کۆماری کوردستان و کاریگەریی کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد/وتووێژ لەگەڵ وریا ڕەحمانی

0
168

ئەم وتووێژە یەکێک لە زنجیرە وتووێژەکانی ژووری ڕاوێژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لەگەڵ بەڕێز (وریا ڕەحمانی)، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان، بە پێشکەشکاریی (هێدی کامەرانی پوور)، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی لەسەر مژاری (کۆماری کوردستان و کاریگەریی کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد) لە ڕێکەوتی ١٥و ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: ئایا کۆماری کوردستان خاڵی وەرچەرخانی مێژووی کوردە؟

ڕەحمانی: دەتوانین بلێین وا بووە،  بەچەند هۆکار. بۆ یەکەم جار حیزبێکی سیاسیی مۆدێرنی کوردی دادەمەزرێ. داخوازییە سیاسییەکانی کورد پۆلێنبەندیی سیاسی دەکرێ. قەوارەیەکی سیاسیی کوردی داددمەزرێ. هەروەها

دەتوانین بڵێین دامەزرانی کۆماری کوردستان دەسپێکی ناسیۆنالیزمی نۆوینی کوردە.

وریا ڕەحمانی

راوێژ: با بگەڕینەوە بۆ پێش کۆمار ، کۆمەڵەی ژ ــ ك ، چۆناوچۆن بوو هەست کرا کە دەبێ لەو قوناغەدا کورد پێویستی بە کیانێکی سەربەخۆی سیاسییە ؟ ئایا کۆمەڵەی ژێکاف بە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان لە پاشدا توانیی بە ئامانجەکانی بگات؟!

ڕەحمانی: دامەزرانی کۆمەڵەی ژ ک هەم هۆکاری نێوخۆیی هەبوو هەم هۆکاری دەرەکی. گرینگترین خاڵی هۆکارە نێوخۆییەکە گەشەی ناسیۆنالیزمی کورد بوو کە دەبوایە لە بواری شکلی سازمانیشەوە قەوارەیەکی لەخۆ گرتبا. هەروەها لەبواری دەرەکیشەوە ئالوگۆڕە جیهانییەکان بەتایبەت بەستێنی شەڕی دووهەم کاریگەریی زۆری هەبوو وەهەروەها گەشەی بیری نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە ئاستی جیهانیدا کە کوردیشی گرتەوە.

ئەگەر کۆمەڵەی ژ ک خۆی ئاکامی گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی بەشێوە مۆدێرن و رێکخراوەکەی بوو، حیزبی دێموکراتیش نەتیجەی گەشەی سیاسی و واقعبینیی رێکخراوەیی ژ ک بوو و بەگشتی ئەرێنی بوو. وە دواتر گرینگترین دەستکەوتی سیاسی نەتەوەیی کوردیشی لێ کەوتەوە.

ڕاوێژ: بینیومانە کەسانێک هەن کە دامەزرانی کۆمار دەگەڕێننەوە بۆ دەستی دەرەکی و دەڵێن کە رووسیە لە پشتەوەی ئەمە بووە و دواتریش خودی روسیە پشتیان بەرداوە . رای ئێوە لەبارەی ئەمەوە چیە؟

هێدی کامەرانیپوور

ڕەحمانی: هەر دەستکەوتێکی سیاسی تەنیا یەک فاکتۆڕی نییە بەڵکوو مەجموعەیەک فاکتۆر دەخیلن. بەلام گرینگ ئەوەیە کە مێحوەرییەتەکە بەکام فاکتۆرە. لە دامەزرانی کۆماریشدا بەدڵنییاییەوە فاکتۆڕی دەرەکی و یەک لەوان پشتگیریی سۆڤییەت یارمەتیدەر بووە. فاکتۆڕی یارمەتیدەری دیکە لاوازیی ناوەندی دەسەلات لە تاران بوو. بەلام فاکتۆڕە سەرەکی و پێکهێنەرەکە گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی و خواست و ئیرادەی سیاسیی میللیی کورد بوو کە توانیی هەلەکە بقۆزێتەوە و کەڵکی پێویستی لێ وەرگرێ.  پێموایە لێرەدا پێویستە ئاماژە بە زیرەکی و وردبینیی سیاسیی شەخسی پێشەواش بکەین کە هەم باش کەڵکی لە دەرفەتەکە وەرگرت و هەم بەباشی ڕێبەری و هیدایەتی رەوتەکەی کرد.

