به‌ هۆی په‌تای كۆڕۆنا له‌ ئێران تا ئێستا زیاتر له‌ ١٠ هه‌زار كه‌س تووشبوو هه‌یه‌ و هاوكات ٤٢٩ كه‌س گیانی خۆیان له‌ده‌ست داوه

0
848

ڕۆژی كورد :
به‌ پێی دوایین ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران هه‌ژماری تووشبووان به‌ په‌تای كۆڕۆنا سنووره‌كانی ١٠ هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تا ئێستا ٤٢٩ كه‌س به‌ هۆی تووشبوون به‌م ڤایرۆسه‌وه‌ گیانی خۆیان له‌ ده‌ست داوه‌ و بوونه‌ته‌ قۆربانی. هاوكات باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ڕێژه‌یه‌كی زیاتر له‌ ٣٠٠٠ كه‌س چاكبوونه‌ته‌وه‌.

كیانووش جه‌هانپوور، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران ڕۆژی پینجشه‌ممه‌ ڕیكه‌وتی 12ی ئادار نوێترین ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ ئێران و ڕێژه‌ی گیانبه‌ختكردووانی تووشبوو به‌و نه‌خۆشییه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌. به‌ پێی وته‌كانی ناوبراو له‌ پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ تا پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕێژه‌یه‌كی نزیك به ١٠٧٥ كه‌س تووشبووی نوێ به‌ یه‌تای كۆڕۆنا له‌ وڵاتی ئێران تۆمار كراوه‌. به‌م پێیه‌ و هاوكات به‌ پێی دوایین هه‌ژماره‌كان ڕیژه‌ی گشتی تووشبووان به‌م ڤایرۆسه‌ له‌ وڵاتی ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ ١٠ هه‌زار و ٧٥ كه‌س و به‌ پێی دوایین زانیارییه‌كانی جه‌هانپوور به‌ گشتی ڕێژه‌ی گشتی گیانبه‌ختكردووانی ئه‌م په‌تایه‌ تا ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ ٤٢٩ كه‌س كه‌ ٧٥ كه‌س له‌وانه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاژێری ڕابردوو دا گیانی خۆیان له‌ ده‌ست داوه‌ و مردوون.
جه‌هانپوور به‌رپرسی گشتیی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران له‌ درێژه‌ی وته‌كانی دا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه‌ تا ئێستا ٣٢٧٦ كه‌س له‌ تووشبووانی په‌تای كۆڕۆنا چاره‌سه‌ر كراون و ته‌ندروستی خۆیان وه‌ده‌ست هێناوه‌ته‌وه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌كان ده‌رباز كراون.
هاوكات له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ به‌رگری له‌ په‌تای كۆڕۆنا داوای یارمه‌تیی ئابووری له‌ سنووقی نیوده‌وڵه‌تیی دراوی جیهانی به‌ ڕیژه‌ی ٥ ملیار دۆلار كردووه‌، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ نامه‌یه‌كی سه‌رئاوه‌ڵا بۆ سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خوازیاری هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئامریكا له‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی كرد و هاوكات باسی له‌وه‌ كرد كه‌ گه‌مارۆكانی ئامریكا به‌ربه‌ستێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ سه‌ر ڕیگای به‌ربه‌ره‌كانێ و به‌رگری كردن له‌ په‌تای كۆڕۆنا له‌ وڵاتی ئێران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوو“هێرشی تۆڵه‌ئه‌ستێنانه”‌ی ئامریكا بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌ سووریه
بابەتی دواترپێكهێنانی ناوه‌ندێكی سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌ نێوان ڕووسیه‌ و توركیه‌ له‌ پارێزگای ئه‌دله‌ب

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.