بۆچی شەڕ؟

0
137

نووسەر:

مەسعود پژووهی

مێژوو نە بۆ پیرۆز کردنە نە بۆ تف لێکردن مێژوو ڕەوتێکە کە تێپەڕیوە و بۆ دەرس وەرگرتن و فێر بوون و کرانەوەی بەرچاومان بە مەبەستی بە دی هێنانی داهاتوویەکی سەرکەوتوو و ڕوون بۆ منداڵانمان.
زۆر جار لایەنگرانی ئاشتی و سوڵح بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵەکووتنە سەر بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی کە ئێمە لە شەڕی چەکداری دیفاع دەکەین و باوەڕمان وایە کە کورد و کوردستان تەنیا بە شەڕ و جەنگی چەکداریە کە سەر دەکەوێت.


باوەڕی ئێمە ئاوایە که دەبێت وا بکەین کە دوژمن لە ماڵەکانی خۆیاندا جێگای حەسانەوەیان نەبێت بەڵام ئەم باوەڕە لە چیەوە دێت؟
بە سەرنج دان لە خۆمان و دوژمنانمان ئەوە بە ڕوونی دەبینین کە نە کوردستان لە باروودۆخی ئاساییدایە و نە دوژمنانمان دوژمنی ئاسایین. دوژمنانی ئێمە لە هەوڵی سڕینەوە و بنبڕکردنی نەتەوەی کوردن و تەواو هەول و تێکۆشانیان ئەوەیە کە کەسێک نەمێنێت کە خۆی بە کورد پێناسە بکات و چیتر ئەو خەڵکە خۆیان لەسەر ئێرانی بوون یا هەمان فارسیسم و تورکیەیی بوون و یا تورک پێناسە بکەن. ئەم هەوڵە بنەڕەتیانە دەتوانێت یەک پێناسەی هەبێت کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ فاشیسم.
فاشیسم ڕەوتێکی نائاساییە و بە دوژمنێکی ئاسایی پێناسە ناکرێت بەڵکوو زۆر جیاوازترە لە ئەو شتەی ئێمە بڕوامان هەیە. فاشیسم ڕەوت و فکرێکی هەستەکی و گرێدراو بە هەستەوە نیە بەڵکوو ڕەوتێکی کامڵەن فکر لێکراوەیە کە بە بەرنامە و پرۆگرام و بە ئاگاییەوە کار دەکات. ئەوان یاسا و پرۆگرامی خۆیان بە پێ دەسەڵات و بنبڕکردنی غەیری خۆیان دادەڕێژن و ئەمە لە مێژوودا زۆرجار ڕووی داوە.
نموونەی فاشیسم لە مێژوودا ئەتوانین بە ڕوونی هیتلەر و نازیسمی ئاڵمانی ناو ببەین. هیتلەر کە دەسپێکەری شەڕی جیهانی دووهەم بوو بە داموودەزگایەکی بەربڵاو خەریکی کار بوو. ئەو لە ڕواڵەتدا حکوومەتێکی دموکرات بوو و بۆ تەواو ناوچەکانی جیهان سیستەمی ڕاگەیاندنی ڕێکخستبوو و هەواڵ و ئاگاداریان بڵاو دەکردەوە. بۆ داهاتوویەکی ڕوون مژدەی دەدا و بڕیار بوو جیهان لە خراپکارەکان پاک بکاتەوە بەڵام ئەمە ڕواڵەتی باسەکە بوو و لە ناخی خۆیدا ڕوانگەیەکی چەپەڵی بۆ دونیا هەبوو کە ئازادی لە مرۆڤەکان وەردەگرتەوە.
هەرچەن لە ئاڵماندا گرووپی جیاواز هەبوو کە دژی بیرۆکەکانی هیتلەر بوون بەڵام ئەوان سەرکەوتوو نەبوون. ئەوان لە ژێر دەسەڵاتی تا ددان چەکداری نازی دەتاوانەوە و هیچیان بۆ نەدەکرا. خەڵکی ئاساییش بە هەمان شێواز توانای بەرخۆدانی بەرفراوانیان نەبوو بەرانبەر بەو فاشیسمە و هەندێکی زۆریش لە خەڵکی ئاسایی لە فکری ئەوەدا بوون کە فاشیسم چەندە دەتوانێت سەریان بخات و چەندە بە قازانجیانە بۆیە لە دوای فاشیسم دەڕۆشتن و قەد ویژدان و بیریان ئەوە نەبوو کە چەندە دەتوانێت خراپ بێت تەنانەت بۆ کۆمەڵگای خۆیان. بە تەکید کۆمەڵگایەک کە تووشی فاشیسم دەبێت ئازادی لە هەمان کۆمەڵگادا کۆچ دەکات و خودی ئەو کۆمەڵگایە تووشی قەیرانی ئەخلاقی و ئابووری و سیاسی و چیتر دەکات.

