به‌شار ئه‌سه‌د گه‌ڵاڵه‌ی ئالمان بۆ بنیاتنانی ناوچه‌ی ئارامی نێوده‌وڵه‌تی ڕه‌تكرده‌وه

0
746

ڕۆژی كورد :
پێشنیاری وه‌زیری به‌رگری ئاڵمان سه‌باره‌ت به‌ بنیاتنانی ناوچه‌یه‌كی ئارامی نیوده‌وڵه‌تی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و له‌ باكووری وڵاتی سووریه‌، تا ئێستا به‌ره‌وڕووی كاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنی زۆر نه‌بووه‌ته‌وه‌. هاوكات به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆك كۆماری سووریه‌ دژایه‌تی خۆی له‌ گه‌ڵ ئه‌و گه‌ڵاڵه‌ ڕاگه‌یاندووه‌ و پشتیوانی له‌ ڕێكه‌وتنی نێوان مۆسكۆ و ئانكارا كردووه‌.

به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆك كۆماری سووریه‌ پیشنیاری “ئانێ گرێت كڕامپ – كارێن باوێر” وه‌زیری به‌رگری ئاڵمان، سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی ناوچه‌یه‌كی ئه‌من له‌ ژێر چاوه‌دێری نێوده‌وڵه‌تی دا ڕه‌تكرده‌وه‌. به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ڕه‌وتی چاوپیكه‌وتن و وتووێژێكی ته‌له‌ڤیزیۆنی ناوخۆیی سووریه‌ دا ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌ر چاو و وه‌بیری هێنایه‌وه كه‌ پێشنیاری وه‌زیری به‌رگری ئاڵمان له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ زیندووكردنه‌وه‌ی باری ئه‌منی ئه‌و ناوچه‌ له‌ ژێر چاوه‌دێری و كونتڕۆڵی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دا بووه‌. به‌ بڕوای ئه‌سه‌د جێبه‌جێكردنی وه‌ها پێشنیارێك به‌ مانای قه‌بووڵكردن و ئیسپاتی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریه‌ له‌و ناوچانه‌یه‌ و به‌ جورێك په‌سه‌ند كردنی دابه‌ش كردن و پارچه‌ پارچه‌كردنی ئه‌م وڵاته‌ ده‌بێت.
كه‌متر له‌ دوو حه‌وتوو پیش ئێستا وه‌زیری به‌رگری ئاڵمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌وڵه‌تی ئاڵمان پێویسته‌ به‌ هاوكاری فه‌ڕانسه‌ و بریتانیا و به‌شداری وڵاتانی رووسیه‌ و توركیه‌ پێشنیاری درووستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئه‌منی نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێ بكات. ناوبراو جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كردبوو كه‌ به‌ بڕوای ئه‌و هه‌ڵگرتنی وه‌ها هه‌نگاوێك ئه‌توانێت وه‌ڵامێكی به‌ هێزی سیاسی و دیپلۆماتیكی ئه‌وروپییه‌كان بێت په‌یمانی ناتۆ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی هێرشی توركیه‌ بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریه‌. به‌شار ئه‌سه‌د هاوكات له‌ گه‌ڵ دژایه‌تی كردنی ئه‌م پیشنیاره‌، له‌ به‌رانبه‌ر دا له‌ ڕێكه‌وتنی ڕووسیه‌ و توركیه‌ سه‌باره‌ت به‌ پاشه‌كشێی هێزه‌ كورده‌كانی “یه‌كینه‌كانی پارێزه‌ری گه‌ل” له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی باكووری سووریه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان پشتیوانی كرد. به‌ بروای ناوبراو ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ یارمه‌تی ده‌میشق ئه‌دات بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌رئه‌نجامی كۆتایی خۆی یانی ده‌سته‌ڵات په‌یدا كردنه‌وه‌ی دووباره‌ به‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و له‌ باكووری سووریه‌.
به‌شار ئه‌سه‌د به‌ ئاماژه‌ پێدان به‌ ڕێكه‌وتنی نێوان مۆسكۆ و ئانكارا، وه‌كوو هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی باسی له‌وه‌ كرد و وتی : له‌م ڕێگاوه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ هه‌موو ئامانجه‌كانمان نه‌گه‌ین، به‌ڵام هیوادارین ڕێگا خۆشكه‌ر بێت بۆ ڕزگاركردنی یه‌گجاری له‌ داهاتوویه‌كی نزیك دا.
دۆناڵد تڕامپ، سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئامریكا ده‌سپێكی مانگی ڕابردووی زایینی، مانگی ئۆكتۆبر، بڕیاری خۆی سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی هیزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئامریكا له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستانی ڕاگه‌یاند. ئه‌م هێزانه‌ تا ئه‌و كاته‌ هاوپه‌یمانی هێزه‌ شه‌ڕڤانه‌ كورده‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ شه‌ڕی هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانی داعیش بوون.


سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبڕیاری ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان
بابەتی دواترتوركیه‌ به‌ دیل گیراوه‌كانی ئه‌ندامی داعیش به‌ره‌و وڵاته‌كانیان به‌ڕێ ئه‌كاته‌وه‌

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.