نووسینی :جەماڵ پوورکەریم
پێشەکی:
کوردستان،واری کوردان و سەرزەمینی کوردەواری کە وڵات و خاکی باب و باپیرانی خەڵک و نەتەوەی کوردە،سەدان ساڵە کەوتۆتە ژێر دەستی داگیرکەران و ئەوەش وایکردووە کە حاکمیەتی ئەو وڵاتە ئێستاکە لە دەست خۆی دا نییە و بێگانە خۆی لێ کردووە بە خاوەن ماڵ .
کۆمەڵێک ڕووداوی نالەباری وەک شەڕ و داگیرکردنی خاکی کوردستان بوونە هۆکار، تاکوو کورد نەتوانێ لە دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی دا دەستی هەبێ و بەشدار بێ.
نزیکەی ٥٠٠ ساڵە خاکی کوردستان لە لایەن وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر و چوار ئیستعمارگەری ، ئێران، سووریە،عێراق، تورکیە و چەند وڵاتێکی ترەوە داگیر و دابەش کراوە.
ئەو داگیرکارییە بەشێوەیەکی توندوتیژ و دڕندانە و نەخوازراو و بە بێ پرس پێکردن بە نەتەوەی کورد ڕوویداوە لە میساقە جیهانیەکان و بە تایبەتی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی و لە گەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووس و خۆ بەڕێوەبەری بە تایبەتی بە تەواوی ناکۆکە و هەر ئەم توندوتیژییەش بۆتە هۆکار کە نەتەوەی کورد ئەم داگیرکاریەی قەبووڵ نەبێ و بە بەردەوامی دژی بوەستێتەوە.
لە پێناو قەبووڵ نەکردنی ئەم داگیرکارییە، نەتەوەی کورد خەباتی کردووە و لەو ڕێگەیەش دا گەلێک قوربانی داوە، لێ تێچوو لە ئاست دەستکەوت زۆر زیاتر بووە و سەرەڕای هەزینەیەکی زۆر کەمترین دەستکەوتمان هەبووە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو گیانفیدایی و لە خۆبردووییە چۆنە کورد بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە؟
ئایا هەڵەکە لە شێواز و مێتۆدی خەباتەکە دابووە؟
کەواتە خەباتەکە پێویستی بە بەڕۆژ کردنەوە و گۆڕانکاریی سەردەمیانە و ئەمڕۆیی هەیە.
هاتنە کایەی ئەندێشە و گوتاری سەربەخۆییخوازی بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان کە لەمڕۆدا هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وەک تاکە ئادرەسی بە هێزی مۆدێرن و نەتەوەیی ڕێبەرایەتی دەکا، بۆتە هۆی ئەوەی جگە لە پەرەسەندنی هزر و بیر و ئەندێشەی سەربەخۆییخوازای، ئەم وێژمانە ببێتە گوتاری سەرەکی و پلە یەکی ناو شەقام و کۆمەڵگای کوردی.
نەتەوەی کورد و خەباتەکەی ئێستا لە ئاستی وشیاریی باڵای نەتەوەیی دایە و لەو پێوەندییە دا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پەرە سەندن هەنگاو داوێ و گەیشتۆتە قۆناغێکی هەستیار و مێژوویی و چارەنووسساز، بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە سەرکوت و سیاسەتی داگیرکارانەی داگیرکەرانی کوردستان مان و مەوجوودیەتی نەتەوەی کوردیان خستۆتە مەترسیەوە، بۆیە خەڵکی کوردستان ئەگەر لە گەڵ سیاسەتی داگیرکاری و ئاسیملاسیۆنی داگیرکەران دا بەربەرەکانی نەکەن، ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ تەنانەت لە خاک و سەرزەمینەکەی خۆماندا دەکرێینە کەمینە .
ناوەندەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، یاسایی ، سیاسی، پەروەردەیی و … لە کوردستان، لە ژێر دەسەڵاتی وڵاتانی بێگانە و داگیرکەر دا لە پاشکەوتوویی دا ڕاگیروان و ئەوانە بوونە هۆکاری زەربە لێدان لە ئەرزشگەلی فەرهەنگی، زمانی، ئەدەبی،ڕاگەیاندنی،مۆسیقی و هونەر، ئەخلاق و کۆمەڵگا.
