فیدڕالیزم و یەکپارچەیی ئێران یا جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان

0
نووسین و ئاماده‌ كردنی بابه‌ت : ڕامبۆد لۆتف پووری

نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ :
ڕامبۆد لۆتف پووری

سەبارەت بە چارەسەر کردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دوو روانگە لە ئارادا بوونە کە هەرکام بوونەتە بنەما بۆ دوو چەشنی جیاوز لە هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر ئێران و کوردستان. یەکەم روانگەیەکە کە لە کوردستانەوە بۆ تاران دەڕوانێ و پێی وایە لە کوردستاندا دەبێ بۆ چارەسەریی پرسی کورد بگەڕێین و بە پەکەیجی دیاریکراوی خۆمانەوە لە گەڵ تاران بکەوینە دانوستان، دووهەم روانگەش لە تارانەوە بۆ کوردستان دەڕوانێ و پێی وایە بۆ چارەسەریی پرسی کورد دەبێ لە تاراندا قورساییمان هەبێ و لەو سۆنگەوە مافەکانی کورد دەستەبەر بکەین.
بەدەر لە لێکدانەوە و پاساوەکانی هەردوولا ئەگەر بمانهەوێ هەڵسەنگاندنێکی ئەو دوو بۆچوونە لە گەڵ بارودۆخی واقیعدا بکەین دەتوانین بێژین؛ هەر چەشنە سەنگ و قورساییەک لە دانوستانێکی ئەوتۆدا راستەوخۆ گرێدراوی باڵانسی هێزە، واتە گرینگترین و سەرەکیترین فاکتەری یەکلاییکەرەوە لە دانوستانەکەدا رادەی هێز و بڕشتی لایەنەکانە.
ئەمە یاسایەکی گشتی و جیهانگیرە لە دونیای سیاسەت و بە تایبەت لە جیهانی سێهەم و رۆژهەڵاتی ناڤیندا. بەم پێیە ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران هێز و سەقامگیریی پێویستی هەبێت و لایەنی کوردیش هەروا کەم هێز و پەرش و بڵاو بێت وەک ئێستا و لە رابردوشدا دیتومانە، کەمترین بایەخ بە خواست و مافە سەرەتاییەکانی کورد نادرێت و دیسان دەگەڕێینەوە خاڵی دەسپێک ، بە پێچەوانەش ئەگەر لایەنی کوردی بە هێز و توکمە بێت و ناوەند ناسەقامگیر و لاواز ئەودەم کارتی بەهێز لە دەستی کورددا دەبێت و ئەوپەڕی ساویلکەیی دەبێ ئەگەر کورد خێرا و لێبڕاوانە هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەدات چوونکە تەنیا لە سەربەخۆ بووندایە کە کورد دەتوانێ سەرجەم مافەکانی خۆی و هەلومەرجی گەشەی هەمەلایەنەی کۆمەڵگاکەی دەستەبەر بکات. لە هەلومەرجێکی وادا دانی هەر چەشنە گەرەنتییەک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی ئێران دەبێتە هۆی بە هێز بوونی ناوەند و سووتانی کارتەکانی کورد لە گەمەکەدا. وەک دەزانین هەلێکی لەم چەشنە لە ۲۰۰۳دا بۆ کوردی باشوور هەڵکەوت بەڵام بەداخەوە هێزە سیاسییەکان ئەم پارچەیەی کوردستان کە لە ماوەی ۱۰ ساڵدا نەیانتوانیبوو ریزەکانی خۆیان یەک بخەن بە سیستمێکی دوو ئیدارە و ناتەباوە رێگای هەڵەشیان هەڵبژارد، واتە لە باتی ئەوەی کە خێرا نێوماڵی خۆیان یەک بخەن و لە کوردستاندا مافەکانی خۆیان بچەسپێنن ، روویان کردە بەغدا و بە هەوڵ و تێچووی خۆیان ماری سڕ بووی شۆڤێنیزمی عەرەبیان زیندوو کردەوە بە چەشنێک کە ئەو بەغدایەی وا لە بەر بێدەسەڵاتی و پەرش و بڵاوی تەسلیمی هەر داوایەکی کورد دەبوو دواتر هەوڵی داگیرکردنەوەی هەموو کوردستان و لە ژێر پێ نانی هەموو رێککەوتنەکانی دا و تەنانەت پتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستانی داگیر کردەوە . ئەمە تەنیا گرفتی باشووری کوردستان نیە بەڵکوو هێزەکانی رۆژهەڵاتیش بە تەمای دووبارە کردنەوەی ئەو هەڵەیەی باشوورییەکان لە رۆژهەڵاتن ، واتە هەڵەیەک کە لایەنگرانی روانگەی دووهەم خەریکن بیکەن. بە پێی ئەزموون و لۆژیکی سیاسەت روانگەی یەکەم دەتوانێ گونجاوترین ستراتێژیی لایەنە کوردییەکان بێت لەم قۆناغەدا. واتە لە ئێستادا هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات دەبێ نێو ماڵی خۆیان یەکبخەن و رێکبخەن واتە ئەو هێزانەی کە جیا بوونەتەوە دیسان یەکبگرنەوە و ئینجا بەرەیەکی بەهێزی کوردستانی پێک بێنن لەم پێناوەشدا هەر داشکاندن و ئیمتیازدانێکیشیان بەرامبەر بە یەکتر هەبێ رەوایە و باشترە لەوەی کە بە لاوازییەوە روو بکەنە تاران و ناچار بن لە سەر حیسابی مافەکانی کورد ئیمتیاز بە ناوەند بدەن.
جگە لەوەش پێویستە جارێک و بۆ هەتاهەتایە بڕیاری لێبڕاوانەی خەباتێکی راستەقینە بدەن ، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ خۆیان لە هەلومەرجی کەمپنشینی و دەستەمۆیی هێزەکانی باشووری کوردستان رزگار بکەن و ببنەوە بە خاوەن بڕیاری خۆیان . تەنیا بەم شێوەیە کە دەتوانن تینێک وەبەر جەستەی سڕبووی خۆیاندا بێننەوە و جارێکی دیکە متمانەی خەلکیان دەست بکەوێتەوە. هەڵەیەکی کوشندەش دەبێ ئەگەر هەر لە ئێستاوە هێلکەکانی خۆیان بکەنە سەوەتەی تارانەوە و لە گەڵ کەس و لاینگەلێک دابنیشن باسی مافەکانی کوردیان لە گەڵ بکەن و بۆ پێکهاتن قان( ئیمتیاز)یشیان بدەنێ کە هێشتا دیار نیە لە داهاتوودا چ پێگە و قورساییەکیان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا دەبێ. ئەم ستراتێژە هەڵە یەکەم لە نەبوونی متمانە بە خۆیی و دڵنیا نەبوون لە هێزی خود و پێگەی خەڵکییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئینجا پشت بەو خوێندنەوە هەڵەیە دەبەستێت کە ئەوان واتە فارسەکان بە هاوخەباتی خۆمان بزانین. پێویستە زۆر بە روونی لەم راستییە تێبگەین کە ئێمە و ئەوان لە یەک مەتەرێزدا نین ، ئەوان چ ئێستا و چ لە داهاتوودا لایەنی بەرامبەری ئێمەن کە دەبێ ململانێیان لە گەڵ بکەین. هەر چەشنە رێککەوتنێک لە گەڵ هەر لایەنێکی ئێرانی لە ئێستادا رێککەوتنێکی مردوو و بێ بایەخ دەبێ، چوونکە هیچ گەرەنتییەک بۆ داهاتوو دروست ناکات و لە نێو نەتەوەی کوردیشدا پشتگیریی لێ ناکرێ. دیارترین نموونەی ئەم راستییە لە عێراقدایە ، لە کاتێکدا کە کورد بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی خۆی بە دەستووری کرد و بە کردەوەش چەسپاندنی، بەڵام دواتر دیتمان حکومەتی بەغدا کە بەهێزتر بوو نەک هەر نکۆڵی لە بەڵێنەکانی خۆی کرد و مادەی ۱٤۰ی قەت جێبەجێ نەکرد تەنانەت دەستووریشی لە ژێر پێ نا و بە هەموو هێزی خۆیەوە پەلاماری کوردستانی داوە.
لە لایەکیتریشەوە کوردی رۆژهەڵات سەلماندوویانە کە چیتر خۆیان لە بازنەی ئێراندا پێناسە ناکەن و کوردستانیتر لەوەی بیر دەکەنەوە کە ئامادە بن بچنە نێو رێککەوتنێکەوە کە یەکیەتیی خاکی ئێران گەرەنتی بکات. پانیە ئاشیلی کورد لە رووبەڕوو بوونەوەیدا بەرامبەر بە داگیرکەران بەردەوام ناتەبایی نێوخۆیی و خۆ بە کەمزانین لە هەمبەر بێگانە بووە. بە چەشنێک کە لە نێوان خۆماندا زۆر رەق و تاک بڕیارین و بەرامبەر بە دوژمنیش نەک نەرم بەڵکوو دەستەمۆ و خۆ بەکەمزانین. ئەم خۆ بە کەمزانینە کەم و زۆر لە نێو هەموو هێزەکاندا بەدی دەکرێ. هەموو حیزبەکان مافەکانی کوردیان لە چوارچێوەی ئێراندا پێناسە کردوە و بە جۆرێک و لە چوارچێوەی سیستمێکی فیراڵیدا دانیان بە پێویستیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراندا ناوە و ئیتر نەیانوتووە ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی دان بەو مافانەدا نەنێت چ دەبێ و تا کەی و چەندەیتر گیانی رۆڵەکانی کورد دەکەنە تێچووی ئەم دۆزە فاشلە و بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دیمۆکراتیک و فیدڕاڵ !!! دیسان خوێن و قوربانییان پێ دەدەن ، دیاریان نەکردوە تا چ ئاستێک دان بە خۆیاندا دەگرن و چ شتێک روو بدا ئیتر ئەمان قبووڵی ناکەن و لە برا چەوسێنەرەکانیان جیا دەبنەوە. ئەگەر ئەوان فیدرالییان قبوڵ نەکرد چ دەبێ؟ راستە ئێمەباسی فیدراڵیزمی ئارەزوومەندانە دەکەین بەڵام دەبوو راشکاوانە بڵێین ئەگەر ئەوەمان لێ قبووڵ نەکەن ئێمە لە گەڵتان نابین و بژاردەی جیابوونەوە هەڵدەبژێرین. کەچی بە داخەوە نەک هەر وایان نەوتووە بەڵکوو هێشتا هیچ نەبووە و هیچ راپرسییەکی دیمۆکراتیک نەکراوە باڵادەستیی فارسەکانیان قبووڵ کردوە و زمانی ئەوانیان وەک زمانی فەرمی پەسند کردوە. ئیتر کەس نیە لێیان بپرسێ بۆ فارسی؟ بۆ کوردی نا؟بۆ تورکی نا؟ بۆ بلوچی نا؟ بۆ عەرەبی نا؟ ئینجا ئێوە چوزانن نەتەوەکانیتری ئێران ئەوە قبووڵ دەکەن یا کێ دەڵێ خەڵکی کورد دان بەم بڕیارە هەڵەیەتاندا دەنێت؟
لە کۆتاییدا ماوە بڵێم نە نەتەوەی سەردەستی فارس و دەسەڵاتی ناوەندی بە هۆی پاوانخوازییەوە دان بەو فیدرالیزمەدا دەنێت نە نەتەوەی کوردیش بە هۆی هوشیارییەوە چیتر خۆی بە ئێرانی دەزانێت. کەواتە هەردووک ئاماژەکە پێمان دەڵێن تەنیا چارەسەر یەکگرتنە لە نێوخۆدا و قۆستنەوەی هەر هەلێکی لەبارە بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.