بێگومان خه‌باتیش وه‌ک به‌شی هه‌ر زۆری چهمکهکانیتری سیاسی له‌خۆگری مانا و بۆچوونی جیاوازه، له لانیکهمترین مانا هه‌تا لانیزۆرترین مانا، بۆ وێنه له‌حاڵێکدا که به‌شیک له چالاکان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که خه‌بات به‌مانای به‌ربه‌ره‌کانی توند و چه‌کدارانه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نی دژبه‌ره بۆ له‌ناو بردنی، به‌شێک له چالاکانی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که هه‌ر جۆره جموجۆڵێکی مه‌ده‌نی، کلتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیش به گشتی ده‌چێته خانه‌ی خه‌باته‌وه، له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه تاقمێک ئایدۆلۆژی و رێکخراوه باوه‌ریان به خه‌باتی توندئاژوێ و چه‌کدارانه هه‌یه، تاقمێک سازمان و رێکخراوه‌ش خه‌بات ته‌نیا له چوارچێوه‌ی هه‌ڵسووکه‌وتی مه‌ده‌نیدا پێناسه ده‌که‌ن. رۆژهه‌ڵات یه‌ک له‌و به‌شانه‌ی کوردستان و جه‌هانی پهرهنهستاندوویه که له‌و دا خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و گوتاری پاوانخواز له مێژووی سه‌رده‌مدا زیاتر له سه‌ده‌یه‌کی له خۆ گرتوه. خه‌باتێک که بۆ یه‌که‌م جار به هۆی سمایلئاغای سمکۆ ره‌نگوبۆی ناسیونالیستی به‌خۆیه‌وه گرت و به دامه‌زارنی حیزبی دێموکرات پێکهاته‌یه‌کی نوێی به خۆیه‌وه بینی، له هه‌مان کاتدا ره‌هه‌ندی جیاوازیشی له‌خۆ گرتوه له خه‌باتی مه‌ده‌نی و دوور له تووند و تیژی بۆ دابین کردنی مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران له رێگای وتوووێژ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی هه‌تا خه‌باتی چه‌کدارانه، به‌ڵام ده‌کرێ بگوترێ که تایبه‌ت مه‌ندی هێژمۆن و زاڵ به‌سه‌ر به‌شی هه‌ره زۆری مێژووی سیاسی نوێ کورددا خه‌باتی چه‌کدارانه بوه. ئه‌مه‌ش ده‌شێ بگوترێ که هۆکاری گرینگی هه‌بوه له هه‌ر ده‌وره‌ی زهمانیهکدا، بۆ وێنه له کۆتاییه‌کانی دهیهیچل به‌شێک له هۆکاره‌کانی ناوخۆیی هه‌ڵگیرسانی خه‌باتی چه‌کداری بریتی بوون له: مسۆگه‌رتر بوونی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و هێژمۆنتر بوونی ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆرییه‌ت، سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه مارکسیسته توندئاژوێکانی باوه‌رمه‌ند به خه‌باتی چه‌کداری وه‌ك گروپی جه‌زه‌نی – زه‌ریف، هێژمۆن بوونی بیرۆکه‌ی مارکسیستی بروامهند به خه‌باتی چه‌کدارانه له‌ناو زانکۆکان ، له ئاستی ده‌ره‌کیش به‌شیک له هۆکاره‌کان بریتی بوون له: زاڵ بوونی روانگه‌ی خه‌باتی چه‌کدارانه له به‌شێکی زۆر له جه‌هان و به‌تایبه‌ت ئامریکای لاتین، گه‌رم بوونی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی له باشوور، به‌ربه‌ره‌کانی به‌ره‌ی نزیک له یه‌کێتی سۆڤییه‌ت به رێبه‌رایەتی جه‌ماڵ عه‌بدولناسر له‌گه‌ڵ موحهممهرهزا شا له‌سه‌ر به‌ستنی په‌یمان سێنتۆ و په‌یمانی به‌غداد به دژ یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و به‌ره‌ی چه‌پ بۆ پێش‌گرتن له هێژمۆنی چه‌پ له رۆژهه‌ڵاتی ناوین.
له ساڵه‌کانی سه‌رکه‌وتنی شۆرشی گه‌لان به سه‌ر رژیمی پاشاییهتیشدا چه‌پ وه‌ک ئایدۆلۆژی و کرده‌وه هه‌م له‌ناو کۆمه‌ڵگادا و هه‌م له‌ناو حیزب و رێکخراوه ئێرانی و کوردێکاندا هێژمۆن بوو و هه‌ر به‌م پێیه‌ش باوه‌رمه‌ندی به خه‌باتی چه‌کداری باوه‌رێکی قوڵ بوو له هه‌مان کاتدا تازه بوونی شۆرش و خه‌ست بوونی هه‌ستی شۆرشگێری له ته‌نیشت لاواز بوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌شێکی به‌هێز له هۆکاره ناوخۆیه‌کان له خۆ ده‌گرێ وه‌ک هۆکار له‌مه‌ر زاڵ بوونی خه‌باتی چه‌کداری.