سەرکوت و داگیرکاری ئەو دەرفەتەی داوەتە دەسەڵاتداران تاکوو خەڵک بخەنە خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە و پێش بە ئاوەدانی، پەرەسەندن و پێشکەوتن بگرن، جگە لەمانەش داگیرکەران ، کوردستانیان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو میلیتاریزە کردووە و جگە لەوەی کردوویانە بە پادگانێکی گەورەی نیزامی، سەربازی و ئەمنیەتی، بۆتە زیندانێکی گەورەش بۆ تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان.
قوربانیانی سیاسەتی کوشت و کوشتار، سەرکوت و زیندان و لە سێدراەدان بە دەستی ڕژیمە داگیرکەرەکان زیاتر خەڵکانی خوێندەوار و چالاکانی کوردی لە خۆ گرتووە کە دەتوانین لەم نێوە دا ئاماژە بە خوێندکارانی زانکۆ، نووسەران و شاعیران، مامۆستایان، هونەرمەندان، مامۆستایانی ئایینی و زانکۆکان، دوکتور و پزیشک، چالاکانی ژنان، ژینگەپارێزان، چینی کرێکاران،وەرزێران، دووکانداران و چالاکانی سیاسی و ڕێبەرانی کورد و … بکەین.
تەنانەت لە سەرکوتی منداڵان و بەساڵاچوانیش دەست ناپارێزن،چالاکانی سیاسی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کورد بە توندترین شێوەکان دەکەونە بەر شکەنجە و زیندان و ئێعدام.
زۆریەک لە چالاکانی کورد لە چارەنووسێکی نادیار دا بێ سەروشوێن دەکرێن و بنەماڵەکانیان هیچ ڕێگە چارەیەکیان نییە و تەنیا لە خەم و ترس و پەژارە و دڵەڕاوکێ دا ژیان بە سەر دەبەن.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، کورد توانیویەتی تا ڕادەیەک فەرهەنگ و کلتووری خۆی بپارێزی و لە گەڵی دا بژی و بنەماکانی سەرەکیی سێکۆلاریزم، میانڕەوی، بیرکردنەوەی ئازاد،پێکەوە ژیان، لیبرالیزم، لێبوردەیی و ئاشتیخوازی وەک کلتوور و فەرهەنگ کە لە گەڵ خوێن و گۆشت و ئێسک و پێستی کورد تێکەڵاوە، بپارێزێ، کە هەر ئەم دێموکراسی و تایبەتمەندیانەش لە نیشانەکانی بەرچاوی بایەخە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی نەتەوەی کوردە.
کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکی سێکۆلارە کە هەمیشە ڕێزی لە بیرو باوەڕ و بۆچوونە جۆربەجۆر و لێک جیاوازەکان گرتووە و پێکەوە ژیانی ئایین و مەزهەبە جیاجیاکانی کورد بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەم ڕاستیە و ئەوە سەلماندنی ڕووحیەتی تێلۆرانس و پێکەوە هەڵکردنە.
مافی ژیان و ئازادیی تاک لە ڕیزی سەرەوەی داب و نەریتی کوردەوارییە و مرۆڤ و ژیان و ئازادی بە لامانەوە پیرۆزە و بە گشتی نەتەوەی کورد خاوەنی هەموو ئەو تایبەتمەندیانەیە کە بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکرات پێویستن.
لە بواری ئاژەڵداری و کشت و کاڵ، ئاو و نەوت و گاز، زێڕ و ئاسن و مس و بە گشتی سەرچاوەکانی سەرزەوی و ژێر زەوینی وڵاتی کوردەوار پڕە لە سەرچاوەی سروشتی و لەم بوارە دا هەرێمێکی گرینگی ناوچەکە و جیهانە کە بە هۆی بوونی ئەو سەرچاوانەوە کوردستان دەتوانێ ببێتە وڵاتێکی مۆدێرن بە ئابووریەکی بە هێزەوە .
