مریه‌م خانمی قازی كچی بچووكی پیشه‌وای نه‌مر قازی محه‌ممه‌د كۆچی دوایی كرد

0
1952

ڕۆژی كورد :
سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ۲۵ی ڕه‌شه‌مه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ۱۵ی ئاداری ساڵی ۲۰۲۰ی زایینی مریه‌م خانمی قازی كچه‌ بچكۆله‌ی پێشه‌وای نه‌مر شه‌هید قازی محه‌ممه‌د دامه‌زرێنه‌ری كۆماری كوردستان و هاوسه‌ری خوالێخۆشبوو سه‌ردار جاف به‌ هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ ته‌مه‌نی ۷۶ ساڵیدا له‌ شاری ئه‌ممان پێته‌ختی وڵاتی ئۆردۆن كۆچی دوایی كرد و دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی بۆ هه‌میشه‌ له‌ لێدان كه‌وت.

یه‌كه‌م كۆماری كوردستان له‌ شاری مه‌هاباد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ساڵی ۱۳۲۴ی هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به‌ ۱۹۴۶ی زایینی له‌ لایه‌ن پێشه‌وای نه‌مری گه‌لی كورد شه‌هید قازی محه‌ممه‌د دامه‌زرا و بۆ ماوه‌ی نزیك به‌ یه‌ك ساڵ وه‌كوو یه‌كه‌م كۆماری كوردستانی به‌ سه‌رۆك كۆماری ڕێزدار قازی محه‌ممه‌د به‌رده‌وام بوو، ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كۆماری كوردستان زۆر كۆرت بوو به‌ڵام هه‌ر له‌و ماوه‌ كۆرته‌دا كۆماری كوردستان زۆر خزمه‌تی شایسته‌ی به‌ دۆزی ڕه‌وای كورد و نه‌ته‌وه‌كه‌مان پێشكه‌ش كرد. دوابه‌دوای شه‌هیدكرانی قازی محه‌ممه‌د و هه‌ر دوو ئامۆزای ناوبراو نه‌مران سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی له‌ چوارچرای مه‌هاباد بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو به‌ هۆی گوشاره‌كانی ڕژیمی پاشایه‌تیی ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوون و هه‌ر كامیان له‌ وڵاتێك گیرسانه‌وه‌. خاتوو مریه‌م قازی كچی بچووكی پیشه‌وای كوردان و خێزانی كۆچكردوو سه‌ردار جاف ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ وڵاتی ئۆردۆن نیشته‌جێبوو و له‌ ساڵانی دوایی ژیانیدا به‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ تووشی ئازار و ئه‌زیه‌تێكی زۆر بوو. مخابن ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ۱۵ی مارچ دوای ماوه‌یه‌كی زۆر ململانێ له‌ گه‌ڵ نه‌خۆشی و تێپه‌ڕاندنی ده‌وره‌ی ده‌رمان دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی بۆ هه‌میشه‌ له‌ لێدان كه‌وت و كۆڕی خزم و دۆستان و بنه‌ماڵه‌ی به‌ جێهێشت و به‌ ڕۆیشتنی گه‌لی كوردی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانی خه‌مبار كرد.
له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوه‌ندی ڕۆژی كورد و هه‌موو ئه‌ندامانی ناوه‌نده‌كه‌مان گه‌رمترین سه‌رخۆشی خۆمان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو به‌ تایبه‌تی و گه‌لی كورد به‌ گشتی ده‌كه‌ین و هیواخوازین ڕۆحی ناوبراو شاد بێت و خۆمان به‌ به‌شداری خه‌م و ماته‌می بنه‌ماڵه‌یان ده‌زانین.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوه‌ندی رۆژی كورد – پاریس ١٦ی ئاداری ساڵی ۲۰۲۰ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووكۆچی دوایی كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی ناوچه‌ی مۆكریان له‌ شاری بۆكان
بابەتی دواتردوای تێپه‌ڕبوونی ۳۲ ساڵ به‌ سه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ناوی عۆمه‌ری خاوه‌ر هێشتا زیندووه‌

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.