وه‌ک به‌شیک له هۆکار دهرهکێکانیش ده‌توانین ئاماژه به دوو جه‌مسه‌ری بوونی جه‌هان و بوونی جه‌مسه‌رێکی باوه‌رمه‌ند له‌باری ئایدۆلۆژی به خه‌باتی چه‌کداری بکه‌ین، ئه‌مه ته‌نیا ئاماژه‌یه‌کی نه‌زه‌رێ و به هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌رخه‌ری ئه‌وه نییه که خه‌باتی چه‌کداری وه‌ک کرده‌وه‌یه‌کی هێژمۆن درووست یان نادرووست بوه، چوونکه ئه‌م ده‌وره‌یه بۆته مێژوو و ئێمه‌ش وه‌ک توێژه‌ر و لێکۆڵه‌ر ده‌ستمان له ئه‌زمون کردن و ته‌جره‌به کردنی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌م کورته بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قیقی ئه‌و سه‌رده‌م.
به‌ڵام توێژه‌ر و لێکۆڵه‌ر ئێستا له ژیاندایه و تایبه‌تمه‌ندییەکانی ده‌ره‌کی و ناوخۆیی ئه‌زمون ده‌کا بۆیه ده‌توانی هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ورد و تاراددیهک ده‌قیق له‌سه‌ر ره‌هه‌ند یان ره‌هه‌نده‌کانی ئێستای خه‌باتی رۆژهه‌ڵات هه‌بێ، ئه‌مرۆکه له‌ناو خۆی ئێران‌دا بیرۆکه‌ی ده‌س بردن بۆ چه‌ک و به‌گشتی ئه‌ندێشه‌ی مارکسیستی و توندئاژوێ زۆر لاوازه و کۆمه‌ڵگا به پێی ده‌رکه‌وته‌کانی چه‌ند ساڵی رابردوو زۆرتر حه‌ول ده‌دا به که‌ڵک وه‌رگرتن له لانیکهمترین زه‌رفییه‌ته‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا تۆزیک له گوشار و خه‌ستی دیکتاتۆرییه‌ت که‌م بکاته‌وه(هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به‌و مانایە نییه که ئه‌م ره‌وته سه‌رکه‌وتوو بوه یان سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ( هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م ره‌وته‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ وه‌یکه ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتێکی زۆر بێرهحم و سه‌رکه‌شه، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی ئێستا پێگه‌یشتوو له‌ناو کۆمه‌لگا هیچ ئه‌زموونێکی راست و خۆی وه‌ک به‌ره‌ی سه‌رده‌می شۆرش له‌مه‌ر شۆرش و به‌ربه‌ره‌کانی تووندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له‌ناوخۆ نییه و له ئاستی ده‌ره‌کیش جه‌هان سه‌رده‌مێکی ته‌ک جه‌مسه‌ری به‌رێ ده‌کات و ئه‌زموونی عه‌ینی شۆرشی به‌ربڵاوی چه‌کدارانه له به‌شیکی به‌ربڵاو له جوغرافیای جه‌هان ته‌جرووبه ناکات، ئه‌وه له‌کاتێک دایه که شه‌ری چه‌کدارانه‌ی کورد له‌گه‌ڵ داعش له باشور و رۆژئاوا ئیستسنای خه‌باتی چه‌کداری کورده، که جارێ دەسکەوت و ئاکامه‌که‌ی بۆ کورد وه‌ک نه‌ته‌وه و وه‌ک دهسکەوتی نه‌ته‌وه‌یی ناروونه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا هیچ کام له شۆرشه‌کانی چه‌ند ساڵی رابروودی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و باکوری ئافریقا هیچ ده‌سکه‌وتێکیان نه‌بوه، حاشا هه‌ڵنه‌گریشه که له سه‌ر مێزی پێوه‌ندێکانی نێونه‌ته‌وه‌یی و دیپڵۆماسی جه‌هانیدا کوردی رۆژهه‌ڵات گرینگیکی نیه، ئه‌وه له‌هه‌مان کاتیش دایه که ئه‌گه‌رچی زلهێزه‌کان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی له کێشه و قه‌یران دان به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا لەگه‌ل سیستمی سیاسی له کێشه‌دان و به هیچ شێوه‌یه‌ک گه‌ڵاڵه‌یان بۆ له‌ناو بردن و گۆرینی پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێران نێ. هه‌ر بۆیه هه‌ستی شۆرشگێرانه بۆ وه‌رێ خستنی خه‌باتێکی به‌ربڵاوی چه‌کداری له توانای کورد له رۆژهه‌ڵات لانیکه‌م له ئێستادا به‌دووره. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه که کورد ده‌ست له خه‌بات هه‌ڵبگرێت و ته‌سلیمی چاره‌نووسی ناروون بێت، به‌ڵکه کورده ده‌بێ فێری خه‌باتی چه‌ند ره‌هه‌ندی بێت، ره‌هه‌ندێک خه‌باتی چه‌کدارانه له شاخ و رهههندیک خه‌باتی مه‌ده‌نی له شار، ئه‌مرۆکه که مه‌جالی خه‌باتی شاخ زۆر به‌ر ته‌سکه، به‌جێیه که کورد هه‌موو هێز و وزه‌ی بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌شار وه‌گه‌ر بخات، خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ کارتێکردن له دووبواردا، بوارێک رووبه‌روو و دژ به حاکمییت و به قه‌یران کێشانی ده‌سه‌ڵاتی پاوانخوازانه و بوارێک روو له‌گه‌لان و که‌مینه‌کانی تر بۆ قه‌ڵش خستنه نێوان وان و حاکمییه‌ت، تا حاکمییه‌ت وه‌ک که‌ره‌سه و ئه‌ره‌ته‌شی زه‌خیره نه‌توانێ چه‌واشه‌کارانه به دژ کورد به‌کاریان بێنێ هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که له ماوه‌ی سێ ده‌یه‌یی رابردوو سه‌رکه‌وتوانه به کاری هێناون.