ئەوەى لە سوریە دەبینین وەک گۆرەپانى شەڕى زلهێزە گەورەو ناوچەییەکانە. لە ئەمریکا تا دەگاتە ڕوسیا و هەموو ئەو وڵاتانەى ناوچە ئامادەییان هەیە لە سوریە. نزیکەى نیوەى خەڵکى سوریە بە هۆى ئەو شەڕەوە ناچار بوون وڵات بە جێ بهێڵن، لە جێگەى ئەوان گروپە کانى کە بە قازانجى وڵاتانى تر خەریکى شەرن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەبن. سەرەتا ئەگەر بە نهینى و یا بە لانى کەم دور لە میدیا وڵاتەکان دەست تێوەردانیان کردبا، ئێستا بە ئاشکرا بە هێزى چەکدارو بە بیانوى جودا بەشدارن لەو شەرە دا. ئەوەى جێگەى سەرنجە ڕۆڵى کورد لە نێوە دا چیە؟ ئایا ئەویش بە دواى شەڕکردن لە قازانجى وڵاتانى ترە یا بە دواى سیاسەتێکى ئستراتیژى کە لە بەرژەوەندى کورد دا بێت؟
بۆ ئەم مەبەستە ئەبی سیاسەتى پەکەکە شی بکەینەوە چونکو دەسهەلات دارى کورد لە سوریە پەکەکەیە. (من هەموو گروپەکانى پەیوەندیدارى ژیر چەترى کۆما جڤاکین کوردستانێ لە هەموو جیهان بە پەکەکە ناو دەهێنم چونکە یەک سیاسەت و یەک ناوەرۆک و سیماى جیاوازن.) سەڕەڕاى خێراى گۆڕانکارییەکان لە ناوچەو سیاسەتى پەکەکە تەنیا ئەوەى نەگۆڕە پەیوەندى پەکەکە و ئەسەد و ئیرانە کە بە شێوەیەکى یەکسان دەڕوات بەڕێوە. هەر بۆیەش پەکەکە بە هۆیانەى خوارەوە بەشێک لە ئستراتێژى ئێران و ئەسەد و روسیا دەزانم.
_ هەرلە سەرەتاوە پەکەکە لە سوریا دژایەتى ڕێژیمى ئەسەدى نەکردوە تەنانەت بە ئاشکرا بەرگرى لە پەیوەندیە کردوە . دەتوانین زۆر لێدوانى بەرپرسانى ڕێژیمى ئەسەد لە سەر دژایەتى کورد و دوستایەتى پەکەکە بە بەڵگە بهێنینەوە، وەکو لێدوانەکانى بەشار جەعفەرى کە لە میانەى گفتۆگۆکانى نێوان ژنێف ٣ دا بە ئاشکرا ئەم پەیوەندییەی شی کردەوە. تەنانەت لێدوانى سالح موسلیم سەبارەت بەشێک بوون لە سوپاى ئەسەد بە هەندێ مەرجەوە لە بیرمان نەچوە.
_ هەبوونى پەیوەندى نیوان ئەسەد و پەکەکە لە سوریا هەبونى پەیوەندى راستەخۆى ئیران و پەکەکە دەگەیەنێ. چونکو شتێک جیا لە ئستراتیژى ئێران لە سوریە دا وجودى نیە. هەر لە دروست بونى داعش تا شەڕى ڕێژیمى ئەسەد و داعش، کە بوە بە گرنگترین هۆکارى دەست تێوەردانى روسیا و ئێران لە سوریە. کەس ناتوانێ نکۆڵى لە پەیوەندى ئێران و ئەسەد بکات و ئەوەى کە لەوێ بەڕێوە دەچى بەرنامەو پلانى ئێرانە. ئەمە نەک بە گۆتەى من بەڵکو بە گوتنى خامنەى و روحانیە کە وەک باس لە شەرى سوریە دەکەن، کە هەر ڕۆژ ژنراڵێکى سوپا لەوێ دەکوژرێ، یەکێک بە شەڕى بەرگرى ناو دەبات و یەکێکى تر بە شەڕى بەدەست هێنانى دەسکەوت لە دانوستاندن ناو دەبات. لە وەها بارودۆخێک سەلماندنى پەیوەندى پەکەکەو ئێران حاشا هەلنەگرە.
_ بە هاتنە نێو کاییەیی روسیا دواى سەردانى قاسم سلێمانى بۆ روسیە لە ساڵى رابردوو، ئیتر ئەو گۆڕەپانەى شەڕى بە وەکالەت گەرم ترو زەقتر بوو. بێ گومان هەر لەو سۆنگەیەوە پەیوەندى نیوان پەکەکە و روسیا گەرم و گەرمتر دەبێ. لە کردنەوەى نوینەرایەتى پەکەکە لە روسیا تا سەردانەکانى دەمیرتاش و پیداگرى روسیا و ئەسەد بۆ بەشدارى پەکەکە لە گفتوگۆکانى ژنیف وەکو مەرجێک هەموویان و زۆر شتى تر باس لە پەیوەندییە توندو تۆڵە دەکەن.
بە شرۆفە کردنى ئەو پەیوەندییانە، پەکەکە بۆ ئەسەد و ئێران و روسیا وەکو ئامرازى جێبەجێ کردنى بەرنامە و پلانیان هەژمار دەکرێت. بۆ چى شتى وا چۆن دەبیت یەک بە یەک لە خوارەوە ناو دەبەم.
