هەڵبژاردنەكانی دەیەمین خولی پەرلەمانە كارتۆنییەكەی ئێران ئەمجارەش پەیامێكی روونی بۆ باڵە توندڕەو و بناژۆخوازكەی رژیم تێدا بوو. خەڵك بەتایبەتی لە پایتەختی ئێران ئەو پەیامەیان بەوپەڕی روونی بە خامنەیی راگەیاند، كە تێیدا باڵی توندڕەو لە هەمبەر ریفۆرمخوازاندا لە پەلوپۆ كەوت.
بەڵام تۆ بڵێی ئەو ئاكامە چ موعجیزەیەكی بەدواوە بێ؟ بە سەرنجدان بە ئەزموونەكانی پێشووی ریفۆرمخوازاندا بەتایبەتی لە مەجلیسی شەشەم و سەردەمی خاتەمیدا، دەبێ لێكدانەوەكەمان لەسەر كۆمەڵێك شت راگرین، بۆ ئەوەی بە هەڵە نەچین: بەر لە هەموو شتێك، لەو 37 ساڵەی رابردوودا پەرلەمانی ئێران لە ئاستی سیاسەتە ستراتژی و بەرنامەبنەڕەتییەكاندا، قەت ئەوەندە دەستئاوەڵا نەبووە بتوانێ بڕیارێكی یەكلایەنە بدات و لە دەرەوەی ویست و دەسەڵاتی خامنەیی پڕۆژەی ریفۆرمی بنەڕەتی و تەنانەت ستراتژیك پەسند بكات و هەر كاتێك ویستبێتی دەست بۆ وەها شتگەلێك بەرێ، ئەوا بە حوكمێكی حكوومەتی ریسەكەی لێ كراوەتە خوری و دەمبێنیان لێ دراوە.
لە لایەكی دیكەوە، ریفۆرمخوازان خۆیان لە بنەڕەتدا ملكەچی ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ و پابەندی هێڵەسوورەكانی رژیمن، كە ملكەچبوون لە هەمبەر خامنەییدا واتە پووچەڵبوونەوەی سەدا پەنجای چالاكی و ویست و داخوازییەكانیان و ئەو هێڵەسوورانەش لە زۆربەی بڕیارەكاندا دەست و پێیان دەبەستن و بەو پێیە، ریفۆرمخوازان رەنگە ئەوپەڕەكەی تۆزە كرانەوەیەكی فەرهەنگی لە ئاستی وڵاتدا دەستەبەر بكەن و هیچی دیكە. كۆسپێكی بنەڕەتیی دیكە لە بەردەم ریفۆرمخوازاندا، دەسەڵاتداربوونی سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەكانە، كە هەر كامە و كۆمەڵێك دامودەزگای جۆراوجۆریان لەبەردەستدایە و بەتایبەتی توانیویانە وێڕای ئەوەی زیندانی تایبەت بەخۆیانیان هەبێ، نفووزی بێ ئەملاوئەولایان لە نێو دادگاكانیشدا هەبێ.
بەو پێیە سیستەمی قەزایی ئێران جگە لەوەی دەسەڵاتێكی سەروو یاسا واتە خامنەیی بەسەرەوەیە، لە لایەكی دیكەشەوە نەیتوانیوە لە ژێر هێژموون و ئۆتۆریتەی سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەكان دەرباز بێت و ببێتە سیستەمێكی سەربەخۆ.
هەر ئەوەش بوو كە پاش هاتنەسەركاری خاتەمی و دەنگهێنانەوەی ریفۆرمخوازان بۆ مەجلیسی شەشەم و كرانەوەیەكی رواڵەتیانەی كەشی سیاسی لە ئێراندا، رەوتی كوشتن و رفاندن و لەتوپەتكردنی رۆژنامەنووس و نووسەران و چالاكانی سیاسی (قەتڵە زنجیرەییەكان) نەك نەوەستێنرا، بگرە ئاشكراتر لە جاران هەر بەردەوام بوو، چونكە ریفۆرمخوازان رێگەیان پێ نەدرا و توانای ئەوەشیان نەبوو گۆڕانكاری لەو بەشانەدا بكەن، كە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمان و ئەمری خامنەییدا بوون و بەشێك بوون لە هێڵەسوورەكانی رژیم.
بەو پێیە، لانیكەم بۆ خەباتگێڕانی كورد و ئەوانەی چاوی هیوایان بڕیوەتە ئاسۆی داهاتووی ئێرانێكی دیموكرات و كوردستانێكی ئازاد و فیدراڵ/سەربەخۆ، نابێ هاتنە سەركاری ریفۆرمخوازان لە ئێراندا وەك هەنگاوێكی كاریگەر سەیر بكرێ، مەگەر ئەوەی هیوایان پتەوتر بكا بە قووڵتربوونەوەی ویست و داخوازییەكانی خەڵكی ئێران لە داهاتوودا…