خوێنەری هێژا:
بابەتی بەردەستت وتووێژێکە لەژێر ناونیشانی (شرۆڤەیەک لەسەر دۆخی ئێستای کوردستانی باشوور)، کە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٧١٦ی کوردی) لە گەورە ژووری ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تلێگرام لەگەڵ بەڕێز کاوە شێخ عەبدووڵا، ڕۆژنامەوان و پەیامنێری کوردستانی باشوور و بە پێشکەشکاریی هێدی کامەرانی پوور، جالاکی سیاسی، ئەنجام دراوە.
ڕاوێژ: کاک کاوە بەخێربێن ، تکایه سەرەتا خۆتان بە ئەندامانی ڕاوێژ بناسێنن
کاوە شێخ عەبدووڵا: من کاوە شێخ عەبدوڵڵا… ڕۆژنامەوانم و لە سلێمانی دەژیم. ئێستا بەرپرسی پەیامنێرانم لە تەلەڤزیۆنی NRT.
ڕاوێژ : سەرەتا شرۆڤەیەکی کورت لەسەر دۆخی باشووری کوردستان بکەن تاوەکوو بچینە ناو باسەکەوە و پرسیاری هاوڕێیان بەرەوڕووتان بکەینەوە.
کاوە شێخ عەبدووڵا: بە کورتی…. هەلومەرجی ئابووریی تابڵێی خراپە، ئابووریی باش و پتەو بنەمای سیاسەتێکی باشە، سیاسەتێکی باش بنەمایەکی درووستە بۆ رێکخستن و دیسپلینی کۆمەڵگەیەکی باش. کەوابوو باش نییە.
ڕاوێژ : چی بوو هەلومەرجەکەی بەرەو ئەو ئاراستەیە برد؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: ئەمە رەگێکی مێژوویی هەیە. کوردان بەم ستایلە لاساکەرەوەییەی لە باشوور هەمانە… ۱٠٠ ساڵی تر لەسەری بڕۆین هەر بەم ئەنجامە دەگەین، ئەویش نەبوونی ڕۆئیای دەوڵەتدارییە. روئیاکەمان هێشتا هەر ئەمارەتنشینییە. ئەمارەتی بابان و ئەردەڵان بەڵام بە ستایلێکی مۆدێرن. ناتوانین بیهێنینە بەر چاومان کە چۆن دەبینە دەوڵەت، کە ئەو تەسورەمان نەبوو ناتوانین دایبەزێنین. ئینسانی کورد لە عێراق، ئینسانێکە بە تەواوی شێواوە، بە کوشت دەدرێ بۆ سەربەخۆیی کەچی سیاسییەکانی دەچنە وتویژ لەگەڵ داگیرکەر لەسەر ئۆتۆنۆمیی پێکدێن و مشتوومڕ دەکەن. چ میللەتێک هەیە لە دنیا بە قەدەر کورد قوربانیی دابێ بۆ ئۆتۆنۆمۆیی و خودموختاریی؟! شتی وا نیە.
ڕاوێژ: پرسی سەربەخۆیی بەرەو کوێ دەڕوات ؟ ئەوە یەک دوو ساڵە باسی لێوە دەکرێت و کەچی هێشتا هیچ شتێک ڕوون نیە ؟ کۆسپەکانی بەردەم سەربەخۆیی کوردستان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی چین ؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: سەربەخۆیی بەم هەلومەرجەی ئێستاوە ناکرێ، حەزەکەم کوردانی دڵسۆزو خەمخۆر بەم باسە زۆر خۆشبین نەبن، بەرهەمی هیچ کارگەو کۆمپانیایەکت بینیوە ئەگەر ئامێرو کارگەو دەستووری کاری نەبێ؟ سەربەخۆییش رێک وەکو کارگەیەکی بەرهەمهێنانە، ناکرێ سەربەخۆییمان وەرگرت پاڵ بدەینەوە، دەی سەرکردەو ئینسانی کورد لە باشوور توانای مانگێک بەرهەمهێنانیان نییە، چونکە بیرکردنەوەی نیشتمانییانەی نییە. کادرێک یان سەرکردەیەکی یەکێتی ئەگەر خەڵکی سلێمانی بێ هەرگیز ناتوانێ لە دهۆک سیاسەت بکات و نفوزی حزبیی دروست بکات. لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەی نیشتمانیانەی نییە تەنیا سلێمانی دەناسێ و لە سلێمانی ترازا دەست و پێی تێکەڵ دەبی.
