عوسمانی: بەڕای من چەمکێک بە ناوی فێمینزمی کوردی بوونی نیە

0
651

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  خاتوو فاتیمە عوسمانی سکرتێری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

عوسمانی: هەموو چالاکانی بزووتنەوەی ژنان باش دەزانن مێژووی  ٨ ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان لە چ رووداوێکەوەو لە کام بۆچوونی ژنان سەرچاوە دەگرێ و لەو بوارەشدا زۆر قسە کراوە بۆیە من زۆر ناچمە سەر ئەو بابەتە، فەلسەفەی دەستنیشانکردنی ڕۆژی ٨ ی مارس هەر بۆچونێکی ژنانەیان هەر ڕووداوێک  بێ، گرینگ ئەوەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان خاڵی وەرچەرخان و زۆر جار خاڵی دەسپێکی بزووتنەوەیەکی ژنانە بووە. بۆیە من نەک دەستنیشانکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانی ژنان بە  بێ رێزی کردن بە ژنان نازانم بەڵکو لە سەردەمی ئێستاشدا بۆ ژنان بە تایبەتی ژنانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیەکان بە ڕۆژێکی گرینگی دەزانم کە هەر ساڵێک لەو ڕۆژەدا باس لە گۆڕانکاری و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ بزووتنەوەی ژنان لەو وڵاتانەدا بکرێ و بەرەو پێیشچوونی بزووتنەوەی ژنان و دەستەبەربوونی یەکسانی و مافە ئینسانیەکان موژدەی ژنان بێ.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

عوسمانی: ئەوە لە کەس شاراوە نیە کە کێشەکانی ژنی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەتا ئێستا هەر دیوارێکی بەردین لەبەردەم ژنان و چارەسەرکردنی کێشەی ژنانی کورد لە هەموو بوارەکاندا “سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی … هتد” ماوەیەکی زۆری دەوێ بەڵام ئێستا ژنی کورد زۆر قۆناغی لە پێشکەوتنی بزووتنەوەی خۆی لەپشت سەر داناوە.

ژنی کورد ئێستا لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆریزمە، ژنی کورد لە نێو خەبات بۆ ئازادی و رزگاری  گەلی کوردە وهاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان لەنێو بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد دا چالاکە و ابە کردەوە لە مەیدان دایە. ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر وەک ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە مەیدان دان و لە بواری فیکریشەوە لەسەر بزووتنەوەی ژنی کورد بە گشتی کاریگەرن. بۆیە پێم وایە ژنانی کورد رۆڵی کاریگەریان لە رووداوەکانی کوردستان هەیە.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، بوونی هەیە؟

عوسمانی: لە ڕاستی دا من پێم وایە کە چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کوردی بوونی نیە و لە ئەساسدا تێگەیشتنی ئێمە لە فیمینیزم تێگەیشتنیکی درووست نییە. هێندێک لە چالاکانی کوردی بواری ژنان پێیان وایە کە توندئاژۆیی لە مەسەلەی ژنان و قبوڵ نەکردنی راستی کۆمەڵگا و دۆخە هەنووکەیەکانی ژنان، کارکردنە لە بواری فیمینیزم. لە کاتێکدا ئەو لایەنە لەبەرچاو ناگرن کە ئەو توندئاژۆییە کە بە رای من فێمینیست بوون نیە نەک بە قازانجی بزووتنەوەی ژنی کورد  و دەستەبەرکردنی یەکسانی نیە بەڵکو زیان بەو بزووتنەوەیە دەگەیێنێ. بۆیە پێم وایە ئەو کەس و لایەنانەی کە خۆیان بە فێمینیست دەزانن و بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە لەسەر مەسەلەی ژنانی کورد پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ ئەو بابەتە هەبێ و بە پێی واقعیەتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کار لەسەر ئەو مەسەلەیە بکەن.

من پێم وایە کێشەکانی ژنی کورد ئەوەندە زۆرن و قورسایی ئەو کێشانەش وای کردووە کە هێندێک لە چالاکانی بواری ژنان کە شێوەی بیرکردنەوەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان لە رێگایەکی  دوور لە واقعیەت بگرنە بەر و پێیان وابێ کە فێمینیزم دەتوانێ رێگا چارەبێ، بەڵام هەروەک باسم کرد ئێمە بە دروستی لە فێمینیزم نەگەیشتوین بۆیە لە بەکارهێنانی ئەو فیکرەیە دروست کارناکەین و لەگەڵ ئەوەی کە فێمینیزم بە راستی خوێندنەوەیەکی درووستی بۆ هەموو جیاواز دانان و هەڵاواردنێک هەیە. لەوانەیە ئەم خوێندنەوەیە رێرەوی راستی خۆی لە کۆمەڵگای ئێمە و لە لەیەن ئەو کەسانەی بانگەشەی بۆ دەکەن لە دەست بدا.

ڕۆژی کورد: بوونی پارتێک بە ناوی پارتی فێمینیستی کورد، لە هەندەران و بێ هەبوونی هێزی چەکدار و توانایی هەڵسووڕانی فەرمی لە ناوخۆی وڵاتدا چۆن دەبینن؟

عوسمانی: من نامهەوێ لەسەر پارتی فێمێنیستی کورد قسە بکەم و رێزم هەیە بۆ بۆچوونیان لەگەڵ ئەوەی کە من بۆچوونی خۆم لە وەڵامەکانی پێشوو لەو بابەتە باس کرد. بەڵام بە بروای من هیچ پارتێک ناتوانێ بە بێ پاڵپشتی فکری و هێزی مرۆیی وڵاتی خۆی سەرکەوتن بەدەست بێنێ.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

عوسمانی: من لە ئاستێکدانیم کە قسەیەکی تایبەتیم بۆ ژنانی کورد هەبێ، تەنها ئەوە نەبێ کە من باوەڕم بە هزر و هێزی ژنانی کورد بە گشتی و ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەتایبەتی هەیە کە  لە ڕیزی پێشەوەی گۆڕانکاریەکان لە داهاتووی کوردستان و لە دەستەبەرکردنی مافە ئینسانیەکانی خۆیان  ومافی نەتەوایەتی  گەلی کورد لەو پارچە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.