سویس: ئەنجامنامەی کۆنفرانسی لۆزان لە ٢٤ی جولای ٢٠٢٢ی زایینی

0
185

 لەسەر داخوازیی کۆمیتەی کارو خەباتی سەدساڵەی پەیمانی لۆزان، ئێمە نوێنەرانی پارت و رێکخراو و کەسایەتیی کوردستانی، رۆژی یەکشەمە 24.07.2022، لە 99 هەمین ساڵوەگەڕی پەیمانی لۆزاندا، لە شاری لۆزان و لە هەمان ئەو هۆڵەدا کە پەیمانەکەی تێدا ئیمزا کرا، کۆبووینەوە.

بە درووشمی ” لە 99مین ساڵوەگەڕی پەیمانی لۆزاندا، هەڵوێستی گەلانی کوردستان”، کۆنفرانسێکمان بەڕێوەبرد.

99 ساڵ لەمەوبەر لە شاری لۆزانی سویسرا کۆنفرانسێک کرا و پەیمانێک ئیمزا کرا. لە ئەنجامدا جارێکی دی کوردستان پارچەپارچە کرا و بەسەر چوار ولاتدا دابەشکرا. نوێنەرانی كورد لەو کۆنفرانسەدا بەشدار نەبوون، پرس بە خەڵکی کوردستان نەکرا،  بڕیار لەسەر چارەنووسیان درا  و کورد بە نەبوو ئەژمارکران. پەیمانی لۆزان ئەرێکردنی لەناوبردن و جینوسایدکردنی کوردان بوو.

 هەمانکات گەلانی ئەرمەنی، ئاسوری-سریانی-کلدانیش رووبەڕووی هەمان چارەنووس کرانەوە. پەیمانی لۆزان هەر بە تەنیا بڕیاری لەناوبردنی کورد نەبوو، بەڵکوو ئەرێکردنی فەرمانی ( مەدس، یەگهەرن و سەیفۆ)ی  جینۆسایدی 1915 بوو .

بە ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان قۆغێکی تاریک لە کوردستان دەستی پێکرد. گەلی کوردستان رووبەڕووی کوشتار بووەو ویستیان لەناوی ببەن. لە ساڵی 1925 وە هەتا ساڵی 1938 لە باکووری کوردستان بە سەدان هەزار کورد کوژران و زۆر شوێنیش لە کوردستان لە کوردان پاککرانەوە.

سیاسەتی کوشتوبڕ، ئەشکەنجەو برسیکردن و تواندنەوە لە پارچەکانی دیکەش بەردەوام بوو.

پەیمانی لۆزان لە باشووری کوردستان

کوشتنی سەدان هەزار کەسیی، ئەنفال و هەڵەبجەی لێکەوتەوە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان

 سەرکوتکردنی گەلی کورد و لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی، هەروەها فتوای جیهادی خومەینی بە دژی گەلی کورد ، کۆمەلکوژیی قاڕنێ و قەڵاتان و سۆفیان و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەی کوردی لێکەوتەوە.

 لە رۆژاوای کوردستان

 سوتاندنی عامودا و درووستکردنی پشتێنی عەرەبی.

لە باکووری کوردستان

کۆمەڵکوژیی دێرسیم و گەلی زیلانە، ئەشکەنجەدانی زیندانی ئامەد و سەدان کارەساتی تر.

پەیمانی لۆزان لەنێوان باکوور و رۆژهەڵات و باشورو رۆژاوا دا تەلی دڕکاوییە.

ملیۆنان مینی چێندراوە، لەو سنوورانە چاوی کوێر و قاچی بڕاوەی لێ نێژراوە.

بە کورتی پەیمانی لۆزان خەنجەرێکە لە دڵی کورداندا.

پەیمانی لۆزان لە ئێستادا هێرشی سەر کۆبانێ و شەنگاڵە، جینۆسایدی بەردەوامی ئێزدیە، داگیرکردنی کەرکوک و عەفرین و سەرێکانیە، کوشتاری کۆڵبەران و لە سێدارەدانی لاوانی کوردە. بەکارهێنانی چەکی کیماییە لە دژی جەنگاوەرانی ئازادی لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا.

سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و مەینەتیانە، گەلی کورد لە دژی ئەنجامی پەیمانی لۆزان، بەرخۆدانی گەیاندە رۆژی ئەمڕۆ. ئەگەر هەلومەرجی 1923 لەگەڵ ئەمڕۆ بەراورد بکەین، لە 1923دا هێزی گەلی کورد لاواز و پەرشوبڵاو بوو، بەڵام ئەمڕؤ ئەو هێزە لە هاوسەنگیدا کاریگەرە. ئێستا لە باشووری کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵ هەیە، لە رۆژاوای کوردستان 10سالە پێگەیەکی دیفاکتۆ هەیە. لە باکور و رۆژهەڵات بزووتنەوەیەکی رێکخراوی ئازادی بەرخۆدانێکی مەزن هەیە. ئەو دەمەی پەیمانی لۆزان ئیمزاکرا، لە ئاستی نێونەتەوەییدا کورد نەئەناسران. ناو و دەنگی کوردان نەدەبیستران. بەڵام ئەمڕۆ کورد لە ئاستی ناونەتەوەییدا رؤڵیان هەیە، قسەی خۆیان هەیەو دۆستیان هەیە.