ڕاوێژ: ئیستا لە باشوور کێشەیەکی سەرەکی هەیە، ئەویش یەک نەبوونی حیزبەکانە و سەر بە ئەملاو و ئەولا بوون، ڕێک وەک ساڵەکانی ٨٠ و ٩٠، بۆ نموونە یەکیەتی نیشتمانی بە ئاشکرا پشتیوانی لە حەشدی شەعبی دەکا، لە کەرکووک نووسینگەی خومەینی دەکەنەوە، یەکیەتی نێشتمانی کتێبی هزری خومەینی چاپ دەکا، ئێوە پێتان وانیە دەست تێوەردانەکانی بیانی بە هاوکاری حیزبە کوردییەکان لە هەرێم کێشەی سەرەکی و کاریگەرە بۆ یەک نەبوونی ماڵی کورد؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: با یەکشت جیا بکەنەوە…. ئێستا پدک و ینک حاکمی باشوورن، ئەمانە تەمسیلی دەوڵەتداریی دەکەن با دەوڵەتیس نەبن، کەوابوو لەگەڵ ئێران و تورکیا حدودی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە. ئەمە نابێتە جاشێتیە لاساییکەرەوەییەکە، بەڵام ئەگەر لەمەدا زیادەڕۆیی کرا ئەوسا دەتوانین ناوێکی وای لێ بنێین. ینک لەگەڵ ئێران نزیکە زۆریش، بەڵام ئەمە بەمابای ئەوە نییە کە ئێران نایەڵێ لەگەڵ پدک نزیک بێ.
ڕاوێژ: پێتان وایە زێدەڕۆیی نەکراوە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: بەڵکو بەشێکی پەیوەندیی هەیە بەو باسە تاریخییەی وا نووسیم لەسەرەوە. بەشێکیشی پەیوەندی هەیە بە سەرنەکەوتوویی کاک مسعود لە سەرکردایەتی و سەرۆکایەتی هەرێمی باشووردا. لە ۲۵ ساڵی رابردوو نەک زیادەڕۆیی، بەڵکو تاوان و خیانەتیشی کردووە ینک، بەڵام کە دەچیتە سەر مەسایلی دەوڵەتداریی شتەکە بەو جۆرە نابێ کە ئێمە وەکو کورد دەمانەوێ.
ڕاوێژ: کاتێک دەڵێن سەرکەوتوونەبوونی کاک مەسعوود لە سەرکردایەتی، ئایا ئەوە بەستنەوەی هەموو کێشەکان لە کەسێکدا و خۆ پاک کردنەوە خۆسڕینەوە لە تاونا و هەڵەکان نیە؟ مەگەر باشوور حکومەتی بنکەفراوانی پێک نەهێنا؟ باشە ساغ نەبوونەوە لەسەر پارێزگار لە سلێمانی و خۆش خزمەتی بە ئێران چی بەسەر سەرۆکایەتی داوە؟ یان ئەوتا دەگوترێ سلێمانی دەکەین بە کانتۆن یان ئەوەتا گەنجەکانی گەرمیان بە ئاشکرا دەکران بە حەشدی شەعبی؟ ئێوە ڕاتان چیە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: بۆ سەرۆکایەتی کاک مسعود… لە سلێمانی ساڵی ۲٠۱۱ لە خۆپیشاندانەکانی ۱۷ی شوبات نزیکەی ۱۲ گەنج کوژران، جا تەماشاکە ئەو سنوورە زاتیەی کاک مسعود بۆ خۆی کێشاویەتی، دەیتوانی بە سیفەتی سەرۆکی بێتە سلێمانی تا بەر بەڕشتنی خوێنی گەنجی کورد بە دەستی کورد بگرێ کەچی نەهات. حکومەتی بنکەفراوان ئەزموونێکی باش نەدەبوو، چونکە نازانم تاچەنێ ئاگات لە باشوورە؟ ساڵی۱۹۹۱ شتێکی وەکو ئەمەماب هەبوو ناوی بەرەی کوردستانیی بوو.
