شەپۆلی پاڕازیت لە زیندانی رەجایی شار، گیانی زیندانییەکی ستاند

0
540

ڕۆژی کورد: کاریگەرییەکانی دانانی دەزگای بڵاوکردنەوەی شەپۆلی پاڕازیت لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کە بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات داندرابوو، لە ئێستادا بە کوشتنی زیندانیان نیشانەکانی بەدیار دەکەون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، یەکێک لە زیندانیانی “ئاسایی” لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و نەبوونی دوکتور لە بێهداریی زیندان، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، “موجتەبا بیگ دڵی” کە تووشی نەخۆشیی دڵ هاتبوو، بە هۆی کەمتەرخەمی لەمەڕ ناردن بۆ بێهداریی زیندان تووشی ڕاوەستانی دڵ بووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، بەرپرسانی زیندان هیچ چەشنە هەوڵێکی شیاویان بۆ ڕزگار کردنی گیانی ئەو زیندانییە نەداوە.

بە گوتەی زیندانیان، هەنووکە ١٢ دەزگای ناردنی شەپۆلی پاڕازیت لە ٤٠ میتریی بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دامەزراوەو بە شێوەی بەردەوام پاڕازیت بڵاو دەکەنەوە و بەو هۆیەوە زیندانیەکان ڕۆژانە تووشی ڕشانەوە و سەرەگێژە دەبن.

زیندانیان لەو باوەڕەدان کە شەپۆلەکانی پاڕازیت سەرەکی‌ترین هۆکاری دابەزینی ڤیتامین لە جەستەی زیندانیەکاندایە و لەو بارەیەوە پزیشکانی زیندانیش کاریگەریی نەرێنیی شەپۆلەکانی پارازیتیان پشتڕاست کردۆتەوە.

“مەردانی” بەرپرسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات، بە دانانی دەزگای بڵاو کردنەوەی شەپۆلی پاڕازیت لە هەوڵی رێگرتن بە ئەگەری پەیوەندیی زیندانیان لەگەڵ دەرەوەی زیندان دایە.

پێشتریش کەریم مەعرووف عەزیز، زیندانیی کوردی خەلكی شاری سلێمانی کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا دەستبەسەرە، تووشی نەخۆشیی دڵ هاتبوو کە بەو هۆیەوە نەشتەرگەری لەسەر دڵی ئەنجام درابوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.