ڕاوێژ:  چۆن بوو ئه و برووسکە له مێشکی قازی محەممەد لێدرا  که  بۆ مافی گه ل و نیشتمانی خه بات کات؟

ڕەحمانی:  من پێموایە ئەو بەستێنە فکرییە لە زێهنی پێشەوادا هەر هەبوو و تەنانەت پێکهاتەیەکی دارێژراویشی هەبوو. بۆیە کە دەرفەتەکە هەڵکەوت توانیی زوو بیقۆزێتەوە و کەڵکی لێ وەرگرێ.  خۆ بەشێکی زۆر لە ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەی ژ ک و حیزبی دێموکراتیش ئەو بەستێنە زێهنییەیان هەبوو بەلام جیاوازیی پێشەوا لەگەڵ بەقییە لە سیاسی بوون و بەرخوردی سیاسیی پێشەوا لەگەڵ بابەتەکەدا بوو. ئەوەی بەقییە کەمتریان لێ دەزانی و زیاتر بەپێی ئێحساسات هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرد.

راوێژ: تکایه باسی کاریگەریی کۆمار و دەستکەوتەکانی بکەن . لەو ماوە کورتەدا کۆماری کوردستان چ دەستکەوتێکی هەبوو؟

ڕەحمانی: باسی دەستکەوتە جۆراوجۆرەکانی کۆمار لە شێوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکەی زۆر کراوە و حاشا هەڵنەگریشە. بۆیە من دەمەوێ لە زاوییەیەکی دیکەوە شرۆڤەیەکی کورتی بابەتەکە بکەم. لە ڕاستیدا کۆماری کوردستان تەنیا دەستکەوتێکی سیاسی و نەیەوەیی بۆ کورد نەبو. بەڵکوو زیاتر لەوە خەتێکی فکریی سیاسی بوو کە ئاڕاستەیەکی تایبەتی بە خەبات و چالاکیی سیاسی و رزگاریخوازیی کورد بەگشتی بەخشی. حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان هەر لە سەرەتاوە بە دیسکۆرسێکی میللی دێموکراتیک سەریان هەڵدا. واتە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک. بۆیە حیزبی دێموکرات و کۆمار هەرگیز رەنگ و بۆنی ئیدیۆلۆژیکییان پێوە دیار نەبووە لەو کاتدا کە زۆربەی رەوتە هاوشێوەکانی دیکە لە ناوچەکەدا ئیدیۆلۆژیک بوو.

ئەوە خەتێک بوو کە لە ئیندێشەی سیاسیی شەخسی پێشەواوە سەرچاوەی دەگرت و سەرنجدان بە وتووێژ و وتارەکانی پێشەوا دەلیلی سەلمێنەری ئەم ئیدعایەن. واتە پێشەوا لەگەڵ ئەوەی لەسەر عەرزی واقیع سیاسەتی دەکرد کەچی خەتێکی فکریی سیاسییشی دەبردە پێش کە نەتەوەیی ئینسانی بوو.

ڕاوێژ: حیزبی دێموکرات وەکوو خاوەنداری سەرەکیی کۆمار خۆی دەناسێنێ، تا چەندە توانیویەتی ئەو ڕێباز و رێچکەیە درێژە بدات؟

ڕەحمانی: دیارە من زۆر لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم کە حیزبی دێموکرات خاوەنی سەرەکیی کۆمار بێ. لەڕاستیدا خاوەنی سەرەکیی کۆمار میللەتی کوردە سەهمی هەموو کوردی بەهەر ئەندێشە و ڕێبازیکەوە تێدایە. ئەگەرچی شانازیی رەخساندن و بەرێوەبردنەکەی وەبەر حیزبی دێموکرات دەکەوێ. لەڕاستیدا حیزبی دێموکرات لە هەموو رەوتە هاوشێوەکان و ئەحزابی دیکە زیاتر متعهد بە ئامانج و ڕێبازی کۆمار ماوەتەوە و هێشتاش دیسکۆرسی سەرەکیی ئەم حیزبە هەر ئەوەی کۆمارە و تەنانەت نۆستالێژیی کۆمار لە ئامانجە سیاسییەکەشیدا ڕەنگی داوەتەوە.

بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بەتەواوی تەانیویەتی بیپارێزێ. لەڕاستیدا پێشەوا لەنێوان دوو تێز و ئانتی تێزی ئیسلام و کۆمۆنیزمدا سەنتێزێکی نائیدیۆلۆژیکی دێموکراتی لە نێو حیزب و کۆماردا دروست کردبوو. پێشەوا بە ئاگاهییەوە نە رەوتێکی ئیسلامی و نە چەپی دروست کرد. بەلام دواتر لەژێر تەوژمی خەستی شۆرشە کرێکارییەکانی نیوەی دوویەمی سەدەی بیستدا بەشێک لە شێوازی خەبات و تەنانەت ئاڕاستەی سیاسیی حیزب گۆڕا و لە حیزبێکی جەماوەرییەوە بوو بە هێزێکی شۆرشگێر. کاریگەریی ئەم شێوە ڕوانینە ئینقلابییە ئێستاش بەسەر سیاسەت و درووشمەکانی حیزبەوە دیارە.

دەمهەوێ بڵێم حیزبی دێموکرات لە درێژەی ڕێبازی خەباتدا هەندێک لە هێڵە سەرەکییە سیاسییەکەی خۆی لایدا و ئاڕاستەیەکی دیکەی گرتە بەر کە زیاتر لەوەیکە دەلیلی نێوخۆیی کوردستانیی هەبێ هۆکاری دەرەکی هەبوو.

راوێژ: کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پێشەوا قازی محەممەد وەکوو رۆژنامەنووسێک کە خوێندەوەتان لەسەری بووە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ پێشەوا تەسلیم بوو یا خۆی فیدا کرد؟  ئەوە تا چەندە ڕاستە بیستوومە کە دەڵێن قازی محەممەد بە رەچەڵەک قەزاق بووە ئەوە تا چەندە ڕاستە؟

ڕەحمانی: پێشەوا لەسەر ئەرزی واقع سیاسەتی دەکرد. پرۆژەیەکی سیاسیی گەورەی بەدەستەوە بوو کە ئەگەر نەڵێین بەباشترین شێوەی دڵخواز بەڵام زیاتر لە توانایشی بۆ لەکار کرد و بەباشترین شێوەی مومکین بەئەنجامی گەیاند. منیش بیستوومە کە بە ڕەچەڵەک گۆرجی بوون و باپیرە گەورەیان کاتی خۆی بوداق سوڵتان لەگەڵ خۆی هێناوێتی بۆ موکریان.

ڕاوێژ: یەک لە هۆکارەکانی ڕووخانی کۆمار پشتوانی نەکردنی حکومەتی شۆرەوی ئەو دەم بوو یەعنی لەو کاتەیدا کە ئەبوو پشتوانی بکات، نەیکرد. بە بڕوای ئێوە ئایا لەم چاخەدا ئەتوانێت حکومەتێکی کوردی بەبێ پشتگیری حکومەتێکی خارجی ببێت و کارسازیش ببێت تاکوو بە ئەو دەرەنجامە دووچار نەبێت و تا چەنێک کۆمەڵگای کوردەواری ئامادە ئەبینن بۆ ئەم دۆخە؟

ڕەحمانی:  لە سیاسەتدا هەندێک شت وەک خۆ تەیار کردن و ئامادەکاریی نێوخۆیی لەدەست خۆت دایە. بەڵام هەندێک شت لە دەرەوەی دەسەڵاتی تۆدا روو دەدەن. کە لەوانەیە بەسوود یا بە زیانی تۆ بن. بۆیە گرینگە کە تۆ ئەوەی ئەرکی سەرشانی خۆتە بەجێی بگەیێنی بۆوەی بتوانی کەلکی باشتر لە ڕووداوە دەرەکییەکان وەربگری. پێشەوا و ڕێبەرانی ئەوکاتی کۆمار رێک ئەوەیان کرد و سەرکەوتن. ئەوەی رەنگە لەدوای ئینقلابیش دەبا کردبامان و نەمانکرد یا بۆمان نەکرا.

