ناسا باس لە گۆڕانی ڕەنگی گۆلی ورمێ دەکا

0
1007

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاپۆرتی “عەسرێ ئیران” و لە زار ماڵپەڕی ناسا، ڕێکخراوی نەتەوەیی هەواپێوی و فەزایی ئامریکا (ناسا)، چەند وێنەیەکی نوێی لە گۆلی ورمێ داوەتە دەر و باس لە گۆڕینی ڕەنگی گۆلی ورمێ و هۆکارەکانی دەکا.

سەتەلایتی “ئاکوا”، ١٠ ڕۆژ لەوەی پێش چەند وێنەیەکی لە گۆلی ورمێ بڵاو کردۆتەوە کە دەگوترێ لە 18ی مانگی جولای گیراوە و تێیدا نیشان دەدا کە ڕەنگی گۆلی ورمێ بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە و لە کەسکی کەم ڕەنگەوە بەرەو سوور گۆڕاوە.

ئەو گٶڕانکارییە لە 23 ئاوریل تا 18ی جوولای، هاتۆتە ئاراوە.

ناسا لەمەڕ هۆکاری گۆڕانی ڕەنگی گۆلی ورمێ بەم شێوە شیکاری کردووە: “هاوشێوەی گۆلی ئاراڵ لە ئوزبەکستان، گۆلی ورمێ ـش لە ماوەی چەند دەیەی دواییدا بەرەو لەناوچوون ڕۆیشتووە. بە گچکە بوونەوەی زیاتری گۆلەکە، سوێرایی ئاوەکەش زێدەتر دەبێت و بە زێدەتر بوونی ڕێژەی سوێرایی ئاوەکە بەهۆی چالاکیی بوونەوەرە میکرۆسکۆپییەکانی ناو گۆلەکە، ڕەنگی ئەو گۆلەش بە بەردەوامی بەرەو ڕەنگی سوور و پرتەقاڵی دەگۆڕدرێت.

لە مانگی “ئاوریل و مای” دا ڕێژەیەکی زۆر ئاو دەڕژێتە ناو ئەو گۆلەوە، لەو دوو مانگەدا کە بەفری چیاکان دەتوێنەوە و هاوکاتیش بارینی باران لەو ناوچەیە زێدە دەکات، ئاوە شیرینەکان دەڕژێنە ناو گۆلەکە بەڵام لە مانگی جولای (هاوین) چیتر ئەو ئاوانە ناڕژێنە ناو گۆلەکە.

بارینی باران لە بەهاردا، ڕێژەی سوێرایی گۆلەکە کەم دەکاتەوە بەڵام هاوینان کە چیتر باران نابارێ و ئاوی شیرین ناڕژێتە ناو گۆلەکە و هاوکات پلەی گەرمیش دەچتە سەرێ، ئاستی سوێرایی و ویشکیی ئەو گۆلەش پەرە دەستێنێ، ئەوەش ڕێک ئەو کاتەیە کە بوونەوەرە میکرۆسکۆپییەکانی ناو گۆلەکە ڕەنگی خۆیان باشتر دەخەنە بەرچاو.

زۆربەی زانایان لەو باوەڕدان کە هۆکاری گۆڕینی ئاو دەتوانێ دوو هۆکار بێ:

یەکەم: قەوزەیەک بە ناوی “دونالیلاپریدیس” کە قەوزەیەکی خۆجێی گۆلی ورمێ یە.

دوو: جۆرێک لە بنەماڵەی باکتریەکان کە بە “هۆلۆباکتریۆم” ناسراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوووتووێژێکی دەگمەن و تایبەتی لەسەر دەور و پێگەی موسیقیی کوردی لەگەڵ مامۆستا ئەفشین مەعرووفی
بابەتی دواترڕێو ڕەسمی سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی محەممەد قەنبەری لە دۆخێکی گرژدا بەڕێوە چوو