پەکەکە ئامرازى ئەسەدە چونکو بەر لە هەموو شتێک بە هەموو شێوەیەک یەکیتى خاکى سوریە دەپارێزێ و داواى هیچ مافى نەتەوەى ناکات. دژایەتى کوردەکانى تر دەکات کە داواى فیدراڵى دەکەن. دووەم داواى مانەوەى ئەسەد دەکات و هاوکات لە گەڵ هێزەکانى ئەسەد بە هەماهەنگىیەکى باش لە گۆرەپان دا خەریکى شەڕن لە گەڵ هەموو ئەو گروپانەى کە شەڕ دەکەن لە گەل ئەسەد دا. لە گەڵ دۆستانى ڕێژیمى ئەسەد دۆستە و هەتا یەک نمونەى پێچەوانە بە سەختى پەیدا دەبێت.
پەکەکە ئامرازى ئێرانە بۆ جیبەجێ کردنى بەرنامەکانى. هەر لە دژایەتى هێزەکانى ئۆپزسیونى کوردى بگرە تا بەربەستى جیدى سەربەخۆى لەو هێلە دا کار دەکات. دروست کردنى ناکۆکى و ئاڵۆزى لە تورکیا، لە بار بردنى گفتگۆکانى ئاشتی و دروست کردنى هێزى جیا جیا لە باشور کە پەیوەندییان بە حکومەتى ناوەندىەوە هەیە کە دژى کورد و دۆستى ئێرانە. تەنانەت دەست تێوەردان و دژایەتى حکومەتى هەرێم لە ڕاگایەندنى پەکەکە وا زەق و ڕوونە، کە ئەگەر سیاسەتێکى ئستراتیژى دژایەتى کردن کە بە دڵى ئێران بێت نەبوبێ، ئەى ئەو هەموو دژایەتیەى کورد لە پیناو چى. تەنانەت ڕاگرتنى هەموو شێوەیەکى چالاکى پەژاک لە ئێران بەشیک لەو بەرنامەیە.
پەکەکە ئامرازى روسیایە بۆ تێک دانى بارى تورکیا دواى دروست بونى ناکۆکى نێوانیان. بە ئاشکرا بە وەکالەت ڕوسیا شەڕى تورکیا دەکات. هەر دوێنێ بوو کە بە شیوەیەکى جیدى باس لە تەقاندنەوەى بۆڕى گازى سروشتى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان دەکات. چونکو تورکیا دواى پچرانى پەیوەندى لە گەل روسیا، بەردەوام مەترسی بڕینى ئەو بڕە بەرچاوە گازەى کە لە روسیا هاوردە دەکات هەیەتى. هەر بۆیەش تورکیا بەدواى شوێنگەرەوەى نوێیە، گازى سروشتى کوردستان لە ڕوى جوگرافى و سیاسی و ئابوریەوە باشترىن جیگرەوەیە، کە دەتوانێ رۆڵى روسیە و ئێران نەتەنیا لە تورکیا بەلکو لە ئوروپاش کەم بکاتەوە. دژایەتى پەکەکە لەو سۆنگەیەوە دێت جا ئەم هەوڵە چەند بە دژى کوردە گرنگ نیە گرنگ ئەوەیە بە دڵى ئێران و ڕوسیایە .
سەرئەنجام پەکەکە هەموو ئەو شتانەى کە ئەو ولاتانە داواى دەکەن دەیکات. لە بەرامبەر دا تەنیا یەک بابەت شک نابەم ئەوان بۆ کورد بیکەن جیا لە پێدانى چەک کە تەنیا بۆ ئامانجەکەى خۆیانە. تەنانەت ئەگەر بڵێین لە داهاتوو ئەو سودە بە کورد دەگەیەنێ، ئەویش بە مەحاڵ دەزانم چونکو ئێران و ئەسەد شتێکى بۆ کورد لێ هەلناوەرێ. هەر بۆیەش وادەبینم پەکەکە لەو ناوچەیە کورد بەرەوە داڕمان دەبات. ئەوەش دەبێ کورد بە لانى کەم ڕاى گشتى پیشى بەم جۆرە سیاسەتانە بگرێت. لەوانەیە لە وەڵامى ئەو رەخنانەم یەکەم وتەیان ئەوە بێ کە من داکۆکى لە تورکیاو سیاسەتى دەکەم کە شتێکى دورە لە راستى. چونکو هەر ئێستا لە لایەک کە ئالۆزى دروست دەکەن لە تورکیا بە ئاشکراو دور لە هەر ترسێک پشتیوانى لە کردەوەى تیرۆریستى دەکەن وتورکیا بە کۆمەڵکوژى کورد تاوانباری دەکەن. لە هەمان کاتیش دا نوێنەریان دانیشتنەکانى پەرڵەمانى تورکیا بە رێوە دەبەن. باشە ئەگەر وەکو کورد وەکو بەشێک لە پەکەکە بتوانی دانیشتنى پەڕلەمان بەڕیوە ببەى، ئایا دروست کردنى وەها ئالۆزیەک بۆ کام داواکاریە ئەگەر داخوازى ئەو وڵاتانە نەبێت.
نوسینى هەڵگورد ئاکرەى