ڕاوێژ: چۆنە حیزبەکانی تر کەس بۆ سەرۆکایەتی پێشنیار ناکەن؟ کەسیان نیە یان لە دەنگ نەهێنانەوە دەترسن؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: مەسەلەکە نەبوونی سیستەمە، فەرموو تۆ دەکەین بە سەرۆک باشە…. بەڵام سەرۆکی کوێ دەبی؟ کار بە کام یاسا دەکەی؟ کام هێزی پ.م پابەندی تۆ دەبێ؟ ئەسڵەن بارەگا لە کوێ دادەنێی؟ ئەمانە قسەی خۆشباوەڕەکانن کە بۆ کەس نابێتە کاندید. سەرۆکی پەرلەمان دەرکرا، وەزارەت هەڵوەشێنرایەوە، باشە باراک ئۆباما یان دەیڤد کامیرۆن بێنە لە سیستەمێکی وادا چییان لێ بەسەردێ!؟ چیان پێدەکرێ؟ ئەم قسانە، کاندیدو سەرۆک و شت، بۆ ئەوە نابن بەڕاستی کاتی پێوە بکوژین بەڕاستی.
ڕاوێژ: هاوڕێیەک ئەم تێبینییەی ناردوویە دایدەنێم ڕای خۆتانی لەسەر بنووسن.”پێوەندیی پارتی لەگەڵ تورکیا هەرگیز نەبۆته هۆکاری دەست تێوەردانی تورکەکان له کاروباری سیاسی هەرێم و مل کەجیی پارتی له هەمبەر ئەوان، بەپێچەوانە پیوەندی یەکێتی و گۆڕان و……به پێچه وانەی پێوەندیی پارتی، ته ندروست و سەربەرزانه نییە”.
کاوە شێخ عەبدووڵا: پارتی مەرکەزییەتی زیاترە لە یەکێتی، کاک مسعود سەرکردەیەکی پێداگرەو خاوەن هەڵوێست و بڕیارە، مام جەلال وانەبوو. بەڵام لەژێر دەستی پارتیش کەم نین ئەو سەرکردەو گەریلایانەی تەسلیم بە تورکیا کراونەتەوە. تورکیاو پارتی هاوشانی یەک ئێستا دژایەتی پەکەکە دەکەن بە ئاشکرا، میدیای پارتی و تورکیا رێک وەکو یەک باسی پەکەکە دەکەن، ئەمە شتێکی شاراوە نیە.
ڕاوێژ: ڕێفراندۆم چیە؟ تا ئەو جێگە ئاشکرا بێت کە حاڵەتی ناچاریدا دەوڵەتانی ناوەندی بۆ کەمکردنەوە و جۆرێک ڕەوایەتی دان بە دیموکراتیک بوونی خۆیان پەنایان بردوەتە بەر ڕێفراندۆم ئەم ڕێفراندۆمەی باشوور دەچێتە چ قاڵبێکەوە دەتوانین بڵێین خۆ خەریک کردنی سیاسیەکانی باشوورە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: من هیوادارم نەکرێ، لەبەر ئەوەی دڵنیانیم لە سەرکەوتنی. ململانێی سیاسی لێرە تا ئاستی بێ هیوابوون ناشیرین بووە. کاک مسعود لەناوخۆ دژی زۆرترە تا تەبا، پارتی نەیتوانیوە دۆست بۆ کاک مسعودو پرۆژەکانی کۆکاتەوە، ریفراندۆم پدک دەیکات بە هی خۆی و کاک مسعود، ئەو دوانەش دژیان زۆرە لەناوخۆ.
ڕاوێژ: ئەگەر دژبەریان زۆرە ، چۆناوچۆنە لە هەموو دەنگدانەکاندا پارتی زۆرینە بووە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: ئەوەیان باسێکی ترە، ئێوە لە ئێرانن (کوردستانی ڕۆژهەڵات) و باش لە فرت و فێڵی حاکم و دەسەڵاتبەدەستان دەزانن، ئێستا ئێوە دەزانن پدک چەند موچەخۆری هەیەو بە پارەی حکومەت ژیانی دابینکردوون؟ زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەسە!!! بۆیە لەمبارەیەوە پێویست ناکا بێگومان بن لەو رێژەو دەنگهێنانە. خزم خزمێنە لە هەموو باشوور هەیە و ئەوە تەنیا پارتی نییە کە دەیکات. ئێستا با نەچینە سەر ئەو باسە و کاری ئێمەش نییە و نە منیش لایەنگری پارتیم .