لەڕاستیدا فاکتۆری دەرەکی چ وەک پشتیوانی و چ وەک هەلومەرج زۆر گرینگە. بۆیە کورد دەبێ لەتەنیشت هەوڵی نێوخۆیی و هەول بۆ دەستەبەرکردن و کۆکردنەوەی فاکتۆرە نێوخۆییەکان بەردەوام لە فکری پەیدا کردن و دۆزینەوەی دۆست و پشتیوانی زیاتر و بەکەڵک بێ بۆ خۆی. لەڕاستیدا هیچ سەرنج ڕاکێش  نییە بەرژەوەندی و ئاڕاستەی سیاسیی کورد بەدژ یا بەپێچەوانەی بەرژەوەندی و ئاڕاستەی سیاسیی زلهێزانی کاریگەر بێ.

ڕاوێژ: ئەو تایبەتمەندییانە چین کە پێشەوا دەکەن بە کەسایەتییەکی سەروو حیزبی و نەتەوەیی؟

ڕەحمانی: قازی محەممەد ئەگەر پێشەوا و رێبەری حیزبی دێموکرات بوو لە هەمان کاتدا سەرۆک کۆماری کوردستانیش بوو، بۆیە پەیوەندیی بە هەموو خەڵکەوە هەیە نەک تەنیا حیزبێک.

ڕاوێژ: مەبەست لە پرسیارەکە سەرووی حیزبی و تەنانەت نەتەوەییش بوو، واته ئەو تایبەتمەندییانە کە پێشەوا دەکەنە کەسایەتییەکی جیهانی.

ڕەحمانی: ئەوەی پێشەوا لە رێبەرانی دیکەی کورد چ پێش خۆی و چ پاش خۆی جیا دەکاتەوە بەکردەوەیی کردنی هزری نەتەوەیی لە بەرنامەی سیاسیی پێشەوادا بوو. مێحوەرییەتی ئەندێشەی سیاسیی پێشەوا دابین کردنی ماف و داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد بوو کە نەیهێشت دەستخۆشی کاریگەریی هیچ ئەندێشەیەکی دیکە بوو. باوەڕی قووڵێ پێشەوا بە جەماوەری کردنی خەبات لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی بەرێزیان بوو و هەندێک تایبەتمەندیی دیکە کە بەپێی دەرفەت باسیان دەکەین.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە پاش پێشەوا قازی محەممەد، کام سیاسەتمەداری کورد توانیویەتی لە ئاستی پێشەوادا دەرکەوێت و بتوانێ لەو ئاستەدا لە ئاستی نەتەوەیی کاریگەر بێت و توانیبێتی کورد بە دنیا بناسێنێ؟ بوومانە ؟ ئەگەر بووە بە چ تایبەتمەندییەکەوە و ئەگەریش نەبووە هۆیەکەی چییە کە ئەو کەسایەتیە دووپات نەبووەتەوە بۆ کورد؟

ڕەحمانی: هونەری سەرەکی پێشەوا دەوری تاقانەی بەڕێزیان لە ڕێبەری کردنی کۆمەڵگەی ژێر دەسەلاتی کۆمار و بەرێوەبردنەکەی بوو. پێشەوا سەرەڕای ئەوەی دەرک و تێگەیشتنێکی باشی لە سیاسەت و خوێندنەوەی هەلومەرجی سیاسی دنیا و کوردستانیش هەبوو لەهەمان کاتدا تێگەیشتنێکی قووڵیشی لە خەڵک و پێکهاتە و ئاڕاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیشی هەبوو. لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی پێشەوا بڕیاری گونجاو لە کاتی تایبەتدا بوو کە دەستکەوتێکی گەورەی وەک کۆماری لێکەوتەوە و هەروەها بویری بڕیاردان بەگوێرەی گونجاو.

