشەکردنو بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لە تورکیە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی تیکەڵ بەهەموو ئەو دەنگانە دەکا کە دژی سەپاندنی ئەم دۆخە نوێیە بەرز بوونەوە و لەم بارودۆخە دڵتەزینە دا هاوخەمی و هاوپیوەندیی خۆی لە گەڵ خەڵکی باکووری کوردستان ڕادەگەیەنێ. هەر لەو کاتە دا بە دەرفەتی دەزانین جارێکی دیکە دووپاتی بکەینەوە کە ڕێگای دروستی کۆتاییهێنان بەم بارودۆخەو پێشگیری لە ئەزموونی تێکشکاوی پەنابردن بۆ شەڕ لە ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ پرسی کورد، گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان‌و چارەسەری ئاشتیخوازانەیە.
ئارەزووی ئێمە ئەوەیە زیان و خەسارەکانی خولی نوێی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی چەند مانگی رابردوو، ببیتە زەنگێکی وریاکەروە بۆ هەر دوو نەتەوەی کورد‌و تورک، بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیە و نوێنەرانی پرسی کورد لەو وڵاتەو، سەر لە نوێ ئیرادەی گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و چارەسەری سیاسی، زاڵ ببێتەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٢٣ی دیسامبری ٢٠١٥
٢ی بەرفرانباری ١٣٩٤
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه دا و له نوێترین هه‌ڵوێست پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌م شێوه‌یه هه‌ڵوێستی گرت :
هه‌ڵوێست و نه‌خشه‌ڕێی پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان باكوری كوردستان سرووشتی دووپشك پێوه‌دانه!
دیمه‌نه خوێناوییه‌كانی باكوری كوردستان و دڕنده‌یی بێوێنه‌ی عه‌سكه‌ری تورك له باكوری كوردستان جه‌رگی هه‌ر مرۆڤێك خاوه‌ن ویژدان دێنێته ژان، و له ڕاستییدا ته‌نیا یه‌ك شتمان پێده‌سه‌لمێنێت، سرووشتی دووپشك پێوه‌دانه و سرووشتی ده‌وڵه‌تی توركیش خوێنڕشتنه!
به درێژایی زیاتر له نیو سه‌ده‌یه كه بزوتنه‌وه خودموختاریخواز و فێدرالیستییهكان خه‌باتی كوردیان به ئاقاری ڕێبازی پێكه‌وه ژیانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ردا بردووه، كه وه‌ك ڕۆژی ڕوون دیاره ئه‌وه‌شییان پێ ڕه‌وا نه‌دیتووین و وه‌ڵامی ئه‌م داخوازییه كه‌مه‌شیان به سه‌ركوت و كوشتار داوه‌ته‌وه، كه ئه‌وه‌ش سرووشتی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی داگیركه‌ره.
سرووشتی خودموختاریخوازی وفێدرالیسمیش داوا كردنی به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی داگیركه‌ره و هێچ به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی نابێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه زلحیزبهكان ناچارن بۆ به‌شی زیاتر له‌م ده‌سه‌ڵاته بكه‌ونه ڕكابه‌ری یه‌كتره‌وه. به‌داخه‌وه وا وێده‌چێت كه هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر باكوری كوردستان و دوایین له‌شكه‌ركێشی توكر بۆ باشوری كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ ڕۆئاوا و ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆئاوا ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌م ڕكابه‌رییه حیزبییانه‌وه هه‌یه كه به‌شی زیاتر له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كرێت.
