ئامریكا و تاڵیبان دوای نزیكه‌ی بیست ساڵ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوون له‌ هه‌نگاوێكی تایبه‌تدا ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی میژوویی ئاشتی و ته‌باییان واژوو كرد

0
1133

ڕۆژی كورد :
نوێنه‌رانی ئامریكا و گرووپی توندئاژۆی تاڵیبان دوای زیاتر له‌ ١٨ ساڵ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوون و دوای نزیكه‌ی ١٨ مانگ ئاخافتن و وتووێژ ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كیان بۆ كۆتایی پێهێنان به‌ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونه‌كانی نێوانییان، له‌ وڵاتی قه‌ته‌ر واژوو كرد. هه‌موو دونیا چاوه‌ڕوانی ئاشتی و ته‌باییه‌كی سه‌قامگیر له‌ وڵاتی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن. هاوكات بڕیاره‌ به‌م نزیكانه وتووێژ له‌ نێوانه‌ هێزه‌كانی تاڵیبان و ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان ده‌ست پێ بكات.

له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مانگی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوو هێزه‌كانی تاڵیبان و ده‌وڵه‌تی ئامریكا له‌ واژوو كردنی ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ دووحه‌ی پێته‌ختی وڵاتی قه‌ته‌ر نزیك بوونه‌وه، به‌ڵام دۆناڵد تڕامپ، سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئامریكا له‌ كاردانه‌وه‌ بۆ كوژرانی سه‌رباز و چه‌كداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستان ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی قه‌بووڵ نه‌كرد و ڕایگرت. ئاخافتن و وتووێژه‌كان له‌ نێوان هێزه‌كانی تاڵیبان و ئامریكا بۆ ماوه‌ی چه‌ن حه‌وتوویه‌ك هه‌ڵپه‌سێرا و له‌ ئێستادا دوای تێپه‌ڕبوونی ٥ مانگ له‌و پێشهاتانه‌ ئامریكا و تاڵیبان ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی مێژوویی بۆ سه‌قامگیركردنی ئاشتی و ته‌بایی له‌ وڵاتی ئه‌فغانستان واژوو ده‌كه‌ن. سه‌ره‌كی ترین پێش مه‌رج بۆ واژووكردنی ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌ ڕاگه‌یاندنی دروشمی حه‌وتووی “به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كان له‌ ئه‌فغانستان” بوو كه‌ به‌ پێی ئه‌م بڕیاره‌ بۆ ماوه‌یه‌ك كیشه‌ و ئاڵۆزی و تێكهه‌ڵچوونه‌كان له‌ وڵاتی ئه‌فغانستان ڕاگیرا و باری ئاڵۆزییه‌كان به‌رته‌سك كرایه‌وه‌.
ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی و ته‌بایی نێوان هێزه‌كانی تاڵیبان و ئامریكا پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٩ی شوبات له‌ یه‌كیك له‌ هۆتیله‌ به‌ناوبانگه‌كانی شاری دووحه‌ پێته‌ختی ولاتی قه‌ته‌ر واژوو كرا. له‌ ڕیوڕه‌سمه‌كه‌دا مایك پۆمپێئۆ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا له‌ گه‌ڵ مه‌لا عه‌بدول غه‌نی برای به‌رێوه‌به‌ری گشتی ده‌فته‌ر سیاسی هێزه‌كانی تالیبان پێكه‌وه‌ وتاره‌كانی خۆیان پیشكه‌ش كرد. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیشتا ورده‌كارییه‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی ناوبراو بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاشكرا ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام هاوكات به‌رپرسانی ئامریكایی باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌ ڕێگا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئامریكا له‌ ئه‌فغانستان خۆش ده‌كات و تاڵیبان له‌ به‌رانبه‌ر دا ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ ناو خاكی ئه‌فغانستانه‌وه‌ دژی ئامریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و وڵاتانی دیكه‌ هیرشی تێرۆریستی نه‌كات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوودامه‌زراوه‌یه‌كی توێژینه‌وه‌یی ئیسرائیل به‌م زووانه‌ واكسێنی به‌رگری له‌ كۆڕۆنا به‌رهه‌م ده‌هێنێت
بابەتی دواتروڵاتی ئه‌مارات ئاسانكاری بۆ هه‌نارده‌كاری یارمه‌تییه‌ مرۆڤدۆستانه‌كان بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ ئیران ده‌كات

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.