ڕاستییەکەی پێشەوا تەنیا کەسایەتییەکی کوردە کە بان حیزبی و بان پارچەیی و بان ئەندێشەیی وەک سەنبولێکی هەرمانی ماوەتەوە و بەحەق دەوری ڕێبەرێکی نەتەوەیی بە باشترین شێوە گێڕا. ئەوەی سەرکردەکانی دیکەی کورد هەرگیز نەیانتوانی بەو ئاستە لە مەقبووڵییەت و کۆمەڵایەتی گشتیی جەماوەری بگەن. پێموایە کەسانی وەک مەلا مستەفا، د.قاسملوو و عەبدوڵڵاا ئۆجالان ئەو شانسەیان هەبوو کە بەو پێگەیە بگەن بەڵام نەبوو.

ڕاوێژ: پێشەوا لە باری دیپلۆماسییەوە، لە ڕوانگەی ئێوەوە چۆن کەسایەتییەکی بوو؟ سەرکەوتن و شکستەکانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕەحمانی: ڕەنگە خاڵێک کە لەچاو خاڵەکانی دیکەی پێشەوا وەک سەرکۆمار لاوازتر دەبینرێ یا کەمتر ڕەنگی داوەتەوە بابەتی دیپلۆماسی بوو. هەرچەند کە بەداخەوە لەچاو بوارەکانی دیکە بەڵگەیەکی کەمتر بۆ توێژینەوەی ئەم بوارە لەبەر دەست دایە. پێویستە ئەوەش بگوترێ کە پانتایی ئاڵوگۆڕەکانی ئەوکات زۆر بەرینتر لە کاریگەریی دیپلۆماسیی کورد بوو. لە ڕاستیدا پێموایە پێشەوا قازی لە تەنیشت رێبارانێکی وەک گاندی و ماندێللا دەتوانێ حیکایەت لە رۆح و ئیرادەی نەتەوەیی نەتەوەکەی خۆی بکات و سیاسەتمەداری کورد لە گەشتە دیپلۆماسییەکانی خۆیدا وەک کارت و سەنبولێکی شایستەی نەتەوەیی بۆ نیشاندانی نمودارێکی شایانتر لە کورد بەڕووی دنیای دەرەوەدا نیشانی بدا و کەڵکی باشی لێ وەرگرێ.

ڕاوێژ: لەو ڕۆژانەدا بەتایبەتی هەندێک نووسەری سەر بە لایەنێکی دیاری کوردی، باس لەوە دەکەن کە پێشەوا لە نێوان بەرخودان و خۆبەدەستەوەدان، خۆبەدەستەوەدانی هەڵبژارد، جەنابت چۆنی هەڵدەسەنگێنی؟ پێشەوا خۆی فیدای نەتەوەکەی کرد یان وەکوو تەسلیم بوو و خۆی بەدەستەوەدا؟

ڕەحمانی: هەڵسەنگانی پێشەوا لەم دەلاقەیەوە دروست نییە. گرینگ ئەوەیە کە پێشەوا ئەندێشەیەکی رۆشنی سیاسیی نەتەوەیی هەبوو و هەوڵی جیددیشی بۆ داوە. پێشەوا سیاسەتی کردوە و بەپێی ئۆسوولی سیاسییش هەڵسوکەوتی کردوە. بۆیە ناکرێ هەڵسەنگاندنی ئێحساسی بۆ دیاردەیەکی سیاسی بکرێ. پێشەوا پرۆژەیەکی نەتەوەیی سیاسیی بەدەستەوە بوو و نەک بەباشترین شێوەی دڵخواز بەڵکوو بەباشترین شێوەی مومکین بەئەنجامی گەیاند. بۆیەش خۆ بەدەستەوەدانی پێشەوا هیچ کە ناچێتە خانەی تەسلیم بوونەوە بەڵکوو لە خوێندنەوەی دروستی سیاسیی بەرێزیانەوە سەرچاوەی دەگرت و زیاتر خۆی لە فیداکاری نزیک دەکاتەوە.