ڕاوێژ: ئەم هەموو ئاڵۆزیەی باشوور لە بواری ناکۆکی سیاسیەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە ئایا سرووشتی باشوور هەر وایە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: ئینسانی کورد… نە تەنیا باشوور. با چیرۆکێکتان بۆ بگێڕمەوە: مامۆستا مەسعوود محەممەد لە کتێبی حەما ئاغای گەورەدا دەگێڕێتەوە “کوڕەکانی حەمە ئاغا ٥ برا بوون، دەچن داوا لە شای ئێران واتا ڕەزاشا دەکەن کە شتوومەکیان بداتێ و داڵدەیان بدات لە هەمبەر حکومەتی ئەو کاتی عێراق و دەچنە ئێران و لەوێ شا شوێنێکیان بۆ دابین دەکا و کوڕەکانی حەمە ئاغا لەوێ بۆخۆیان قەڵایەک درووست دەکەن، ئەو برایانە لە ناوخۆیان بەهرەمەند و دەست ڕەنگین بوون کە حەوت برا بوون، شەشیان پێیان دەکوترێ لەب زێڕین، واتا دەست ڕەنگین و بەهرەمەند، بەوەی تریان دەڵێن لەب زێوین واتا وای ناو دەنێن، بەو مەعنایەزیوە نەک زێڕ، هەر ئەوەش وادەکا دڵی ئەو برایە لەوانی تر کرمێ ببێ. کاتێ کە حەمەڕەزا شا وا هەست دەکا برایانی لەب زێڕین هێزیان گرتووە، دەیهەوێ دەریان بکات، ئەوانیش ڕێگە نادەن و لە قەڵاکەیان شەڕی شا دەکەن، بەڵام شەڕ درێژە دەخایەنێت و کوڕەکانی لب زێڕین زۆر بوێرانە خۆراگرانە شەڕ دەکەن، شا ناتوانێ زەفەریان پێ ببات، ئەم لب زێوینە واتا برای بچووک بۆ ئەوەی کە تۆڵەیئەو نازناوە بچوکەی خۆی لە براکانی بکاتەوە، دەچێ لە دواوە، خەبەر بە جەماعەتی شا دەدات کە لیرەوە هێرش بکەن و وەرنە ناو قەڵاکە، ئیتر بەو هۆیەوە کوڕە قارەمان و ئازاکان کە ناویان لب زێڕینە، بە هۆی خیانەتی براکەیان شکست دەخۆن.
دەمهەوێ بڵێم ئێمە مرۆڤی کوردین، ئاواین، ئامادەین خیانەت لە برای خۆمان بکەین تەنیا بۆ ئەوەی کە هەندێ بە بچووکتر سەیریان کردووە، لە باشووری کوردستانیش ڕێک وایە، ئەو ڕوحیەتە کوردییە هەر ماوە، دڵنیا بن هێچی تر نیە، لێرەدا مەسەلە باڵادەستیی ئێران و تورکا و ئەم و ئەو نیە، خۆت بەهێزبە و هەبە، وەک ئیسراییل، ئەگەر سەدان وڵات دوژمنایەتیت بکەن و بیانهەوێ بتڕمێنن، تۆ هەر لە ناو ناچی و دەمێنیتەوە.
ڕاوێژ: هەڵبەت لەگەڵ ڕێزم با کورد نەکەین بە خیانەتکار و بلێین ئەوە تەنیا تایبەتمەندی مرۆڤی کوردە. مرۆڤی کورد لە زۆربەی دۆخ و دەورەکانی میژوو خیانەتی نەکردووە ، ناکرێ شتێکی وا بگشتێنین، خیانەت لە هەموو نەتەوەیەکدا هەیە بەڵام بۆ ئێمە کە بندەستین قورسترە. بۆ مێژوو: ئێمەی ڕۆژهەڵات لە گەڵ بوونی پەیوەندی لەگەڵ سەددام هیچ کات خیانەتمان بە کوردی باشور نەکرد.
