ئەمڕۆ٢١ی ڕێبەندان، پۆلیسی تایلەند ڕایگەیاند کە لە عەمەلیاتێکی ٥ ساڵەدا توانیویانە یەکێک لە گەورەترین و سەرکەوتووترین باندەکانی سازکردنی پاسپۆرتی ساختە دەست بەسەر بکەن کە سەردەستەی ئەو باندە کەسێکی ئێرانییە.
ناوی ئەو کەسە ئێرانییە “حەمید ڕەزا جەعفەری” و تەمەن ٤٨ ساڵە ڕاگەیێندراوە کە بە دوکتور بەناوبانگ بووە و پاسپۆرتەکەی خۆشی ساختەیە. هەروەها ٦ شارۆمەندی بیانی تریش لەو عەمەلیاتەدا قۆڵبەست کراون کە هەر پێنج کەسیان پاکستانین.
حەمیدڕەزا جەعفەری کاری سازکردنی پاسپۆرتی ساختەی لە ماڵەکەی خۆی لە پارێزگایەک لە ڕۆژهەڵاتی بانکۆک ئەنجام دەدا و نرخی هەر پاسپۆرتەش ٢٣٠٠ دۆلار بووە.
پۆلیسی تایلەند دەڵێ لە کاتی دەست بەسەر داگیرانی ماڵی ئەو کەسە ئێرانییە، ٢٠٠ پاسپۆرت لە ماڵەکەیدا هەبووە کە زۆربەیان ساختە بوون و هەندێکیشیان دزێتی بوون و لە گەشتیارە بیانییەکان دزرابوون.
هەروەها پۆلیسی تایلەند باس لەوە دەکات کە پێدەچێت ئەو باندە لە ڕێگای ساز کردنی پاسپۆرتی ساختەوە، یارمەتی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیان دابێت.
شایانی باسە کە تایلەند یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی ئاسیایە لە بواری پاسپۆرتی ساختەوە و ساڵانە پاسپۆرتی سەدان گەشتیار لو وڵاتە دەدزرا.
تا ئێستاش بەرپرسانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هیچ دژکردەوەیەکیان لەو بارەوە نەبووە.