شێعرله : حامید مائیلی
شه‌و
بۆ غه‌ریبه و بێخه‌وان ماوه‌ی به قه‌د ساڵانه شه‌و
جه‌رگی به بر‌ینی هه‌ژاران تاکوو ڕۆژ له چڵانه شه‌و
دێم ده‌سه‌ر تۆ من گه‌ڕێم و دوایی بێ دیداری مه
لووزه‌وی به‌ست ئه‌شکی شه‌م له‌و وه‌سیه‌ته‌ی په‌روانه شه‌و
هه‌ر له ئێوارێ هه‌تا ڕۆژ سرته‌یه و سه‌رتاتکه‌یه
عه‌یب و ڕازان داده‌پۆشێ مه‌حڕه‌می عاشقانه شه‌و
تێری چاوان خه‌و ده‌که‌ن هه‌ر که‌س خه‌راباته ،به ڕۆژ
خوێنی ڕه‌ز ده‌خورێ هه‌تا ڕۆژ به‌زمی مه‌یخوارانه شه‌و
ڕۆژ له ئاوا بوونه گیانه موژده بێ شه‌و هاته‌وه
پێی بڕێژی چاوی جوانت بۆ کلی چاوانه شه‌و
هه‌ر وه‌کوو دایکێ که مه‌رگی ڕۆڵه‌که‌ی ڕه‌شپۆشی کرد
مل به کوێن ومات و بێده‌نگ جه‌معی ڕه‌شپۆشانه شه‌و
حه‌یفه هه‌ر باسی خه‌م و تار و تنووکی شه‌و بکه‌ین
من که په‌سنی جوانی ئه‌و که‌م ، خێڵی ڕه‌شتاڵانه شه‌و
که‌وتبووه ژێر چاوه‌دێری وابێ ده‌ست پێی ڕا نه‌گا
لێیگه‌ڕێن با هه‌ر نه‌زانن ژوانگه‌مان داڵانه شه‌و
شه‌ونمی سه‌ر په‌لکی سوورگوڵ دیاره فرمێسکی ئه‌وه
وێڵ و ئاواره له دووی ڕۆژ کاری هه‌ر گریانه شه‌و
ڕۆژ و شه‌و کوا فه‌رقی بۆ ژینی له قونده‌رکان، ئه‌رێ
شه‌وله‌بانی ده‌رکی خۆ بوون کوا له قونده‌رکانه شه‌و؟
وه‌ک ته‌ریده و ڕێگره ئه‌و نازه‌نینه دڵ دزه
سه‌ت ئه‌مان غه‌فڵه‌ت نه‌که‌ی دڵ ده‌رفه‌تی تاڵانه شه‌و
زۆر ده‌مێکه باوه شه‌ممۆ شه‌و شه‌مۆله گرتنه‌وه
کۆڕی ده‌وری پیر په‌ڕۆ بۆ گرتنه‌وه‌ی فاڵانه شه‌و
چون (خه‌مین) زۆر بێخه‌وه باوێشکی دێن، ناشاره‌زاش
وا ده‌زانن هه‌ر خه‌ریکی زه‌رده لیمۆیانه شه‌و