کاوە شێخ عەبدووڵا: نموونەی کوردی رۆژهەڵات کەمە، من دەزانم لە نسکۆی ۱۹۷۵ کاتێ شۆڕشی ئەیلول شکستی هێنا، سەدام فشاری خستە سەر شەهید قاسملوو و سرکردایەتی حدک تا سەرکۆنەی شۆڕشی شکستخواردووی باشوور بکەن. بەڵام نە قاسملوو نە سەرکردایەتی حدک نەچوونە ژێربار، دەزانم چ رەنجێکیان کێشا. زۆر برسی رەجاڵ کەوتن لە بەغا، بەڵام ئەو خیانەتەیان نەکرد، پێچەوانەی ئەمان، کوردی باشوور خیانەتی زۆری هەیە: رادەسکردنەوەی تەرمی شەهید سلێمانی موعینی، خیانەتی یەکێتی لە ۱۹۹٦، شەهیدکردنی بەکۆمەڵی کوردانی شنۆ لەلایەن پارتی بە فەرمانی کوڕانی بارزانی و زۆری تر.
ڕاوێژ: دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچە لەوپەڕی خۆیایە لە باشوور، بۆچی لە بەغدا کە هەمان شت هەیە خەڵکی لە هەمان کاتدا کە ئێران هاومەزهەب و ڕەنگە بە جۆرێک بڵێین هاوبەرژەوەندیشیانە (لە بەرانبەر بەرەی سوننەدا) دەبینین درووشمی ئێران بۆ دەرەوە و قاسم سلێمانی بۆ دەرەوە دەڵێنەوە، چۆنە لە باشوور لە سەر گران بوونی بەنزین و کارەبا ڕێپێوان دەکرێت لە سەر شتی وا هیچ کاردانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی نابینرێت؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: زیادەڕۆیی زۆر دەکرێ لەسەر ئەوەی کە سلێمانی ئێستا بە دەستی ئێرانەوەیە، ئەمە زۆر خراپە، من لە سلێمانیم… باوەڕیشم وایە رۆحی کوردبوون و کوردایەتی هەر لەم شارەدایە، ئیتر نازانم ئەم گەورەکردنەی ئێران لەم ناوچەیە لە چیەوە هاتووە.
ڕاوێژ: لە باشوور، زمانی کوردیش زۆر کەوتۆتە بەر هەڕەشە، مەبەستم ئەوەیە زمانی کوردیان زۆر شێواندووە نموونە زۆرن، تابلۆکان (فڕۆکەخانەی هەولێری ناونەتەوەیی) (قوتابخانەی پێشەوای بنەڕەتی ئێوارانی کچان) (هەڵدەستین بە ئەنجام دانی پڕۆژەیەک)، تی ڤی یەکانیش کە یەک دەنووسێ بەپەلە، یەک بەلەز، یەک خێرا و یەک عاجل، ڕیشەی ئەو کارەساتە و چارەسەرییەکەی لە کوێیە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: ئەمەیش دیسان هەڵشێلراوی ئەو سیستمە خراپەیە کە هەمانە، دەوڵەتێکی تۆکمەو دامزراوت نەبوو، فەرهەنگێکی تۆکمەت نابێ، بێ فەرهەنگیی ناتوانێ میدیایەکی خاوەن بەرپرسیار دروست بکات، من خەمی گەورەم زمانە لە میدیا، لە هەر کەناڵێک ئیشم کردبێ ئەمە ئامانجم بووە، بەڵام منیش بومەتە بەشێک لەو سیستمە خراپە، بۆیە دەمەوێ بڵێم ئەمە بە کەسێک و دووان چاک ناکرێ تا نەبینە خاوەنی سیستمێکی تۆکمەی بەڕیوەبردن.
ڕاوێژ: باس لە نەبوونی سیستمێکی باش دەکەن . بۆچی سیستم نیە ؟ دەبێ چاوەڕوان بین لە ئاسمانەوە سیستممان بۆ بێت؟ چی دەبێ بکردرێت؟ تا کەی ئەم بێ سیستمییە دەبێ درێژەی هەبێت؟ کاتی ئەوە نەهاتووە کە بیرێک بکردرێتەوە لەو بابەتە؟ ئایا تا ئێستا بیری لێ کراوەتەوە؟ پرۆژەی بۆ دانراوە؟ بۆچی دروستکردنی سیستمێکی باش جێبەجێ نەبووە تا ئێستا؟ کۆسپی سەر ڕێگای دروستبوونی ئەم سیستەمە چین کە ئێوە باسی لێوە دەکەن؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: بەرژەوەندیی بنەماڵەییە لەناو سیاسەتدا، تۆ ئەگەر سیستمت هەبێ هەموو کەسێ ناتوانێ دەوڵەمەنی لە رادەبەدەرو هەرچی ویست بیکات، ئێ ئەگەر پێڕەو لەم سیستمە بکرێ ئەوا سەرۆک و دەسڕۆیشتووان ناتوانن بۆ مانەوەی خۆیان لەشکرێک لە خەڵکی هیچ تیابەسەر نەبوو بخەنە سەر وەزیفەی دەوڵەتداریی. لای ئێمە حزب بۆ ئەوە دروست دەکرێ دەوڵەتداربێ نەک ببێتە بەشێک لە دەوڵەت، لە پێڕەوی ناوخی حدک لە کۆماری کوردستان، دەستوورێکی حوکمدار نووسراوەتەوە نەک حزبایەتیی. باشووریش هەمان شتە، حیزب واتە حکومەت.