سەرەڕای ئەم بەستێنە بەهێزە ئابووریە ، داگیرکاریی نایاسایی خاکی کوردستان، ڕێگری سەرەکی بووە لە پێشکەوتنی ئابووری و … کوردستان و ئەوەش مافێکی سروشتی و یاسایی و نێودەوڵەتیە کە ئەو نەتەوەیە بۆ خۆی بە دەستی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکا و بە هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی کار بۆ وەدەرنانی داگیرکەران بکا.
پەیمانی ئاشتی ناوخۆیی، ئەرتەش و سپای نەتەوەیی، مەنشووری ئازادی، یاسای بنەڕەتی، دەوڵەتی کاتیی کوردستان لە دوورخراوەیی دا.
هەموو ئەو باس و بابەتانە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە نووسینەوە و داڕشتنەوەی مەنشوور و میساقێکی نەتەوەیی لە ژێر ناوی مەنشووری ئازادیی کوردستان ، پێویستی و زەروورەتە.
ئەم مەنشوورە دەتوانێ وەک نەخشە ڕیگە و ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری بە کردەیی بێ کە ئێمە لەو ئامانجە پیرۆز و شکۆمەندە کە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە نزیک دەکاتەوە.
بەڵام بەر لە هەموو ئەمانە، یەکەم: پێویستە هەموو ئەو هێز و لایەنانەی ئاگا یا نائاگایانە پەلکێشی شەڕی ماڵوێرانکەری ناوخۆیی و شەڕی کورد بە دژی کورد کراون و بە گشتی لە شەڕی خۆکوژی و خوشک و براکوژی دا بەشدارییان کردووە، بە بێ ئەوەی لەمڕۆ دا بە دوای تاوانباردا بگەڕێین،((کە لە شەڕی خۆکوژی دا وەک چۆن هەر دوو لا دۆڕاوی شەڕن و تەنیا دوژمن براوەیە ،هەر دوولاش بەم ڕێژەیە تاوانبارن )) داوای لێبوردن لە هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و بنەماڵەی قوربانیان، شەهیدان و گیانبەختکردووان بە تایبەتی بکەن.
لە هەنگاوی دووهەم دا پاش نووسینەوە و ئامادەکردنی مەنشووری ئازادیی کوردستان، پێویستە کار بۆ نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و یاسای بنەڕەتیی کوردستان بکەین و جیا لە پێکهێنانی ئەرتەش و سپایەکی نەتەوەیی و میللی بە بەشداریی هێزی پێشمەرگەی هەموو حیزب و هێز و لایەنەکان، هەوڵ بۆ یەکڕیزی و ئاشتی ناوخۆیی بدەین و پێکەوە پەیماننامەی لێبوردنی گشتی و ئاشتی نەتەوەیی و ناوخۆیی بنووسینەوە و واژۆی بکەین.
لە هەنگاوی سێهەم دا بەر لەوەی هەلومەرج ناچارمان بکا تاکوو بە پەلە و بە بێ ئامادیی پێشوەختە پێکەوە ڕێکبکەوین، با هەنگاو بۆ سازدانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی باوێژین کە لە هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان بە هەر بەرنامەیەکی سیاسیەوە کە هەیانە، پێک بێ.
لە قۆناغی چوارەم دا پێویستە وێڕای لۆبیگەری و دیپلۆماسیی هاوبەش، پێکەوە و لە ژێر چەتری دەستوور و یاسای بنەڕەتیی کوردستان دا ، کار بۆ پێکهێنان و دامەزرانی دەوڵەتی کاتی و سەربەخۆی کوردستان لە تارواگە و دوورخراوەیی دا بکەین.
لە کۆتاییدا ، پاش هەموو ئەم هەنگاوانە دەتوانین بڵێین کە :
ئێمە ئێستا لە ئیرادەمان دا بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی تەواو بۆ گەلەکەمان یەکگرتووین و جگە لە سەربەخۆیی و ئازادی هیچ شتێکی تر ئێمە ڕازی ناکا و تەنیا دەستبەر بوون و بنیات نانی دەوڵەتی کوردستانە کە مافی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەستەبەر دەکا.