زلحیزبهكانی كوردستان ئه‌وه ده‌زانن كه ڕێبازی فێدرالیسم و تێئۆری پێكه‌وه ژیان ئاكامی تاڵ و قه‌ره‌بوونه‌كراوی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام بێبه‌ری بوون له زانستی ڕزگاریی و ستراتێژی سه‌ربه‌خۆییخوازانه و به گشتی ڕێبازی ستالینیستی به‌ره‌و ئه‌م ئاقاره‌ی بردوون كه پێیان وا بێت به سیاسه‌تی ساوایانه ده‌توانن مافێك بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
له باكوری كوردستان له ٢٠١٢ه‌وه له پرۆسه‌ی به ناو ئاشتییه‌وه، ده‌وڵه‌تی تورك بێ‌وچان نییه‌ت پیسیی خۆی نواندووه، به ئاشكرا نیشانی داوه كه ئاماده نییه هیچ مافێكی نه‌ته‌وه‌یی به كورد ڕه‌وا ببینێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه خۆشبینی سیاسیی ڕێگه‌ی نه‌داوه كه گه‌له‌كه‌مان له باكور و هێزه سیاسییه‌كانیان، بیر له ستراتژییهكی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌نه‌وه كه مافی نه‌ته‌وه‌ییمان واته نه‌ته‌وه و نیشتمانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بكه‌نه‌وه، به پێچه‌وانه به‌رده‌وان باسه‌كانیان له مه‌ڕ دێمۆكراتیزه كردنی توركیا كردووه كه به ڕاستی نه ئه‌ركی ئێمه‌ی كورده و نه مافی ئێمه‌شه. له ئاكامدا ده‌بینین كه ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك ته‌نیا بیری كه خهڵتاندنی كورد له گۆلاوی خوێنی خۆیدا بووه و باكور و ڕۆژئاوای كوردستانی كردووه به كوشتارگا و ده‌مێك عه‌سكه‌ری تورك، ده‌مێك به‌ره‌ی نوسره، ده‌مێك ئه‌حراری شام و ده‌مێك داعشی به‌رداوه‌ته گیانیان.
له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا، گه‌ڵاڵه‌ڕێژی هه‌موو تراژێدیا گه‌وره‌كانی باكور، باشور و ڕۆژئاوای كوردستان توركیا بووه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یه كه له پێناو بهرینخوازی عوسمانیزمی نوێ‌دا، ده‌ستی له ئاڵۆزییه‌كانی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا هه‌بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌ندازیاری دوایین قه‌یرانی په‌ناخوازانی ئه‌وروپاش هه‌ر ته‌نیا توركیا بووه.
ده‌وڵه‌تی تورك نموونه‌ی هه‌ره زه‌قی نێرگزیا و خۆشهیداییه كه ئاوه‌دانی ماڵی خۆی له وێرانی هێلانه‌ی كه‌سانی دیكه‌دا ده‌دۆزێته‌وه، له‌م پێناوه‌دا، نه‌ته‌وه‌ی كورد گه‌وره‌ترین قوربانی ئه‌و خواركردارییهی ده‌وڵه‌تی تورك بووه. ئه‌وانه له هه‌موو كاتێكدا سیمای دژه كوردی خۆیان بێ هیچ سڵ كردنه‌وه‌یه‌ك پێشان داوه و ڕاشكاوانه نكۆڵیان له هه‌بوونی ئێمه كردووه. به‌داخه‌وه ئه‌م گه‌رایشه نه‌ك ته‌نیا گهرایشێكی ده‌وڵه‌تی بێت، به‌ڵكو گهرایشی زاڵی كۆمه‌ڵگای توركیه بووه و نێرگیزایای توركچییه‌تی له ناو زۆرینه‌ی تور‌كان به قووڵی ڕیشه‌داره.
ئه‌م ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره، به‌داخه‌وه ته‌نیا ئه‌وه به ئێمه ده‌سه‌لمێنێت كه چه‌ندین ده‌یه‌یه ئێمه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوین كه گوایه ده‌كرێت نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست دێمۆكراتیزه بكه‌ین و له‌گه‌ڵیان بژین. كوشتارهكان هه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابروودا گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه كه پێكه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ داگیركه‌ران ته‌نیا و ته‌نیا ساویلكهبینییه. به شاهیدی ده‌رسیم، شه‌مزینان، روبوسكی، پیرسوس، جزیر، فارقین و سور و ئامه‌د، به شاهیدی قامیشلو، گرێسپی وكۆبانێ، به شاهیدی شه‌نگال و ئه‌نفال و چواز هه‌زار شار و گوندی خاپوركراوی باشور، به شاهیدی كۆمار، قارنێ و قه‌ڵاتان، سه‌رده‌شت، سنه و بانه و كامیاران و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێكه‌و ژیان له‌گه‌ڵ داگیركه‌ری نیشتمان، ته‌نیا واتا سه‌ركوت و سێداره و كوشتاری كۆڵبه‌ران و ته‌نیا و ته‌نیا خوێنڕژان و نه‌مان.