ڕاوێژ: حیزبە ئیسلامییەکان و بیری ئیسلامی تووندئاژۆ لە باشوور یەکجار کێشەن، مەلاکان دەسەڵاتێکی رەهایان هەیە و لە مزگەوتەکان باسی هەموو شت دەکەن، فەرمانەر، حکومەت، پیکەوە خەوتنی ژن و پیاو و ….تاد، مەلای وەک مەلا سمایل سوسەیی و مەلا شوانیشمان تێدا هەڵکەوتوون، شێخ زاناش هیچ، پێتان وایە ڕیشەی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی مەلاکان لە کوێوە و کاریگەرییەکانی چین؟ چۆنە کەسانێک بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە شەڕ کردن لەگەڵ داعش تاوانە یان ناڵێن داعش کافر یان تیرۆریستە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: مەلاو کۆنەپەرستیی بوونەتە بەشێک لەو سیستمە خراپ و بێکەڵکەی لە باشوور حوکمڕانە، مەلا بووەتە وەسیلەی مانەوە، لە سلێمانی بۆ ئەوەی دژایەتی ئێران بەهێزبی پارتی و سعودیە دەسگیرۆیی مەلا لەتیف و سەلەفییە کۆنەپەرستەکان دەکەن، ئیتر یەکێتیش بەشی خۆی بۆ دژایەتی پارتی جۆرێ لە ملاو حزبی دیکە دەعم دەکات، بە گشتی ئینسانی کورد کە دەبێتە کۆمۆنیست یەکەم شت دەیکوژێ کوردبوونی خۆیەتی، کە دەشبێتە ئیسلامیی هەمان شتە.
پرسیاری هاوڕێیەک: ئوپوزسیونی باشوور هەرایان گوێی دونیای ئاخنیوە لە باسی گەندەڵی(دیارە زۆریش هەیە) چۆنە تا ئێستە یەک دۆسیەیان ڕادەستی مەحکەمە نەکردوە ؟ دەکرێت بڵێین ئەوانیش داوای شەریکی دەکەن کە گەندەڵیدا؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: کێیە ئەوەندە دڵنیایە کە هیچ نەدراوەتە مەحکمە، هەر بۆ خۆی شکستهێنانی ئابووریی باشوور گەندەڵییەکە پێویستی بە دادگا نییە.
ڕاوێژ: هەموو دۆسیەیەک لە باشوور کەم تا زۆر باسی دەکرێت زیاتە لە 275 کادر و تێکۆشەری سیاسی و ئینسانی ناودار و شۆڕشگێڕی خەڵکی خۆرهەڵات لە باشوور و بەتایبەت زۆنی سەوز تیرور کرا چۆنە ئەو دوسیەیە کەس باسی ناکات؟ ئایا ئەمە لە سەرکردایەتی سیاسی باشوورەوە کراوەتە هێڵی سوور ؟ لە حاڵێکدا پەیتا پەیتا باسی هێنانی پاستاری دەکەن لە 96 سووریش دەزانن یەک شەهیدیان نەبوو ئەمە شاردنەوەی کەتنە گەورەکەیە یا نە هۆکاری تری هەیە؟
کاوە شێخ عەبدووڵا: تکایە بەو رەهاییە قسە مەکەن… بۆ تیرۆری ئەو تێکۆشەرانەی ڕۆژهەڵات شت کراوە لە میدیاکان و زۆرجار ناویان هێنراوە، بەڵاک کە تۆڵەیان نەسێنراوە ئەوە لە توانای خەڵک بەدەرە