ڕاوێژ: یەکێک لەو چەمکانە کە حیزبی دێموکرات وەک حیزبی پێشەوا و دامەزرێنەری کۆمار هەمیشە بە شانازی خۆی دەزانێ، سەربەخۆییە لە بڕیار دان، ئەوە زۆرتر ڕێکلام و پرۆپاگەندایە یان بەڵگەمەند و ڕاستییە؟

ڕەحمانی: نازانم. وەڵامی ئەو پرسیارە زیاتر لای ئەو کەسانەیە کە تەجروبەی رێبەریی حیزبیان هەیە. بەڵام لە دوورەوە کە سەیری بکەین لەراستیدا حیزبی دێموکرات دەتوانێ هەمیشە شانازی بە کارنامەی خاوێنی سیاسیی خۆیەوە بکا و ئەوە رەنگە دەلیلێکی خراپ نەبێ بۆوەی بەجۆرێک سەربەخۆ بوونی سیاسیی ئەو حیزبەش بسەلمێنێ. لەراستیدا زۆر گرینگە و زۆر سەختیشە کە لەنێو بەرداشی چەند ولاتی داگیرکەردا سیاسەت بکەی و بالانسی سەربەخۆ بوونیش راگری. بۆیە دێموکرات لەوەدا نەک هەر نمرەی قەبووڵی بەڵکوو عالی وەردەگرێ. ئەو هەنەرەی کە زۆربەی ئەحزابی دیاری دیکەی پارچەکانی تری کوردستان نەیانبوە.

ڕاوێژ: کەسایەتیی سماییل ئاغای سمکۆ و پێشەوا قازی محەممەد دەشێ هەڵ بسەنگێنرێ؟ جیاوازییان لە چییا بوو و چ تایبەتمەندییەک لە کەسایەتیی ئەو دو رێبەرەدا بەدی دەکرێن کە ئەو دوو کەسایەتییە جیا بکاتەوە لە یەکتری؟

ڕەحمانی: ئەگەر بمهەوێ زۆر بەخێرایی وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە پێویستە بڵێم سمایل ئاغا زیاتر سەرکردەیەکی ئازا و شۆرشگێر بوو کەچی پێشەوا لە پێگەی رێبەرێکی نەتەوەییدا سیاسەتی دەکرد.

ڕاوێژ: پێشەوا قازی محەممەد کە کەسایەتییەکی ئایینی بوو چۆن بوو لەگەڵ وڵاتی رووسیە کە بیرۆکەی کومنیستی خاوەن دەسەڵات بوو پێوەندی سیاسیی و دیپلۆماسی دەگرێت، چ شتێک بووە هۆی ئەوە کە قازی محەممەد وەکوو کەسایەتییەکی دێموکرات و سکولار بدرەوشێتەوە؟

ڕەحمانی: هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێدا مێحوەرییەتی ئەندێشەی سیاسیی پێشەوا دابین کردنی ماف و داخوازیی سیاسیی کورد بوو و ئاراستەی خەبات و رێبازەکەشی لەسەر ئەم ئەساسە دارشتبوو. بۆیە توانیی لەنێوان تێز و ئانتی تێزی ئیسلامی بوونی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمۆنیست بوونی نزیکترین دۆستی ئەوکاتی کورد واتە سۆڤییەتدا سەنتێزێکی دێموکراتی نەتەوەیی بێنێتە ئاراوە کە هەم دڵی کۆمەڵگەی خۆی پێ رابگرێ و هەم سەنگەری دژایەتییش لە دۆستە یارمەتیدەرەکەی خۆی نەگرێ. ئەو بابەتە زیرەکی و وردبینیی سیاسیی دەوێ کە پێشەوا هەیبوو و لە خاڵە درەوشاوەکانی کارنامەی پێشەوایە.

