ئەنوەر حسێن (بازگر)
كوردەكانی ڕۆژهەڵات و باكور دەركەن؛
دەریانكەن پێیان بڵێن “بڕۆنەوە بۆ سنە، سەقز، بانە، بۆكان و مهاباد، بۆ وان، جەزیرە، هاكاری و ئامەد…؟!”.
دەریانكەن و پێیان بڵێن “ئێوە چی دەكەن لە سلێمانی و هەولێر، تووشی سەر ئێشەمان دەكەن؟!”.
دەریانكەن و پێیان بڵێن “بابە ئێوە بە هەڵە لە وەزعەكە تێگەیشتوون، گەر وادەزانن كوردستان، یەك كوردستانە و جیاوازی نییە لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵات و باكور، ئەوە هەقیقەتێكی نییە، یان وابزانن ئێوە ماڵی خۆتانە و كەس نییە پێتان بڵێت بەر چاوتان بە كلە، هەڵە تێگەیشتوون…؟!”.
پێیان بڵێن “خێر و بێری ئێوە چییە، جگە لەسەر ئێشە بۆمان، گەر باسی شۆڕشگێڕی و قارەمانی و باوەشی گەرم و پڕ لە تاسەی ڕابردوویان بۆ كردن، كە چ هاوكاری باشور و باشورییەكانیان كردوە، بڵێن ئەو زەمانە گوزەشت…؟!”.
پێیان بڵێن “گەر تا دوێنی ڕێگامان داون لەناو ماڵە سارد و سڕ و بێ موحبەتی ژێر سەرمای دەرزی ئاژنی زستان و گەرمای تاقەت پڕوكێنی هاوین لە زرگوێز، كۆیە و تۆپزاوا دانیشتوون، ئیتر فەرموو بپێچنەوە و خواتان لەگەڵ”.
پێیان بڵێن “كاكە، دادە گیان، میوان ڕۆژێ، دوو ڕۆژ خۆشە، چیتان داوە لە كوردایەتی و شۆڕشگێڕی، بۆچی ناڕۆن بۆ ئەوروپا، ئێمەش و خۆشتان لە گێر و كێشە نەجات بدەن؟”.
ئەوانەیان پێ بڵێن بە ڕوو قایمیتانەوە، وەكو لێدوانی هەندێك لەو بێ وەفایانەی، كە بە ڕوو قایمیانەوە، ڕوویاندێت هەندێك شت بڵێن، ئینسان هەست بە عارەق كردنەوە دەكات، شەرم مەكەن، لەوەی ئەوان دڵیان عاجز دەبێت، دڵی پڕ لە غرور و غوربەتییان دەشكێت، لەو وڵاتە خاوەن ماڵەی كە وەكو نیشتمان و ماڵی عەزیزانیان بۆی هاتن، تا پەنایان بدەن و باوەشی گەرمی موحەبەتییان بۆ بكەنەوە، ئێستا بە ناڕاستەوخۆ دەریان دەكەن.
بەڵام ئیتر نابێ وێنەكانی قازی و شێخ سەعیدی پیران لە مۆزەخانە و شوێنە گشتییەكان هەڵواسن و ئیتر دەبێت بیانهێننە خوارەوە، با لەوە زیاتر شەرمەزار نەبین بەرامبەرییان.
ئیتر ناوی ئەو شەقام و گۆڕەپانانە بسڕنەوە، كە بە ناوی ئۆجەلان، دەمیرتاش، قاسملۆ، كاك فوئاد، شێخ نەهری، شێخ عیزەدین، شێخ جەلال و شۆڕشی ئاگری داغەوەیە، چەند ساڵە لافی كوردایەتی و هاوخەباتی لێدەدەن.
ئیتر گەر ڕیفراندۆمێكی تر كرا، دڵنیابن وەكو پێشوو لە سنە و ئامەد، خەڵكی پشتیوانی نایەنە خیابان.
گەر شەڕێكی تری داعش بوو، پێشمەرگەكانیان نانێرن بۆ مەخموور و k1 و كەركوك.
گەر (31)ی ئاب بوو، داڵدەی خەڵك و كەلوپەك و پێداویستییە زەرورییەكانتان نادەن و بۆتان ناشارنەوە.
گەر ئەنفال ڕوویدایەوە و كیمیاباران كراین، چاوەڕێی شاردنەوەی ڕۆڵەكانتان مەبن لەژێر چادر و خێمەی نهێنی ئەوان، گەر داوایانكردەوە بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا هێز بنێرن، وەكو پێشوو دەستگیریان بكەن.
ئیتر مەڵێن؛ خزم، كەس، هاوڕێ، هاوخوێن و دۆستەكانمان لەو دیوون.
ئیتر مەڵێن؛ سنە لە سلێمانی و ئامەد لە هەولێر دەچێت و سەقز و جولەمێرگ دەستە خوشكی سلێمانی و هەولێرن.
ئیتر مەڵێن؛ سنە و ئامەدیش شاری خۆمانن.
ئیتر شانازیكردن بە سەید عەلی ئەسغەر و حەسەنی كامكار و شڤان پەروەر، بە ناسر، نەجمە، كاڵێ و دینۆ كۆتایی پێبهێنن.
ئیتر باسی ئەوە مەكەن، كە ئەوان خاوەنی شۆڕش و خەبات و قوربانیدانی گەورەن و ئەوان بەشێكن لە مێژووی شۆڕشگێڕی.
