ڕۆژی کورد: بەپێی ئەو ڕاگەیێندراوەی کە بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتووە، چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، داوا لە خەڵکی مەریوان دەکەن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان بە هێرش کرانە سەر خەڵکی مەدەنیی بانە کە بە شێوەیەکی مەدەنی داوای مافەکانی خۆیان کردووە و ناڕەزایەتییان لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەران ڕاگەیاندووە، سبەی دووکان و بازاڕی شار داخەن.
دەقی ڕاگەیێندراوە،
راگەیاندنی چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کاسبکاران و بازاڕیانی چاو نەترس
هەر وا کە ئاگادارن بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، ١٣ی خەرمانان، دوو كۆڵبەری كوردی خەڵكی شاری بانە كە بۆ بژێوی ژیان روویان لە سنوورەكان كردبوو لە لایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکراو گیانیان لە دەست دا.
ئەمە یەكەم جار نییە كۆڵبەرانی بێ تاوانی كورد لە سنوورەكانی کوردستان دەبنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژیم و گیان لەدەست دەدەن.
لە ساڵی رابردووەوە تا بە ئێستا بە دەیان كۆڵبەر و كاسبكاری كورد لە سنوورەكان لە لایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە تەقەیان لێكراوە و كوژراون.
ئێمەش وەك چالاكانی مەدەنی شاری مەریوان وێڕای هاوخەمی لە گەڵ بنەماڵەی ئەم دوو كۆڵبەرە كوردە و مەحكووم كردنی ئەم هەڵسووكەوتە نامرۆڤانەیە، داوا لە هەمو بازاڕیان و هەموو چین و توێژەکانی شاری مەریوان دەكەین بۆ مەحكوم كردنی ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە و بۆ ئەوەی باوکان و براکانمان چیتر نەبنە قوربانی، سبەی چوارشەممە رێكەوتی 15ی خەرمانان بە داخستنی دوكان و بازاڕەكانتان لە چوونە سەر كار خۆ ببوێرن و بەم شێوەیە دەنگی ناڕەزایەتی خۆتان بە گوێی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی بگەیەنن.
چاوەڕوانیمان لە ئێوە خەڵكی خۆشەویستی شاری مەریوان و سەرجەم شارەکانی کوردستان ئەوەیە بە داخستنی دوكان و بازاڕەكانتان ئەم هەڵسووكەوتە دژە ئینسانییەی هێزە ئینتزامییەكان كە ساڵەهایە وەک ئەسڵ و سیاسەتێکی نەگۆڕ بۆ کوشتنی ئازیزانمان پێڕەوی کردووە، بە توندترین شێوە مەحكوم بكەن و بو ئەم مەبەستە سبەی چوار شەممە 15ی خەرمانان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری بانە دوکان و بازاڕەکانتان دا بخەن و کاتژمێر دەی سەرلەبەیانی لەبەر فەرمانداری شاری مەریوان کۆببنەوو بەو شێوازە مەدەنیانە ناڕەزایەتی خۆتان دەر ببڕن.
چالاكانی مەدەنی شاری مەریوان
14ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی