عەلى ئەکبەرى ویلایەتى ڕاوێژکارى نێونەتەوەى خامنەیى کە ئێستا بە هۆى سەردانێک لە وڵاتى لوبنان ـە لە دیدارێکى تەلەفزیۆنى لە گەڵ کەناڵى ئەلئتیحاد، ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد بۆ کۆمارى ئیسلامى هێڵى سوورە.
ویلایەتى کە بەر لە لوبنان سەردانى دیمەشق و بەشار ئەسەدى کردبوو لە دیدارى خۆى لەگەڵ ئەسەد، پێی گوتبوو کە کۆمارى ئیسلامی بە چاوى ڕێزەوە سەیرى هەوڵ و قوربانیەکانى ئێوە لە بەرامبەر تیرۆریسم دەکات و خامنەى بەردەوام دوعا بۆ سەرکەوتنى ئێوە دەکات.
لە بەرامبەردا بەشار ئەسەد سپاسی هاوکارییەکانى ئێرانى کردەوەو گوتى بوونى ئێران بۆ گەل و حکومەتى سوریا دەبێتە هۆى ئارامى و دڵگەرمی..
شایانى باسە پشتیوانىی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە بەشار ئەسەد بۆ مانەوەی لە سەر دەسەڵات، بۆتە هۆى کوژرانى زیاتر لە نیو ملیون کەس و بریندار بوونى نزیکەى ٢ ملیون کەس و ئاوارە بوونى نیوەى حەشیمەتى سوریە.