ڕاوێژ:  دۆخی هەنووکەیی ئەگەر بمانهەوی چاوی لێ بکەین، ناتوانێت بەرهەمێکی ئەو تۆی بۆ ئیمە هەبێ. چۆن بتوانیین ئەو گۆڕانە بەسەر دۆخی ئێستاکەدا بهێنین؟

ڕەحمانی: بە باوەڕی من لەگەڵ ئەوەی هەرچی زیاتر لە فەزای ئینقلابی و شۆرشگێرانەی کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو دوور دەکەوینەوە و پاش ئەو گۆڕانە بەرینەی کە لە هاوکێشە سیاسییەکانی جیهانی و ناوچەییدا پێک هاتوە، زۆر گرینگە کە ئێمەش بەرخوردێکی واقعبینانەمان لە پێگەی خۆمان و ئەگەرە سیاسییەکانی بەردەم هەبێ. من پێموایە لانیکەم وەک حیزبی دێموکرات زەروورەتێکی مێژوویی هەیە بۆ گەرانەوە بۆ ئەسڵی دێموکرات و ئەندێشە و رێبازی پێشەوای نەمر، واتە حیزبی دێموکرات پێویستە زیاتر لەوەی دەرهاویشتەی شۆرشگێرانە لەخۆی بنوێنێ هەوڵ بدا بۆوەی حیزبێکی جەماوەری بێ و خەبات لە شاخەکانەوە بگوازێتەوە بۆ نێە شارەکان. بەمجۆرە دوبارە خەبات و بەرخۆدان دەچێتەوە ئەو شوێنەی کە پەیوەندیی پێوە هەیە. هەر ئەوەی پێشەوا کردی، بۆ وێنە بەجێی ئەوەی شارەوانیی مەهاباد بە هێزی پێشمەرگە بگرێ بە هێزی جەماوەر کردی، لێرەدا بۆوێنە پێشمەرگە بەجێی ئەوەی رزگاریدەر بێ پارێزەرە بوو، ڕێک ئەو دەورەی لە سەردەمی کۆمار هەیبوو.

من پێموایە پێویستە خەڵک هەرچی زیاتر تێوەربدرێن و تێکەڵ بە خەباتیان بکەین، بەلام بۆوە دەبێ رکێفی خەباتیشیان پێ بسپێردرێ و بەشداری خەبات بکرێن بەجۆرێک کە  خۆیان خاوەنداریەتی لە خەبات بکەن نەک پێیان وابێ کە دەبێ بۆیان بکرێ.

ڕاوێژ: قازی موحمەد لە مێژوی کورددا جەمسەرێکی هەرە گرینگە، بۆ ئەوەی بمانهەوێ گۆڕان بەسەر دۆخی هەنووکەدا بێنین پێوەیستمان بەوە نییە رئالیست بین پێویستمان  بەوە هەیە شورشگێڕ بین ئایا قازی   موحمەد شورشگیر بووە؟

ڕەحمانی: ڕەنگە ڕەگەکانی شۆرشگێڕبوون بەواتا چەپییەکەی زۆر لە پێشەوادا نەبووە یا خۆی زۆر باوەڕی پێی نەبووە. بۆیە بزاڤی شۆرشگێڕانە کەمتر لێی وەشاوەتەوە و زیاتر خەریکی سیاسەت و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ماقووڵی سیاسی بووە.

ڕاوێژ: دیاری کردنی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بۆ هەر چوار پارچە، لە روانگەی ئێوەوە چەندە مەنتقی یە؟

ڕەحمانی: چون پێشەوا قازی محەممەد لە تەنیشت ئاڵای کوردستان، کۆماری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نمادە نەتەوەییە هەرمانییەکانی کوردە کە کەم و زۆر ئیجماعی گشتییشی لەسەرە، بۆیە تەبیعییە کە رۆژی شەهیدبوونەکەی لەلایەن هەموو کوردەوە بە رۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر بکرێ.

 

 

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