دیارترین مافی پێكه‌وه ژیان كه تا ئێستا كورد پێی گه‌یشت بێت فێدرالیسمی عێراقه، كه به كرده‌وه واتا داعشی موسڵ و حه‌ویجه، تاڵانی سامان و نه‌وتی كوردستان و بێ بودجه‌یی و بێ موچه‌یی و هه‌ژاریی و شه‌ڕی داهاتووی حه‌شدی شه‌عبی بۆ داگیركردنی ناوچه‌ی ١٤٠، دامه‌زرانی نهێنی٧٠٠ بنكه‌ی ئیتلاعاتی ئێران له سلێمانی و چالاكی بێپسانهوهی سوپای داگیركه‌ر له باشور و هه‌زاران عه‌سكه‌ری تورك له ناوچه‌ی زه‌ردی باشور و له‌شكه‌ركێشی هه‌فته‌ی پێشووی تورك بۆ باشیك و بۆمبارانی قه‌ندیل به چرا سه‌وزی زلحیزبهكان به‌رهه‌می ئه‌م فێدرالیسمه عێراقییه‌ن.
به شاهیدی هه‌موو دونیا سیسته‌می ئیداری سیاسی توركیا دێمۆكراسییه و هه‌تا ئێستاش هه‌ر حیزبه فاشیسته توركه‌كان ده‌نگی پێویست بۆ پارلمانی توركیا ده‌هێننه‌وه. ئه‌وه‌ی كه هیچ حیزبێكی دێمۆكراتیك له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیادا ده‌نگ ناهێنێته‌وه نیشانه‌ی زه‌ق و به‌رچاوی ئه‌وه‌یه كه گهرایشی سیاسی ناو كۆمه‌ڵگای توركی فاشیسمه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك حاشا هه‌ڵناگرێت. ئه‌مه نه‌ته‌وه‌ی فارس و عه‌ره‌بی عێراق و توركیاش ده‌گرێته‌وه كه به كرده‌وه پێشانیان مێژوویان داوه.
كه‌واته هه‌موو كورد و لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌بێت ئه‌وه بزانن كه تێئۆری پێكه‌وه ژیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بیرۆكه‌یه‌كی به مردوویی له دایك بوویه و له ماوه‌ی نیو سه‌ده ته‌مه‌نی ئه‌م بیرۆكه‌یه ته‌نیا تێكشكانی شۆڕشی كوردی به‌رهه‌م هێناوه. كورد بۆ ئه‌وه قوربانی نادات كه بچێته ناو پارلمانی داگیركه‌رانی وڵاتی خۆی، ئه‌م قوربانییانه‌ی كه كورد ئه‌مڕۆ له باكور و باشور و ڕۆژئاوا ده‌یدات ده‌بێت بۆ نیشتمانێكی سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆ و بۆ هاوڵاتییه‌كی ئازاد و یه‌كسان و بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی شاد و پێشكه‌وتوو و به‌ختیار بێت.ئێمه وێڕای پشتیوانی له شۆڕشی ئه‌مڕۆی باكوری كوردستان خوازیارین كه ئه‌م هه‌نگاوانه له لایه‌ن گه‌له‌كه‌مان له باكوره‌وه هه‌ڵبگیرێت:
١. سیاسه‌توانان و یاساناسانی سه‌ربه‌خۆی باكوری كوردستان به ناوی ته‌ڤگه‌ری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناوه‌ندی ڕێكخستن و ڕێوه‌به‌ری شۆڕشی باكوری كوردستان ڕابگه‌یه‌نن كه جه‌وهه‌ری بانحیزبی هه‌بێت.
٢. ئه‌م ناوه‌نده شۆڕشی ئه‌مڕۆی باكوری كوردستان به درووشمی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان شۆڕشه‌كه به‌رین بكاته‌وه و بیكێشێته هه‌موو باكوری كوردستان.