بەڵام ئەوەشتان لە یاد بێت، گەر ئەمجارە لێتان قەوما بۆ سەر سنوورەكان، چاوەڕێی ئەوە مەكەن، خەڵكی جەزیرە، شێرناخ، سلۆپی، بانە، مەریوان، سنە، سەردەشت و حاجی ئۆمەران، باوەشی گەرمتان بۆ بكەنەوە، ماڵی خۆیانتان بۆ چۆڵبكەن و بە كۆڵ نانی گەرمی سەر تەنووری گوندەكانی سەر سنوورتان بۆ بكەنە توێشوو، باوەشی میهرەبانیتان بۆ بكەنەوە و لەسەر چاویان داتانبنێن.
چاوەڕێی ئەوە مەكەن، بە قاچاخ و هەزار دەردە سەری لە لادێیەكانی خۆیان حەشارتان بدەن، تا توركێك، یان عەجەمێك سوكایەتیتان پێ نەكەن.
چاوەڕێی ئەوە مەبن، گەر لێتان قەوما، هێلكە و ڕۆنی چەورتان بۆ بخەنە سەر سفرە.
چاوەڕێی ئەوە بن، ژنێك، گەنجێك لەسەر سنوری (سڵۆپی یان مەریوان) بێنە دەنگ و پێتان بڵێن “فەرموون، ئاغای باشوری”، سوخنرانی بێ ئاگا:
ئەوە ئێوەن ….. (ڕۆژێك پێتان دەوتین فاصۆڵیا خۆرەكانی كۆیە، زرگوێز و تۆپزاوا، ڕۆژێك دەتانووت بەڕەڵاكانی سنە و سلۆپی، ڕۆژێك دەتانووت جاسوس، ڕۆژێك دەتانووت لات و پاتەكانی باكور و ڕۆژهەڵات”. ناو و ناوتۆرە نەما لێمان بنێن، دیارە بیرتان چۆتەوە.
ئەوكات چ جوابێكتان پێیە بۆیان؟
پێتان دەڵێن “ئێوە نەبوون، هەرچی خزمایەتی، هاوسێیەتی، كوردایەتی و شۆڕشگێڕی بوو، ریعایەتتان نەكرد”، بە زەییتان بەو كوڕ و كچە جەوانانەی ئێمەدا نەدەهاتەوە، كە شەو و ڕۆژ لەژێر زرمەی خومپارە و فرۆكەی بێ فرۆكەوان ڕۆژیان دەكردەوە، هەرگیز وەكو كوڕ و كچی خۆتان سەیرتان نەكردن، كە دەتانزانی لە غەریبین و لە باوەشی میهرەبانی دایك و باوكیان دوورن، دەستێكی میهرەبانیتان بەسەردا نەهێنان، كەچی كە هاتە سەر مەترسی و لێ قەومان، كە دەبوو قسە بكەن، نەتانكرد و لەوەش خراپتر هەندێكتان بە ناوی حیزبی و حكومەتەوە، دڵتان شكاندین، هەندێكیشتان بە وەفا و گەورە بوون بەرامبەرمان و ئەوەشمان لەبەرچاوە.
كورتی و كرمانجی؛
قەیناكا گلەیی بكەن، كە ئەم كوردە بەڕێزانەی ڕۆژهەڵات و باكور، جاروبار سەرئێشەیەكی بچووك دروستدەكەن، كە بە پاراسیتۆڵێك چاك دەبێت، بەڵام نەك ئەوەی هەندێك كەس، قسە گەلێك دەكەن، دڵ كوندەكات، وەكو ئەم كوردستانە هی باوك و باپیری ئەوان بێت، هەڵوێستی حكومەت و حیزبی باش و سیاسی باشیش دەشێوێنێ و كەس نییە بڵێت “كاكە، ئەو قسانە مەكە”، ئەوەیان بیرچۆتەوە، كە لەسەر ورگی ئەوان دەژیان، ئینسان شەرم دەكات، كە هەندێك كەس لێرە قسە دەكەن، لە پێناو شتێكی بچووك، یان دەستكەوتێكی شەخسی، كە لەسەر حكومەت و حیزبی كوردی باشور دەكەوێت، ئەی نابێت وەڵامێكی ئەوانە بدرێتەوە، كە ئەوە قسەی پڕ مەنفەعەتی خۆیانە، نەك هەر كەسی تر.
ئەم ماوەیە و ئەم چەند ساڵە، هێندێ لێدوان و قسەی وا بەرامبەر كوردەكانی ئێران، توركیا و سوریا دراوە و وتراوە، ئینسان شەرم دەكات، بە ناوی كورد و كوردبوونەوە بۆ هاوسێ، هاوخوێن، هاوخەبات و مێژووی هاوسنور بیكات، خۆ ڕەنگە بێدەنگی باشتر بوایە، بەڵام دڵنیابن، ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە، ئەوانیش تاسەر لێیان ناقەومێت، بەڵام هەڵوێست و ویژدان گرنگە بۆ ئینسان، وەختێك دەبینی هەموو ڕۆژ، بۆردومان دەكرێن و دەكوژرێن و هەراسان دەكرێن و سوكایەتییان پێدەكرێت.
دەی باشە، گەر هیچ ناكرێت بەرامبەر ئەو كارانە، خۆ دەتوانن بێدەنگ بن و قسەی ناهەق نەكەن.