حدکا پەیامی یەکگرتووخوازیی بۆ خالید عەزیزی و بەڕێوەبرانی کۆنگرەی شازدەی حدک نارد

0
861

ئەوڕۆ شەممە ١٦ی ڕێبەندان، هەروەک لە هەواڵەکانی ڕۆژی کوردیشدا هاتووە، کۆنگرەی ١٦هەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

بەو بۆنەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ماوەیەک بەر لە ئێستا ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ پرسی یەکنەگرتنەوە، ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات بڵاو کردەوە، نامەیەکی بۆ سکرتێری ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستان حدک، ناردووە و تێیدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ئێران و ئاژاوە ەگێڕییەکانی ئێران کردووە و داوای یەکگرتنەوەیان لێدەکات و لایان وایە کە یەکگرتوویی ئەو دوو باڵەی دێموکرات هێزێکی زۆر زیاتر لەهێزی ئەو دوو لایەنەیان پێ دەبەخشێ و، جێگە و پێگەی کوردی خۆرهەڵات لە ناوچە و دنیاشدا قورستر دەکا.

دەقی نامەکەی حدکا بۆ کۆنگرەی حدک بەو شێوەی خوارەوەیە:

بەڕێز / کاک خالید عەزیزی

نوێنەرانی بەڕێزی کۆنگرە !

وێڕای سڵاوێکی دۆستانە !

بەبۆنەی بەستنی کونگرەکەتانەوە پیرۆزبایی لە ئێوە و نوێنەرانی بەڕێزی کونگرەکەتان دەکەین بە هیواین بەرنامەی کاری کونگرە لە خزمەت بە دۆزی کورد لە کوردستانی ئێران بە ئاکامی دڵخواز بگات.

هاوڕێیانی بەڕێز!

بێگومان هەموو لایەک ئاگادارن کە ئەم کونگرەیەتان لە هەل و مەرجێکی زۆر هەستیار بۆ کورد پێک دێ، لە لایەکەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست(کە کوردستانیش بەشێکە لەو ناوچەیە) بووەتە چەقی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان گرووپ و لایەنە جیاوازە ئایینی، نەتەوەیی و سیاسییەکان کە زۆربەیان بە نوێنەرایەتی زلهێزێکی جیهانی یان ناوچەیی لە کوشتار و وێرانی تێوەگلاون بە جۆرێک کە داهاتووی چارەنووسی ئەو ناوچەیان تەم و مژاوی کردووە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سازکردنی ئەو ناکۆکییانە دەوری سەرەکی دەگێڕێ، چوونکە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە نائارامی ناوچەدا دەبینێ، یەکێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەوەیە کە بەهۆی ئەم وەزعە ئاڵۆزەوە هەوڵی داوە نفوز و دەسەڵاتی خۆی ڕۆژبەڕۆژ لە پانتایی ناوچەکەدا پەرەگرتووتر بکا، بەداخەوەلەو پێوەندییەدا سەرکەوتنیشی بە چنگ هێناوە. هەمووشمان گومانمان نییە لەوەی کە پەرەگرتنی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا بۆ زۆربەی پێکهاتەکان بە تایبەت بۆ کورد و، لەنێو کوردەکانیشدا بۆ ئێمەی کوردی ئێران مەترسیدارە. بەتایبەت کە هێزەکانی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە پرش و بڵاویدان و بەم شێوەیە تواناکانیان لە هەموو ڕەهەندێکەوە بەرەو کزی چووە، بەداخەوە حیزبی دێموکرات بە جیابوونەوەیەک لە ڕیزەکانیدا کە لە ساڵی٨٥ ڕویدا، وەک حیزبێکی سەرەکی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە لە ئێرانیشدا، لەو نەخۆشییە بە دوور نەماوە. ئەو جیابوونەوەیە زەربەیەکی گەورە بوو لە پەیکەری حیزبی دێموکرات و بێجگە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و نەیارانی دیکەی کورد، کەس قازانجی لێ نەکرد.

ئەو ساڵانەی جیایی و لێکدابڕانە ماوەیەکی کەم نەبوو بۆ ئەوەی هەموومان لێی فێربین و بە هەڵەکانماندا بچینەوە، بۆ ئەوەی لەم کاتە ناسک و هەستیارەدا و بە لەبەرچاوگرتنی چارەنووسی کورد لە کوردستانی ئێران، ڕەوتی دانوستاندنەکانمان کە چەند ساڵێکە دەستی پێ کردووە بە مەبەستی لێک نزیکبوونەوە و لە ئاکامدا یەکگرتنەوەمان، خێراتر و جیددیتر بکەین. لەو پێوەندییەدا کونگرەکەتان ئەرکی قورسی لەسەر شانە کە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدا بۆ ئەوەی لەوە زیاتر کات بە فیڕۆ نەدەین.

بەڕێزان!

لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی ناوچە و شەترنجی خاوەن کایەکانی ئەو مەیدانە کە بێگومان ئێرانیش دەگرێتەوە، یەکگرتوویی ئێمە هێزێکی زۆر زیاتر لەهێزی ئەو دوو لایەنەمان پێ دەبەخشێ و، جێگە و پێگەی کوردی خۆرهەڵات لە ناوچە و دنیاشدا قورستر دەکا، هەر بۆیەشە، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی زۆر جیددیدایە بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئێمە بۆ ئەو مەبەستە لە باربەرێ.

داواتان لێ دەکەین بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز، با هەستی تۆڵە کردنەوە و ڕقەبەری لەسەر هیچ، نەبنە لەمپەڕ بۆ ئەوەی ئامانجە گرنگ و سەرەکییەکە کە یەکگرتنەوەیە نەبیندرێ، وەک دەڵێن دارێک بەر چاومان نەگرێ کە جەنگەڵەکە نەبینین.

ئێمە و هەموو کوردێکی دڵسۆز بەتایبەت خۆشک و براکانمان لە کوردستانی ئێران بە نیگەرانیەوە چاوەڕوانی ئاکامی کونگرەکەتان دەکەین، هەر وەکوو چۆن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش بە مەبەستێکی دوژمنکارانە لە چاوەڕوانیدایە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

 

١٣٩٤/١١/٥

٢٠١٦/٠١/٢٥

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.