٣. له لایه‌ن ئه‌م ناوه‌نده‌وه بۆ دامه‌زراندنی پارلمانی كاتی باكوری كوردستان له كورتترین ماوه‌دا دابمه‌زرێت.
٤. وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌رك، پارلمان ده‌وڵه‌تێكی كاتی دیاری بكات.
٥. ده‌وڵه‌تی كاتی به زووترین كات وه‌زاره‌تخانه‌كانی خۆی پێكبهێنێت و به زووترین كات هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانی باكوری كوردستان له ئه‌رته‌شی نه‌ته‌وه‌ییدا كۆ بكاته‌وه پرۆسه‌ی ڕزگاری كوردستان ده‌ست پێبكات.
٦. به زووترین كات پارلمانی كوردستان یاسای بنه‌ڕه‌تی بنووسێته‌وه و ئاییننامه‌ی حیزبایه‌تی دابڕژڕێت بۆ یارمه‌تی حیزبه‌كان بۆ گوزار له حیزبی میلیشیاییه‌وه بۆ حیزبی سیاسیی.
٧. پێویسته ده‌وڵه‌تی كاتی به زههترین كات سكاڵا له دژی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له كوردستان له دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ له لاهه تۆمار بكات و بنه‌ما بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانه‌كانی سایكس-پیكۆ و لۆزان دابڕێژێت.
٨. پێویسته لایه‌ن و ڕێكخراوه‌كانی باكوری كوردستان دارایی پارلمان و ده‌وڵه‌تی كاتی دابین بكه‌ن و له هه‌موو كوردانی هه‌نده‌ران دارایی پێویست كۆ بكرێته‌وه.
٩. پێویسته هه‌مووی ئه‌م هه‌نگاوانه به شێوه‌ی بانحیزبی بكرێن و هه‌موو حیزبه‌كانی باكوری كوردستان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییدا هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن و ده‌ست له ڕكابه‌ری یه‌كتر هه‌ڵبگرن و هه‌موو ناكۆكییه‌كانیان بخه‌نه دوای ڕزگاریی كوردستان.
١٠ پێویسته هه‌موو كوردی هه‌نده‌ران بۆ پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا چالاكانه بێنه مه‌یدان.
پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك ده‌كات و خوازیاری ده‌رچوونی به مه‌رجی هه‌موو هێز و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی توركه له باكوری كوردستان و خۆی له هه‌موو مافێك به سه‌ر كوردستانه‌وه بێبه‌ری بكات. هه‌روه‌ها ئێمه سه‌ركۆنه‌ی هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه ده‌كه‌ین كه له‌م دۆخه‌دا كه باكوری كوردستان به دڕندانه‌ترین شێوه كوشتار ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی سیاسیی، چه‌كداری و ئابورییان له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌وڵه‌ته فاشیسته له سه‌ر پێ ڕاگرتووه.
سه‌ركه‌وتن بۆ شۆڕشی ڕزگاریخوازانه‌ی باكوری كوردستان
شه‌رمه‌زار بێت فاشیسمی تورك له هه‌موو شكڵ و شێوه‌یه‌كدا
ده‌فته‌ری سیاسیی پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
٢ی به‌فرانباری ٢٧١٥ی كوردیی
هەروەها پارتی ئازادیی کوردستانیش بەم چەشنە هەڵوێستی خۆی دەربڕی :
راگەێندراوی پارتی ئازادیی کوردستان PAK
سەبارەت بە کوشتاری رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان
رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان ، جارێکی دیکە تووشی کوشتار بوونەتەوە. هێز و دامودەزگاکانی دەوڵەتی داگیرکەر ، لە زەوی و ئاسمانەوە، هێرش دەبەنە سەر خەڵک و لە خوێنیان دەگەوزێنن.