ئێستا لە ئاڵماندا خەڵک باوەڕیان وایە کە دەسکەوتی شەڕی جیهانی دووهەم ماڵوێرانی بوو بۆ جیهان و ئەوە وای کردوە کە ئەوان و بیرمەندانیان لە حەولی ئەوەدا بن کە بتوانن قەرەبووی بکەنەوە و بتوانن جێگایەکی ئاسوودە بۆ خەڵک دابین بکەن. ئەم فکرەی ئەمڕۆ تا چەندە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت شتێکی جیاوازە و دەتوانین بێژین ئەوان وەکو تاک لەگەڵ ئەو بڕوایەدا نین بەڵام بە گشتی ئەمڕۆ ئەوان توانیویانە گۆڕانکاری لە فکر و هزری خۆیاندا بەدی بێنن. کەسێک وەکو کارل پووپر نووسەر و فەیلەسووف و بیرمەندی ئاڵمانی بۆ ئەو دەستکەوتە باس لە ویژدان دەکات.
ئەم دەستکەوتەی ئەمڕۆی ئاڵمان دەستکەوتێکی گرنگە و ئەگەر نەیاران ئیزن بدەن دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و هێشتا لە سەرەتای بوونی خۆیدایە و ئێمەش پێمان خۆشە حکومەتی ئێران و توورکیە پێ بگەن و ویژدانیان بە کار بکەوێت بەڵام لە ڕاستیدا دەستکەوتەکان بەو ئاساییە نین. دەستکەوت هەموو کاتێک تێچوویەکی هەیە، ئاڵمان ئەگەر سەرکەوتووی شەڕی جیهانی دووهەم بوایەت قەد بەو دەسکەوتە نەدەگەشتن بەڵکوو خراپتر لەخۆبایی دەبوون و زۆرێک خەڵکیان لەناو دەبرد و کارەساتی گەورەتری لێ درووست دەبوو.
ئەم دەسکەوتەی ئاڵمان لە بەرهەمی شەڕی ئەوانە بوو کە دژ بە فاشیسم شەڕیان کرد و شکستێک کە بۆ حکومەتی فاشیستی ڕووی دا بوو و ئەو کاتەی بوو کە ئاڵمان شارەکانی خۆی بە بۆمباران کراوی دی و خەڵکی خۆی بە ئاوارەیی و نەخۆشیەوە دی. لە ڕاستیدا مرۆڤ کاتێک دەتوانێت لەگەڵ کەسێک دیکە هاوخەم بێت کە لە بارودۆخی ئەودا بژی بۆیە دەتوانین بێژین ئاڵمانیەکان تا ئەوکاتە کە شارەکانیان وێران نەکرا لەوە حاڵی نەدەبوون کە جوولەکە و ڕووس و ئەوانیتر لە چ بارودۆخێکدان و نەیاندەتوانی باروودۆخی ئەوان هەست پێبکەن بەڵام دواتر کە شارە وێرانەکانی خۆیانیان دی ئەو کاتە بوو کە ویژدانیان کەوتە کار و لە کردەوەکانی پێشتری خۆیان پەشیمان بوونەوە. شەڕی جیهانی دووهەم شکستی ئاڵمان نەبوو بەڵکوو چارەسەری نەخۆشی فاشیسم بوو.