لە کاتی دانوستانەکانی لۆزاندا تەنیا کوردێک لە ناو شاندی تورکاندا بوو، ئەویش کوردێکی خۆفرۆش بوو. بەڵام ئەمڕۆ لە هەمان ئەو هۆڵەدا نوێنەری کوردستانیان ئەتوانن کۆببنەوەو دەنگی خۆیان بگەیەننە جیهان.

سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە نەگەیشتووینە ئازادی، سەرەڕای ئەوەش کە بەشی زۆری وڵاتی ئێمە لەژێر  ستەمی داگیرکەراندایە، بەڵام توانیومانە تاڕادەیەک ئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان لاواز بکەین. بەلام نەمانتوانیوە بە تەواوی بیسڕینەوە. دوای ٩٩ ساڵیش دوژمنانی ئێمە بەردەوامن لە پیلانی قڕکردنمان. ئێمە ئەمانەوێت ئیدی ئەو پەیمانە سەد ساڵی دیکەش بەسەر ئێمەدا نەسەپێت و ئەو دەستکەوتانەش کە بەدەستمان هێناون لەناونەچن.

وەڵامی هەرە بەهێز بەرامبەر پەیمانی لۆزان یەکێتی نەتەوەییە. چوون لۆزان خۆی هۆکاری پارچەکردنی وڵات و گەلی ئێمەیە. ئەگەر نەمانەوێت سەد ساڵی دیکەش پەیمانی لۆزان بەسەر ئێمەدا بسەپێنرێت، پێویستە یەکێتی ناوخۆیی بەهێز بکەین و بە یەکدەنگی لە دژی پارچەبوون راوەستین.

لە ٩٩مین ساڵوەگەڕی لۆزاندا، لە شاری لۆزان و لەهەمان ئەو هۆڵەدا کە ئەو پەیمانەی تێدا ئیمزاکرا، ئێمە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کۆنفرانسێکمان کرد. لە ئانجامی کۆنفرانسدا ئەم بڕیار و خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی رائەگەیەنین:

  1. بێئەوەی پرس و ڕا لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکرێت پەیمانی لۆزان رێکخراوە و وڵات و گەلی کوردستان دابەشکراوە. ئێمە وەک نوێنەرانی گەلی کوردستان ئەو پەیمانە رەد ئەکەینەوە.

  1. کۆنفرانس بانگی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ولاتانەی پەیمانی لۆزانیان ئمزاکردووە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر ئەکات و ئەڵێت: وەرن بەیەکەوە پەیمانێکی نوێ لەسەر بنەمای راستی و دادپەروەریی ببەستین.

  1. کوردستان یەک وڵاتە. گەلی کوردستان خاوەنی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی.

  1. کۆنفرانس پشتگیریی لە تێکۆشانی ئازادی دژی داگیرکاریی و پارچەکردنی کوردستان لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە ئەرکێکی سەرەکی دەزانێت و سڵاو لەو تێکۆشانە دەکات.

  1. کۆنفرانس گەلی ئاسوری-سریانی-کلدانی و هەموو ئەو گەلانەی لە کوردستان ئەژین و بەر نادادپەروەریی پەیمانی لۆزان کەوتوون، بە هاوچەرەنووسی گەلی کورد دەزانێت و سڵاو لە خەبات و تێکۆشانیان ئەکات.

  1. کۆنفرانس خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەکات. پشتگیریی خەبات بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان دەکات.

  1. کۆنفرانس پشتگیریی لە کارو تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی قەوارەیەکی فەرمی بۆ راۆژاوای کوردستان و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و کەمپینی هەرێمی دژەفرین بۆ رۆژاوا دەکات.

  1. کۆنفرانس لە دژی هەموو هێرشەکانی داگیرکەرانە. بە تایبەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی مەتیناو زاپ و ئاڤاشین کە چەکی تێدابەکاردێنێت ریسواو شەرمەزار دەکات. سڵاو جەنگاوەرانی ئازادی دەکات کە لە دژی ئەو هێرشانە بەرخۆدان دەکەن.

 و هەموو هێزە جیهانییەکانOPCW 9. کۆنفرانس داوا لە رێکخراوی ” دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی”

 دەکات لەبەرامبەر بەکەرهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە، بێدەنگ نەبن و هەڵوێست بنوێنن.

  1. کۆنفرانس داوا لە هەموو پارت و رێکخراوو نوێنەرانی خەڵکی کوردستان دەکات، یەکێتی ناوخۆیی بەهێز بکەن و یەکدەنگ بەرامبەر هێرشی داگیرکەران راوەستن. لەسەر ئاستی جیهانییش دەنگمان بکەینە یەک و دۆزی خەڵکی کوردستان بە دنیا رابگەیەنین.

لە ئەنجامدا کۆنفرانس پشتگیریی کۆمیتەی کارو خەباتی سەدساڵەی پەیمانی لۆزان دەکات کە لە سەد سالەی پەیمانی لۆزاندا پلانی کارو چالاکییەکانی بەڕێوەببات.

کۆنفرانسی لە 99مین ساڵوەگەڕی پەیمانی لۆزاندا، هەڵوێستی گەلانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوو“بێڕیزیكردن بەكاكەیی و یارسانەكان بێڕێزییە بەرامبەر شكۆی كورد”
بابەتی دواتربەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.