ئەوەی لە باکووری کوردستان لە گەڕدایە، لووتکەی قەیرانی دەوڵەت- نەتەوەی ترکیا و بەڵگەی زەرورەتی هەڵوەشانەوەی ئەو جۆرە دەوڵەتانەیە. ئەگەر 90ساڵ لەمەوبەر لە هەلومەرجی جیهانی ئەو دەمدا، سایکس- پیکۆ و لۆزان، نەتەوەی کوردیان بە بێ لە بەر چاو گرتنی ویست و ئیرادەی خۆی و تەنیا لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی زلهێزەکان بە سەر ژمارەیەک دەوڵەتی دەسکردا، دابەش کرد و بە زەبری هێز و کوشتار و سیاسەتی حاشالێکردن و ئاسمیلاسیۆن، نیری یەخسیرییان کردە مل؛ ئەمڕۆ ئەوە چارەگە سەدەیەک لە دەسپێکی سەردەمێکی جیهانی تێدەپەڕێ کە ئیتر ئەو جۆرە دەوڵەتانە لە ژێر گوشاری نەتەوە بندەستەکان‌دا، خۆ بە پێوە ناگرن.
نەتەوەی کورد مافی خۆیەتی چیتر لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا نەژی کە 90 ساڵە ئاگر و ئاسنی بە سەردا دەبارێنن. ئەگەر دوێنێ باشووری کوردستان دژی حاکمییەتی داگیرکەر راپەڕی بەرەو دەوڵەتبوون دەڕوا و رۆژاوای کوردستان بە کەڵکورگرتن لە هەلومەرجەکان ، ئیدارەی خۆی گرتووەتە دەست؛ ئەمڕۆ رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان بۆ پچڕاندنی زنجیری کۆیلەتی نەتەوەیی راپەڕیوەن و سبەی راپەڕینی کوردان لە پێناو هەڵگرتنی سەروەریی تاران و گەیشتن بە ئازادیی و سەربەخۆیی دەگاتە رۆژهەڵاتی نیشتمان.
لەوەها هەلومەرجێکی جیهانی وناوخۆییدا ، عەقڵانییەت حوکم دەکا کە سیاسەتمەدارانی دەوڵەتی ترکیا، لە جیاتی دووبارە کردنەوەی ئەزموونی خوێناوی یۆگسڵاوی ، ئەزموونی سەرکەوتووی چێکوسڵۆڤاکی لە گەڵ نەتەوەی کورد بگرنە بەر. بەمجۆرە هەم خۆیان لە تاوانی قڕ کردنی نەتەوەیەک دەپارێزن و هەم دەوڵەتەکەیان لە داڕمان. هاوکات هێزە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، مافی ئەوەیان نییە ، رووباری خوێن و خەباتی سەختی رۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە پێناو سیستەم و قەوارەی نامۆی وەک” کانتۆن” و ” خۆسەری” و “خودموختاری”، بە هەدەر بدەن. رزگاریی یەکجاریی لە ستەم و کوشتار، لە گرەوی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبووندایە.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەریەتی قەرەبووی هەڵەکانی رابوردوی لە مەڕ نەتەوەی کورد بکاتەوە و رێگا نەدا، کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەلاچۆ بکرێ. نەتەوەیەک کە شانازیی پاراستنی جیهانی لە مەترسیی داعش بە خوێنی رۆڵەکانی تۆمار کردوە، رەوا نییە، لە لایان ئانکارا و تارانەوە ، بەر کوشتار بکەوێ.
پارتی ئازادیی کوردستان ، وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی دڕندانەی هێزەکانی ترکیا بۆ سەر رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ خەباتی رزگاریخوازیی باکووری کوردستان، دەردەبڕێتەوە و سڵاو دەنێری بۆ شەهیدانی رێگای ئازادیی و بەرەنگاریی نەتەوەیی.
پارتی ئازادیی کوردستان، تەبایی و یەکڕیزیی نەتەوەیی لە نێوان هەموو هێزە کوردستانییەکاندا لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێویستییەکی هەنووکەیی دەرباز بوونی سەرکەوتووانەی نەتەوەکەمان لەم قۆناغە هەستیارەی جیهان و رێکخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناڤین، دەزانێ.
شەکاوە بێ ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی ناوەندیی
3ی بەفرانباری 2715
24ی دیسامبری 2015