ئاشتی و سوڵح و ئاسایش شتێکی خۆشە کە هەموو مرۆڤێک لە دوای دەگەڕێت و نۆیڵ چەمبەرلین کە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی بریتانیا بوو و ئەویش لە دوای ئەم خولیایە بوو بە بۆنەی ئەوەی کە دەیویست شەڕی جیهانی ئەوەڵ دووپات نەبێتەوە و خەڵک لە ئاسایشدا بژین ڕۆشت لە مۆنیخ لەگەڵ هیتلەر پەیمانی مۆنیخی واژۆ کرد و کاتێک گەڕایەوە بۆ بریتانیا ئەوەی بە دەسکەوت بۆ ئاسایش پێناسە کرد بەڵام لە ڕاستیدا ئەو خۆی لەو ئەرکەی شەڕ دزیەوە و دواتر کاتێک وینستۆن چێرچیل دەست بە کار بوو ئەو بڕیاری چەکی دا و لە شەڕ هیچ ترسی نەبوو و شەڕی بە ڕێگاچارە دیاری کرد دژ به هیتلەر و لە کۆتاییدا توانی چارەسەری نەخۆشی فاشیسم بکات.ئەمڕۆ زۆرینەی ئێمە چێرچیل دەناسین بەڵام چەمبەرلین کەمتر کەسێک دەیناسێت. ئەوە براوەی شەڕ نەبوو کە چێرچیلی ناساندوە بە ئێمە بەڵکوو بڕیارەکەی بوو کە ئەوی لە مێژووماندا هێشتوەتەوە.

ئێمەی کوردیش کە بەرانبەر بە چەن هێزی فاشیستی خەریکی شەڕین بۆیە شەڕی چەکداری بۆ ئێمە دژ بە فاشیسمی تورکی و فارسی و عەرەبی بە تەکید نەک مەشرووعیەتی هەیە بەڵکوو دەتوانین بێژین وەکو ئەرک دەبێت پێناسە بکرێت و ئەگەریش بتوانین دەبێت ڕوانینی زلهێزەکان بۆ ئەم بابەتە ڕاکێشین کە ئەوانیش ئەرکە بۆیان کە دژ بە ئێران و تورکیە و هەرچی هێزی فاشیسمە بە ڕادیکاڵترین شێواز هەڵسووکەوت بکەن.

ئێمەی کورد ئەمڕۆ منداڵانمان بە کۆیلەی دەسەڵاتی ئێرانی و تورکیەیی دەگیرێن و شارەکانی ئەوان ساز دەکەن و کۆڵبەرانمان پێداویستی ژیانی ئەوان دابین دەکەن و منداڵانمان دەبێت سنوور پارێزی وڵاتی ئەوان بن و بۆ ئەوان و بەرژەوەندی ئەوان بمرن و کورد بوونمان بوە بە مەترسی و تەنانەت به جورمی کورد بوونەوە دەمانکوژن و ترۆرمان دەکەن و چەندەها کارەساتی ژینگەیی و مرۆڤی و تا ئەو کاتەی کە شارەکانی ئەوان وێران نەبێت و کاول نەبێت ئەوان لەوە تێناگەن کە چیان کردوە. هەندێک کەس ئەم جۆرە ڕوانگەگەلە بۆ مەسەلەی کورد و کوردستان بە ڕوانگەی فاشیستی پێناسە دەکەن لە حاڵێکدا وا نیە و ئەمە ڕوانگەیەکی ڕادیکاڵە دژ بە دوژمنێک کە تا نا ماڵەکانمان هاتوە و داگیر کراوین بۆیە پێویستە لەو ئەرکە خۆمان نەدزینەوە.

بۆیە ئێمە وەکو بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان دەبێت نە بترسین و نە پاشەکشە بکەین بەڵکوو کارێک بکەین کە دوژمنانی ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی کورد کوردستان نابێت لە ماڵی خۆیاندا جێگای حەسانەوەیان هەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.