لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی کوردانی نیشتهجێی پاریس لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیه دژی هێرشەکانی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سەر شارەکانی باکووری کوردستان ١٦ کەس برینداربوون و نزیكهی ٢٥ كهسیش لە لایەن پۆلیسەوە دهستبهسهر كران.
ههروهها پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیه لە پاریسی پایتەختی فەڕانسه گازی فرمێسک هێنهری بەکارهێناوە كه بۆته هۆی بریندار بوونی ١٦ کەس.
هاوکات بڕیاره سبهینێ جارێكی تر خۆپیشاندەران بچنهوه بەردەم بینای باڵیۆزخانەی تورکیه لە پاریس.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە ٨ی فێوریه نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەری کورد بۆ مهحكووم کردنی هێرشهكانی سوپای تورکیه بۆ سەر کوردانی باکوور خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیه لە پاریس ڕێکخست و پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسک هێنهری بەکارهێنا.
خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی فەڕانسه کرد، چیتر بێدەنگ نەبێ لە ئاست هێرشەکانی سوپای تورکیه بۆ سەر کوردانی باکوور.